کوڕی زەمانە(ابن الوقت)

پرسیار: بابەتی ئەوەی نەوەکانی ئەمڕۆ سوود لە ڕابردوویەکی دەوڵەمەند ببینن و پلان و پڕۆژە بۆ داهاتوو ئامادە بکەن، هەروەها لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی ڕۆژگاری خۆیاندا هەنگاو هەڵبگرن، واتە بۆ ئەوەی ببنە کوڕی زەمانەی(ابن الوقت) خۆیشیان، پێویستە سەرنج لە کام خاڵانە بدەن و ئەرکەکانی سەرشانیان چیە؟

وەڵام: “ابن الوقت” یەکێکە لەو دەستەواژانەی کەوا سۆفیەکان بەکاریدەهێنن و، لە وشەداندا بە واتای “کوڕی زەمانە” دێت. لە زاراوەی سۆفیەکاندا، بەو واتای ئەوە دێت: کەسێک لە پاڵ ئەوەی بە چاکی لە قورئان و سونەت تێگەشتووە لە هەمان کاتدا بە چاکی پەی بە سەردەمی خۆی بردووە، یاسا و ڕێساکانی بوون و گەردونی بە چاکی خوێندۆتەوە، هەلاجی شت و ڕووداوەکانی کردووە؛ ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەم جۆرە مرۆڤانە بەکاردێت. بە دەربڕینێکی تر، “ابن الوقت” ئەو کەسەیە بە شێوەیەکی فرەڕەهەندیانە سەیری شت و ڕووداوەکان دەکات، کەسێکە کەوا زۆر بە چاکی پەی بە پەیوەندی نێوان بوون و الله بردووە.

کەسێک کەوا لە پاڵ فەرمانەکانی شەرعدا فەرمانەی ناو بون و گەردوون بە چاکی نازانێت، هەروەها بێ ئاگایە لەو ڕووداو و پێشهاتانەی کەوا لە سەردەمەکەی خۆیشیدا ڕوودەدات، مومکین نیە کەوا بە گوێرەی هەلومەرجی سەردەمەکەی خۆی لە قورئان تێبگات و ڕاڤەی بکات. کەسێک کەوا بە چاکی لە سەردەمی خۆیی و ڕووداوەکانی ناوی تێدەگات، ئەو سوچانەی کەوا قورئان بە کراوەیی جێیهێشتووە، واتە ئەو بەریانانەی کەوا بە ڕووی ئیجتیهاد و هەڵگۆزیندا بە کراوەیی هێشتوویەتیەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیدا ڕاڤەیان بۆ بکات. لە ڕاستیشدا یەکێک لەو ئەرکە گرنگانەی لەسەرشانی ئەو کەسانەیە کەوا دەشێت بە “ابن الوقت” ناو ببردرێن، هەر ئەمەیە.

گەر کەمێک زیاتر ئەم بابەتە بکەینەوە، یەکەم واتا کەوا لەم دەستەواژەیەوە دەردەهێنرێت، بریتیە لەوەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا شارەزای زانست و تەکنەلۆژیا بێت. واتە ئەزمونی هەریەک لە کایەکانی فیزیا، کیمیا، بایەلۆژی، فەلەکناسی، ماتماتیک و تەواوی زانستە ئەرێنیەکانی ئەم سەردەمە بەدەستبهێنێت. پێویستە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەوان و کەلامی ئیلاهی بدۆزێتەوە، بە تایبەت ئەو ئایەتانەی بەسەر حەقیقەتە زانستیەکاندا دەڕوانێت، لە ڕێگەی ئیمکانی زانستە مۆدێرنەکانەوە ڕاڤە بکات.

واتای دووهەمی ئەم دەستەواژەیە بریتیە لەوەی مرۆڤ ئاگای لە کەلتور و شارستانیەتەکانی سەردەمەکەی خۆی بێت، بتوانێت ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکان بە دروستی بخوێنێتەوە، ئایدۆلۆژیا و تەوژمە جیاوازەکان لە نزیکەوە بناسێت، سەبارەت بە فکر و وێنا تازەکان خاوەنی زانیاری بێت.

هەربۆیە پێویستە موسوڵمانانی ئەم سەردەمە، لە کایەی زانستە ئەرێنیەکاندا بێت یاخود لە کایەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان، بە شێوەیەکی ڕەها توێشووی سەردەمەکەی خۆیان بەدەستبهێنن و ئەو شوێنە بگرن بۆ خۆیان کەوا پێویستی دەکات. بە پێچەوانەوە کەسانێکی تر ئەوان دەگرن و زنجیرێک دەکەنە قاچیان و تەوقێک لە ملیان دەنێن. بەم هۆیەشەوە ناچار دەبن بەوەی لە ژێر ڕکێفی کەسانی تردا بژین. لەم ڕوانگەیەشەوە زۆر ناچارین بەوەی زانست و تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمە لە ڕوانگەی مەفکورەی خۆمانەوە بە شێوەیەکی سوودبەخش بەکارببەین. بێگومان ئەمەش ئامانجێک نیە کەوا هەر سەرپێی ئەنجام بدرێت. بەڵام گەر دونیای ئەمڕۆمان بە باشی بخوێنینەوە، چەند تێڕوانینێکی دروست بدۆزینەوە، لە ئێستاوە کەسانێکی شارەزا لە کایە جیاوازەکاندا پێبگەیەنین و تاقیگەیان بۆ دابمەزرێنین، لە دوای ٥٠ ساڵی تر، لە شوێنێکی تردا دەبین.

**

تیرۆر و کارە توندوتیژەکان

ئەو کەسانەی کەوا ناتوانن بە دروستی سەردەمی خۆیان بخوێننەوە، مومکین نیە کەوا کێشەکانی سەردەم چارەسەر بکەن. بە پێچەوانەوە ئەو جۆرە کەسانە هەر دەستپێشخەرییەک بە ناوی چارەسەرەوە دەخەنە ڕوو، ناهاوسەنگی و کێشەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە. لەوە دەچێت  لە کاتێکدا کەوا گومانی ئەوە دەبات خزمەتی ئیسلام دەکات، گەورەترین زیانی پێدەگەیەنێت. بابەتی ئەوەی مرۆڤ لە پێناو دینەکەی، نیشتیمانەکەی، وڵاتەکەی، نەوەکانی، داهاتووی خەبات بکات، یەکێکە لە بنەماکان. تەنانەت ئەو کاتەی دوژمن لە دەرگای وڵاتەکەی دەدەن، گەر لە پێناو ئەم بەها پیرۆزانە پێویستی بە بەختکردنی ماڵ و گیانی کرد، درێغی ناکات. بەڵام لە سەردەمێکدا کەوا چەکی زۆر بەهێز و وێرانکەر دروست دەکرێت، گەر ئێوە هەستن و بە ناوی حەقەوە، لەسەر شتی سەرپێی یەخە بەم و بەو بگرن، کەسانی تریش لە دژی خۆتان ببزوێنن و سنورەکان ببەزێنن، ئەمە وەک ئەوە وەهایە واژۆتان لەسەر فەرمانی لە سێدارەدانی خۆتان کردبێت.

ئەو کەسانەی کەوا لە کاری تیرۆرستی و توندوتیژیدا دەستپێشخەری دەکەن، ئەوانەی بۆمب لە خۆیان دەبەستن و بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان منداڵ و پیردا بکەن دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤە بێ گوناحەکانەوە، ئەوانەی پەلاماری پەرستگای دینەکانی تر دەدەن و بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزی کەسەکانی تر ئەنجام دەدەن، ناتوانرێت ئەوە بوترێت کەوا ئەم جۆرە کەسانە پەیوەندییەکیان لەگەڵ بەهاکانی ئیسلامدا هەیە. ئەم جۆرە کارانە سەر تا بە خوار دژی ڕۆحی ئیسلامە و، بە واتای تەور وەشاندن لە بەها دیموکراسی و مرۆییەکان دێت کەوا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هاتوونەتە پێشەوە. گەر یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم جۆرە چالاکیانە بریتی بێت لەوەی تێگەشتنی دروستیان بۆ ئیسلام نیە، هۆکارێکی تری ئەوەیە کەوا ناتوانن بە شێوەیەکی فرە ڕەهەندیانە لە پێشهاتەکانی دونیای ئەمڕۆ بڕوانن.

بەڵێ، ئەم جۆرە کارە تیرۆرستی و توندوتیژیانە نە لە قورئان نە لە سونەتدا جێگەیان نابێتەوە. ئەوانە دەچنە نێو ئەم کارە ناهاوسەنگانەوە، گەر خوێندنگەکانیش تەواو بکەن و بانگەشەی ئەوە بکەن کەوا بە ناوی داوایەکەوە ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، دیسان بە واتای ئەوە دێت کەوا بە شێوەیەکی بێ ئاگا لە ئیسلام دەژین. ئەم کارانەیان هەم پێچەوانەی ڕێگەی پێغەمبەری خودایە، هەم پێچەوانەی ڕێگەی نوێنەرە ڕاستگۆکانی ئەوە کە جێنشینە پێگەشتووەکانی ئەون. تەنانەت لە سەردەمی هەریەک لە حەجاج، یەزید و سەفاح کەوا زوڵمگەلێکی بێشومار ئەنجامدراوە، ڕێگە بە توندوتیژیگەلێک نەدراوە کەوا تێیدا جیاوازی لە نێوان ژن و منداڵ نەکرێت و ڕەچاوی هیچ یاسایەک نەکرێت.

بە هەمان شێووە، ئایا لە ماوەی ٦٠٠ ساڵ حوکمڕانی عوسمانیەکاندا، ڕێگە بە سوتاندنی کڵێسەیەک دراوە؟ ئەوان چی کاتێک حەوراکانیان تەختی زەوی کردووە؟ چی کاتێک هێرشیان کردۆتە سەر ئەو بەهایانەی کەوا پەیڕەوکەرانی دینەکانی تر بە پیرۆزیان لە قەڵەم داون؟ فاتیح سوڵتان محمد وێڕای ئەوەی هێز و دەسەڵاتی لە دەستدا بوو، دەگێڕنەوە کەوا کڵێسەی ئایاسۆفیای بە پارەی گەنجینەکەی خۆی کڕیوە و، دواتر بۆ مزگەوتی گۆڕیوە. دواتر هەندێک لەو کڵێشانەی کەوا کەسیان تێدا نەماوە، بۆ مزگەوتی گۆڕیون. بەڵام ئەوەمان نەبیستووە کەوا کڵێسەیەک بڕوخێندرێت و بسوتێنرێت. بابەتی ئەوەی زۆر کڵێسەی ئەو سەردەمە هەتا ئێستا ماوە، سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە.

**

ڕێزگرتن بەرامبەر پیرۆزیەکانی کەسانی تر

ئەم ڕووداوە کەوا  لە کاتی فەتحی قودس لە نێوان حەزرەتی عومەر و پیاوانی کڵێسە ڕوویدا، قسەیەک لە بابەتی پیویستی ڕێزگرتن لە پەرستگای دینەکانی تر ناهێڵێتەوە:

کاتێک پیاوانی کڵێسە ئەوەیان ڕاگەیاند کەوا جگە لە خەلیفەی موسوڵمانان کلیلی قودس ڕادەستی کەسی تر ناکەن، حەزرەتی عومەریش لەگەڵ خزمەتکارەکەی لە مەدینەوە بەرەو قودس دەکەونە ڕێ. بە فکری ئەوەی گەر دوو وڵاخ لەگەڵ خۆیاندا ببەن ئیسراف دەبێت، تەنیا یەک وڵاخ دەبەنە و بەسەرە سواری دەبن. لەو کاتەدا کەوا لە مزگەوتی ئەقسا نزیک دەبنەوە، سەرەی خزمەتکارەکە دێت کەوا سواری وڵاخەکە ببێت. بە هۆی دوور و درێژی ڕێگاکەوە، جلەکانی حەزرەتی عومەر دڕاوە و پینەی پێوەیە. کاتێک پیاوەکانی کڵێسە بەم حاڵەوە دەیبینن، هەموویان پێکەوە دەڵێن” ئەمە ئەو پیاوەیە کەوا لە کتێبەکانی ئێمەدا باسی لێوەکراوە”؛ بەم شێوەیە کلیلەکان ڕادەستی ئەو دەکەن. کاتێک کاتی نوێژ دێت، پاتریکی ئەو کاتە بە حەزرەتی عومەر دەڵێت کەوا دەتوانێت لە نێو کڵێسەکەیاندا نوێژەکەی ئەنجام بدات. بەڵام حەزرەتی عومەر لە وەڵامدا دەفەرموێت” گەر من لێرەدا نوێژ بکەم، موسوڵمانەکانی دوای من دێن و دەڵێن خەلیفە لیرە نوێژی کردووە، کەواتە ئێرە دەیکەینە مزگەوت. ئیدی ئێوە ناتوانن لێرە پەرستشەکانتان ئەنجام بدەن”؛ بەم هۆیەوە تەکلیفی پاتریکی ئەو کاتە ڕەت دەکاتەوە، لە دەرەوە لە دووری ڕمێک نوێژەکەی ئەنجام دەدات.

ئەمە چی تێڕوانینێکە! وێڕای ئەوەی ١٤٠٠ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێپەریوە، ئایا دەتوانین بڵێین مرۆڤەکانی ئەمڕۆ خاوەنی هەمان ئاسۆی ئەون؟ هەربۆیە ئەوەی بە قوڵێتی ڕاستەقینەی خۆیەوە لە موسوڵمانێتی تێگەشتبوون، ئەوانەی بە دروستی دونیا و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان و گۆڕانکاریەکانیان بە دروستی دەخوێندەوە، هەر ئەوان بوون. لەم سۆنگەیەشەوە بوو کەوا حزورێکی ڕاستەقیەناین پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد.

بەڵێ، هەرکەسێک بە هەر پاساوێک پەنا بۆ کاری تیرۆرستی و توندوتیژی ببات، لە نێو هەڵەیەکی گەورەدایە. نە نیەتی گروپە تیرۆرستیەکان، نە بانگەشەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، نە بیرکردنەوەگەلێکی وەک ئەوەی مافە زەوتکراوەکانیان بەدەستبهێننەوە، نە نیەتی سزادانی ئەو ناحەقیانەی بەرامبەریان ئەنجامدراوە، تیرۆر و توندوتیژی ناکاتە کارێکی ڕەوا. خەباتێک لە پێناو سەربەخۆیی کەوا لە ڕێگەی ناشەرعییەوە ئەنجام دەدرێت، بە واتای ژێرپێخستنی سەربەخۆیی دێت. ئەو کارا ناقۆڵایانەی بە ناوی بەرزڕاگرتنی حەقەوە ئەنجام دەدرێت، گومانی تێدا نیە لەوەی خودی خۆیان ژێر پێخستنی حەقن. پیویستە ئەوەش لەبیرنەکرێت تەواوی ئەم کارانەی کەوا لە دژی ئیسلام و مرۆڤایەتی و بەها گەردونیەکانن، جگە لەوەی نانی کەسانێک دەخاتە نێو ڕۆنەوە کەوا خۆیان وابەستەی دوژمنایەتی کردووە، شتێکی تر نیە. مامەڵەی ناهاوسەنگانە و دەراسا، کاری ئەوان ئاسان دەکات، بەردەمی داگیرکاری و دەستێوەردانەکان دەکاتەوە.

**

گێژاوی دڕندەیی و توندوتیژی

لەلایەکی ترەوە، ڕووخاندن و سوتاندنی چەند شوێنێک، دەست چوونە خوێنی مرۆڤە بێ گوناحەکان، ژێراوژورکردنی سیستەمی کۆمەڵگا، بابەتی ئەوەی ئەم کارانە هەستی نەفرەت و تۆڵە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێدەهێڵن، نادیدە نەگیردرێت. ئەو ئەرکەی لەسەرشانی موسوڵمانەکانی ئەمڕۆیە، هەڵگیرساندنی فتیلەی ئاگری شەڕ و جەنگی نوێ نیە، بەڵکو بریتیە لەوەی ئەو نەفرەت و کینەیەی هەیە لە گۆڕ بنێژرێت و، بۆ ئەوەی جارێکی تریش نەیەتە دەرەوە، بەردی زلی بخرێتە سەر. بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە چواردەوری خۆشەویستی کۆبکرێتەوە، کەشوهەوایەکی گشتی ئاشتی و ئاشتەوایی فەراهەم ببێت. جگە لەمەی ئاماژەمان پێدا ڕێگە چارەسەرێکی تری نیە.  ئەو موسوڵمانانەی کەوا لە ڕێگەی ڕادیکالیزم و توندوتیژییەوە دەیانەوێت چارەسەری کێشەکان بکەن، بە داخەوە وەک ئەوەی نەیانتوانیوە لە ئیسلامی ڕاستەقینە تێبگەن، لە هەمان کاتدا بە دروستی سەردەمەکەی خۆیشیان نەخوێندۆتەوە. ئەو کارە سوک و قێزەونانەی ئەنجامی دەدەن، زۆر ئیماژێکی ناشرینی بۆ موسوڵمانێتی دروست کردووە. ئەو دوژمنایەتیەی بەرامبەر ئیسلام هەیە گەورەتری دەکات، ئەو پارانۆیەی سەبارەت بە موسوڵمانان هەیە گەورەتری دەکات، ئەو وێنا نەرێنیانەی بەرامبەر دونیای ئیسلام هەیە، بەهێزتری دەکات. دڕندەیی دڕندەیی لێدەکەوێتەوە، توندوتیژی هۆکاری توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

هەر بزاڤێک کەوا لەگەڵ لۆجیکی قورئان و فەلسەفەی سیرەدا یەک نەیەتەوە، پێویستە باش ئەوە بزانرێت کەوا لە زیانی خۆمان دەکەوێتەوە. گەر بمانەوێت ئیبنی وەقت یان کوڕی زەمانەی خۆمان بین، پیویستە زۆر هاوسەنگ و بە سەبر و حیلمەوە ڕەفتار بکەین. پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین، نەک ئەوەی نابێت لە ڕێگەی هەندێک جوڵەی ناهاوسەنگانەوە هەندێک ببینە هۆکاری هەندێک کێشەی نوێ، بەڵکو نۆژەنکردنەوەی ئەو دڕاوی و کەلێنانەی لەلایەن هەندێکی جاهیلی چاو ئەبڵەقەوە ئەنجامدراوە، هەر لەسەرشانی ئێمەیە. ڕوو لە هەر شوێنێک دەکەن و بە هەرکەسێک دەگەن، پێویستە ئەوەی بۆ باس بکەن کەوا موسوڵمانێتی دینی توندوتیژی نیە و، بە هیچ شێوەیەک ڕەواج بە تیرۆر نادات.      

 

 

 

 

ئەم نوسینە لە وتارێکی بڵاوکراوە لە ڕێکەوتی ٢٦ تشرینی دووهەمی ٢٠١٠ ئامادە کراوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *