کتێبێکی نوێی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن  بڵاو کرایەوە

 

کتبێکی نوێی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، کە لە کۆکراوەی وتارەکانی پێش ساڵی ١٩٨٠ پێکهاتووە، لە ژێر ناوی “زەکات : پێکهاتەی سەرەکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی” بڵاوکرایەوە.

ئەم کتێبە کەوا یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی سورەییا، وەک سێهەم بابەتی زنجیرە کتێبەکانی عیبادەت کەوتە بەر دیدەی خوێنەرانی. ئەم کتێبە پێکهاتووە لە وتارەکانی مامۆستا کەوا لە ڕێکەوتی ٢٤ ی تشرینی دووهەمی ١٩٧٨- ١٦ ی شوباتی ١٩٧٩ پێشکەشی کردووە، لەگەڵ چەند باسێکی تری هەمان بابەت کەوا لە ڕێکەوتە جیاوازەکاندا پێشکەشی کردووە.

 

زەکات وەک عیبادەتێکی سەرەکی

وەک لای هەموو کەسێک ئاشکرایە، زەکات یەکێکە لە سەرەکیترین عیبادەتەکانی ئیسلام.  لە قورئانی کەریمدا هەرکاتێک باسی نوێژ دەکات، یەکسەر دوا بە دوای ئەو باسی زەکاتیش دەکات.

لە زۆر ئایەتدا، زەکاتدان وەک تایبەتمەندیەکانی ئیمانداری خاوەن تەقوا و ئیحسان ئاماژەی پێکراوە.

هەروەها پێغەمبەری سەرداریشمان، زەکاتی وەک یەکێک لە ٥ مەرجەکەی ئیسلام بژاردووە. وەک لە ڕیوایەتێکدا کەوا لە ئیبن عومەرە دەگێڕدرێتەوە” ئیسلام لەسەر ٥ بنەما دامەزراوە، شایەتیدان لەسەر ئەوەی جگە لە الله پێغەمبەرێکی تر بوونی نیە و حەزرەتی محمدیش ڕەوانەکراوی ئەوە. نوێژکردن، زەکاتدان، ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان، ڕۆشتن بۆ حەج”. هەروەها لە حەدیسێکی تردا زەکاتی لە ڕیزی ئەو کردارانە بژاردووە کەوا مرۆڤ بەرەو بەهەشت دەبات.

مامۆستا، سەبارەت بە زەکات کەوا لە حەدیسەکاندا بە پردی ئیسلام ناوی براوە، هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کەوا بە نیسبەت کەسی بەخشەر و وەرگریشەوە سوودی زۆری هەیە. بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا،  زەکات ئەرکی تیمارکردنی زۆر برینی ناو فیترەتی مرۆڤی لە ئەستۆ گرتووە. کاتێک مرۆڤ لە سایەی زەکاتەوە فێری بەخشندەیی دەبێت، نەفسیشی لە ڕەزیلی و هیوای دوور و درێژ بە دونیا و دیلێتی ماددە ڕزگار دەبێت.

لەم ڕوانگەیەوە مامۆستا، زۆر لەسەرو واتای ئابوری زەکاتەوە، واتاگەلێکی تری لەسەر بارکردووە.

مامۆستا کەوا زەکات وەک یەکێک لە توخمەکانی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست ئەژمار دەکات، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە زەکات دەبێتە هۆی ئەوەی لە نێو کۆمەڵگادا هاریکاری یەکتری و یەکێتی و هەستی دادپەروەری ڕەگ دابکوتێت.

زەکات لە کۆمەڵگایەکدا کەوا ڕۆحی یەکێتی و هاریکاری یەکتری بەدەستهێناوە

لایەنێکی تری کەوا بە درێژایی کتێبەکە بەرچاو دەکەوێت، بریتیە لەوەی زیاتر لە باسی کۆمەڵگایەک کەوا لە ڕووی ئابوریەوە ئاسودەیی بەدەستهێناوە، ئاماژەدان بە پێویستی فەراهەمکردنی ڕۆحی یەکێتی و هاریکاری لە بونیادنانی کۆمەڵگادا، پێشدەخات.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ڕێکخراوە خێرخوازیەکان کەوا ئاسوودەکردنی ژیانی مرۆڤەکانیان بە ئامانج گرتووە، ئاینی ئیسلام لە ڕێگەی زەکات و چەندین سیستەمی تری یارمەتیەوە، بونیادنانی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی خاوەن فەزیڵەتی بە ئامانج گرتووە. مۆدێلی مرۆڤ و  کۆمەڵگایەک کەوا مرۆڤەکانی ناوی هەست بە خۆشحاڵی و ئازارەکانی یەکتری دەکەن، لە بەرامبەر یەکتریدا هەستی ڕێز و نەرمونیانی گۆش بکەن، هەستەکانی ڕق و کینە بەری پێگیرابێت. هەربۆیە دامەزراوی زەکات لە ئیسلامدا، وەک جێگرەوەیەکی تێڕوانینی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمانە، کە بە ڕادەی توانای خەرجکردنی دڵخۆشی بەدەستدەهێنن.

هەروەها یەکێکی تر لەو تایبەتمەندیانەی کەوا مامۆستا لە بابەتی زەکاتدا سەرنجی بۆ ڕادەکێشێت، بریتیە لەو ڕۆڵەی زەکات کەوا لە فەراهەمکردنی بەختەوەری مرۆڤەکان لە ژیانی دونیا و ئاخیرەتدا دەیگێڕێت. مرۆڤ وەک چۆن لە ڕێگەی نوێژەوە بە پلەکانی ژیانی دڵ و ڕۆحدا بەرز دەبێتەوە و چەشنی ئەوەی لێدێت کەوا میعراجێک ئەنجام بدات، لە ڕێگەی زەکاتیشەوە بە ڕووی مەعنەویەتدا دەکرێتەوە، ئەبەدیەت دەست سەروەت و سامانەکەی دەخات کەوا لە لە جیهانێکی فانیدا بوونەوەرێکی ماددیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگات بە حەزی مەعنەویەت و ئەبەدیەت.

مامۆستا لەم کتێبەدا دوای ئەوەی لە ژێر چەند سەرگوتارێکدا باسی ڕۆڵی زەکات دەکات لە نیو ژیانی تاک و کۆمەڵگادا، دەچێتە سەر باسی لایەنە فیقهیەکانی ئەم بابەتە.

گەر بە کورتی باسی ئەم بابەتە بکەین: نوسەری بەڕێز لەم کتێبەیدا کەوا لە ژێر ناوی ” زەکات: پێکهاتەی سەرەکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی” بڵاوی کردۆتەوە، لە پێشەکیەک و ٥ بەش پێکهاتووە. لە بەشی پێشەکیدا دەچێتە سەر باسی بابەتگەلێکی وەک “تێڕوانینی کەسی ئیماندار بۆ دونیا” و ” هاوسەنگی نێوان ڕەنج- سەرمایە” و لە بەشی یەکەمیشدا باسی ئاکاری بەخشین دەکات. لە بەشی دووهەمدا “زەکات وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی”، لە بەشی سێهەمدا ” ئەو سوودانەی لەگەڵ بەخشینی زەکاتدا دێن”، لە بەشی چوارەمدا ” مەرجەکانی فەرز بوونی زەکات و ئەو بڕەی کەوا پێویستە ببەخشرێت”، لە بەشی پێنجهەمیشدا باسی چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەم دامەزراوەیە کراوە.

ئەم کتێبە کەوا لە ئێستادا لە کتیبخانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا هەیە، لە هەمان کاتدا لە بازاڕە دیجیتاڵیەکاندا، وەک کتێبی ئەلەکترۆنی بەردەست دەکەوێت…

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *