ڕێگای پێغەمبەر

پرسیار: ئایا شوێنکەوتە بوون بە ڕێگەی بە پێغەمبەر، لە ژیانی کەسی ئیمانداردا چۆنی ڕەنگ دەداتەوە؟

وەڵام: وەک لای هەمووان زانراوە، بە گوێرەی زانایانی ئصولی دین، هەیەک لە هەستەوەرە سەلیمەکانی مرۆڤ، ئەقڵی سەلیم و هەواڵی فرە سەرچاوەکان(خبر متواتر) ئەو ٣ ڕێگایەن کەوا مرۆڤ بەرەو زانست دەبەن. لەمانەدا ئەقڵ وەک چۆن بەریانێکی تایبەت بە درکپێبردنی هەیە، هەریەک لە هەستەوەرەکانی مرۆڤیش بە گوێرەی خۆیان هەستپێکردن و درک پێبردن و هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆیان هەیە. هەربۆیە مرۆڤ کاتێک ئەمانەی لە شوێنی گونجاوی خۆیاندا بەکارهێنا، دەتوانێت بە هەندێک حەقیقەتی دیاریکراو  بگات. بە هەمان شێوە مرۆڤ کاتێک ویژدانی بەکارهێنا، دەتوانێت بە ڕووی بەرفراونیەکی جیاوازتردا بکرێتەوە. بێرگسۆن یەکێکە لەوانەی ویژدانی مرۆڤی بە(intitution) ناوبردووە و، لە کەلتوری ئێمەشدا بە (حدس) ناو دەبرێت.

وەحی وەک سەرچاوەی زانیاری

بەڵام حەقیقەتگەلێکی وەهاش هەیە، کەوا نە ئەقڵ، نە هەستەوەرەکان و نە ویژدان ناتوانێت بیانبینێت، هەستیان پێبکات و درکیان پێببات. تەنانەت زۆرێک لەو شت و ڕووداوانەی کەوا لە ڕوانگەی ئەقڵ و هەستەوەرەکانەوە دەتوانرێت بزانرێن، ئاشکراکردن و تێگەشتن لە پلانی پشتەوەی ئەو شت و ڕووداوانە و، چیەتی خودی فەرمانی ئەو شت و ڕووداوانە، مومکین نیە. چونکە ماددە لە پاڵ ئەو لایەنانەی کەوا دەزانرێن و دەدۆزرێنەوە، چەندین ڕەهەندی تری هەیە، کەوا ئەقڵ و هەستەکان لە تێگەشتنی ئەواندا وەک پێویست بڕ ناکات. ئینجا هەتا دەگاتە بابەتگەلێکی وەک حەقیقەتەکانی زاتی ئولوهیەت، جیهانی میتافیزیک و ئاخیرەت، ئەمانە شتانێکن کەوا بە تەواوی لە دەرەوەی بەریانی ئەقڵ و هەستەکاندا دەمێنێتەوە. مرۆڤ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەقڵ و هەستەکانیەوە، وەک ئەوەی نازانێت زاتی ئولوهیەت چیە و بیناسێتەوە، لە هەمان کاتدا ناشتوانێت ئەوە بزانێت کەوا چۆنی بەندایەتی بۆ ئەنجام دەدرێت.

 

هەربۆیە لەم جۆرە بابەتانەدا زانیاری ساف و بێگەرد هەر لای الله بوونی هەیە. وەک ئەوەی لە ئایەتەل کورسیدا ئاماژەی پێکراوە کە دەفەرموێت:

يَعْلَمُ مَا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ وَلَا يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِنْ عِلْمِهِ إِلَّا بِمَا شَاءَ

“تەواوی ئەو بوونەوەرانەی ئەفراندوویەتی، دەزانێت کەوا چی لە پێش و دواوەیانەوە هەیە. بەڵام ئەوان تەنیا ئەو شتانە دەزانن کەوا ئەو فێری کردوون و خواستی ئەوەی لەسەر بووە کەوا بیزانن و فێری ببن”. وەک لە گوزارەی ئەم ئایەتەشەوە تێدەگەین، تەنیا ئەو کاتەی الله بەندەکانی خۆی فێری شتێک دەکات، دەتوانن لە بارەی زانستی ئیلاهیەوە شتێکیان چنگ بکەوێت. هەربۆیە ئێمە لە نزاکانماندا دەڵێین:

اَلّلهُمَّ عَلِّمْنَا مِنْ لَدُنْكَ عِلْمًا

واتە پەروەردگارا بەشێک لە زانستی خۆتمان بە نسیب بکە. وەک چۆن حەزرەتی موسا بۆ ئەوەی پلانی پشتەوەی ڕووداوەکان ببینێت، پێویستی بەوە دەکرد ماوەیەکی دوور و درێژ لەگەڵ حەزرەتی خضردا گەشت و گەڕان ئەنجام بدات، دۆستانی خوداش پێویستە ماوەیەکی دوور و درێژ بە سەیر و سلوکی ڕۆحانی و چەندین ڕێگەی تردا تێبپەڕێن، هەتا پلانی پشتەوەی ڕووداوەکان ببینن. تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، هەندێک لەو دینانەی کەوا نەیانتوانیوە پارێزگاری لە لایەنی ڕەسەنی خۆیان بکەن، یاخود چەند پێکهاتەیەک کەوا لە ڕواڵەتدا وەک دین دەردەکەون، شوێنکەوتەی ئەم جۆرە دین و بیروباوەڕانە، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی یۆگا و میدیتاسیۆن و چەند ڕێگایەکی هاوشێوەوە، بە هەندێک لە حەقیقەتەکان بگەن.

بەڵام ئەو زانستەی کەوا لەم کایەدا بابەتییە و دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، ئەو زانستیە کەوا سەرچاوەی لە وەحیەوە هاتووە و، الله لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانیەوە بە مرۆڤەکانی گەیاندووە. هەروەها ئەوەی زانایانی ئیسلامیش بە هەواڵی فرە سەرچاوە(خبر متواتر) ناویان بردووە، هەر بریتیە لەم جۆرە زانیاریانە. قورئانی کەریمیش بە شێوەیەکی فرە سەرچاوە(بە شێوەیەک کەوا کۆبوونەوەی ئەو هەموو مرۆڤە لەسەر ئەوەی پێکەوە درۆ بکەن کارێکی مومکین نەبێت لە ڕوانگەی ئەقڵەوە) بۆ ئێمە گواستراوەتەوە. بە هەمان شێوە، بەشێکی گرنگی سونەتی سەردارمان، ئیدی لە ڕوانگەی وێژە یاخود واتاوە بێت، بە شێوەیەکی فرەسەرچاوە بۆ ئێمە گواستراوەتەوە. وەک چۆن قورئانی کەریم لە ڕێگەی وەحیەوە بۆ سەر سینەی پاکی سەردارمان دابەزیوە، بە هەمان شێوە سونەتی سەحیحی ئەو بە هەمان شێوە لە ڕێگەی وەحیەوە بۆی دابەزیوە. تەنیا ئەوەیە قورئان بە
“وحی المتلوا” ناو دەبرێت، واتە وێژە و واتاکەی پێکەوە لەلایەن الله وە دابەزیوە و خوێندنەوە و تیلاوەتکردنی بە عیبادەت کردن ئەژمار دەکرێت، بەڵام سونەت “وحی غیر متلوا”، بریتیە لەو وەحیەی واتاکەی لەلایەن الله وە هاتووە، بەڵام لە ڕوانگەی وێژەوە بۆ سەردارمان جێهێڵدراوە. تیلاوەتکردنیشی بە عیبادەت کردن ئەژمار ناکرێت.

جگە لەمە سەردارمان، وەک ئەوەیە لەلایەن الله وە نێردراوە، لە ئایەتە کەریمەکانی قورئانیشدا ئاماژە بەوە کراوە کەوا دینی ئیسلام بە تەواوی گەیەندراوە و کامڵ کراوە، لە هەمان کاتدا بە شێوەکی کامڵ و بێ کەموکورتی لەلایەن سەردارمانەوە نوێنەرایەتی کراوە. لە ڕاستیشدا دینێکی کامڵی لەم شێوەیە کەوا بە تەواوی کامڵ و تەواو کراوە، – وەک جیلیش لە سەرەتای کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکردووە- تەنیا لەلایەن مرۆڤێکی کامڵەوە دەتوانرێت بە شێوەیەکی بێ کەموکورتی و زیان نوێنەرایەتی بکرێت و ئەویش کردوویەتی. قورئانی کەریمیش کەوا بێ کەموکورتی و بە شێوەیەکی ڕاست بە مرۆڤەکان گەیەندراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ڕێگەی ئەم نوێنەرایەتیە کامڵەی سەردارمانەوە وەک کارێکی مومکینی لێهاتووە. هەربۆیە کاتێک باسی “ڕێگەی پێغەمبەر” کرا، ئێمە لەم قسەیەوە هەم وەک وەحی ئیلاهی دابەزێندراو بۆ سەر سەردارمان، هەم وەک ئەم نوێنەرایەتیە کامڵەی ئەو کەوا ئەنجامی داوە، لێی تێدەگەین.

**

چەند تێگەشتنێکی هەڵە سەبارەت بە زاتی ئولوهیەت

تەواوی ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەلای ئێمەوە هەموویان سەرچاوەیەکی زانیارین کەوا مرۆڤ بە هەڵەدا نابەن. مرۆڤ بە تایبەت لە بابەتی ئیمان و عیبادەتدا، بابەتی ئەوەی ڕێگەی ڕاست بدۆزێتەوە، تەنیا لە ڕێگەی شوێنکەوتنی ئەم دوو سەرچاوەوە (قورئان و سونەت) مومکین دەبێت. مەگەرنا مرۆڤێک ئەو بابەتانەی بە هەند وەریان دەگرێت نەیانباتەوە ژێر چرای پێغەمبەر، وەک فەرزی مەحاڵ ئەمە دەڵێم، تەنانەت گەر ڕاستەوخۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ زاتی ئولوهیەتیشدا ئەنجام بدات، تەنانەت لەو کاتەشدا دەکەوێتە هەڵەوە. بۆ نمونە دەشێت نەزانێت کەوا لەوێدا پێویست بە چۆن حاڵێکی بێداری(تیقض) و حەزەر(تمکین) دەکات، دەشێت ئادابی وەستان لە حزوری ئەودا نەزانێت و ڕەچاوی نەکات، دەشێت درک بە چۆنیەتی پەیوەندی پەرستراو- بەندە نەبات و نەتوانێت لێی تێبگات. دەشێت بە هۆی بەدەستهێنانی پایەیەکی لەو شێوەیە، توشی شانازی بە خۆوەکردن و خۆ بەزل زانین بێت، هەر بۆیە بەم هۆیەوە لەو لوتکەیەوە دەشێت بکەوێتە ناو چاڵێکی قوڵەوە.

بە هەمان شێوە دەشێت مرۆڤێک بەرامبەر زاتی ئولوهیەت عەشق و خۆشەویستیەکی قوڵی هەبێت، چەشنی فەرهاد و وامیق، بە عەشقی الله وە بسوتێت و قرچەی لێهەستێت، بە ناوی گەشتن بەوەوە تامەزرۆییەکی زۆر جددی هەبێت. دەشێت دەستەوسانی کردن لەو بابەتەدا، بە نیسبەت ئەوەوە کەوا بە شێوەیەکی شێتانە زاتی ئولوهیەتی خۆش دەوێت، وەک بێ ڕێزیەکی زۆر جددی ئەژمار بکات. بەڵام تەنانەت گەر کەسێکی لەم شێوەیەش ڕێگەی پێغەمبەری نەگرتبێت، دەشێت لەو کاتەدا دەستەکانی بەرز بکاتەوە و بڵێت” پەروەردگارا ساتێک زووتر گیانم بکێشە، هەتا بە تۆ بگەمەوە”، بەم شێوەیە نزا بکات.  

ئەگەرچی نزایەکی لەم شێوەیە لە ڕوانگەی ئەقڵەوە جوانیش دەردەکەوێت، بەڵام لێرەدا ناهاوسەنگیەک جێگەی باسە و بە پێچەوانەی سونەتەوەیە. چونکە سەردارمان لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا ئاوات خواستنی بە مردن قەدەغە کردووە و، مرۆڤ لایەنی زۆر لەم بابەتەدا دەتوانێت بڵێت” خودایە هەتا ئەو کاتەی خێر لە ژیانمدا هەیە بمژێنە، گەر لە مردنیشمدا خێر هەیە، ئەوا ئەمانەتەکەی خۆتم لێبستێنەوە”. (البخاری، المرضی، المسلم، الذکر).

چونکە ئەم دونیایە وەک فێرگەیەک وەهایە. مرۆڤ بۆ ئەوەی لێوەشاوەیەتی بۆ جیهانی ئەولا بەدەستبهێنێت و بە گوێرەی ئەو جیهانە توێشوی خۆی بەدەستبهێنێت، ڕەوانەی ئەم فێرگەیەی ئێرە کراوە. هەربۆیە مرۆڤ، پێویستە چەشنی سەربازێک، هەتا ئەو ساتەی کەوا ئەو زاتەی ڕەوانەی ئەم فێرگەیەی کردووە مۆڵەتی گەڕانەوەی پێدەدات، پێویستە ئارام بگرێت و ئەرکی بەندایەتی خۆی، بە شێوەیەکی بێ کەمکورتی ئەنجام بدات. ئەمەش داخوازی ڕێگەی پێغەمبەرە. هەربۆیە مرۆڤ لە بابەتێکی سادەی لەم شێوەیەشدا، هەتا ڕێگەی سونەت نەگرێتە بەر، بابەتی دۆزینەوەی ڕێگە ڕاست، کارێکی زۆر سەخت دەبێت.

بۆ ئەوەی بابەتەکە بە باشی ڕوون ببێتەوە، با بەردەوام بین لەوەی نمونەی تر بهێنینەوە: مرۆڤ دەشێت لە ڕێگەی ئەقڵیەوە، ئەوە بدۆزێتەوە کەوا ئەفرێنەرێک بوونی هەیە. وەک زۆرێک لە مرۆڤەکان کەوا لە سەردەمی فەترەتدا ژیاون و ئیمکانی ئەوەیان دەست نەکەوتووە کەوا یەکێک لە پێغەمبەران بناسن، دەشێت لە ڕوانگەی شاکارە ناوازەکانی ناو گەردونەوە، بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کەوا بڵێت” لەم گەردونەدا ئەفرێنەرێک بوونی هەیە”. بەڵام بابەتی ئەوەی ئەم مرۆڤە بە تاقی تەنیا بگاتە ئەوەی کەوا ئەو ئەفرێنەرە بناسێت و، پەی بە سیفات و ناوەکانی ئەو ئەفرێنەرە ببات، یان ئەوەی ببێتە خاوەنی تێڕوانینێکی دیاریکراو سەبارەت بەو، کارێکی مومکین نیە. ئەو کەسانەی ئەم جۆرە تێبینیانە بەو شێوەیە وەرناگرن کەوا بە سەردارمان گەیەندراوە، دەشێت سەبارەت بە زاتی ئولوهیەت ببنە خاوەنی زۆر تێڕوانینی هەڵە. وەک ئەوەی سەردەمانێک نەوەکانی ئیسرائیل ئەنجامیاندا، دەشێت جسمانیەت و لاشە بدەنە پاڵ زاتی ئولوهیەت، یان وەک ئەوەی لە هەندێک لە مەسیحیەکان و پەیڕەوانی شیعەدا بەدی دەکرێت، دەشێت قایل ببن بەوەی  کەوا زاتی ئولوهیەت -حاشا- لە نێو مرۆڤێکدا شی بووەتەوە و ئاوێتەی بووە.  یان وەک ئەو موعتەزیلانەی کەوا لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی یۆنانیدا مابوونەوە دەشێت بڵێن” الله ناچارە بەوەی هەموو شتێک بە گوێرەی بەرژەوەندیەک بئافرێنێت”، قسەگەلێکی نەشیاوی لەم شێوەیە بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەموو کارێکی الله دا هەزار و یەک بەرژەوەندی و حیکمەتی جیاواز بوونی هەیە. ئەو هیچ کارێکی بێ هوودە ئەنجام نادات. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا الله، هیچ مەجبوریەتێکی نیە، هیچ شتێک لەسەر ئەو وەک واجب بوونی نیە. تێبینیگەلێکی لەم شێوەیە، لەگەڵ چۆنیەتی وێناکردنی زاتی ئولوهیەتدا یەک نایەتەوە.

ئیدی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لە ژێر هەر پاڵنەرێکدا ئەنجام دەدرێت با بدرێت، ئیدی حەز دەکات با لە ژێر عەشق و تامەزرۆییەکی زۆر جددی بۆ زاتی الله ئەم شتانە بڵێت، تەواوی ئەمانە بە پێچەوانەی ڕێگەکەی سەردارمانەوەیە. بیرکردنەوەگەلێکی لەم شێوەیە هەتا ئەو ساتەی پشت بە وەحی ئاسمانی نابەستێت، پەنا بە خودا، دەشێت هەموو ساتێک بکەوینە ناو گوزارەگەلێکەوە کەوا لەگەڵ زاتی ئولوهیەتدا یەک نایەتەوە و، بەم هۆیەوە توشی گومڕایی ببین.

**

ڕێگەی ئەوەی نەکەوینە ناو گومڕایی و شیرکەوە

لە ڕاستیشدا دەستەوتاقمگەلێکی وەک جەبرییەکان[1]، مورجیئەکان[2]، موشەبیهە[3] و موجەسیمەکان[4]، کاتێک لە تێگەشتنیاندا بۆ زاتی ئولوهیەت کەوتنە هەندێک هەڵسەنگاندنی هەڵەوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەی لە ڕێگەی ڕاست توشی لادان بوون، بریتی بوو لەوەی ملیم بە ملیم شوێن ڕێگەی پێغەمبەر نەکەوتن.

لە سەردەمێکدا کەوا موسوڵمانان نەگبەتی لە دوای نەگبەتی بەسەریاندا دەهات، ئەو موسوڵمانانەی سەرەڕای تەواوی هەوڵ و تێکۆشانیان، شاهیدی ئەوە بوون کەوا قەڵاکانیان یەک لە دوای یەک دەڕوخێت، تەنانەت مێشکگەلێکی مەزن کەوا لە زۆر شوێندا بەرگرییان لە ئەهلی سونەت کردووە، لە کتێبی “لەسەر تەختی سوڵتانی قەدەر”، کاتێک هەڵسەنگاندنی بۆ هەندێک بابەت کردووە، لە ژێر کاریگەری هەندێک لەو ڕووداوانەی لە سەردەمەکەی ئەودا ڕوویانداوە، کەوتۆتە ناو هەندێک تێبینی جەبریەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، وەک لە یەکێک لە پەندە عەرەبیەکانیشدا هاتووە” ڕەشەباکان بە گوێرەی  ئارەزوی کەشتیەکان هەڵناکەن” و، ڕووداوەکانیش بە هەمان شێوە بە گوێرەی خواست و ئارەزوی مرۆڤەکان ڕوونادەن. هەربۆیە زاتی باڵای ئەویش لە ئایەتی ٢٦ سورەتی ئالی عیمراندا دەفەرموێت: قُلِ اللَّهُمَّ مَالِكَ الْمُلْكِ تُؤْتِي الْمُلْكَ مَنْ تَشَاءُ وَتَنْزِعُ الْمُلْكَ مِمَّنْ تَشَاءُ وَتُعِزُّ مَنْ تَشَاءُ وَتُذِلُّ مَنْ تَشَاءُ بِيَدِكَ الْخَيْرُ إِنَّكَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ تۆ بڵێ: ئەی پەروەردگارم کەوا خاوەنی هەموو موڵک و فەرمانڕەواییەکیت، تۆ موڵکی خۆت بە هەرکەسێک دەبەخشیت کەوا خوازیاریت و لە هەرکەسێکی دەگریتەوە کەوا دەخوازیت، هەرکەسێکت بوێت سەربەرزی دەکەیت و، هەرکەسێکت بوێت زەلیلی دەکەیت، تەواو خێر و چاکە لە دەستی تۆدایە و بێگومان بەسەر هەموو شتێکدا باڵا دەستیت”.

هەروەها پەروەردگارمان لە ئایەتێکی کەریمەی تردا دەفەرموێت:

وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ

واتە: هەر ئێمەین ئەو ڕۆژانە دەهێنین و دەبەین کەوا  بەڵێنی بەختەوەری بە مرۆڤەکان دەدەن… واتە کاتێک ڕۆژانێک بە نیسبەت هەندک کەسەوە دەبنە جەژن، بە نیسبەت هەندێکەوە ڕۆژانێکی پێچەوانە دەبنە جەژن. مادام الله هەر خۆی بە ڕەهایی خاوەنی هەموو موڵکێکە، مادام لە کرادرەکانیدا هەر خۆی هەڵبژێرەری شتەکانە، هیچ کەسێک لەم بابەتەدا مافی تانە و سکاڵای نیە. هەربۆیە ئەمەیە ڕێگەی پێغەمبەر…

بە تایبەت ئەو کاتەی هەلومەرجەکان بە تەواوی سەخت دەبن و، زوڵم و زۆرداری یەک بە دوای یەکدا دێن، سەبارەت بەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن، پێویستە بە شێوەیەکی هاوسەنگانە بیر بکەینەوە، سەبارەت بە زاتی ئولوهیەت نەکەوینە ناو هەندێک هەڵەوە، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی شوێنکەوتنی ڕێگەی پێغەمبەرەوە مومکین دەبێن. بە پێچەوانەوە، مرۆڤ بە هۆی کاریگەری هەندێک لەو خەم و ئازارانەی توشی دەبێت، دەشێت هەندێک جار بکەوێتە حاڵێکی وەک ئەوەی بەرد لە قەدەری خۆی بگرێت و، هەندێک جاریش بکەوێتە ناو چەند تێبینیەکی جەبرگەرایانەوە.

هەروەها لەم بابەتەدا پێچەوانەکەشی جێگەی باسە، دەشێت مرۆڤ بە هۆی هەندێک لەو زەفەر و سەرکەوتنانەی بەدەستی دەهێنێت، بە شێوەیەک کەوا لەم سەرکەوتنەوە بەرەو ئەو سەرکەوتنی تر ڕادەکات و، ڕووداوەکان هەمیشە بەو شێوەیە دەکەونەوە کەوا ئەو خواستی لەسەرە، دەشێت بکەونە ناو هەندێک لاقرتی جاهیلانەی وەک ئەوەی بڵێن” کردمان، ئەنجامماندا، دامانمەزراند، سەرکەوتین، ڕێکمانخست” و، وەک چۆن ئەوانەی پێشوو کەوتنە ناو گومراییەوە، ئەمانیش لەم ڕوانگەیەوە خۆیان بخەنە ناو شیرکەوە.

کاتێک دێینە سەر شوێنکەوتوانی ڕێگەی پێغەمبەر، ئەوان لە هەر بابەتێکدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنابێت، بۆ الله ی دەگێڕنەوە، لەو خزمەتانەی کەوا ئەنجامی دەدەن، پێیان وەهایە لەلایەن الله وە بەکارهێنراون، لە بەرامبەر تەواوی ئەو جوانیانەی بە نسیبیان دەبێت، بەرامبەر خاوەنی ڕاستەقینەیان، بە حەمد و سەناوە  سوپاسگوزاری خۆیان بۆ الله  دەردەبڕن. ئەوان نکوڵی لە ئیرادەی ڕێژەیی مرۆڤەکان ناکەن و، لە پلانی هەلومەرجی ئاساییدا وەک هۆکارێکی گرنگ دەیبینن، بەڵام کاریگەری ڕاستەقینە بۆ ئەوان ناگێڕنەوە، هیچ کاتێک ئەو راستیە لەبیرناکەن، کەوا الله ئەفرێنەری هەموو شتێکە. هەربۆیە ئەوان وەک داخوازی نەریتە بێ خەوشەکانی پەروەردگاریان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئیرادەی مرۆڤیش، لە هەمان کاتدا ئەوە دەبینن کەوا ئیرادەی الله لەسەرو هەموو شتێکەوەیە.

 

ئەو بەختەوەرانەی کەوا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو چرایەدا دەڕۆن بە ڕێگادا کەوا سەردارمان هەڵیکردووە، گیرناخۆن بە دەست ئەو نەگونجاویەی لە نێوان هۆکار و سەرئەنجامەکاندا هەیە. ئەوان ڕووداوەکان تەنیا لە ڕوانگەی ڕواڵەتی دەرەکەیەوە هەڵناسەنگێنن و، پلانی پشتەوەی ڕووداوەکانیش بە هەند وەردەگرن، بەم هۆیەوە دەتوانن لەو بابەتانەدا بگەنە بڕیارێکی تەندروست. هربۆیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بەستنەوەی سەرئەنجامی زۆر گەورە بە هۆکارگەلێکی زۆر بچوکەوە، لە بناغەوە ئاماژە بە گەورەیی الله دەکات. هەربۆیە پەروەردگارمان لەم بابەتەدا، زۆر جار دەستهەڵبڕینمان بۆ نزاکردن لە بابەتێکدا، دەشێت وەک هۆکارێک پەسەند بکات و، کاری زۆر گەورەوە بە هۆی ئەو هۆکارەوە بئافرێنێت. بۆ نمونە ئێوە دەست هەڵدەبڕن و دەڵێن” پەروەردگارا لە تەواوی سەر ڕووی زەوی، ئێمە لەلای مرۆڤەکان خۆشەویست بکە”. ئیدی لە پڕێکدا دەبینن، ئەو هاوڕێیانەی ئێوە کەوا سەردەمانێک بە هەر چواردەوری زەویدا بڵاو بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی زمان و کەلتوری ئەو وڵاتانەیان نەدەزانی کە بەرەو ڕووی ڕۆشتبوون و لەو بابەتەدا پەروەرەیەکی جددیشیان وەرنەگرتبوو، لە پاش ماوەیەکی کەم لەلایەن خەڵکی ئەو ووڵاتانەوە قبوڵ کراون. چاویان بە هەر مرۆڤێک کەتووە باوەشیان بۆ گرتوونەتەوە، لە ئامێز گیراون. هەربۆیە ڕوونکردنەوەی سەرئەنجامێکی لەم شێوەیە، لە ڕوانگەی ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە لەوێ خستومانەتە گەڕ، کارێکی مومکین نیە. کەواتە پەروەردگارمان کەوا نزاکانمان گیرا دەکات، نزاکانی ئێمەی بێ وەڵام نەهێشتۆتەوە.

تەواوی ئەم شتانە، دەتوانن سەبارەت بە تەواوی بنەماکانی تری ئیمانیش بیری لێبکەنەوە. بۆ نمونە مرۆڤێک بێ ئەوەی ببێتە شوێنکەوتەی ڕێگەی پێغەمبەر، بابەتی ئەوەی ببێتە خاوەنی بیرکردنەوەی هاوسەنگ و تەندروست سەبارەت بە چەمکی پێغەمبەرایەتی، کارێکی مومکین نیە. هەتا ئەو کاتەی ڕەچاوی ئەو دیسپلینانە نەکات کەوا لەلایەن پێغەمبەرانەوە پێشنیار کراوە، دەشێت لە بابەتی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیدا، هەموو کاتێک بکەوێتە ناو کۆمەڵە گوزارەیەکەوە کەوا بە زێدەڕەوی ناو دەبرێت. هەربۆیە هەندێک لەو کەسانەی لەم بابەتەدا کەوتونەتە ناو زێدەڕەوییەوە، پێناسەی پێغەمبەران بەوە دەکەن، کە تەنیا ئەرکی گەیاندنی ئەو کتێبەیان لەسەرشان بووە کەوا لەلایەن الله وە بۆیان ڕەوانە کراوە، پێیان وەهایە سونەتی زارەکی-کردەکی لە شەرعدا هیچ جێگەیەکی نیە، حاشا پێغەمبەر تەنیا وەک پۆستەچیەک ئەژمار دەکەن.

لەلایەکی ترەوە ئەو کەسانەی کەوا دەتوانین بە ئەهلی “کەمتەرخەمی” ناویان ببەین، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کەوا زاتی ئولوهیەت لە بابەتی گوزارشتکردن لە خۆیدا، ئاتاجی بە ناردنی پێغەمبەران بووە. هەربۆیە هەتا ئەو کاتەی ئەم جۆرە بابەتانە بە هەواڵ و زانیاریەکی فرەسەرچاوەوە نەبەسترێتەوە، هەتا ئەو کاتەی لەسەر ڕێگەی سونەت لادەدرێن، کەوا وەک ئۆتۆبان و ڕێگەی خێرا وەهایە و بۆ سەر ڕێگەی خۆڵ لادەدەن، دەشێت لادانی تری هاوشێوە، بێتە مەیدانەوە.

هەروەها لە بابەتی ئەوەی چۆنی بەندایەتی بۆ الله ئەنجام دەدرێت، یان ئەوەی کەوا کام کردەوە لەلای ئەو بە عیبادەت و تاعەت ئەژمار دەکرێت و دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی بەندە لەو، بێ ئەوەی بە فێرکاری پێغەمبەردا تێبپەڕێین، هەستان بە کارێکی دروست و تەندروست مومکین نیە. مرۆڤ لە تەواوی ئەم بابەتانەدا، ئاتاجی شەبەنگی ڕۆشنکەری وەحییە. ئەوان هەتا ئەو کاتەی عیبادەتەکانیان بە گوێرەی فەرمانە تەعەبودیەکانی دین ئەنجام دەدەن، دەتوانن بەو شێوەیە ئەم کارە ئەنجام بدەن کەوا الله داوایان لێدەکات. لەم بابەتانەدا ئەقڵ حوکم و بڕیارێکی لە دەستدا نیە، هەتا دەریبکات. مرۆڤ ناتوانێت بە گوێرەی ئەقڵی خۆی، شکڵ و شێوازی عیبادەت کردن دابهێنێت. تەنانەت گەر مرۆڤ بە ناوی نزیکبوونەوەی زیاتر لە الله و بوونە بەندەیەکی باشتر عیبادەتی زۆر سەختتر لەوانەی لەلایەن پێغەمبەرەوە فێرکاری بۆ کراوە ئەنجامیش بدات، هیچ کام لەم شتانە سودێک بەو کەسە ناگەیەنن. بە پێچەوانەوە ئەم کەسە دەچێتە ڕیزی ئەو کەسانەی لە سورەتی فاتیحەدا بە گومڕایان و کەسانی غەزەبلێگیرا لەلایەن الله، باسیان لێوە کراوە. هەربۆیە لە بابەتەکانی ئیمان و ئیسلامدا، بێ ئەوەی ببینە شوێنکەوتەی ڕێگەی پێغەمبەر، دۆزینەوەی حەقیقەت و پێچەسپاوبوون لەو بابەتەدا، ڕێگەیەکی تری نیە.

**

 

ڕێگەی تاغوتان یان ڕێگەی پێغەمبەران؟

گەر سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی بەڕێوەبردن پێویست بە هێنانەوەی نمونەیەک بکات، بۆ نمونە کەسێک کەوا لە هەر پێگەیەکی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدا بێت، دەشێت بە پشتبەستن بەو دەسەڵات و ئەزمون و ئەقڵەی هەیەتی، بێ ئەوەی هەست بە پێویستی ڕاوێژکردن بە کەسێک بکات، هەر لە خۆیەوە خۆسەرانە بە ئەنجامدانی کارێک هەڵبستێت. دەشێت هەڵسوکەوتێکی وەک ئەوەی بڵێت” قسە هەر قسەی منە” ئەنجام بدات. دەشێت لە بڕیارەکانیدا خۆی وەک کەسێک ببینێت کەوا هەرگیز بە هەڵەدا ناچێت. خودخاسزانی(ئێگۆ) و خۆ بە گەورەزانی ئەو کەسە، لە بابەتی ڕاوێژکردن بە کەسانی تر دووری بخاتەوە. کەسێکی لەم شێوەیە، تەنانەت گەر خۆیشی بە ئیماندار بزانێت، ڕێگەی تاغوتانی بەسەر رێگەی پێغەمبەراندا هەڵبژاردووە.     

ئەمە لە کاتێکدایە کەوا سەردارمان هەمیشە چاوی لەسەر سەروی ئاسمانەکانەوە بووە، گوێکانی هەمیشە لەسەر ئەو پەیامانە بوو کەوا لەلایەن جوبرەئیلەوە بۆی دەهێنرا و، لە ڕێگەی وەحیەوە پاڵپشتی دەکرا، لە هەموو بابەتێکدا ڕاوێژی بە هاوەڵانی خۆی کردووە. ئەو لە هیچ بابەتێکدا، هەتا ئەو کاتەی بە تایبەتی ڕای کەسانی شارەزای بوارەکانی خۆیانی وەرنەگرتایە، هیچ بابەتێکی بەسەر چواردەوری خۆیدا نەسەپاندووە. تەنانەت هەندێک جار سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بیروڕایەکی جیاواز بوو، تەنیا وەک چەسپاندنی دیسپلینەکانی ڕاوێژ و پشاندانی گرنگی بە ڕای هاوەڵانی، لە ڕاکەی خۆی پاشگەز بووەتەوە. بۆ نمونە لە جەنگی ئوحوددا کەوا بە نیسبەت موسوڵمانانەوە گرنگیەکی زۆری هەبوو، بە گوێرەی ڕای هاوەڵانی کرد و، سەرەڕای ئەوەی خۆی ڕای لەسەر ئەوە بوو کەوا جەنگی بەرگری ئەنجام بدەن، لە جەنگی ئوحوددا چووە دەرەوەی مەدینە.

لە پاڵ بابەتێکی گرنگی وەک ئەمەدا، تەنانەت لە بابەتێکی سادەی وەک چۆنیەتی پیتاندنی دارخورمادا بە هاوەڵانی دەفەرموێت: أَنْتُمْ أَعْلَمُ بِأَمْرِ دُنْيَاكُمْ

واتە ئێوە خۆتان لە کاروباری دونیادا لە من شارەزاترن.(المسلم، الفضائل)

بەم شێوەیە وازی لە هاوەڵانی خۆی هێنا، کەوا لە بابەتی پیتاندنی خورمادا، هەرچیەکیان دەوێت ئەنجامی بدەن. یاخود ڕاستتر وەهایە بڵێین لەم بابەتانەدا فێری جۆرێک لە تەربیەتی کردین. هەربۆیە کەسانێکن کەوا لە چینی سەرەوەن و دوای ئەوەی ڕاوێژ بە چواردەوری خۆیان دەکەن، گەر بڵێن” من زۆر بیرم لەم بابەتە کردەوە، هەربۆیە فڵان شتم بە ڕاست زانی، بەڵام دیسان هەر ئێوە باشتر دەزانن”، ئەوا بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ڕێگەی پێغەمبەردا هەنگاوی هەڵگرتووە. بەڵێ داخوازی ئەم ڕێگەیە ئەوەیە مرۆڤ دەستبەرداری خودی خۆیی و لایەنەکانی خۆپەرستی ببێت و، زیاتر لە هەست و بیرکردنەوەی خۆی، ڕیز لە هەست و بیرکردنەوەی بەرامبەرەکانی بگرێت.

 

مرۆڤ لە سەرەتای ڕێگاکەیەوە، پێویستە زۆر بە باشی ئەوە دیاری بکات کەوا کام ڕێگە دەگرێتە بەر. پێویستە ئەوە دیاری بکات، کەوا لە ڕوانگەی هەست و بیرکردنەوە و حاڵ و هەڵسوکەوتەوە، ڕێگەی فیرعەونەکان و زۆرداران دەگرێت، یاخود ڕێگەی پێغەمبەرانی گرتۆتە بەر و، لەم بابەتەدا زوو زوو چاو بە خۆیدا بخشێنێتەوە. بە گوێرەی ئێمەش ئەو ڕێگەیەی پێویستە هەر لە سەرەتاوە بگیرێتە بەر و پەیڕەوی لێبکرێت، تەنیا ڕێگەی پێغەمبەرە گەورەکانە و، پاشان هاوەڵە بەڕێزەکان کەوا ملیم بە ملیم شوێن ئەوان کەوتوون و لەسەر ئاستێکی باڵا نوێنەرایەتی ئەوانیان کردووە.

**

نوێنەرە قودسیەکانی ڕێگەی پێغەمبەر

هیچ گومان لەوەدا نیە، ئەوەی بە دروستترین شێوە لە ڕێگەی پێغەمبەر تێگەشتووە و بە جوانترین شێوە نوێنەرایەتی کردووە، بریتیە لە خەلیفە ڕاشیدەکان. موسوڵمانێتی بە بێگەردترین شێوە، لەلایەن ئەوانەوە بێ هیچ کێشەیەک نوێنەرایەتی کراوە. هەربۆیە سەردارمان فەرموویەتی:

عَلَيْكُمْ بِسُنَّتِي وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الرَّاشِدِينَ الْمَهْدِيِّينَ عَضُّوا عَلَيْهَا بِالنَّوَاجِذِ

واتە ئەوەی لەسەرشانی ئێوەیە ڕێگەی من و، خەلیفە ڕاشیدەکان بگرن(واتە ئەوانەی خۆڕاگرانە لەوپەڕی تەواوی و پێگەشتووییدا شوێنی ڕێگەی من کەوتوون) بگرن و، چەشنی ئەوەی بە خرێکانتان بنوسێن بەو ڕێگەیەوە، پەیڕەوی لێبکەن. بەم شێوەیە کەسانی ئیمانداری بانگهێشتی ئەوە کردووە هەم رێگەی سونەتی خۆی بگرن، هەم بانگهێشتی ئەوەی کردوون لەسەر ڕێگەی خەلیفە ڕاشیدەکان بڕۆن. هەروەها لە ڕێگەی زاراوەیەکی عەرەبیەوە کە دەفەرموێت(بە خرێکانتان ڕێگەی ئەوان بگرن)، بابەتی ئەوەی پێویستە بە توندوتۆڵی ڕێگەی ئەوان بگرین، وەک ئامۆژگاری بە ئێمە داوە.

هەروەها لە حەدیسێکی تردا وەک ڕوونکردنەوەی نرخ و بەهای هاوەڵان فەرموویەتی:

خَيْرُكُمْ قَرْنِي ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ

باشترینی ئێوە ئەوانەن کەوا لە سەردەمی مندا ژیاون، دواتر ئەوانەی لە دوای ئێوە دێن، دواتر ئەوانەی لە پاش ئەوان دێن…

هەربۆیە گەر ئێوە باشترین کەسانی ئەم ئومەتە نادیدە بگرن و شوێنی ڕێگەی ئەوان نەکەون، ناتوانن بە دروستی لە ڕێگەی پێغەمبەر تێبگەن. ڕێگەی ئەوەی لە موسوڵمانێتی تێبگەین و بە دروستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، بریتیە لەوەی بۆ تێگەشتنی ئەم زاتە گەورانە بگەڕێینەوە، پاشان بە شێوەیەکی بێ کەموکورتی وابەستەی نوێنەرایەتی ئەوان بین. هەربۆیە ڕەچاوکردنی ڕێگەی خەلیفە ڕاشیدەکان و ئەهلی بەیت بە بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا بکەین، هەروەها خۆشویستنی تەواوی هاوەڵە بەڕێزەکان، بە نیسبەت ڕێنمویکەر و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەوە زۆر گرنگە.

لە دوای خەلیفە ڕاشیدەکانیش، جوانترین نوێنەرایەتی ڕێگەی پێغەمبەر لەلایەن ئیمامی مەزهەبەکان و زانایانی سەلەفی ساڵحینەوە ئەنجام دراوە. ئەم زاتە گەورانە کەوا جگە لە تێگەشتنی دروستی دینەکەیان هیچ خەمێکی تریان نەبووە، ئەوەیان بە باشی ڕوونکردۆتەوە کەوا پێویستە چۆنی ڕاڤەی بابەتەکان بکەین، چۆنی لە شتەکان تێبگەین، لەم بابەتەدا دیسپلینی زۆر گرنگیان خستۆتە ڕوو. وەک چۆن تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بە توێشوویەکی دەراساوە ڕەوانەی مرۆڤەکان کرا، هەریەک لە ئیمامە بەڕێزەکانیش بە تایبەت ئیمامی ئەبو حەنیفە، ئیمامی مالیک، ئیمامی شافعی، ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، بە توێشویەکی تایبەتەوە ئەفرێندراون. لە سایەی ئەوانەوە هیچ کام لە بابەتە دینیەکان بە هەڵپەسێردراوی نەماوەتەوە.

لە سایەی ئەوانەوە، بەو شێوەیەی هاوەڵان لە دین تێگەشتبوون، بۆ ئێمەش گواستراوەتەوە. هەربۆیە پێویستە ئەوە بە باشی بزانرێت کەوا لە تێگەشتن و ژیاندنی ڕێگەی پێغەمبەردا خزمەتگەلێکی زۆر گرنگ لەلایەن ئەوانەوە پێشکەش کراوە، پێویستە لە بابەتی ڕێز بەرامبەر ئەوان کەموکورتی نەنوێنرێت و، واز لە ڕێڕەوی ئەو موجتەهیدە گەورانە نەهێنین.

بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە، کەوا ئێوە هەلومەرجی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژین نادیدە بگرن، ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بارودۆخەوە هەیە، لەگەڵ ئەو حوکمانەی پەیوەندییان بە بناغەی دینەکەوە هەیە لە یەکتری جیا نەکەینەوە.  بە پێچەوانەوە، بە مەرجی ڕەچاوکردنی دیسپلینە سەرەکیەکانی دین، دەشێت ڕەشەبای زەمانی خۆیشتان بخەنە پاڵ کارەکانتان و، سوودمەند ببن لەو ڕاڤەیەی لەم کارەوە دەکەوێتەوە.

گەر پێویستی کرد، گۆڕانکاری لە فۆرماتی کارەکانتاندا ئەنجام دەدەن، لەو ڕووداوانەی کەوا لەو سەردەمەدا ڕوودەدەن، بنەما و دیسپلینی گرنگ هەڵبگۆزن، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژین، دەیانهێننە ناو ژیانەوە.

 

                 

   

[1]جەبریەکان لە توراسی ئیسلامیدا بەو گروپە فکریە دەوترێت کەوا پێیان وەهایە مرۆڤەکان هیچ ئیرادەیەکیان نیە و بە تەواوی لە ژێر کاریگەری ئیرادەی ئیلاهیدا کار و کردەوەکانیان ئەنجام دەدەن

[2] مورجیئە بەو گروپە فکریەی ناو توراسی ئیسلامی دەوترێت کە لە بابەتی چوونە دۆزەخ و بەهەشتدا هەموو بڕیارێک بۆ الله دەگێرنەوە و پێیان وەهایە وەک چۆن کردەوەی چاک کاریگەری لەسەری چارەنوسی کەسی کافر نیە، بە هەمان شێوە گوناحی گەورەش کاریگەری لەسەر چارەنوسی کەسی ئیماندار نیە

[3] موشەبیهە بەو کەسانە دەوترێت کەوا لە زات و سیفاتەکانی الله لێکچواندن ئەنجام دەدەن

[4] موجەسیمە بەو جۆرە کەسانە دەوترێت کە لێکچوان لە نێوان زاتی الله و مرۆڤەکاندا ئەنجام دەدەن و ئەندام و لاشە دەدەنە پاڵ پەروەردگار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *