کۆمەڵەی نزاکان، ئەحمەد کوروجان

هاوینی ساڵی ١٩٨٦ بوو. لە بەشی ناوخۆیی ئامادەیی یەمانلەری شاری ئیزمیر دەماینەوە، کەوا لە ئێستادا تەنیا لە یادەوەریەکانماندا بوونی ماوە. مامۆستا فەتحوڵا گولەن ١٥ ڕۆژ پشووی بە هەموومان دابوو. وتی “بڕۆنەوە بۆ شارەکانتان و سەردانی خێزانەکانتان بکەن”. لە ڕاسیتدا پێویستمان بە پشوویەکی لەو شێوەیەش هەبوو. چونکە ماوەی ٩ مانگ بوو بێ هیچ وچانێک خەریکی خوێندن و سەعی کردن لە وانەکانماندا بووین. هەموو ڕۆژێکی هەفتە، لایەنی کەم ٧-٨ کاتژمێر خەریکی خوێندنی وانەکانی تەفسیر و فیقه و حەدیس دەبووین. ئەمە جگە لەو ئامادەکارییانەش کەوا بۆ ئەو سێ وانەیە دەمانکرد. ئینجا با ئامادەکردنی خواردن و شۆردنی قاپوقاچاخ و جلوبەرگیش لەولاوە بوەستێت کە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی ناو ژیانی مرۆڤن. هەر بە ڕاستی زۆر ماندوو بوو بووین.

 

منیش سەردانی خێزانەکەمانم کرد کەوا لە ناوچەی تاوشانلی دەژیان. خێزانەکەی ئێمە لە سەردەمی منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، هەموو هاوینێک سەردانی گەڕاوەکەی ناوچەی دەرەلییان دەکرد. یان ئەوەتا ژوورێکمان لەو ناوچەیە بە کرێ دەگرت، یان چادرێکمان هەڵدەدا و ماوەی مانگێکمان لەو ناوچەیە بەسەر دەبرد. دیسان هەمان شتمان کردەوە.

ڕۆژێکیان دەمەو عەسران بوو، بەڕێوەبەری ناوچەکە بانگی منی کرد. پێیان وتم لە تاوشانلیەوە تەلەفۆن داوای من دەکات. کاک باربارۆس لە ئیزمیرەوە، تەلەفۆنی بۆ کەسێکی خەڵکی تاوشانلی کردبوو. پێی گوتبوون کەوا نەیتوانیوە پەیوەندیم پێوە بکات و داوای ئەوەی لێکردبووم تەلەفۆنێکی بۆ بکەمەوە. منیش لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەم لەگەڵدا کرد. مامۆستا داوای ئەوەی لێ کردبووم  کەوا لە زووترین کاتدا بۆ ئیزمیر بگەڕێمەوە. منیش پشووەکەم لە ناوەڕاستدا پچڕاند و بەرەو ئیزمیر گەڕامەوە.

کاتێک گەشتمەوە ئەوێ، جگە لە دووان سیانێک کەسم لە قاتی پێنجهەم بەدی نەکرد. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، دوای ئەوەی لە سەرەتاکانی ١٩٨٦ فەرمانی دەستگیرکردنی مامۆستا لە بوردور هەڵوەشێنرایەوە و دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئیزمیریش بڕیاری بێتاوانی مامۆستای دەرکردبوو، ترافیکی سەردانی هاوڵاتیان بۆ لای مامۆستا ڕووی لە زیادبوون کردبوو، لە هەر چواردەوری تورکیاشەوە خەڵک ڕوویان تێ دەکرد. تمەز مامۆستا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژێک هەموو کارەکانی خۆی ڕاوەستاندبوو، بڕیاری ئەوەشی دابوو لەگەڵ مندا کار لەسەر پڕۆژەیەک بکات.

مامۆستا نیازی ئەوەی هەبوو چاپی دووەمی کتێبی کۆکراوەی نزاکان بڵاو بکاتەوە کە خۆی لە حەدیسە سەحیحەکان دەریهێنابوون و، ساڵی ١٩٨٣ چاپی یەکەمی کتێبەکە بڵاوکرابوویەوە کە لە دەستنووسی مامۆستا موزەفەر ئەجەوید پێکهاتبوو. مامۆستا دەیویست لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی چاوێکی بەو کتێبەدا بخشێنینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، دەبوو بە دوای سەرچاوەی سەرەکی هەریەک لە نزاکاندا بگەڕێین، سەرلەنوێ کۆنتڕۆڵی لەفز و دەربڕینەکانی ناو حەدیسەکان بکەینەوە، سەحیحترین ڕیوایەت بە بناغەی کارەکەمان وەربگرین، دواتر لە جیاتی دەستنووس، بە فۆنتێک لە چاپی بدەین کەوا هەموو کەسێک بۆی بخوێنرێتەوە.

مامۆستا لە دوای نانی بەیانی، ئەم پڕۆژەیەی خۆی ئاشکرا کرد. من دەبوو لە دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرەکی حەدیسەکان و کۆنتڕۆڵکردنەوەیاندا یارمەتی مامۆستا بدەم. واتە ئەو کارەی دەبوو ئەنجامی بدەین، لەلایەک دەرهێنانەوەی حەدیسەکان و لەلایەک کۆنتڕۆڵکردنەوەیان بوو. دەرهێنانی سەرچاوەی حەدیسەکان بۆ ئەوە بوو وەک تێبینی لە بەشی خوارەوەی لاپەڕەی کتێبەکە بنوسرێت. مامۆستا گوتی” نوسینی تێبینی لە ژێرەوە، سەرنجی ئەو کەسانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە نزاکان دەخوێننەوە، با ئێمە تێبینی نەنوسین، بەڵام با دڵنیا ببین لەوەی لەفز و سیحەتی حەدیسەکە کۆڕایی زانایانی لەسەرە”.  

گەر ئەم کارە لە ئێستادا بووایە، ئەوا بە هۆی سەرچاوە دیجیتاڵیەکانەوە زۆر ئاسان و خێرا ئەنجام دەدرا، بەڵام لەو کاتەدا بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو. چونکە دەبوو لە ڕێگەی وشەکانەوە حەدیسەکان بدۆزینەوە، دواتر لە کتێبەکانی الصحاح، السنن، الاذکار بە دوای تەواوی شێوازەکانی ئەو حەدیسەدا بگەڕێین، گەر پێویستیشی بکردایە توێژینەوەمان لەسەر یەکە بە یەکەی ڕاویەکانی حەدیسەکە بکردایە و دوای ئەوەی نەقدی سەنەدەکەمان دەکرد، سەحیحترین ڕیوایەتمان لە ناویاندا هەڵدەبژارد.

سوپاس بۆ خودا، کتێبخانەکەی مامۆستا لە یەمانلەر زۆر دەوڵەمەند بوو، هەر کتێبێک بۆ دەرهێنان و توێژینەوەی حەدیسەکان پێویست بووایە، لەبەردەستماندا بوو. لە پێش هەمووشیانەوە ئەو کتێبەمان لەبەردەستدا بوو کە موحەدیسەکان بە کورتی ناوی “کۆنکۆردانس”[1]یان لێناوە، لە پێڕستی ئەلفوبێی ئەو حەدیسانەیە پێکهاتووە کەوا لە ٩ کتێبەکەی حەدیسدا هاتووە و شوێنەکانیان دیاری دەکات. دەبوو هەتا کۆتایی کارەکەمان لە ژێر دەستماندا بێت. کارێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی بوو، بەڵام گومان لەوەدا نەبوو کە زۆر پڕ چێژیش دەبێت. منیش لە دڵی خۆمدا گوتم” ئەگەرچی پشووەکەم لە ناوەڕاستدا پچڕاند، بەڵام ئەم کارە ئەوە دەهێنێت”. چونکە لایەنی کەم ماوەی ١٥ ڕۆژ، لە نێو ژیانی نزاکانی سەردارماندا دەژیام. هەوڵی دۆزینەوەی ئەوەم دەدا، کەوا لە چی شوێن و کاتێکدا، چۆنی و کام نزایەی کردووە. جگە لەمە، ئەم کارەم لەگەڵ جەنابی مامۆستا ئەنجام دەدا، لە هەر دوو ڕووەکەوە ئەمە بۆ من شەرەف بوو.

لە دوای نانی بەیانی دەستمان بە کارەکەمان کرد. لەلایەک سەیری چاپی یەکەممان دەکرد کەوا دەستنووسەکەی مامۆستا موزەفەر بوو، لەلایەکی ترەوە سەیری ئەو دەفتەرەمان دەکرد کە دەستنووسی مامۆستا بوو… منیش پرسیاری ئەو دەفتەرەم لە خودی مامۆستا موزەفەر کرد. ئەویش لە وەڵامدا گوتی” من ئەو دەستنووسەم لە ڕێگەی سەیرکردنی دەفتەرێکی مامۆستاوە ئامادە کردووە. لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٠ ڕادەستی مامۆستام کردەوە”. کەواتە یەکەمین جار کەوا مامۆستا نزاکانی کۆکردۆتەوە، لەو دەفتەرەدا نوسیوێتیەوە.

بنەمای کارەکەمان بەم شێوەیە بوو: مامۆستا لەو ساڵۆنەدا دادەنیشت کەوا نانی بەیانیمان تێدا دەخوارد. دەبوو ڕیزبەندی ئەو حەدیسانەی لە چاپی یەکەمدا هەبوو بە بناغەی کارەکەمان وەربگرین، پاشان لە ڕێگەی کتێبی کۆنکۆردانسەوە شوێن و کتێبی ئەو حەدیسەی نزاکەی تێدا هاتووە دیاری بکەین. منیش هەڵدەستام و ئەو کتێبانەی پەیوەندییان بە بابەتەکەوە هەبوو، دەمهێنایە شوێنی کارەکەمان. دواتر پێکەوە حەدیسەکانمان دەخوێندەوە، سەحیحترین گێڕانەوەی ناو حەدیسەکانمان هەڵدەبژارد. هەندێک جار ماوەی ٢ کاتژمێر کارمان لەسەر تاکە نزایەک دەکرد. دەتوانم بڵێین مامۆستا هەتا بڵێی بە شێوەیەکی دەراسا هەسیتارانە مامەڵەی دەکرد. لەو ڕۆژگارە و لە ئێستاشدا لە هۆکاری ئەو هەستیارییە مامۆستا تێدەگەم… ئەگەرچی خودی مامۆستا ئەو نزایانەی کۆدەکردەوە و لە چاپی دەدا، بەڵام ناونیشانی کتێبەکە ڕاستەوخۆ حەزرەتی محمد بوو.

 سەبارەت بەم هەستیاریەی ماۆستا، دەتوانم نمونەیەکی گشتی و نموونەیەکی تایبەت بهێنمەوە:

مامۆستا سەبارەت بە نزایەک کەوا لە ٧-٨ کتێبی حەدیسەدا وشە بە وشەی هاوشێوەی یەکتری بوون دەیگوت: ” تۆ با سەیرێکی “کتاب الاذکار” ئیمامی نەوەویش بکەین. ئەم نزایە لە حودەیبیەدا گوتراوە، سەیرێکی کتێبەکانی تەفسیریش بکەین؟ تۆ بڵێی لە کاتی تەفسیری سورەتی فەتحدا ئاماژەیان بەم نزایەش کردبێت؟ دەبێت سەیرێکی تەفسیرەکەی تەبەریش بکەین. زەحمەت نابێت گەر کتێبی “دعوة المستجابة” بهێنیت؟ لە دووهەم ڕەفی کتێبخانەکەی لای دەستی ڕاستیدایە”.

گەر باسی نمونە تایبەتەکەش بکەم: لە میانەی ئەم کارەماندا، چاومان بە هەندێک نزا کەوت کەوا لە چاپی یەکەمدا نەبوون و مامۆستاش لە دەفتەرەکەیدا نەینوسیبوون. توێژینەوەمان لەسەر ئەوانیش کرد و هەندێکیشمان لەو نزایانە وەرگرت. بۆ نمونە ئەو نزایەی بە “اللهم احسن عاقبتنا” دەست پێ دەکات، لە چاپی یەکەمدا نیە. ئەو نزایەی لەسەر پێشنیاری من خرایە ناو کتێبەکەوە. هەندێک لە نزاکانیشمان وەرنەگرت. بۆ نمونە ئەو نزایەی دەفەرموێت” پەنات پێ دەگرم لەوەی توشی مەرگی لەناکاو بم”… هێندەی بیرمە لە چاپی یەکەمدا نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دەستنووسەمان لە ئێستادا بۆ نادۆزرێتەوە، ناتوانم شتێکی یەکلاکەرەوە بڵێم. ئەم نزایە لە ٦ کتێبەکەی حەدیسدا نیە. ئەم نزایەمان لە کتێبەکەی نورەدین ئەلهەیسەمی دۆزیەوە کە ناوی “مجموع الزوائد” بوو. دواتر سەیری کتێبەکانی تری حەدیسمان کرد، نەمانتوانی دڵنیابینەوە لەوەی هەتا چەندێک سەحیحە. گەشتینە ئەو قەناعەتەی ئەم گێڕانەوەیە پێچەوانەی ئەو حەدیسە سەحیحەیە کە دەفەرموێت” پەروەردگارا پەنات پێ دەگرم لەوەی ئەو نیعمەتانەمان لێ بگریتەوە کەوا پێت بەخشیوین، تەندروستی و سەلامەتیمان لێ بسەنیتەوە، عەزابی تۆ لەناکاو ڕوومان تێبکات و، پەنات پێ دەگرم لەوەی توشی هەر جۆرە غەزەبێکی تۆ ببم”. هەربۆیە ئەم نزایەمان نەخستە ناو کتێبەکەوە.

یەکێک تر لە هۆکارەکانی ئەم بڕیارەمان بریتی بوو لە: وشەی “ فجأ” کەوا ئێمە بە “لەپڕێکدا، لەناکاو” وەریدەگێڕێنە سەر زمانی خۆمان، لە نزاکەدا وەک چاوگ”مصدر” بەکارهاتووە، بەڵام ئەم وشەیە ٣ چاوگی جیاوازی هەیە کە ئەوانیش بریتین لە “فَجْئًا، فَجْأةً ، فُجاءةً”، لەو کتێبانەدا کەوا ئەم نزایەی تێدا هاتبوو، بە هەر ٣ شێوازەکە هاتبوو. با بڵێین هەموو حەدیسەکان بە گوێرەی پێودانگەکانی حەدیس سەحیح بوون، بەڵام ئایا پێغەمبەری خودا کام لەو وشانەی بەکارهێنابوو؟ ئەگەرچی نزاکە لە ڕووی واتاوە “الحدیث بالمعنی” پەسەندکراوە، بەڵام ئەستەم بوو بوو ئەوەمان بۆ دەربکەوێت کەوا کام لەو وشانە لە زاری موبارەکی سەردارمانەوە هاتۆتە دەرەوە. مادام بەم شێوەیەشە، کام لە حەدیسەکان سەحیحترینیانە؟ بۆ دیاریکردنی ئەمەش، لە دوای نانی بەیانییەوە هەتا نوێژی نیوەڕۆ خەریک بووین. ئیدی سەیری هەموو کتێب و هەموو بەشە پەیوەندیدارەکانی ناو کتێبخانەکەمان کرد. لە هەلومەرجی ئەو ڕۆژگارەدا، نیو ڕۆژی ڕێکمان بۆ دیاریکردنی تەنیا وشەیەک خەرج کرد، مامۆستاش لە کۆتاییدا بڕیاری داخڵنەکردنی ئەو نزایەی دا. لە دوای تەواوکردنی کارەکەمان، ڕووم لە ئەنقەرە کرد. لە ماڵتەپە شوێنێک هەبوو کەوا چاپی زمانی عەرەبی دەکرد. نمونەی جیاوازی فۆنتەکانم پێ ئامادە کردن. هێنامەوە بۆ ئیزمیر و مامۆستا یەکێکیانی بەدڵ بوو. ئیدی دیزاین و چاپی کتێبەکەمان بەو فۆنتە کرد. ئامادەکاریەکانیش بۆ لەچاپدانی کتێبەکە چیرۆکێکی جیاوازی هەیە، تەنیا با هێندەتان بۆ باس بکەم: مامۆستا محمد ئۆزیورتی ڕەحمەتی هەندێک دەستکاری ئەو پێشەکیەی کرد کەوا مامۆستا بۆ کتێبەکەی نوسیبوو. لە دوای دوو ساڵیش، ڕۆژنامەی زەمان ئەم کتێبەی بە دیاری پێشکەشی خوێنەرەکانی خۆی کرد.  

لەو ساڵانەدا کەوا لە شارۆچکەی ئەحمەدلی وتارخوێن بووم، بە هۆی پێداگری کاک شەرەفەدین کۆجەمانەوە وەرگێڕانی کتێبەکەم گرتە ئەستۆم، لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە دەستم پێکرد، عەسری ڕۆژی ١٨ ی ڕەمەزان تەواوم کرد. کاتێک تەلەفۆنم بۆ ڕەحمەتی کرد و هەواڵم پێدا، زۆر دڵخۆش بوو. دواتر لەگەڵ جەمال تورکی دۆستی گیانی بە گیانیم، پێداچوونەوەمان بە وەرگێڕانەکەدا کرد. ڕەنجێکی زۆری لەم کارەدا کێشا. گوتم با ناوی هەردووکمان لەسەر کتێبەکە بنوسم، بەڵام ئەو قبوڵی نەکرد. بەم بۆنەیەوە با ئەمەش بۆ مێژوو تۆمار بکەم. پێویستە لەو وەرگێڕانەدا ناوی مامۆستا جەمالیش هەبێت. چونکە هەر ئەرکێک لەسەر شانی وەرگێڕ بێت، ئەو لەم کتێبەدا ئەنجامی داوە. ئەویش هێندەی من لەم کتێبەدا ڕەنجی کێشاوە. قەرزار و سوپاسگوزاری ئەوم. پێم وایە بە هۆی خاکەڕایی و خۆبەهیچزانینیەوە ڕەنجی خۆی لەم کتێبەدا بچوک دەبینێت و ئەگەریش هەیە هۆکارێکی تری هەبێت کەوا من نایزانم. بەڵام با لێرەوە ڕایبگەیەنم، گەر چاپخانە بەشێکی چاپێکی تری ئەو کتێبەی بڵاو کردەوە، ئەوا با ناوی ئەویشی تێدا بێت.

باسی یادەوەریەکانم بۆ کردن. بەڵام هیچ باسی ئامانجی مامۆستا لە کۆکردنەوەی ئەم نزایانە نەکرد؛ یان ئاماژەم بەوە نەدا لەبەرچی ئەم فکرەیەی مامۆستا نەگەیاندرا بە ئەندامانی خزمەت و لەبەرچی نەتوانرا وەک پێویست باسی لێوە بکرێت. لە ڕاسیتدا ئەوەی گرنگ بوو هەر ئەم بابەتەیان بوو. پشتیوان بە خودا لە نوسینێکی تردا باسی ئەم بابەتەش دەکەم. با لە ئێستادا تەنیا هێندە بڵێم: کتێبی کۆکراوەی نزاکان، بریتیە لەو نزایانەی سەردارمان لە کاتی عیبادەتەکانی و هەموو پنتەکانی ژیانیدا ئەنجامیداوە، لە سەحیترین ڕیوایەتەکانی حەدیسیشەوە وەرگیراوە.

   

[1] یەکێک لەو کتێبانەی لەبواری حەدیسدا نوسراوە بە عەرەبی ناوی (المعجم المفهرس لألفاظ الحديث النبوى)یە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *