کاتێک دڵەکان بە ناسکیەوە لێدەدەن

ئەم ڕۆژ و شەوە موبارەکانە، ڕەنگ و تام و شێوەی خۆیان بە بەری هەموو کەس و شتێکدا دەکەن، باوەش بە هەرچیەکدا بکات نەرمی دەکاتەوە، دەیکات بە خولیا و دەیگەیەنێت بە قوڵاییگەلێک کەوا وێناکردنی ئێمە تێدەپەڕێنێت. کۆڵان-بازاڕ، ماڵ- مزگەوت، خوێندنگە- سەربازگە، لە هەموو شوێنەکاندا هەست بە بە ئەفسونێکی قوڵ دەکرێت، ئاخیرەتی بوون لە سیمای موسوڵماناندا دەدرەوشێتەوە، ئیلاهیەت لە تێڕوانینەکانیەوە چۆڕەی دێت… بە تایبەت ئەو تیشکە ڕەنگاوڕەنگانەی لە شەواندا بە بەرچاومانەوە پێدەکەنن، هەردەم چرپەی  نەغمەکانی ژیان لە ڕەهەندێکی تردا بە گوێکانماندا دەدەن. ئەو سیمایانەی کەوا لە ماڵەکان، پەرستگاکان، شوێنی کارەکانیان چاومان پێیان دەکەوێت، وەک ئەوەی ڕێبواری ڕێگەی شادبوونەوە بەو(وصال) بن، جار جار بە عەشق و تاسەوە، هەندێک جاریش بە هیوا و چاوەڕوانیەکانیانەوە شەپۆل دەدەن و حاڵی تاڤگەی هەستەکان دەگرن و بەرەو بێکۆتا خوڕەیان دێت و دەڕۆن.

بە تایبەت لەو کاتانەی کەوا لە دڵەکانماندا جۆش و خرۆشی عیبادەت و تاعەت ڕوو لە زیادبوون دەکات، لێوەشاوەیەتیمان بۆ هەستپێکردن و ژیان بە شێوەیەکی جیاواز، وەک ئەوەی لێدێت قوڵپەی بێت و ئێمە بەرەو عومانی خۆیان ڕادەکێشن. لەم ساتانەدا، وابەستە جسمانیەکانمان بە تەواوی ڕووی لە لاوازی دەکات، وەها دەزانین  بۆ خاڵێک بەرز بووبێتینەوە، کەوا تەواوی بوونمان(وجود) بە ئامانج گرتبێت. ئیدی ئەو پێدەشت- قەدپاڵ، شاخ-دەربەند، ماڵانەی کەوا لەناویاندا گەورە بووین، ئەو پەرستگایانەی کەوا لە هەرێمیاندا خۆمان بۆ ئاخیرەت ئامادە کردووە، بە کورتی هەرچی گیاندار-بێگیانە وەک جوانیگەلێک کەوا لە دەستەکانی ئەوەوە هاتوون ئامێزیان بۆ دەگرینەوە، خۆشمان دەوێن و، چەشنی ئۆکسیجین بۆ ناو سیەکانمان هەڵیان دەمژین و دەڵێین “ئۆخەی”…

 

لەم شەو و ڕۆژە نورانیانە کەوا هەموو کاتێک چەشنی تۆفانێکی ڕوناکی لە دایک دەبن، ئیمانداران لە هەموو هەڵسوکەوت و ئەدایەکی گشتییاندا، پەردەی ئیمان و مەعریفەت و عەشق و لەدونیەتیەتێکی ئەفسونگەر بە خۆیاندا دەدەن. ئەو چێژە ڕۆحانیانەی کەوا بە ئیمان و عەشق و مەعریفەت گۆش بوون، پێش تەواوی زەوق و چێژە ماددیەکان دەکەون. ئیدی هەموو کەسێک بە گوێرەی خولگەی عیرفانی خۆی، بەرەو ئاسۆیەکی موقەدەس ملی ڕێگە دەگرێت. لەم ڕێگایەشدا، لە کۆتایی هەر قۆناغێک کەوا دەیگاتێ، بە پێکشادبوونەوەیەکی(وصال) بچوک دەگات، بەم شێوەیە تاج لەسەری ئەم گەشتە موبارەکەی دەنێت. ئیدی ڕۆحیان لە ڕێگەی بانگەوازی ئەم پێکشادبوونەوە بچوکانە و تەواوی پێکشادبوونەوەکانەوە، خولیای پێکشادبوونەوە گەورەکە گۆش دەکەن و، لەو جوانیانەی کەوا دەڕژێتە ناو هەستەکانیانەوە و، لەو هیوایانەی کەوا لە ئامێزی عیبادەتەکانیاندا خونچە دەگرن، لە ڕێگەی ئەو چێژانەی  کەوا لە خوڕەی تاڤگەی واتای ناو تەواوی چاو و دڵە باوەڕدارەکان دەستیان دەکەوێت، بە نێو بێدەنگیەکی لەدوونیدا ڕۆدەچن و، خۆیان بە نێو خەونی بەیەکگەشتنە لەولا دەکەن و، وەک ئەوەی لە نێو ڕووبارێکی ئەفسوناویدا مەلە بکەن، وەها گومان دەبەن کەوا بە ڕووی سەرو نا-کاتدا(لا-زمان) کراونەتەوە.

ئیدی ئەم بەختیارانە کەوا گەشتوون بەو دەریای چێژانەی کەوا ڕۆحەکان بە دوایدا دەگەڕێن، جوانیە لەدونیەکان کەوا هەموو ساتێک لە چاوی دڵیاندا پەردەی ئەفسونێکی جیاواز بەسەر خۆیاندا دەدەن، چەشنی ئەو گوڵانەی لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیاندا دەکرێنەوە، وەکو ئەو هێشووە تیشکانە هەستی پێدەکەن کەوا لە جوانی ئەوەوە عەکس بوونەتەوە. هەستی پێدەکەن و چەشنی ئەوەی خۆیان لە باخێکدا بینیبێتەوە کەوا شنەبای چەندین میوە و گوڵ و گیا، تۆمار تۆمار هەستابێت و، بەسەر ئەو گوڵ و میوە و گیایانەوە گیرسابێتنەوە و، بە هۆی گەرموگوڕی ئەو پێشوازی و ئیکرامەی لەلایەن ئەو زاتەوە پێشکەشیان دەکرێت کەوا بە درێژایی تەمەنیان سەریان لە بەر دەرکی دەرگاکەی داناوە، لە هۆش خۆیان دەچن. تەنانەت هەندێک لەو نیعمەتانەی کەوا لێرە پێیناگەن، چەشنی ئەوەی لە ڕەهەندێکی جیاوازدا هەست بە شنەبای بەڵێن و شەپۆلی باڵگرتووی پاداشتەکانیان بکەن، هەروەک ئەوە وەهان لە دونیای هەستەکانیاندا باوەشیان بە ڕەحمەتی بێ کۆتای ئەو و شەفەقەتی ئەزەلی و قوڵی ئەودا کردبێت. بەم حاڵەتە ڕۆحیەشیانەوە، بە شێوەیەکی جیاواز هەست بە ژیان دەکەن، زیاتر لە ناخەوە خۆشیان دەوێت، بە ناسکیەوە باوەش بە تەواوی شتەکانی چواردەوریاندا دەکەن کەوا بەویەوە دەبەستنەوە، بە خۆشەویستیەوە دەستی بەسەردا دەهێنن و چەشنی گوڵێک ماچی دەکەن.

ئیدی تەواوی ژن-پیاو، گەنج-پیر، زانا-نەزان، عەوام-ڕۆشنبیر، لەم شەو و ڕۆژە ڕۆشنانەدا، بە حاڵێکی قەشەنگتر لە هەموو قەشەنگیەکانیان و ناسکتر لە هەموو ناسکیەکانیان، زۆر درەوشاوەتر لەوەی لە داستانەکاندا باسی لێوە دەکرێت، دەچنە نێو حاڵی ئەم زەمانە موبارەک و جوانیە مەعنەویانەوە و، خۆشحاڵی ئەوەی ئیماندارن وەک پەچە بە ڕوویاندا هەڵدەواسن، چاوەکانیان بە تیشکەکانی ئەولاوە هەڵدەهێنن و دەینوقێنن، بە هەر شوێنێکدا دەسوڕێنەوە بۆن و بۆیەی خۆیانی پێدا دەپرژێنن، لەوپەڕی قوڵاییەکانی ناخیانەوە چەشنی ئەوەی ئاخیرەتاوی بووبێتن، هەریەکەیان بۆ خۆی دەبێتە فریشتەیەک.

ئیدی مرۆڤ لە سیمای ئەواندا، وەها گومان دەبات ڕیزە گڵۆپی هەڵواسراوی نێوان منارەکان و چراخانی نێو گەڕەکان، لە چۆڕاوگەی تێروانینەکانی ئەوان و مرواریە پەخشان بووەکانیان و هەستە پەرشوبڵاوبووەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە، لە خەیاڵدانیدا چەشنی کەسانێکی ڕۆحانی وێنەی ئەوان دەکات.

بەڵێ، لەم سیما بێگەردانەدا کەوا ئیمان، عەشق، ئارەزوو، خولیا، هیوا، چێشەکانی پێکشادبوونەوە شەپۆل دەدات، موشتاق و حەیران و دڵخۆش و بێدەنگن؛ بەڵام هەڵسوکەوت و ڕەفتار و تێڕوانینەکانیان کەوا واتاکانی ڕۆحیان دەگەیەنێت، هەموو کاتێک لە چواردەور و مرۆڤەکاندا، لاهوتیەتێکی دەرەدەست درەوشانەوەی دەرکەوتی دەبێت و، ئەو کەسانە ئەفسوناوی دەکەن کەوا درکیان پێدەبەن و لێیان تێدەگەن.

هەندێکمان لەم وەرزی ڕۆشنایەتیەدا، لە لۆجیکی بەرتەسکی هەمیشەییمان ڕزگارمان دەبێت و، وەک ئەوەی لە جیهانێکی قودسیەوە بانگهێشت کرابێتین، بە نێو شادی  و جۆش و هەیەجان و گریاندا ڕۆدەچین. هەندێکمان خەیاڵی ئەوە دەکەین کەوا لە نێوان ئەستێرەکان و مانگ و ڕۆژدا بە گالیسکەیەک گەشت دەکەین، توشی خەیاڵاتی ئەوە دەبین کەوا هەناسەکانی ئێمە تێکەڵ بە هەناسەی فریشتەکان بووە. دڵەکانمان هەتا بڵێی نەرم دەبێتەوە، چاوەکانمان فرمێسکی پێدا دێتە خوارەوە، ئەو گرێکوێرانەی کەوا زۆر جار هەست بە بوونیان دەکەین دەکرێنەوە، گرێکوێرەکانی نەفسیشمان شی دەبنەوە؛ لەم کاتەشدا تەواوی ئەو کێشانەی کەوا بە قوڵاییەکانی ڕۆحمانەوە گیرساونەتەوە، لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت و  دەیبات و، ویژدانمان بەم هۆیەوە دەڵێت” “ئۆخەی الحمد لله”…

 

هەموو کەسێکیش بە ڕادەی بەرفراوانی ئەو واتایانەی کەوا دڵی پڕ دەکەن، دەست دەکات بە بینینی هەندێک لەو قوڵاییانەی کەوا بە هۆی فشارەکانی جسمانیەتەوە سەرکەوتوو نەبووە لەوەی هەتا ئەو “ساتە” بیانبینێت؛ گەنجەکانیش بە هەستی ئەوەی پێویستە حەقی هێز و توانا و زیندەبوونی خۆیان بدەن، شاباڵ دەگرن. کەسانی تەمەن مامناوەندیش، بە هۆی ئەو تەمکینەی کەوا ئەزمون و زانیاریەکانیان لە ڕۆحیاندا فەراهەمی کردووە، هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی قازانجهێنەرتر ڕەفتار بکەن. پیرەکانیش بە هەستی ئامادەکاری بۆ ژیانی ئەبەدیەت و ئاسودەیی ئەبەدی و ئەو جیهانەی کەوا ڕۆحەکان تێیدا دەفڕن، کوڵی جۆش و خرۆش دەسەنن. ئیدی هەموو کەسێک چاوەکانی دڵیان دەکەنەوە و، ئەو شتانەی هەتا ئەو “ساتە” بە تەواوی گوێی لێەنبووە و هەستی پێنەکردووە، وەک خۆی دەیبیستێت و، بەم بەختیاریەی خۆیان دڵخۆش دەبن، هەندێک جاریش خەم دایاندەگرێت و ڕوو لە پاشەڕۆژی خۆیان دەکەن، پاشان چاوەکانی بە هۆی پەیمانەکانی ناو ئەو زەمانەی تێیدایە دەست بە پێکەنین دەکات و، تەم و هەڵمی واتاکان لەسەر دەموچاوی قوڵتر دەبنەوە. دەنگی شەعائیرەکانیش کەوا لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز دەبنەوە، تام و دەوڵەمەندیەکی جیاواز دەخاتە سەر ئەم ئەحواڵە گشتیەی کەوا بوونی هەیە. بە شێوەیەکی لێدێت، ئیدی لەو ڕەشەبایەی کەوا هەڵدەکات هەتا دەگاتە ئەو بارانەی دەبارێت، هەموویان دەموچاومان دەلێسنەوە و چەشنی ئیکسیری نەمری بەسەر دڵەکانمانەوە دەنیشنەوە. بە تایبەت شنەبای وەختی سەحەر، بە تایبەت شنەبای وەختی سەحەر! چەشنی ئەوەی هەناسەیەک بێت لەو بێکۆتاییەوە هاتبێت، هەستت پێدەدات. چەشنی ئەوەی هەواڵ و لوتفێک بێت کەوا لەلای ئەوەوە هاتبێت دڵەکانمان هەڵدەپەڕێنێت؛ هەڵیدەپەڕێنێت چونکە لەم خولەکە ئەفسوناویانەدا کەوا بەم شیوەیە ڕوومان لەو کردووە، لە سایەی ئیمان و عەشق و هیواکانمانەوە، چەشنی هەوێنی حەقیقەتی ئەبەدیەت دێنە لامان و، خۆیان لە نێو دڵەکانماندا خاڵی دەکەنەوە، تۆوە خنجیلانەکانی توبای بەهەشت کەوا لە نێو قوڵاییەکانی ڕۆحماندا هەیە، بۆ بوونە میوە خەبەر دەکەنەوە، هەردەم لە قەدپاڵەکانی بەهەشتی دڵەکانماندا دەمانسوڕێنێتەوە.

الله هەموو کاتێک جوان و لوتفکارە، بەڵام ئێمە، لە هەندێک کاتی دیاریکراودا بە شێوەیەکی قوڵتر لەم واتایە تێدەگەین. بەڵێ، لە هەندێک لەو وەرزانەی کەوا وەک بەهاری ڕۆحەکانمان ئەژمار دەکرێن، تەواوی هەیەجانەکانی ناو دڵمان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. لەسەر ئاستێک کەوا بەرگەی جوانی و سەرنجڕاکێشیەکەی نەگیردرێت، خۆی بە هەستەکانمان دەگەیەنێت. ئیدی هەریەک لە ساتە جیاوازەکان، سەرلەنوێ بە لوتفێکی جیاواز جارێکی تر زیندوومان دەکاتەوە. لەم جۆرە دڵە موبارەکانەدا، هێندەی ئەوەی لەم ڕێگەی چێژ و زەوق هەستی پێدەکرێت، ئەگەری هەبوونی چێژێکی تر لە ئارادا نابینم. لە ئارایدا نابینم، چونکە لە ڕاستیدا ئەم چێژە ڕۆحانیە، لەو عەشقە ئیلاهی و وابەستە ئیلاهیەی لە مرۆڤدا هەیە، لەگەڵ ئەو ڕووتێکردنانەی ئیحسانی ڕەحمەتی بێ کۆتای ئەو کەوا چەشنی شەپۆل باڵای گرتووە، سەرچاوەیان گرتووە.  هەربۆیە لە مرۆڤدا چەندە عەشق و عەلاقەی بەرامبەر ئەو، لە دڵەوە و جاویدانیانە بێت، ڕووتێکردن و ئیحسانەکانی ئەویش بەو ڕادەیە بێسنور و بێ کۆتا دەبێت.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *