گومانی خراپ: ئەو نەخۆشیەی کامڵێتی ماددی- مەعنەوی دەڕوخێنێت

پرسیار: حەزرەتی بەدیعوزەمان لە باسی ئەو چوار نەخۆشییە مەعنەویەی توشی مرۆڤ دەبێت، لە پاڵ هەریەک لە هیوابڕاوی، شانازی بە خۆوە کردن، خۆ بە گەورە زانین، باسی گومانی خراپیش دەکات. بابەتی ئەوەی ئەو مرۆڤانەی لە هەمان بازنەدان یاخود سەر بە مەشرەب و ڕەوتی جیاوازن گومانی باشیان بەرامبەر یەکتری هەبێت و، خۆیان لە گومانی خراپ بە دوور بگرن، ئەو خاڵانە چین کەوا پێویستە سەرنجی بدەن؟

 

وەڵام: حەزرەتی بەدیعوزەمان، لە زۆر شوێنی جیاوازی شاکارەکانیاندا، لەسەر هەندێک لە نەخۆشیەکانی جیهانی ئیسلام و مرۆڤایەتی وەستاوە، پاشان رەچەتەی زۆر گرنگی لەم بابەتەنادا خستۆتە ڕوو. بۆ نمونە لە شوێنێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە گرنگترین نەخۆشیەکانی جیهانی ئیسلام بریتیە لە دووبەرەکی، نەزانی و هەژاری. هەتا ئەو کاتەی جیهانی ئیسلام ئەم کێشانە چارەسەر دەکەن، ناتوانن ڕزگاریان ببێت لەوەی پشتیان وەک گۆچان نەبێت بە دوو کەرتەوە. وەک چۆن لە سەردەمی ئینزیباتەوە هەمیشە سەیری چاوی ئەوروپیەکانیان کردووە، لەمەودواش  بەردەوام سەیری ناوچاوی دەوڵەتە زلهێزەکان دەکەن. هەربۆیە بە شێوەیەک لە شێوەکان، ناتوانن لە ژێردەستەیی ڕزگاریان ببێت، ناتوانن سەربەخۆی خۆیان بەدەستبهێنن، مەحکوم بە ژیانێک دەبن کەوا دەست و زمانیان بەستراوە.

ئەم ٣ نەخۆشیە زیاتر لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا خۆیان پشان دەدەن. بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو شتێکی کۆمەڵایەتیش لە تاکەوە دەست پێدەکات، ناکرێت ڕەنگدانەوەی ئەمانە لەسەر ئاستی تاکەکان، نادیدە بگرین.

لە ڕاستیشدا کۆمەڵێک کەوا پارچەکانی لە گوناح پێکهاتبێت، مومکین نیە کەوا کۆمەڵگایەیکی تەندروستی لێدەربچێت. ئەو نەخۆشیانەی کەوا لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی شەخسی و مەعنەوی تاکەکانەوە هەیە.

 

حەزرەتی پیر سەرەتا باسی نەخۆشی هیوابڕاوی دەکات، دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە ٣ نەخۆشیەکەی تر لەوەو سەرچاوەیان گرتووە. خۆ گەر دیسان پەنا بۆ یەکێک لە دەربڕینەکانی ئەو ببەینەوە: هیوابڕاوی ڕێگرە لە بەردەم هەموو جۆرە کامڵ بوونێک.

واتە کۆسپێکی زۆر گرنگە کەوا لە بەردەم هەموو چاکە و جوانیەکدا دەوەستێت. هەربۆیە گەر لە مرۆڤێکدا هیوابڕاوی هەبێت، بابەتی ئەوەی لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت، کارێکی زۆر سەختە.

بیرکردنەوەگەلێکی هیوابڕاوانەی وەک” کات کاتی ئەخیر زەمانە، بێ هوودە خۆتان خەریک مەکەن، چیدی ئومەتی محمد ناتوانێت پشتی راست بکاتەوە”، وەها لە مرۆڤەکان دەکات باوەڕیان بەوە هەبێت، کە هیچیان لە دەست نایەت. ئەمەش قۆڵ و باڵی کەسەکە دەشکێنێت، زەبری گەورە لە هەوڵ و تێکۆشانی بۆ کارکردن دەدات. مرۆڤێک کەوا قسەیەکی لەم شێوەیە دەکات و بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە، هەم دونیای خۆی ڕەش دەکات، هەم دونیای ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژی ڕەش دەکات و دەیڕوخێنێت.

بەیتە شیعرێکی مەهمەت عاکیف کەوا زۆر جار دووبارەمان کردۆتەوە، لێرەشدا شوێنی خۆیەتی ئاماژەی پێبدەینەوە:

هیوابڕاوی زەلکاوێکی وەهایە گەر تێیبکەویت دەخنکێیت

توندوتۆل خۆت بە هیواوە ببەستەوە بزانە چیت لێدێت!

ئەوانەی ژیاون هەمیشە بە عەزم و هیواوە ژیاون

ئەوەی هیوابڕاوە ڕۆح و ویژدانیشی دەبەستێت

 

دووهەم نەخۆشیش کەوا لەسەری وەستاوە بریتیە لە شانازی بە خۆوەکردن(عجب).  ئەگەرچی لە ڕووی واتاوە کەمێک لە نەخۆشیەکانی فەخر، غرور و خۆبەزلزانین جیاوازە، بەڵام هەموویان لە هەمان کانگاوە سەرچاوەیان گرتووە و هەڵدەقوڵێن. گەر لە ناخی مرۆڤدا کانگایەکی بەدبەختانەی لەم شێوەیە هەبێت، ئیدی هەندێک جار شانازی بە خۆوەکردن، هەندێک جار غرور، هەندێک جار کیبریشی لێوە هەڵدەقوڵێت. دەتوانین نەخۆشی (عجب) لە ڕێگەی گوزارەی شانازی کردن بە خۆوە پێناسە بکەین. ئەویش بریتیە لەوەی مرۆڤێک لە ناخی خۆیەوە، خۆیی و ئەو کارانەی ئەنجامی دەدات، زۆر بە لایەوە پەسەند بێت. لە خۆڕازی بوونێکی لەم شێوەیە، هەندێک جار لەسەر شێوازی شانازی بە خۆوە کردن، هەندێک جار لەسەر شێوازی خۆ بە گەورە زانین ڕەنگدانەوەی دەبێت، بابەتی ئەوەی هەریەک لەم دووانە سیفاتی شەیتانین، گومانی تیدا نیە.

**

زۆر خۆتان لە گومانی خراپ بپارێزن

 

هەروەها نەخۆشیەکی تر بە ناوی گومانی خراپ، بۆ سەر ئەم نەخۆشیانە زیاد دەکات. ئەویش بریتیە لەوەی گومانی خراپت بەرامبەر مرۆڤەکان هەبێت، لە ناختدا هەست و بیرکردنەوەی خراپ بەرامبەریان هەڵبگریت. لە قورئانی کەریمیشدا هاتووە:

يَا اَيُّهَا الَّذِينَ اٰمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ اِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ اِثْمٌ

واتە ئەی ئیمانداران خۆتان لە گومانی خراپ بە دوور بگرن، چونکە هەندێک لە گومانەکان گوناحن. بەم شێوەیە گومانی خراپی لەسەر کەسانی ئیماندار قەدەغە کردووە. هەربۆیە ئەوەی ئەرکە لەسەر شانی کەسی ئیماندار، بریتیە لەوەی هەتا ئەو کاتەی دەتوانێت گومانی باش ببات و، خۆی لە گومانی خراپ بە دوور بگرێت. هەروەها حەزرەتی پیر تەنانەت سەبارەت بەو کەسانەشی کەوا کاری زۆر نەرێنییان لێبینراوە دەفەرموێت” گومانی باش بەڵام بە بێ پشت پێبەستن”، پێویستە بە گوێرەی ئەم بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. واتە گومانی خراپ بەو کەسە نابەن، بەڵام وەرگرتنی ڕێکاری خۆپارێزی یان ئەوە پشتی خۆتی تێنەکەیت، فەرامۆش ناکەیت.

وەک لە سورەتی “الاسراء” یشدا هاتووە:

وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَٰئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا

 

دوای شتێک مەکەوە کەوا هیچ زانیاریەکت لەسەری نیە، چونکە چاو، گوێ و دڵت هەموویان بەرپرسیار دەبن. سەرنجدان لەم ئایەتە لە ڕوانگەی سەرئەنجام گومانی خراپەوە، هەتا دوا ڕادە گرنگە.

لە ڕاستیشدا گومانی خراپ بەرامبەر کەسێک، بریتیە لە پێشبینی و قەناعەتێکی نەرێنی بەرامبەر کەسێک، بێ ئەوەی پشتی بە زانیاریەکی یەکلاکەرەوە بەستبێت. هەروەها ئەم ئایەتە مرۆڤی لەوە قەدەغە کردووە، لەسەر شتانێک بوەستێت کەوا زانیاری تەواوی لەسەر نیە. هەربۆیە مرۆڤێک گەر گومان و پێشبینی وەک زانیاری تەواو لە قەڵەم بدات، لەسەر بنەمای ئەمانە هەڵسەنگاندنی بۆ مرۆڤەکان بکات، بەرپرسیاریتیەکی زۆر جددیە.

لەوە دەچێت هەندێک شت بەر گوێت بکەوێت. بۆ نمونە وەک لە ئایەتە کەریمەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لەوە دەچێت مرۆڤێکی خراپەکار هەواڵێکی درۆ بهێنێت. هەربۆیە پێویستە کەسی ئیماندار باوەڕ بە هەموو شتێک نەکات کەوا دەیبیستێت، گوێڕایەڵی فەرمانەکەی ئەم ئایەتە بکات، لە ڕاستی سەرچاوەی ئەو هەواڵە و پلانی پشتەوەی بکۆڵێتەوە. هەتا لەم ڕێگەیەوە پێش و دوای هەواڵەکە بە تەواوی ڕوون ببێتەوە، سەردارمان سەبارەت بەم بابەتە لە فەرموودە شیرینەکانیاندا فەرموویەتی:

كَفَى بالمَرْءِ كَذِبًا أَنْ يُحَدِّثَ بِكُلِّ مَا سَمِعَ

 

گەر کەسێک هەرچیەکی بیست بیلێتەوە، ئەمە وەک گوناح و درۆ بۆ ئەو کەسە بەسە!

دەشێت مرۆڤ هەندێک جار مرۆڤ هەندێک شتیشی بەرچاو بکەوێت. بەڵام بینینی هەندێک شت، هەموو جارێک بە واتای ئەوە نیە کەوا بەسەر تەواوی رووداوەکەدا ئاگاداریت. وەک چۆن دەشێت بە هەڵە ڕووداوەکەی بینیبێت، لەوەش دەچێت نەیتوانیبێت بە دروستی ڕووداوەکە لێک بداتەوە. لێرەشدا ئەوەی لەسەر شانی مرۆڤ پیویستە، هەرچیەکی بینی یەکسەر حوکمی لەسەر نەدات، سەرەتا هەوڵی ئەوە بدات لەو شتانە دڵنیابێتەوە کەوا بینیوێتی. 

لە ئایەتە کەریمەکەدا، لە دوای گوێ و چاو، ئاماژە بە دڵیش کراوە، کەوا هەڵسەنگاندن و تێڕوانینەکانی ئەویش دەخرێتە ژێر لێپرسینەوە.

بەڵێ، هەر شتێک کەوا بەڵگەیەکی دروستی لەسەر نەبێت، لەسەر سەکۆی زانیاریەکی یەکلاکەرەوە هەڵنەچنرابێت؛ گوێ، چاو و دڵیش لێی بەرپرسیار دەبن.

الله لە جیهانی ئەولا، لێپرسینەوە لەگەڵ یەکە بە یەکەی ئەم ئەندامانە دەکات، پەنا بە خودا، ئەوانیش لە دژی مرۆڤ شایەتی دەدەن.  تەواوی ئەمانە ئەوەمان پشان دەدەن، بابەتی ئەوەی مرۆڤ لە ڕێگەی گومان و پێشبینیەوە بڕیار لەسەر کەسانی تر بدات، هەڵسوکەوتێکە کەوا بەرپرسیارێتیەکی زۆر جددی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

**

 گومان لە نێوان کۆمەڵە جیاوازەکاندا

 

گومانی خراپ، نەخۆشیەکە کەوا زیان بە لایەنی کامڵێتی ماددی و مەعنەوی دەگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەی لە بناغەدا ئەمە نەخۆشیەکی تاکە کەسییە، بەڵام دەشێت هەندێک جار وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیشی لێبێت.

گەر کەسێک بە شێوەیەکی بەردەوام بە شێوەیەکی نەرێنی بیر لە کەسانێکی تر بکاتەوە، بە شێوەیەکی نەرێنی لێکدانەوە بۆ هەڵسوکەوتەکانی ئەوان بکات و بە بچوکیان ببینێت، ئەمە لەسەر ئاستی تاک، وەک گومانی خراپ ئەژمار دەکرێت. بەڵام گروپە جیاوازەکان، گەر سەبارەت بە یەکتری بە شێوەیەکی نەرێنی بیر بکەنەوە، کارەکانی ئەوان بە سوک بزانێت، ئەمە واتای ئەوەیە گومانی خراپ لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بڵاو بۆتەوە.

وەک چۆن ئەم حاڵەتە گەر پشتی بە تێبینی لایەنگرانە و خۆپەرستانەی شەخسی بەست، زیاتر بەهێز دەبێت، کاتێکیش لە ڕێگەی تێبینی خۆپەرستی دەستەجەمعیەوە پاڵپشتی لێکرا، ئەوا حاڵێکی چەسپاو و نەڕووخاوی وەها وەردەگرێت، کەوا مەترسیەکی زۆر گەورەتری لێدەکەوێتەوە.

بە داخەوە لە پاڵ گومانی خراپی تاکە کەسەکان، گومانی خراپی دەستە و کۆمەڵ جیاوازەکان، لە ڕووی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە سەرئەنجامی ڕووخێنەرانەتری دەبێت.

سەیری گروپی ئەلف دەکەین، گومانی خراپی بەرامبەر گروپی باء هەیە و ڕەخنە لە تەواوی کارەکانی ئەوان دەگرێت.  گروپی بائیش بە گومانی باشەوە لە کارەکانی گروپی ئەلف نزیک نابێتەوە. هەریەک لەم گروپانەش پێی وەهایە کارەکانی گروپی خۆی زیاتر لەگەڵ ئیسلامدا یەک دێتەوە و، زیاتر سوودی بۆ مرۆڤایەتی هەیە، تەنیا کارەکانی خۆیانیان بەلاوە پەسەندە. بەرگی جیاوازیش بۆ زۆر کاری چاکی گروپەکانی تر و خزمەتەکانیان دەدۆزێتەوە و، کارەکانیان بە زەویدا دەماڵێت.

گەر دڵخوازانی خزمەتیش سەرنجی خۆیان نەدەن، دەشێت بکەونە ناو نەخۆشیەکی لەم شێوەیەوە، بە گومانی خراپەوە لە هەندێک دەستە و جەماعەت نزیک ببنەوە، تەنانەت بکەونە ناو نەخۆشیەکی وەها، بە چاوی خراپە لە چاکترین کارەکانی گروپەکانی تر بڕوانن.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو پێودانگەی حەزرەتی پیر لەم بابەتەدا خستوویەتە بەردەممان زۆر ڕوونە:

بابەتی ئەوەی مرۆڤ بە خۆشەویستی مەشرەبی خۆیەوە بژی، داخوازی ئەوە نیە دوژمنایەتی کەسانی تر بکات.

دەشێت مرۆڤ ئەو ڕێگا، پیشە و مەشرەبەی لەسەرێتی شێتانە خۆشی بوێت. بەڵام ئەمە داخوازی ئەوە نیە مەزهەبی کەسانی تر بە سووک تەماشا بکات و ڕەخنەیان لێبگرێت و، لەمانەش زیاتر دوژمنایەتییان بکات.

بابەتی ئەوەی سەرکۆنەی کەسانی تر بکەیت، تانە و تەشەریان لێبدەیت، بەر جوێنیان بدەیت، نەم بیستووە لە هیچ مەزهەبێکدا بە عیبادەت ئەژمار بکرێت. مرۆڤێک تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک لەگەڵ پێکهاتەی هزری ئەودا ناگونجێت، جوێن بە فڵان و فیسار بدات، هەڵسوکەتێکی جێگەی قبوڵ نیە.

بە داخەوە، گومانی خراپ وەک بەربڵاوترین نەخۆشیەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمانی لێهاتووە. هەندێک لە مرۆڤەکان، بێ سڵەمینەوە ئەم نەخۆشیەی ناخیان دەردەبڕن، هەندێک لەوانیش هەست و هزرە نەرێنیەکانیان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەهێننە سەر زاریان.

ئەو کەسە خۆبەخشانەشی کەوا جگە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا نیەتێکی تریان نیە، لەوە دەچێت ڕووبەرووی هەندێک لەم شاڵاو و هێرشانە ببنەوە. دەشێت کەسانێک بە هۆی گومانی خراپی خۆیانەوە، ئەو هەموو کارە جوانەی ئەوان نەبینێت و، بە دوای نیەت و ئامانجی جیاوازی پشت ئەو کارانەیاندا بگەڕێت. خۆ گەر ئەمانیش هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر کەسانی تر هەبێت، ئەوا  کەوتوونەتە ناو هەمان هەڵەی بەرامبەرەکانیانەوە. هەڵسەنگاندنی ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێت لە ڕوانگەی ڕووکەش و چەندێتییانەوە، کارێکی دروست نیە. بۆ نمونە ئێوە لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا، هەزار خوێندنگەتان کردۆتەوە. بۆ نمونە؛ گەر سەبارەت بە کەسانێک کەوا تەنیا ٥ خوێندنگەیان هەیە و دەیانەوێت خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن، بڵێن” ئینجا ٥ خوێندنگە لە پاڵ هەزار دانەدا چ واتایەکی هەیە”، ئەوا خۆتان خستۆتە ناو گوناحەوە. ئێوە نازانن، لەوە دەچێت ئەو کارەی ئەوان ئەنجامی دەدەن، زیاتر بە ئیخلاس و دڵسۆزییەوە بێت. یەک گەردیلە کاری پڕ ئیخلاسیش، زۆر لەسەرو هۆقەیەک کاری بێ ئیخلاسەوەیە.

لەم ڕوانگەیەوە هەر خزمەتێک کەوا ئەنجام دەدرێت، پێوسیتە بە بچوک سەیر نەکرێت، بە سوک نەزانرێت. هەرکەسێک کەوا لە پێناو ڕێگەی الله و خزمەت مرۆڤایەتی خەریکی ڕاکە راک بێت، پێویستە گومانی باشمان بەرامبەری هەبێت. بۆ ئەوەی لە دڵیشماندا گومانی خراپ دروست نەبێت، بە شێوەیەکی بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندا بین، کۆسپ بخەینە بەردەم تەواوی هەستە نەرێنیەکانی ناخمان، هەموو کەسێک بە شێوەیەکی بەردەوام لە بابەتی گومانی باشدا زۆر لە خۆی بکات. سەرداریشمان هەواڵی ئەوەی پێداوین، گومانی باش بردن، یەکێکە لە جوانترینی عیبادەتەکان.(ابو داود، ادب)

 

گەورەترین جیهاد

کاتێک ئێوە سەبارەت بە کەسانی تر بە شێوەیەکی ئەرێنی بیر دکەنەوە، پاداشتان دەست دەکەوێت، هۆکاری ئەمە چیە؟

چونکە لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا، تێخوڕینە شەیتانی، نەفسانی، لاشەیی و ئاژەڵیەکانی ناو ناختان، ناتوانێت سەبارەت بە حاڵ و هەڵسوکەتی کەسانی تر بە شێوەیەکی نەرێنی ئاڕاستەتان بکات، بە شێوەیەکی بەردەوام لە دژی ئەمانە خەبات دەکەیت. لە ڕێگەی ئەوەی حەقی ئیرادەتان دەدەن، هەستە نەرێنیەکانی ناو ناختان دەخەنە ژێر فشارەوە و چاوپۆشی لە کەموکورتی کەسانی تر دەکەن. واتە لە نێو ناخی خۆتاندا شەڕ دەکەن، بە شێوەیەک لە شێوەکان جیهاد دەکەن.

 

سەرداریشمان شەڕی دەستەویەخەی دوژمنانەی بە جیهادی بچوک ناوبردووە و،  ئەو خەباتەی لە ناخی خۆیدا ئەنجامی دەدات بە ناوی ئەوەی خۆی ڕێکوپێک بکات، بە جیهادی گەورە ناو دەبات. چونکە ئەو جەنگەی لەگەڵ دوژمندا ئەنجامی دەدەیت، کاتێکی دیاریکراوی هەیە. بەڵام ئەو جیهادەی مرۆڤ بەرامبەر نەفسی، هەوا و ئارەزوو، هەستەنەرێنیەکانی ئەنجامی دەدات، دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجامی بدات. لەوە دەچێت مرۆڤ لە یەک ڕۆژدا سەد جار ناچاری ئەوە ببێت، بەرەنگاری ئەم هەستە نەرێنیانەی ناو ناخی ببێتەوە. واتە بە شێوەیەکی بەردەوام لە حاڵەتی جەنگدایە.

بەڵێ یەکیک لەو جەنگانەی کەوا پێویستە لە ناخماندا ئەنجامی بدەین، یەکێک لە دوژمنەکانمان بریتیە لە گومانی خراپ. هێندەی هەموو دونیاش کارکرد و ئامراز هەیە کەوا گومانی خراپ دەبزوێنێت.

هەندێک لەو مامەڵە خراپانەی کەوا مرۆڤ دەبێتە دوێنراویان، هەندێک لەو هەڵانەی کەوا دەیانبینێت، ئەو ئەزیەت و ناڕەحەتیانەی کەوا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، تەواوی ئەم جۆرە کارانە، لە مرۆڤدا هەستی نەرێنی بەرامبەر خاوەنەکانیان دەبزوێنێت. لەو کاتەی دەکەوێتە جوڵە، ئەوەی لەسەر شانی مرۆڤە یەکسەر بیخاتە ژێر فشارەوە. ئیدی ئەمە لە ڕێگەی ئەوەوە بکات کەوا تاشەبەردی بخاتە سەر، یاخود لەسەری هەڵبەز و دابەز بکات، یان ئەوەی لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئەنزیمی مەعنەوی بۆ بنێرێت و هەرسی بکات، ئیدی هەرچۆنێکی کردووە، پێویستە ڕێگەی ئەوەی نەدات کەوا سەر هەڵبدات.

یەکێکی تر لەو ڕێگایانەی کەا لە مرۆڤ دەکات لە گومانی خراپ ڕزگاری ببێت، بریتیە لەوەی خۆی سفر بکاتەوە. تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لە نزاکانیدا فەرموویەتی:

اَللّهُمَّ اجْعَلْنِي فِي عَيْنَيَّ صَغِيرًا وَفِي أَعْيُنِ النَّاسِ كَبِيرًا:

پەروەردگارا لەبەر چاوانی خۆم بچوکم بکەرەوە و لەبەرچاوی خەڵک گەورە پشانم بدە!

ئێمە ئەم قسانەی ئەو لە ڕوانگەی پێشڕەوی بوونی ئەوەوە وەردەگرین. چونکە ئەو هەرچەندێک خۆی بە بچوکی ببینێت، هەر گەورەیە.

 

ئێوەش دەتوانن بڵێن” پەروەردگارا، خۆمم بە بچوکی پشان بدە! لە ئیخلاس، داوای ڕەزامەندی، خزمەت، هەوڵ و تێکۆشانمدا شانوشکۆم پێبدە!”.

گەر ڕۆژانە ٥٠ جار نەفسی خۆمان سفر بکەینەوە، ئیدی ناتوانین بە کەموکورتی کەسانی ترەوە خۆمان خەریک بکەین و، گومانی خراپیان پێ ببەین. گەر خۆشمان نرخێکی ڕاستەقینەمان هەبێت، لێگەڕێن با کەسانی تر بیهێننە سەر زاریان. خۆ گەر چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیەشمان هەبێت، ئەوەش بۆ خۆی نەخۆشیەکی جیاوازە! گەر لە بەرامبەر هەندێک ڕەفتاری نەرێنی کەسانی تر یەکسەر بیر لە ڕەفتاری نەرێنی خۆمان بکەینەوە، ڕزگارمان دەبێت لەوەی پەنجە بۆ تاوانبارکردن و  پەنا گومانی خراپ بردن، ببەین.

خۆ گەر مرۆڤ سەیری کەموکورتیەکانی خۆی نەبێت و بە دیاریکردنی ئەوانەوە خەریک نەبێت، بە درێژایی تەمەنی لە چواردەوری خۆی بە دوای تاوانباردا دەگەڕێت و هەرگیزیش تاوانبارە ڕاستەقینەکە نادۆزێتەوە!

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *