کاریگەری بەدیعوزەمان و پەیامەکانی نور لەسەر م.فەتحوڵڵا گولەن تارق بوراک بەشی ١٠

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، سەبارەت بە کاریگەری  قوڵی پەیامەکانی نور و ئوستاد سەعید نورسی لەسەر خۆی دەڵێت:

“من لە ڕێگەی ئەو هەست و هزرەی سەبارەت بە سەردارمان، لە دایک و باوکمەوە بۆم مابوویەوە، زۆر بە توندی وابەستەی ئەو بوو بووم. بەڵام ئەو کاتەی لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی کارەکانی سەردارمانم بینی، ئیدی لە ڕێگەی کتێبی موعجیزات یاخود ڕەشحاکانی ئوستادەوە بێت،  بیرم دێت لە منداڵیمدا بە خۆمم وت:

کەواتە من زۆر لە دوورەوە تەماشای ئەوم کردووە. چەشنی ئەو ئەستێرانەی لە دوورەوە چاومان لێدادەگرن و  منداڵان هەوڵی گرتنیان دەدەن، ئێستا ئەو ئەستێرانە لە ئاسۆیەکدان، کەوا من هەوڵی پێگەشتنیان بدەم”.

کاتێک لە ڕوانگەی ئوستادەوە لەبابەتەکانم ڕوانی، لەلام زیاتر بوونە جێگای باوەڕ. بۆ نمونە گەر باوەڕی من بە زاتی ئیلاهی، زیاتر لە بابەتی “٢*٢=٤” شتێکی بڕاوەتر بێت، گەر لەلایەن الله وە هەڵکردنی نوری ئیمان لە دڵمدا بە ڕابەرێتی ئەو ڕوویدابێت، منەتبار بوونی من بەرامبەر ئەو، شتێکی واجبە”.

ئوستاد سەبارەت بە دونیا چەسپاندنێکی هەیە،  کە پێموایە لە کەسی تردا نەمدیوە، ئەویش پێی وایە دونیا ٣ ڕووی جیاوازی هەیە، یەکەم دونیا شوێنی دەرکەوتنی ناوە ئیلاهیەکانە، دووەم شوێنی دەرکەوتنی ئارەزوەکانی ئینسانە، سێهەم ئەو ڕووەی بەسەر بەدەستهێنانی ژیانی ئاخیرەتدا دەڕوانێت، پێموایە ئەم چەسپاندنەی ئوستاد زۆر واتادارە.

گەر پێتان وەهابێت کەوا ئوستاد لە کتێبەکانیدا باسی هەندێک بابەتی ئیمانی کردووە، یاخود وەڵامی هەندێک پرسیار، گومان و دوو دڵی داوەتەوە، ئەم بۆچوونە گەرچی ڕاستیش بێت، بێ کەموکورتی نیە. بەڵام ئەو سەرەڕای باسکردنی ئەم بابەتانە، لە ڕووی دانانی دەستورەکانی خزمەتەوە پێش هەمووان کەوتووە و لە بابەتی ئاراستەکردنی مرۆڤەکاندا بەرەو خزمەت، ڕێنیشاندەرێکی زۆر گەورەیە. بەڵێ، ئەو بلیمەتێکی بواری خزمەت و ڕاڤەکارێکی حەقیقەتی ئەحمەدیەیە. ئەو هەم نوێنەری حەقیقەتی موسەوی، هەم نوێنەری ڕۆحی عیسایی، نوێنەری ڕاستەقینەی ڕێبازی محمدیە، لەم بازنەیەدا خزمەتی کردووە و مەردێکی خزمەتکار بووە”.

ئەگەر بمانەوێت سەعدی کوری مەعاز بە یەکێک بچوێنین لە سەردەمی خۆماندا، ئەوا لێکچواندنی بە حەزرەتی بەدیعوزەمان سەعید نورسی، جێگای خۆیەتی. چونکە ئەو کەسێکی زۆر بە وەفا بوو. ماوەی ٣٠ ساڵ زیندانی چۆک پێ دانەداوە، هەروەها ماوەی ١٠ تا ١٥ ساڵ تەنیایی لە شاخەکان و ڕێگە گرتن لەوەی چاوی بە مرۆڤەکان بکەوێت، هیچ کاتێک توشی بێ هیواییان نەکردووە.

قسەیەکی هەیە زۆر کسپەی لە دڵم هەستاند کە خوێندمەوە، جارێکیان لە باسی بابەتێکدا دەڵێت” ئەوە چەندین مانگە لێرەم و تەنانەت یەک کەسم نەدیوە لەوانەی دێنە دارستان، منیش بە تەنیا لەسەر لوتکەی ئەم شاخە ماومەتەوە”. لە قۆناغکی سەختی ژیانمدا ئەم قسەیەی زۆر دڵنەوایی منی دایەوە و وتم” ئەی گیانم بۆت دەربچێت، من دوو کەسیشم لەلا بوو، بەڵام تۆ بە تاقی تەنیا لەوێ بوویت”.

 ئەو پیاوە گەورەیە لە دوای دوو مانگ لەو شاخە دادەبەزێت و چاو بە مرۆڤێک دەکەوێت.ئەم پیاوەش ناوی صدیق سولەیمان دەبێت. نوسەرانی مێژووی ئەم داوایە، نابێت قارەمانێتی ئەو پیاوە لە یاد بکەن. کاتێک قاچی لە قوڕدا چەقیوە و خەریکە دێتە خوارەوە، هاواری لێ دەکات” ئوستادم” و دەچێت بە هانایەوە، پاشان هەریەک لە خولیسی بەی، خوسرەو ئەفەندی، تاهیر موتڵوەکان دێن و زنجیرەیەکی ئاڵتونی بە چواردەوریدا دروست دەکەن. بەڵێ، تەواوی ئەم ڕووداوانە چۆکیان پێ دانەداوە و توشی ڕوخانیان نەکردووە.

بە درێژایی هەموو ژیانی هەر وتی” غەریبم، بێ کەسم، نەتوانام، کۆڵەوار و زەلیلم”، بەڵام هەمیشە سەرێکی بەرز و باڵایەکی نەچەماوەی هەبوو.

هیچ کام لە ئێمە، هێندەی ئوستاد ناتوانێت باسی حەق و حەقیقەت بکات و لە هەوڵ و کۆششی بەرزکردنەوەی کەلیمەی الله بێت. هیچ کام لە ئێمە، لە بابەتی خزمەت بە دین و وڵات، هێندەی ئەو خاوەنی هەوڵ و کۆشش و مەشغوڵیەت نیە. ئەو لە پاڵ ئەنجامدانی خزمەتگەلێک کەوا ئێمە ناتوانین لە ژێر باریدا هەستین، هیچ کاتێک لە زیکر و ویردەکانیدا کەموکورتی پشان نەداوە. لە ژێر سەختترین بارودۆخەکانیشدا، پەیامەکانی نوسیوە، هەڵەچنی بۆ کردوون، پاشان دەستنوسی لەبەر گرتوونەتەوە و بە هەموو لایەکدا بڵاوی کردوونەتەوە،  خوێندکارەکانی خۆی پێگەیاندووە، دەستی لە یەخەی ئەهلی دونیاش بووە و، خەریکی چوونە زیندان و هاتنە دەرەوە بووە، بەڵام هیچ کاتێک لە زیکر و ویردەکانی خۆی نەکەوتووە. بە شایەتی خوێندکارەکانی، شەو هەتا بەیان هەر خەریکی عبودیەتی خۆی بووە و هاوین و زستان ئەم نەریتەی ئەویان نەگۆڕیوە و، هیچ کاتێک وازی لە شەونوێژ و موناجات و ویردەکان نەهێناوە.

بەڵێ، ئەو هەموو ژیانی هەر خەریکی ڕاکە ڕاک بووە، چەشنی ئەوەی کەسێکیش بێت کە تەنیا کاری زیکر و ویردەکان بێت، وەک قارەکانی زیکر و ویردیش ژیاوە. وەک جێکەوتێکی سەردارمان لەم سەردەمەدا مامەڵەی کردووە.

ئوستاد لە پەیامەکانیدا دەڵێت “من خاوەنی تەریقەت نیم”. بەڵام گەر تەریقەت ڕێگایەک بێت، ئەوا پێویستە هیچ کاتێک ئەوە لە بیر نەکەین، کە خودی ئوستادیش بۆ خۆی ڕێگایەکە. چونکە خۆیشی ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێگایەکی هەیە. سەبارەت بە ڕێبازی نەقشیبەندیەکانیش دەڵێت”

دەر تەریقی نەقشیبەندی لازمامەد چاری تەرک، تەرکی دونیا، تەرکی عوقبا، تەرکی هەستی، تەرکی تەرک”.

تەرکی دونیا و ئاخیرەت، واتە خۆ وابەستە کردن بە ڕەزامەندی خوداوە. هەروەها واز لە خودی خۆشت بهێنیت و بیری لێنەکەیتەوە و لە هەمان کاتدا بیر لە تەواوی ئەم شتانەش نەکەیتەوە کە تەرکت کردوون.

پێویستە تێبینی ئەوەی “من فڵان فیداکاریم کرد” لە مێشکی دەربهێنێت و بیری لێنەکاتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا واز لەوەش بهێنێت کە ئەم شتانەشی لە مێشکی دەرهێناوە و فڕیی داون. بەڵام مرۆڤ تەنیا دڵ و ڕۆح نیە و، لاشەشی هەیە. ویلایەتی کامل ئەوەیە، ئەو لاشەیەی کە بە درێژایی تەمەن هاوڕێیەتی ڕۆحی مرۆڤ دەکات، چێژی ئەو ویلایەتە بکات. لە ڕاستیشدا ویلایەتی هاوەڵان بەم شێوەیە بوو. واتە ئەو شتانەی تایبەتمەندن بە لاشەی مرۆڤ، وەک قەرزی وەفایەک بەرامبەریان، لەگەڵ ڕۆحیدا ئەوانیش بباتە جیهانی ئەبەدیەت. ئوستاد بەم جۆرە تێڕوانینە لە بابەتەکە نزیک دەبێتەوە.

ئوستاد کاتێک تێبینیەکانی خۆی لە یەکەم شاکارەکانیدا باس دەکات”محاکمات، لمعات”، دەگێڕێتەوە کەوا یەکێک لە وەلیەکانی سەردەمی خۆی پێی دەڵێت:

وەرە ببە بە ڕابەری تەریقەتێک و ببە ئیمامی ڕەببانی ئەم سەردەمە”.

لە ڕاستیدا من دەستخۆشی لەو زاتە دەکەم، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خاوەنی بەسیرەتێکی گرنگ بووە. واتە ئامادەییەکانی ئوستاد و توانستەکانی بینیوە، بینینی ئەمەش پێویستی بە فیراسەت و دووربینیەکی گەورە هەیە. بەڵام وەڵامی ئوستاد بۆ ئەو وەلیە زۆر سەرنج ڕاکێشە و دەڵێت:

بەڵێ، ئەو دامەزراوانەی تۆ باسیان دەکەیت زۆر موبارەکن، بەڵام من لە ساڵانی داهاتووی بەردەمماندا، مەترسیەکی گەورە دەبینم،  ئیمان دەکەوێتە مەترسیەکی زۆر گەورەوە، پێویستە تەواوی هەوڵ و کۆششمان بۆ ڕاگرتنی ئیمان و کۆششکردن لە پێناویدا خەرج بکەین”.

لە سەردەمێکدا کەوا کوفر و کافرێتی هەموو لایەکی تەنیوە، لە سەردەمێکدا کەوا بێ ئیمانی و ئەتەیزم مرۆڤایەتی کردووە بە دوو کەرتەوە، ئاڕاستەکردنی میلەت لە ڕێگەی حەڵقەکانی زیکر و هەیەجانی ناو خەتمەکانەوە، کاری نەکردە بوو. ئەمە شتێک نەبوو کەوا دژایەتی ئوستاد بەرامبەر تەریقەتەکان دەربخات.

پێویستە ژیانی ڕۆحی ئیسلام، لە ڕوانگەی لێک نزیک بوونەوەی هاوەڵانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ئیمامی ڕەببانی سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت” ئێمە پیشەی هاوەڵان زیندوو دەکەینەوە”. بەڵام زیندووکردنەوەی پیشەی هاوەڵان بە شێوە ڕاستەقینەکەی، لەسەر دەستی ئوستاد سەعید ئەنجام دراوە. هەربۆیە بزاڤێکی نوێکاری لەم شێوەیە، ناکرێت دوور لە ژیانی ڕۆحی، جێگەی باس بێت. هاوەڵانێک کەوا شەوەکانیان چەشنی ڕوهبانەکان، وەک عاشقی عیبادەت دەبردە سەر، ئایا مومکینە بەرامبەر ژیانی ئەنفوسیان داخراو بن؟

ئوستادیش لە مەسنەوی نوریەدا دەڵێت” لە ژیانی ئاژەڵی دەربچۆ، واز لە جسمانیەت بهێنە، بەرەو ژیانی پلەبەندی  دڵ و ڕۆح بەرز ببەوە”.

مرۆڤ پێویستە لەسەر زەوی نەمێنێتەوە و هەوڵ و کۆششی بۆ گەشتن بە مرۆڤی کامڵ پشان بدات و بیخاتە مەیدانەوە. دەتوانین ئەمەش لە پەیامەکاندا ببینین.

“پەیامەکان هەڵچونەکانی منیان خستە ژێر زەبت و ڕەبتەوە”

” فیترەتێکی پڕ هەیەجانم هەبوو. لەو سەردەمەشدا باس لە نوسینی قورئان دەکرا بە پیتی لاتینی. منیش یەکسەر باوەشم بە قەڵەمدا کرد و “منیش وەک هەموو کەسانی خاوەن پیرۆزی،   بەرامبەر ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر دینەکەمان، لە ڕێگەی ئەو نەڕەیەی ناو ناخمەوە کەوا لە هزرمدا خۆی بەدەرخستووە، گەر چەند شتێک بڵێم خۆشحاڵ دەبم”،  بەم جۆرە قسانە دەستم بە نوسینی وتارە ٣ لاپەڕەییەکەم کرد، هاوڕێکانمان و مامۆستا کرکنجی، یەکسەر وتیان با ئەم نوسینە بنێرین بۆ ڕۆژنامەی فەتیح، ئیدی بیرم نایەت کەوا ناردم یاخود نا. بەڵام باوکم ئەم نوسینەی لە دەفتەرەکەی خۆیدا تۆمار کرد و لە هەندێک شوێن خوێندبوویەوە. سامی گۆباڵی پارێزەریش یەکێک بوو لەوانەی نوسینەکەی بە دڵ بوو بوو.

هەرچەندە تەمەنم ١٦ تا ١٧ ساڵ دەبوو، بەڵام ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی دژ بە ئیسلام، منی توشی هەڵچون کردبوو. دەچوومە مزگەوتی کورشونلو و لەگەڵ لەبەرکردنی قافیەکاندا دەهاتم و دەچووم، خەیاڵی ئەوەم دەکرد کە دونیا وەک ئەڵقەیەک لە پەنجەم بکەم و هەڵیسوڕێنم. تەواوی ئەمانە لە ڕۆحی مندا بوونیان هەبوو. بەڵام پەیامەکان تەواوی هەڵچونەکانی منیان خستە ژێر زەبت و ڕەبتەوە. چونکە ئەوە پەیامی سیستەمێکە، ئەوە فێری مرۆڤ دەکات کە چۆن بە شێوەیەکی ماقوڵ هەڵسوکەوت بکات، ئەمە لە کاتێکدا بوو ڕۆحی من هەیەجانێکی گەورەی تێدا بوو”.

“هەڵبژاردنی گشتی- ٢٧ ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧”

لە ساڵی ١٩٥٧، لە سەرتاسەری وڵاتدا هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدرا، پارتی دیموکرات بە ڕێژەی دەنگی ٪٤٨ هاتە سەر دەسەڵات. ئەمە پارتێکی ئیسلامی نەبوو، بەڵام دوای ساڵانێکی دوور و درێژ لە دەسەڵاتی تاکڕەوی پارتێکی سیاسی و، بە هۆی کرانەوەی بەروی ئازادیەکان و کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی خرابوویە سەر کەسانی دیندار، چینی موسوڵمانان پشتگیریەکی بەهێزی پارتی دیموکراتیان کرد.

بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، عەدنان مەندەرەس ٢٣ هەمین کابینەی حکومەتی کۆماری تورکیای، لە ٢٥ ی مانگی تشرینی دووهەمی ١٩٥٧ ڕاگەیاند.

ئوستاد سەعید نورسی هەرچەندە خۆی لە سیاسەت بە دوور دەگرت و لە هیچ کار و چالاکیەکی سیاسیدا بەشداری نەدەکرد، بە مەبەستی بەردەوامی دان بەو کەشوهەوا ئەرێنیەی لە وڵاتدا دروست بوو بوو،  بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا کرد و دەنگی خۆی لە بەرژەوەندی پارتی دیموکرات بەکارهێنا. بەڵام مەندەرەس هەستی بە پەڵەی ڕەشی ئەو هەورانە نەدەکرد، کە وردە وردە ئاسمانی وڵاتیان دەتەنی.

جگە لەوە بەدیعوزەمان نامەیەک لە ژێر ناوی ” چەند پێشنیارێک بۆ برایانی دیموکرات” دەنیرێت و مەندەرەس ئەمەشی بە هەند وەرنەگرت. مەندەرەس وەک ئەوەی بەسیرەتیان بەستبێت، ڕووداوەکانی چواردەوری خۆی بۆ نەدەخوێندرایەوە.

“پەرەسەندنی بارگرژیە سیاسیەکانی وڵات”

بارگرژیەکانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، تا دێت زیاتر پەرەی دەسەند. لەم نێوەندەدا گۆڕانکاری لە نێوان ڕیزەکانی سوپادا ئەنجامدرا. لە بەراوری ٢٢ ی ئابی ١٩٥٨، ڕوشتو ئێلدەرهون کرا بە سوپاسالاری تورکیا، جەمال گورسەلیش کرا بە فەرماندەی هێزە زەمینیەکانی سوپا.

عەدنان مەندەرەس، لە ١٢ تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئەو کاتە، پێکهاتەیەکی بە ناوی سەنگەری نیشتیمان پێکهێنا. ڕادیۆکانی ئەو سەردەمەش بەردەوام ناوی ئەو کەسانەیان بڵاو دەکردەوە کە پەیوەندیان بە بەرەی سەنگەری نیشتیمانەوە دەکرد. پاشان لە بەرواری ٢٧ ی ئایاری ١٩٥٩ دا، سوپا بە تۆمەتی ئەوەی بەرەی سەنگەری نیشیمان هاوڵاتیانی بەرەو دووبەرەکی هان دەدەن، کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا.

“نیشتەجێبوونی خێزانی مامۆستا لە ئێرزروم- ١٩٥٨”

دوای وەفاتی ئیمامی ئاڵڤاری، باوکی مامۆستا لە گوندی ئاڵڤاری ڕۆشت و لە گوندێک بە ناوی ئۆرتوزو، وەک نوێژخوێنی گوندەکە دەستبەکاربوو. لە نێوەندەدا کوڕەکانی ڕامیز ئەفەندی، وردە وردە بەرەو ئێرزروم هەنگاویان هەڵدەگرت و خودی مامۆستاش هەر لەوێ دەمایەوە.

مامۆستا ڕامیز حەزی بەوە دەکرد کە هەریەک لە کوڕەکانی پیشەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە. خێزانەکەیان لە ساڵی ١٩٥٨ بەرەو ئێرزروم گواستیانەوە. ئەگەرچی مامۆستا ڕامیز هەر لە گوندی ئۆرتوزو ئیمامەتی خۆی ئەنجام دەدا و، جگە لە مامۆستا، هەر ٥ کوڕی خێزانەکە، لە چاپخانەیەکدا دەستیان بە کارکردن کرد.

چاپخانەکەی کە تا ڕادەیەکی زۆر سەرەتایی بوو، لە ڕێگەی پایدەرلێدانی قاچی مرۆڤەکانەوە کاری دەکرد و، شتانێکی وەک کارتڤیسیت و وەسڵی لە چاپ دەدا.

مامۆستاش سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت” باوکم دەیویست هەریەک لە کوڕەکانی فیری سەنعەتێک ببن. براکانم دەستیان بە کاری چاپخانە کرد، هیچیان دەوڵەمەند نەبوون. هەموویان ژیانێکی ئاساییان هەیە”.

لە کاتێکدا دایک و باوکی مامۆستا لە گوندی ئۆرتوزون بوون، سەید ئەحمەدی باپیری مامۆستا نەخۆش دەکەوێت و پاشان وەفات دەکات.

مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٩ شاری ئێرزروم بەجێدەهێڵێت و گەشتە دوور و درێژەکەی خزمەتی دەست پێدەکات. یەکەم وێستگەی ئەم گەشتە پیرۆزەش ئێدیرنە بوو.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لەو کاتەی بڕیاری ئەوەی دا کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ئێرزروم دوور بکەوێتەوە، تەمەنی ناو ناسنامەکەی ١٧ ساڵ بوو. مامۆستا لە نێوان خوێندکارەکانی مامۆستا عوسمان بێکتاشدا زۆر زیرەک و چالاک بوو.  مامۆستا بێکتاشیش زیاد لە هەموویان بایەخ و گرنگی بە مامۆستا دەدا. خوێندکارەکانی مامۆستا بێکتاش، هەرکاتێک شتێکیان نەدەزانی، پرسیاریان دەکرد و ئەویش لە وەڵامدا دەیوت:” بڕۆن ئەم پرسیارە لە فەتحوڵڵا بکەن، با ئەو تێتان بگەیەنێت”. بەم شێوەیە مامۆستا زیاد لە هەموو کاتێک لە دڵی خوێندکارەکاندا خۆشەویست بوو. بەڵام هەندێک لە خوێندکارەکانی ناو حوجرەکە، بە هۆی ئەم خۆشەویستیە زۆرەی چواردەورەکەیەوە، ناحەزی و حەسودیان بەرامبەری دەست پێکرد. بەم هۆیەوە لە نێوانیاندا ناکۆکیەک دروست بوو. مامۆستاش بڕیاری ئەوەیدا کە درێژە بە گەشتەکەی بدات.

ئەم حەسودیە شتێکە کەوا هەردەم یەخەی کەسانێکی دۆستی خودای وەک ئوستاد سەعیدی نورسی و مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنی گرتووە. هەمیشە کەسانێک وتوویانە “لەبەرچی ئێمە نا ئەو…” ئەوەی ئەمڕۆش ڕوو دەدات هەر بریتە لە سەرئەنجامی ئەو حەسودیە.

“هەندێک لەوان ئەو شتانەی دەیزانن، بە هۆی حەسودی خۆیانەوە دەیشارنەوە” (البقرة- ١٤٦).

مامۆستا ڕامیز، هەمیشە بە مامۆستای دەوت کە پێویستە لەبەر داهاتووی بڕواتە دەرەوەی ئێرزروم و دایکیشی هەمیشە لە دژی ئەمە دەوەستایەوە.

مامۆستاش ڕۆژێکیان بە دایکی دەڵێت: دایکە گیان، منیش چەشنی ئەولیا چەلەبی، هەر ڕۆژێک بێت ئەم ئێرزرومە جێدەهێڵم و دەست بە گەشتێکی درێژ دەکەم.

دایکیشی ترس دایدەگرێت و دەپرسێت: کوڕم بە حاڵەی ئیستاتەوە بۆ کوێ دەڕۆیت و لە کوێ دەمێنیتەوە؟

مامۆستاش لە وەڵامدا دەڵێت:

من نیەتی ئەوەم هەیە کەوا بۆ وڵاتانی عەرەبی بڕۆم، وەک شام و بەغداد و سعودیە، دەمەوێت عەرەبەیەکی باشتر فێر ببم و زانستەکانی قورئان زیاتر فێر ببم.

بەڵام قەدەر ئەوی ئاڕاستەی شوێنێکی تر کرد.

حوسەین تۆپ ئەفەندش بەم شێوەی باسی ئەم ڕووداوە دەکات:

کاتێک مامۆستا بڕیاری ئەوەیدا لە ئێرزروم بچێتە دەرەوە، دایکی بەڕێزیان – کە دەکاتە پوری خۆم-  پێی دەڵێت:

کوڕم بە حاڵەی ئێستاتەوە بۆ کوێ دەچیت. نە ڕێگایەکت هەیە و نە ئێمەش حاڵمان باشە هەتا پارەت بۆ بنێرین. تۆ وا دیارە لێرە بێزار بوویت، وەرە بچۆ بۆ ئێدیرنە، لەوێ کوڕی خاڵتی لێیە، لەوێ پێکەوە مانگی ڕەمەزان ببەنە سەر.  با لێرە بارودۆخەکە هێور ببێتەوە، ئینجا وەرەوە بۆ ئێرە. مامۆستاش بە قسەی دایکی دەکات و دەڵێت: باشە دەچمە لای ماڵی خاڵم و پاشان دەگەڕێمەوە.

پاش ئەوەی ڕەزامەندی لە دایکی وەردەگرێت، بەرەو ئێدیرنە دەکەوێتە ڕێ. لە ڕاستیشدا لە ڕێگەی خەوی مامۆستا حاتەمەوە، ئوستاد سەعید نورسی لە پێش گەشتەکەی مامۆستا، مژدەی ئەم هیجرەتە بە مامۆستا دەدات و قاپێک گوێزی بە دیاری بۆ دەنێرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *