ڕەمەزان و مرۆڤی دیسپلین

 

پرسیار: بۆ ئەوەی ببینە مرۆڤی دیسپلین، ڕەمەزان لەم بابەتەدا چی ڕۆڵێکی دەبێت؟ مانگی ڕەمەزان دەبێت لە ئێمەدا چی خوویەک بهێنێتە ئاراوە؟

وەڵام: دیسپلین وشەیەکی فەڕەنسیە، بە واتای پەیڕەوی کردن لەو فەرمان و قەدەغەکراوانە دێت کە بۆ فەراهەمکردنی ڕێکوپێکی لە بابەتێکدا پێویستە. هەروەها بریتیە لەو تەربیەتە ڕۆحی، هزری و ئەخلاقیەی کە بۆ بوونە مرۆڤێکی هاوسەنگ پێویستە و، دەشێت بە “ڕۆحی ڕێکوپێکی” ناو ببرێت.

مرۆڤی دیسپلینیش بریتیە لەو کەسەی لە نێو چوارچێوەی یاسا و ڕێسایەکی دیاریکراو ژیان بەسەر دەبات و، لە بابەتی ڕێکوپێکیدا کەسێکە کەوا بە هەستیاریەوە مامەڵە دەکات.

لە ڕاستیدا ژیانی کەسێکی ئیماندار، پێویستە هەموو کاتێک لە نێو هەماهەنگیدا بێت. ئەو لە پێش هەموو شتێکدا دەبێت ئەوە بزانێت کەوا لە چی کاتێکدا پێویستە چی بکات، بە چیەوە خۆی مەشغوڵ بکات و خۆی بە کام کارانەوە خەریک بکات، پاشان بە گوێرەی ئەمە مامەڵە بکات. ئەو لە دەرەوەی بیرکردنەوە لەوەی کەوا کام کار پێویستە لە پێشتردا ئەنجام بدرێت و بە گوێرەی کام پرۆگرام کارەکانی ببات بەڕێوە،  هەرگیز نابێت بیرکردنەوەیەکی وەک “ئاخۆ ئێستا چی بکەم باشە؟” ی هەبێت. ئەو پێویستە بە شێوەیەکی ڕەها لە پێش هەموو کارەکانیەوە ئەوە دیاری بکات، کەوا لە نێوان ئەرکی بەندایەتی بەرامبەر جەنابی حەق، بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر مرۆڤەکانی تر و کارە شەخسیەکانی خۆی، کامیان لە چی کاتێکدا ئەنجام دەدات، پێویستە لە هەموو حاڵێکیدا نمونەیەکی ڕێکوپێکی و ڕێکخراوی پشان بدات.

عیبادەتەکان، خۆیان لە خۆیاندا پێودانگێکی زۆر گرنگن بۆ ڕێکخستنی کارەکان و چۆنیەتی دابەشکردنی کات بەسەریاندا، مرۆڤی ئیماندار زۆرینەی کات کارەکانی بە گوێرەی ئەو ڕۆژمێری عیبادەتانە ڕێک دەخات و دەڵێت” لە دوای نوێژی نیوەڕۆ، لە دوای نوێژی ئێوارە…”، بەم شێوەیە ڕۆژەکانی بەسەر کاتە جیاوازەکاندا دابەش دەکات و، هەوڵ دەدات هیچ ساتێکی بە بۆشی تێنەپەڕێنێت.

ئەو کەسانەی نرخی کات دەزانن و تەمەن وەک نیعمەتێکی زۆر گرنگ سەیر دەکەن کە پێویستە هەڵسەنگادنی بۆ بکرێت، لە خواردن-خواردنەوە، هەتا دەگاتە خەوتن-هەستانیان، هەموو شتێک دەخەنە ڕێکی و ڕێکخستنەوە و، هیچ بابەتێکی خۆیان لە نێوان پەرشوبڵاوی و دواخستندا جێناهێڵن. ئەوان چاک دەزانن هەم مرۆڤەکان و هەم دامەزراوەکان، بە پیت و فەڕترین ساتەکانیان، ئەو ساتانەن کەوا لە نێو دیسپلین و ڕێکوپێکیدان.

هەربۆیە، مانگی ڕەمەزانیش بریتیە لەوەی بەرامبەر خواردن-خواردنەوە- خەوتن، کە ئارەزوەکانی نەفسی مرۆڤن، هەڵوێستەیەک دەکرێت و، ئەم کارانە بە رادەی پێویستەکانی مرۆڤ و لە نێو هەستی سوپاسگوزاری و شوکردا ئەنجام دەدرێت و، لەم ڕێگەیەوە مرۆڤ فێری دیسپلینێک دەکات. لە بەرامبەر داخوازیەکانی نەفسدا پەنا بۆ کەشوهەوای دڵ و ڕۆح دەبەیت، لە ڕێگەی بزواندنی ویژدانەوە ئیرادە بەهێز دەکات و، بە شێوەیەکی بەردەوام وانەی ئەوە دەدات، کەوا لەسەر ڕێگای ڕاست خۆڕاگرانە بمێنینەوە.

ڕەمەزانی شەریف، لە بابەتی ویستی خواردن-خواردنەوە کەوا یەکێکە لە لاوازترین دەمارەکانی مرۆڤ، سنوردارکردن و کۆنتڕۆل کردنێک فەراهەم دەکات. ڕێک وەک ئەوە وەهایە فێری دیسپلینی خواردنمان بکات. بەڵێ، بۆ بەردەوامیدان بە ژیان شێوەیەکی ڕەها پێویست بە خواردن و خواردنەوە هەیە. بەڵام وەک چۆن خواردن و خواردنەوە بە بێ ڕەچاوکردنی ڕێساکانی تەندروستی زیانی بۆ لاشەمان هەیە، لە هەمان کاتدا دەشێت گەدە هێندەی ئەوەی دڵی مرۆڤ بپلیشێنێتەوە بەهێز ببێت و، کارەساتێکی وەک ئەوەی مرۆڤ لە پلەکانی ژیانی دڵ و ڕۆحەوە بخاتە ناو چاڵەکانی ژیانی ئاژەڵی و لاشەیی، لێبکەوێتەوە. بەڵێ، گەر لە کات و ناکاتدا بە شێوەیەکی بەردەوام بخۆیت و بخۆیتەوە و هەمیشە گەدەت پڕ بێت، هەم زیان بە لاشە دەگات، هەم ئەمە کارێکە کەوا بە لای جەنابی حەقەوە پەسەند نیە.

ئەو ڕۆژووەی بە درێژایی مانگی ڕەمەزان دەگیرێت، دیاریکردنی کاتەکانی نانخواردن، خۆ دوور خستنەوە لەوەی زێدەڕەوی ئەنجام بدەیت و گەدەت لە ڕێگەی خواردنەوە بئاخنیت، پاشان خۆ دوورخستنەوە لەو شتانەی زیان بە تەندروستی ڕۆح و لاشەمان دەگەیەنن، لە بابەتی ئەوەی هەمیشە لە بازنەی حەڵاڵدا بمێنینەوە دەست بۆ شتە حەرامکراوەکان درێژ نەکەین، ڕەمەزان لەم بابەتانەدا مەشقمان پێدەکات، ئەو مرۆڤانەی بە گوێرەی ڕۆحی ڕەمەزان هەڵسوکەوت دەکەن، لەم بابەتانەدا ڕۆحی دیسپلین بەدەستدەهێنن.

هەر مرۆڤێک کەوا بتوانێت سوود لە ڕەمەزان وەربگرێت، بە گوێرەی ئاستی خۆی، وەک مەردێکی ڕاستگۆیی لێدێت. ئیماندارێک کەوا ڕۆژوو دەگرێت و هەوڵی تێگەشتن لە نهێنیەکەی دەدات، هەم لە پەیوەندی خۆیدا لەگەڵ جەنابی حەق، هەم لە پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ خەڵکدا، هەمیشە بە دوای وەفا و ڕاستگۆییەوە دەبێت. ئیدی وەک ئەو کەسەی لێنایەت کە تەنیا لە کاتێکی دیاریکراودا عیبادەت ئەنجام دەدات، بەرەو ئاسۆی عبودیەت هەنگاو هەڵدەگرێت، ڕۆژەکانی بە شعوری بەندایەتیەوە بەسەر دەبات، ژیانێکی وەک ئەوەی هەموو ساتێکی عیبادەت بێت، بەسەر دەبات. کاتێک کەمێک لە مەیلە دونیایی و لاشەییەکانی ڕزگاری دەبێت، یەکسەر ئامانجی خۆ تەرخان کردن بۆ جەنابی حەق و بوونە مەردی ڕێگای حەقیقەت لە بەردەمیدا پەیدا دەبێت. بۆ ئەوەی بگات بەم ئامانجەش، وەک حەزرەتی بەدیعوزەمانیش ئاماژەی پێداوە، پێویستە هەموو کاتێک هەر بۆ خاتری الله بیر بکەینەوە، لەبەر خاتری ئەو قسە بکەین،  لەبەر خاتری ئەو خۆشەویستیمان هەبێت، هەمیشە لە نێو بازنەی ” لله، لوجه الله، لاجل الله” بمێنیەوە، هەموو کاتێک ئەزمونی ڕووکردنە الله ئەنجام دەدەین و، سەرئەنجامی ئەم ئەزمونانە، هەموو ڕۆژێک کەمێک زیاتر لە سەرکەوتن نزیک دەبینەوە. ئیدی لە میانەی ئەم کارانەدا، بە تەواوی دەبینە مرۆڤی ڕاستگۆیی و وفا. لە ڕاستیشدا ڕۆژوو، یەکێکە لە جوانترین نیشانەکانی وەفا. چونکە ڕۆژوو وەک ڕێکەوتننامەیەک وەهایە لە نێوان الله و بەندەکانی. بەندە لە نێو کاتێکی دیاریکراودا، واز لە چەند شتێکی دیاریکراو دەهێنێت، بەم شێوەیە بە وەفا بوونی خۆی پشان دەدات، جەنابی حەقیش بەڵێنی ئەوەی داوە کە خودی خۆی پاداشتی ئەو کارەی بە تایبەتی بداتەوە. مرۆڤێک کەوا بە وەفاوە مامەڵە لەگەڵ جەنابی حەق دەکات، بە تێپەڕینی کات، لە نێو ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتیشدا، بەرەو ئەوەی ببێتە “تیمسالی وەفا” بەرز دەبێتەوە. بەم هەستەوە سیلەی ڕەحم بەجێدەگەیەنێت، دەستی یارمەتی بۆ هەموو لایەک دریژ دەکات، هەرگیز خۆی لە بەخشینی زەکات دوور ناخاتەوە، تەنانەت لە بەخشینی سەدەقە و خێراتیش تێرخواردنی نابێت. یەکێکی تر لە دروشمەکانی پەیوەندی بە جەنابی حەق، بریتیە لە خوێندنەوەی قورئان و، بەردەوام لە ڕیگەی نزاوە لێی بپاڕێیتەوە و ڕوو لە جەنابی الله بکەیت. ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆتایی هێنان بەوەی قورئان لە نێو بەرگی ئاوریشمیەکان دابنرێت و لە نێو سندوقی پڕ نەخشونیگاردا هەڵیبگیرێت، پاشان وەک شەکر و شەربەتی سەر زوبانی لێبکرێت، بە نیسبەت زۆرێک لە مرۆڤەکانەوە، کارێکە تەنیا لە مانگی ڕەمەزاندا مومکینە ئەنجامی بدرێت. ئەم مانگە پیرۆزە، تامێکی قورئان بە زمانەکان دەچەژێت و، لە ئەنجامدانی زیکر و ویردەکاندا شێوازێک لە دیسپلینیان پێدەبەخشێت.  مرۆڤ بە درێژایی مانگێک، لە خواردن- خواردنەوەوە هەتا دەگاتە خەوتن و هەستان، لە عیبادەت و تاعەتەوە هەتا دەگاتە ئەنجامدانی زیکر و ویردەکان، کاتێک لە تەواوی کایەکانی ژیاندا بە گوێرەی و یاسا و ڕێسایەکی دیاریکراو هەڵدەستێت، هەتا ڕادەیەکی دیاریکراو ڕۆحی دیسپلین بەدەستدەهێنێت و لەسەر ژیانێکی ڕێکوپێک ڕادێت، پێویستە لە دوای ڕەمەزانیش پارێزگاری لە هەمان یاسا و ڕێسا بکات و بەردەوامی پێبدات. بۆ نمونە، کاتێک بە درێژایی شەوەکانی هەموو مانگێک، خەو لە خۆی دەزڕێنێت و بەرەو بەرەکەتی پارشێو ڕادەکات، هەروەها ئەو ئیماندارانەی لەم نێوەندەدا جێژوانێکیان لەسەر بەرماڵەکانیان هەیە، پێویستە ئەم ٣٠ شەوە وەک مەشق کردنێک هەڵبسەنگێنێت و، ئیدی دوای ئەوە، لە تەواوی شەوەکانی ساڵیدا هەوارێکی بۆ جێژوان هەبێت و، هیچ نەبێت لایەنی کەم بە چەند ڕکاتێک نوێژی تەهەجود شەوەکانی ڕۆشن بکاتەوە.

بەڵێ، مرۆڤێکی خاوەن دیسپلین، پێش هەموو شتێک ئەوە دەزانێت کە چۆنی دەژی و لە کوێدا کام هەنگاو هەڵدەگرێت، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای دیاریکراودا ڕێڕەوێک بۆ خۆی دەکێشێت و، بە زانینەوە هەنگاوەکانی هەڵدەگرێت. ڕەنگ و ڕووتەخت و نەخشی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئێمەش، لەلایەن دینەکەمانەوە هەر لە مێژە دیاریکراوە. بۆ نمونە ئیمان بە الله و پێغەمبەرەکەی، بە نیسبەت ئێمەوە بنەمایەکی سەرەکیە. ئەم بنەمایە ڕێڕەوی هەنگاوەکانی دواتریشمان دیاری دەکات و وەک نیشانەیەکی سەر ڕێگاکەمانە. ئێمە بە نیسبەت ئەو پەروەردگارەی باوەڕمان پێیەتی، ئەو پێغەمبەرەی بە ڕابەری خۆمانی دەزانین، ئەرکی تێگەیاندنی ئەوانمان بە کەسانی تر، لەسەرشانە. بڵاوکردنەوەی دینەکەمان ئەرکی ئێمەیە. هەربۆیە هەوڵی چوونە ناو دڵەکان دەدەین، بۆ ئەوەی جوانیە گەورەکانی ئاینی ئیسلام پشان بدەین، هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەنجامدانی نوێنەرایەتیەکی جوان دەخەینە گەڕ.  وەک پابەندیەک بەم نیەتەشەوە، هەڵسوکەوت و ڕەفتارمان لەگەڵ مرۆڤەکان بەو شێوەیە دەبێت کەوا لە سەرچاوە دینیەکانماندا شێوازی بۆ دانراوە، بەهاکانی خۆمانیان پێدەناسێنین. بۆ ئەوەی ئەو حەقیقەتانە بە هەموو لایەک بگەینین کەوا خۆمان دڵمان پێیانداوە، بە مەرجی ئەوەی نەکەوینە ناو ئەو بابەتانەی کەوا بە شێوەیەکی ڕەها لە دینەکەماندا حەرام کراون، لەو بابەتانەدا تەواوی ئەو هۆکارانەی ڕێگەیان پێدراوە بەکاردەهێنین، هەرچیەکمان کردوە، دەبێت هەوڵ و کۆششمان بۆ هەڵگرتنی لەمپەرەکانی نێوان مرۆڤەکان و حەقیقەتەکانی ئیمان بێت.

هەروەها سەرنج لەو جیاوازیە دەدەین کەوا لە نێوان مرۆڤی دیسپلین و مرۆڤی یاسادا هەیە و، ڕەچاوی هەلومەرجی سەردەمەکەمان دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کەلتوری خۆمان، بە ئسلوب و زمانێک کەوا مرۆڤەکان توانای تێگەشتنیان لێی هەبێت، هەتا دوا ڕادە ڕەچاوی چۆنیەتی قسەکردن لەگەڵ ئەوان دەکەین.

خۆ گەر خۆمان بۆ ڕەزامەندی جەنابی حەق تەرخان کردبێت و، ئەم ڕەزامەندیەی ئەویشمان بە گەیاندنی زاتی ئولوهیەتەوە بەستبێتەوە، ئیدی لە هەر شوێنێک دەبین با ببین، لە ژێر هەر هەلومەرجێکدا دەبین با ببین، وەستان و کەوتنە ناو کۆڵەواری و راکردن لە ئەرکی سەرشانمان، جێگەی باس نیە. لە ڕاستیشدا بیرکردنەوەیەکی وەک ئەوەی بڵێیت” با بەهار بێت، هەوا خۆش بێت و، گوڵەکان شکۆفە بکەن، بولبولەکان چریکەیان بێت، منیش ئەو کاتە دەست دەکەم بە خوێندن!”، لەگەڵ تێبینی مرۆڤی خاوەن دیسپلیندا یەک نایەتەوە، چونکە ئەو پێویستە لە زستانیشدا چریکەی بێت، لە هاوین و بەهاریشدا سرود و گۆرانی بۆ گوڵەکان بڵێتەوە. ئەو پێویستە بە گوێرەی هەموو وەرز و سەردەمێک زمان و ئسلوبی خۆی هەبێت، ئەو حەقیقەتانەی کەوا دڵی پێداون، هەرگیز لە وتنەوەیان سڵ نەکاتەوە.

بێگومان دڵێکی گەورەی لەم شێوەیە، بوونە خاوەنی ڕۆحێکی دیسپلینی لەم شێوەیە – گەر چاودێری تایبەتی ئەوی لەگەڵدا نەبێت – شتێک نیە لە پڕێکدا دەستی مرۆڤ بکەوێت. گەشتن بەو ئاسۆیە، کاتێکی دوور و درێژ و مەشقێکی زۆر جددی دەوێت. تەنیا ئەوە هەیە، مانگی ڕەمەزان دەشێت وەک دەستپێکی لێبکرێت و بۆ گەشتن بۆ خەسڵەتە جوانانە، وەرزێکی زۆر بەرەکەتداری چاندنە.

لە ڕاستیدا بە نیسبەت کەسانی ئیماندارەوە، تەمەن وەک مانگی ڕەمەزانە، تافی پێگەشتنی وەک کاتی ئیمساک، مردنیش وەک کاتی بەربانگە. یەک مانگی ڕەمەزان، وەک خۆ ڕاهێنانە لەسەر ڕۆژووی بەندایەتی کە تەمەنێک دەخایەنێت. ئەو کەسانەی دەزانن بەردەوامی بدەن بەو خەسڵەتە جوانانەی لە ماوەی ئەو ٣٠ ڕۆژەدا بەدەستیان هێناوە، لە بەرامبەر ئەو برسێتی و تێنوێتیەی لێرە توشیان دەبێت، لە ژیانی ئەولا گوێیان لە وتەگەلێکی وەک” بەندەکانم، زۆر جار ئێوەم بینی بێ ڕەنگ دەبوون و، بە هۆی نەمانی وزەوە ڕەنگتان وشک دەبوویەوە و زەرد دەبوون، چاوتان دەچوو بە قوڵا و ڕوومەتەکانتان دەقوپا، ئێوە لەبەر من بەرگەی ئەم شتانەتان دەگرت، لە بەرامبەر ئەو باجەی لەو ڕۆژانەدا دەتاندا، فەرموو ئێستا بخۆن و بخۆنەوە” دەبێت و، ئیدی لەو ڕۆژەدا بەربانگی ڕاستەقینە دەکەنەوە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *