“ئه‌م ڕێیه دووره،
مه‌نزڵی زۆره،
ته‌نگ و ته‌سكه،
ئاوی زۆر قووڵه..” (یونس ئه‌مره)
ڕێبوارانی ئه‌م ڕێیه كاروانی ئیمان و ئیحسانن.. ده‌ڕۆن ڕووه‌و خۆر بێئه‌وه‌ی پێیان له سێبه‌ری خۆیان ههڵبنووتێت.. له‌و ڕووناكییهدا سپی به سپی و، ڕه‌ش به ڕه‌ش ده‌بینن.. گرفتاری لادان و نائومێدی نابن.. به بلاجكتۆری ئیحسان، گریمانی پێ هه‌ڵخلیسكان تێده‌په‌ڕێنن.. وه‌ك لاده‌ران له ڕێ لاناده‌ن.. وه به‌ده‌م وتنه‌وه‌ی (اهدنا الصراط المستقیم) له‌سه‌ر زاریان، به‌ره‌و ئه‌ودیو و، ئه‌ودیوی ئهودیوهكان هه‌نگاو ده‌نێن.. سه‌ره‌ڕای بێئامانیی ڕێگاكان، بێویژدانیی ڕێگران، داوێكی جیاوازی شه‌یتان له هه‌ر سه‌ر سووچێكدا.. له وه‌ستان و پشوودانیاندا نه‌خشی بیركردنه‌وه و تێڕامان ده‌چنن، له جووڵه كاره‌كانیاندا ڕه‌چاوی ڕۆژگار و هه‌لومه‌رجه‌كان ده‌كه‌ن؛ به‌ڵام به‌رده‌وام به‌ره‌و غایه‌ی خه‌یاڵیان ده‌ڕۆن.
له گه‌شتێكی به‌رده‌وام و په‌له‌قاژه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌م جۆره‌دا، خه‌یاڵی گه‌یشتنی هه‌موان به كه‌ناری ئارامی و شادبوونه‌وه‌یان به دۆستان، ناهێڵێت هه‌ست به ماندوویه‌تیی ڕێ بكه‌ن. كاتێك سینه‌یان به هه‌یه‌جانی یاری وه‌فادار لێده‌دات، درێژكردنی ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی له ڕێ به‌جێماون و، به ئاره‌زووه نه‌فسانی و جیسمانییهكان دۆڕاون، فه‌رامۆش ناكه‌ن؛ به شوێنكه‌وتنی ئاسه‌واری ئه‌و ڕابه‌ره ناوازه‌یه‌ی كه له میعراج گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌ش به‌و ئاسۆیه بگه‌یه‌نێت؛ به‌هۆی ڕه‌وانبێژی و جوانگۆیی زمانی حاڵیانه‌وه هه‌میشه شتانێك ده‌رباره‌ی “به‌ره‌و خوا چوون” ده‌چپێنن و مانه‌ندی ئه‌سپی كوحهیلان هه‌تا دوا نه‌فه‌س ڕاده‌كه‌ن. ده‌بێت ڕابكه‌ن؛ چونكه له ڕۆژگارێكی ڕه‌ش و تاریكدا كه زۆربه‌ی مرۆڤایه‌تی ڕێی ون كردوون و، شاڕێی گشتی وازلێهێناوه و داویه‌ته توولهڕێكان و، به‌هۆی خوماریی بێمهفكورهییهوه خۆی به ڕاست و چه‌پدا ده‌كێشێت و، له‌ژێر كاریگه‌ریی تێوهژهنینه شهیتانییهكاندا بێ‌ئامانج ڕاده‌كه‌ن، ده‌بوو ئه‌وان به وتنی “ئه‌م گیانه له‌م پێناوه‌دا” و وه‌ك حهواریی “ژیانه‌وه‌ی پاش مه‌رگ” به‌رده‌وام داستانی ژیانه‌وه بچڕن؛ كه هه‌ر وایشیان كرد.
چه‌ندین ڕێگازهده هه‌بوون كه له نیوه‌ی ڕێدا جێمابوون كه به زمانی حاڵیان چاوه‌ڕێی ده‌ستێكی یارمه‌تی و ڕه‌چه‌ته‌یه‌ك بوون كه سیسته‌می به‌رگرییان به‌هێزبكات؛ ڕه‌چه‌ته‌یه‌ك كه ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئیمان، مه‌عریفه‌ت، خۆشه‌ویستی، عه‌شق و شه‌وق بۆ دیداری خوا بێت. ئه‌وانیش هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ست و هه‌یه‌جانی ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌دا، هه‌تا ڕاده‌ی وه‌ستانی دڵ ڕایانده‌كرد. ئه‌م هه‌وڵ و تێكۆشانه تاقهتپڕووكێنانه به‌خۆڕایی نه‌ڕۆیشتبوون، هه‌زاران و سه‌دان هه‌زاران به نه‌فه‌سی ئه‌وان هاتبوونه‌وه هۆشی خۆیان و، به‌ده‌م وتنی “یه‌ڵڵا بسم الله”ه‌وه هاتبوونه سه‌ر هێڵی مرۆڤێتی.. له سایه‌ی ئه‌مه‌دا له چوار لای دونیادا به‌رامبه‌ر به‌وان شه‌ماڵی خۆشویستن و قبووڵكردن هه‌ڵیكرد و، له جوگرافیا جیاوازه‌كاندا هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆشو‌یستنێكی صهمیمییانهدا پێشوازییان لێده‌كرا. خوا ڕووی له‌وان بوو؛ ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌ی مه‌رجێكی ئه‌و مه‌رجه ئاساییه بوو كه ئه‌وان كردار و پڕۆژه باشه‌كانی خۆیان به هیی خۆیان نه‌ده‌زانی و، ده‌یانگه‌ڕاندنه‌وه بۆ ئیراده‌ی سوبحانی، ته‌قدیری قودسی، ته‌جه‌للیی نائاسایی لوتف و ڕه‌حمه‌ته خواییه‌كان؛ ئه‌وان باوه‌ڕیان وابوو سه‌رجه‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانیان وه‌ك به‌خششێكی خوایی وان له‌به‌رامبه‌ر گرنگیدانیان به ئیخلاص، ڕه‌زامه‌ندیی خوا، عه‌شق و شه‌وق بۆ دیداری خوا.
له‌م ڕووه‌وه ئه‌وان هه‌میشه به‌ده‌م وتنی “تۆ، تۆ!”ه‌وه هه‌ناسه‌یان ده‌دا:
كه‌سێ جانانی بوێت ده‌غده‌غه‌ی جانی ده‌بێت؟!
كه‌سێ جانی بوێت ئه‌ندێشه‌ی جانانی ده‌بێت؟!
چووینه سه‌ر ڕێی سه‌ودا، شێت و دێوانهین ئێمه
پێویستمان به ئه‌غیار نییه، ئه‌وه له ئێمه دێت؟! (سه‌یید نیگاری)
به خۆداماڵینی ته‌واوه‌تیی له بیرۆكه‌ی ئه‌غیار، به وردبینه‌كانی عوقبا، سه‌رنج له دونیا و شتانی ناوی ده‌ده‌ن و، سوێند ده‌خۆن له‌م ڕێگایه‌دا نهكڕرێن و نه‌فرۆشرێن. خه‌یاڵیان خه‌ون به كۆش و ته‌لار و كه‌شتی و ڤێلاوه نابینێت.
له‌ڕاستیدا كاتێك ئه‌وان تا ئه‌م ڕاده‌یه به ڕووی لهدوننیهتدا كراونه‌ته‌وه، هۆكاره‌كانیش فه‌رامۆش ناكه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌ستگرتن به هۆكاره‌كانه‌وه وه‌ك دوعایه‌كی كرداری قبووڵدهكهن و، هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌رده‌م هیممهتهكانیان له‌گه‌ڵیدا ته‌با بێت. له سایه‌ی ئه‌مه‌دا ئه‌م دوو شته‌ی به‌ڕواڵه‌ت وه‌ك جیاواز ده‌رده‌كه‌وت، له‌واندا ده‌بێت به یه‌ك ڕوبار و، هه‌میشه شتانی جیاواز به ناوی مولك و مهلهكوتهوه به گوێی ئیدراكی مرۆڤدا ده‌چپێنن.
به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌پاڵ هارمۆنیی ئه‌م جوانییه یه‌ك له‌ناو یه‌كانه‌دا، كۆمه‌ڵێك لرخه و بڵمهی به‌دناویش هه‌ر هه‌بوون. تاو تاو شه‌یتان و داروده‌سته‌كه‌ی ئاگر خۆش ده‌كه‌ن.. به‌نزین به‌و ئاگری فیتنانهدا ده‌كه‌ن كه له هه‌موو سووچێكی دونیا به‌ربوون.. ده‌یانه‌وێت ئه‌م مرۆڤانه وه‌ك تاوانبار و دڕنده نیشانبده‌ن، له‌كاتێكدا كه دوێنێ خۆیان به پاڵه‌وانی ژیاندنه‌وه وه‌سفیان كردبوون.. وه له‌پێناو له‌ناوبردنیاندا درێغییان له شتانێك نه‌ده‌كرد كه ته‌نانه‌ت كافریش نایكات. ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌م شته نهڕێنییانه نه یه‌كه‌م بوون و نه كۆتا.. ڕابردوو پڕیه‌تی له نموونه‌ی هاوشێوه؛ له‌مه‌ودواش -جگه له جیاوازیی هه‌لومه‌رجه‌كانی كات و سه‌رده‌م- هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت…
له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئاده‌میزاد په‌یدابووه، له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا كه ڕاست ڕۆیشتوون كه‌سانێكیش هه‌بوون كه به سنگه‌خشێ تهپاوتلیان كردووه؛ له‌پاڵ كه‌سانێكی ڕاستڕه‌وی ئه‌هلی (صراط المستقیم)دا كه‌سانێك هه‌بوون نه ڕێیان ناسیوه و نه یاسا؛ له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا ئه‌وانه‌دا كه شانبه‌شانی دانیشتووانی ئاسمانه‌كان ڕۆیشتوون، كه‌سانێكیش هه‌بوون كه كه‌وتوونه‌ته ناو توولهڕێكانی ژیانی ئاژه‌ڵییه‌وه؛ له ته‌نیشت ڕاستڕه‌و و ڕاستگۆیاندا كه‌سانێكیش هه‌بوون له‌م لادان بۆ ئه‌و خلیسكان ڕاپێچبوون.
ئه‌وه‌نده هه‌یه خوای گه‌وره له هیچ ڕۆژگارێكدا به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ته‌نها جێنه‌هێشتووه كه “ئیخلاص، عه‌شق، ڕه‌زامه‌ندیی خوا و شه‌وقی دیداری ئه‌و” له‌سه‌ر زاریان بووه؛ جارجار له ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌رانه‌وه ئامانجی بۆ دیاریكردوون و ئاسۆی ڕێبوارانی ڕۆشن كردووه‌ته‌وه.. جارجاریش له ڕێگه‌ی هه‌ندێك لوتفی جهبرییهوه هه‌میشه ڕووی ئه‌وانی له خۆی كردووه. به‌ڵێ، ئه‌م شتانه هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌م جۆره بوون، له‌مه‌ودواش -به مه‌شیئه‌تی تایبه‌تی خوایی- هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڵێ، چه‌ند جارێكی دیكه‌ش سه‌رده‌می نه‌فامیی مۆدێرن ده‌ژیه‌ته‌وه.. جیهانه‌كان به “قڕوقاڵ”ی سته‌مكاران و “هاتوهاوار”ی سته‌ملێكراوان ده‌زرنگێته‌وه.. تاوتاو شهیتانگهلێك به به‌رگی فریشته‌وه ده‌رده‌كه‌ون.. قارونگهلێك په‌یداده‌بن كه په‌یامی هارون له‌سه‌ر زاریانه‌وه دونیا پڕ له وه‌لوه‌له ده‌كه‌ن.. موفسیدگهلێك دێنه سه‌ر كار كه به چاوبهستهكانی هاوشێوه‌ی “سامیری” ئاپۆڕه‌ی جه‌ماوه‌ر شوێن خۆیان ده‌خه‌ن.. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌دا كه خۆیان بۆ خوا ته‌رخان كردووه ئهمنۆفیسی مۆدێرن، سێزار، لێنین، هیتله‌ر و چه‌نده‌ها سته‌مكاری هاوچه‌رخ ده‌رده‌كه‌ون؛ به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ڕێبواره حهسبییهكانی ڕێگای پێغه‌مبه‌رانیش كه‌م نابن. به په‌یامی پێغه‌مبه‌رانه‌ی وه‌ك “ئه‌ی گه‌له‌كه‌م، خوا بپه‌رستن، چونكه جگه له‌و په‌رستراوێكی تر نییه!” خه‌ڵكی بۆ لای ڕزگاربوون له كۆیلایه‌تییه جۆراوجۆره‌كان و به‌ندایه‌تیی بۆ خوای تاقانه بانگده‌كه‌ن. وه به‌ئه‌ندازه ڕزگاربوونی خۆیان، له‌پێناو چاو كرانه‌وه‌ی كه‌سانی تریش له ئاستی حه‌قدا، هه‌میشه په‌له‌قاژه ده‌كه‌ن و، هه‌تا ئه‌و كاته‌ش كه هه‌ناسه‌یان ده‌بڕێت و دڵیان له لێدان ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته وهفادارانهیان به‌رده‌وام ده‌بن.
چونكه ئه‌وان هاوڕێ له‌گه‌ڵ بانگهێشتكردنی هه‌موو كه‌سێك بۆ لای مرۆڤێتیی ڕاسته‌قینه و بێداركردنه‌وه‌ی دڵان له ئاستی خوادا كه‌وتنه ڕێ و، ده‌یانزانی ڕۆیشتن له‌سه‌ر ڕێگایه سه‌خته؛ ده‌یانزانی له هه‌موو سووچ و كه‌نارێكدا شه‌یتان و بریكاره‌كانی دا‌و و ته‌ڵه‌یان بۆ ده‌نێنه‌وه و، هه‌ندێك له سروشت لاوازه‌كان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن…
به‌ڵام ئه‌وان سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك بڕیاریان دابوو له‌سه‌ر ئه‌م گوزرهگای پێغه‌مبه‌رانه به‌رده‌وام بن؛ چونكه كاتێك وتیان “یه‌ڵڵا بسم الله” و كه‌وتنه ڕێ، وه‌كو حه‌زره‌تی ساحێبقڕان وتیان “نه سه‌ودای به‌هه‌شت له سه‌رمدایه و نه له دۆزه‌خ ده‌ترسم. له‌پێناو گه‌یشتنی خه‌ڵكی به مرۆڤێتیی ڕاسته‌قینه، ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئاماده‌ین وه‌ك حه‌زره‌تی ئیبراهیمی پاڵه‌وانی خهلیلییهت، بۆ ناو ئاگر بهاوێژرێین.” تاكه ئامانجیان بریتی‌بوو له ڕزگاركردنی حه‌ق له‌ژێر چه‌پۆكی باطل له ڕێگه‌ی زمانی حاڵه‌وه و، تاودانی هه‌ستی وه‌فا و یه‌كگرتن له سه‌رجه‌م دڵه‌كاندا.
كاتێك له ڕێگای جێبه‌جێكردنی ئه‌م مهفكوره مه‌زنه‌دا ده‌ڕۆیشتن، ده‌یانزانی كه ڕۆحه شه‌ڕه‌نگێزه‌كان ده‌سته‌وسان دانانیشن. بۆیه هه‌رگیز سه‌ریان سووڕنهما كاتێك بینییان هه‌ندێك له به‌دبه‌ختان به‌هۆی شێواز و ڕێگای جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵی ڕووخاندنی ڕێگاكان و پرده‌كانی په‌یوه‌ندی ده‌ده‌ن و، به‌رده‌وام بوون له داگیرساندنی مۆمی كه‌سانی دی. باوه‌ڕی ته‌واوه‌تییان به‌وه هه‌بوو كه ئه‌و مۆمانه ناكوێژێنرێنهوه. چونكه له پشتیانه‌وه ده‌ستی عینایه‌ت و ئیراده‌ی خوایی هه‌بوو. له‌م ڕووه‌وه، “ته‌قدیری خوا به هێزی بازوو ناگه‌ڕێته‌وه/شهمعێك مه‌ولا ههڵیكات به فوو ناكوژێته‌وه!” (زیا پاشا) ویردی سه‌ر زمانیان بوو. به‌ده‌م پێكردنی مۆمی نوێوه له‌سه‌ر شاڕێی پێغه‌مبه‌ران به‌رده‌وام بوون… ڕێیان كراوه بێت!..