گۆزەی شکاو: لە سوڵحدا خێر هەیە!

پرسیار: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، لەسەر ئاستی خێزان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، کێشە و پێکدادانەکان بەردەوامییان هەیە، ئایا نەبوونی کەسانێکی چاکساز و نێوەندگیر، ئەوەی لە قورئاندا بە چاکسازان(المصلحون) ناویان براوە، لەم بابەتدا کاریگەری هەیە؟ گەر کەموکورتیەکی لەو شێوەیە هەیە، چۆنی چارسەر دەکرێت؟

 

وەڵام:

الله بە گەورەیی خۆی لە ڕێگەی وتەی بە نرخی ” وَالصُّلْحُ خَيْرٌ” (النساء، ١٢٨)، بە دیسپلینێکی زۆر گرنگ ئامۆژگاری ئێمە دەکات. لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە بە مەبەستی چاکسازی لە نێوان کێشەی هاوسەراندا دابەزیوە، جەنابی حەق لێرەدا چارەسەری کێشەکانی نێوان خێزانی، لە ڕێگەی چاکسازی(سوڵح) ەوە وەک ئامانج لەبەردەم ئێمە داناوە. بەڵام هیچ گومانێکیش لەوە نیە، کە ئەم ئایەتە دیسپلین و ڕێوشوێنێکی گشتی و بابەتیشمان، بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی کۆمەڵگا دەخاتە بەردەم. چونکە تایبەتمەندی هۆکارەکە،  ڕێگر نیە لەوەی حوکمەکەی بەسەر گشتیشدا بچەسپێت.

 

واتە ئەگەرچی ئەم ئایەتە بۆ چارەسەری بابەتێکی تایبەت دابەزیوە، بەڵام ئەو حوکمەی لە ئایەتەکەدا هاتووە، گشتیە.

هەر بەم هۆیەشەوە، ئیدی لە نێوان تاکەکانی یەک خێزان، یاخود چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بێت، کاتێک کۆمەڵێک ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نەرێنی سەر هەڵدەدەن، ئەو ڕێگە چارەسەرەی کە قورئان لەبەردەمماندا دایناوە، بریتیە لەوەی بە چاکسازی(سوڵح) هەستین، ئەویش بریتیە لە یەک تێگەشتن و ڕێکەوتن لە خاڵێکی هاوبەشدا.

ئیدی لە سەردەمی خاوەن کۆتا پەیامدا بێت، یاخود لە سەردەمەکانی دواتردا، موسوڵمانان هەمیشە لە پێناو فەراهەمکردنی ئاسودەیی کۆمەڵگا، گرنگیەکی زۆریان بە چاکسازی(سوڵح) داوە و،  لە چارەسەری کێشەی نێوان تاکەکان یاخود گروپە جیاوازەکاندا، لە پێناو ڕێکەتنی نێوانیان، ئەوەی لە دەستیان هاتووە ئەنجامیانداوە و بەم شێوەیە لە ڕێگەی چاکسازیەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان داوە.

بۆ نمونە عوسمانیەکان، بە ناو و ناونیشانی جیاوازەوە، هەوڵی بە دامەزراوە کردنی ئەم دیسپلینە قورئانیەیان داوە. واتە لەلایەن خودی دەوڵەتەوە خاوەندارێتی ئەم بابەتە گیراوەتە بەر و بە هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا ڕۆچووەتە خوارەوە.

هەربۆیە ئەو تاکانەی لە نێوان خۆیاندا کێشەیان بۆ دروست دەبوو، پەنایان بۆ دەستەی داوەران دەبرد.

خۆ گەر لە  ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا دەوڵەت ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت و لە ڕێگەی یاسا و ڕێساوە چوارچێوەیەکی بۆ دابنێت، کاریگەری گرنگی دەبێت.

ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە وەک موسوڵمانانی ئەمڕۆ، لە نێوان خۆمان و ئەو شوێنەنی کەوا گوێ لە قسەکانمان دەگیرێت، هەوڵی ئەوە بدەین ئەم دیسپلینە قورئانیە  بهێنینە ناو ژیانەوە.

تایبەتمەندی ئەو کەسە نامۆیانەی لەلایەن پێغەمبەرەوە مژدەیان پێدراوە

 

سەردارمان لە حەدیسێکی شەریفیدا کە پەیوەندی بەم بابەتەشەوە هەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسلام بە شێوەیەکی نامۆ(غریب) دەستی پێکردووە و، واتە لەلایەن کەسانی نامۆوە نوێنەرایەتی کراوە و، پاشان ڕۆژێک دێت، وەک ئەو ڕۆژەی دەستی پێکردووە، سەرلەنوێ نامۆ دەکەوێتەوە و بە قۆناغێکی نامۆیدا تێدەپەڕێت…  پاشان دەفەرموێت طُوبٰى لِلْغُرَبَاءِ

، واتە مژدە بێت لە نامۆکان!

هاوەڵانیش پرسیاری ئەوەی لێدەکەن کە ئەو کەسە نامۆیانە کێن؟

سەرداریشمان لە وەڵامیاندا دەفەرموێت:

الَّذِينَ يُصْلِحُونَ إِذَا فَسَدَ النَّاسُ

واتە ئەو کاتەی مرۆڤەکان تێک دەچن و خراپەکاری دەکەن، ئەوان خەریکی چاکسازی دەبن.(المسند، امام احمد).

کەواتە ئیسلام لەو سەردەمەی کە تێیدا نامۆ دەکەوێت، دووڕوویی، جیابوونەوە، دووبەرەکی، ناکۆکی نێوان مرۆڤەکان ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

لە حاڵی ئێستاشدا، ئەم جیابوونەوە و پێکدادانانە، لە پەیوەندی نێوان تاکەکانی خێزان و کۆمەڵگادا،  هەتا دەگاتە نێوان پەیوەندی فەرمانڕەواکان و فەرمانبەردارەکانیان، لەسەر تەواوی ئاستە جیاوازەکان هەستی پێدەکرێت.

ئیدی لە کاتێکدا بوونی کۆمەڵێک کەس کە خۆیان لەم جۆرە پێکدادانەوە نەگلاندبێت و، هەوڵدانیان بۆ خۆ دوورگرتن لە هەموو ناکۆکی و دووبەرەکییەک، هەمیشە ڕاکردنیان بە دوای سازان و ڕێکەوتندا، ئەم هەوڵ و کۆششەیان زۆر گرنگی دەبێت لەوەی بانگهێشتی سەرکەوتنی ئیلاهی بە دوای خۆیدا بهێنیت.  ئەوان گەر لە ڕێگەی هەوڵ و کۆششەکانیانەوە بە ناوی چاکسازیەوە ئەوەی لەسەر شانیانە ئەنجامی بدەن، جەنابی حەقیش بە سەرکەوتنی بێ خەوشی خۆی، یارمەتی ئەوان دەدات. بەڵێ، ئەو نامۆیانەی لە فەرمودەکەدا مژدەیان پێدەدات، هەر ئەم جۆرە کەسانەن.

 

گەر کەمێک زیاتر تایبەتمەندی ئەم کەسە نامۆیانە ڕوون بکەینەوە، لەو کاتەی کەسانی تێکدەر بە کاری تێکدەرانی خۆیان هەڵدەستن و هەموو شتێک دەبێتە قوربانی ئەو کارە تێکدەرانەیان، ئەوان هەمیشە لە پاڵ چاکسازیدا ڕیزی خۆیان دەبەستن. ئەوان لە دژی هەموو پێکدادان و لەیەک دانێک دەبن و،تەنانەت خۆیان لەو دەمەقاڵە و مناقەشە نەزۆکانە بە دوور دەگرن، کە لە ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆنەکانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام دەبینرێن. تەنانەت گەر چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەموویان دەستیان لە یەخەی یەکتر گیر کردبێت و خەریکی یەکتر خواردن بن، ئەوان هەرگیز نابنە ئامرازی دەستی ئەم جۆرە شەڕانە و، بە پێچەوانەوە خەریکی نۆژەنکردنەوەی شکاوی و قڵیشەکانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵگا دەبن.

تەنانەت گەر لە کۆمەڵگادا هەستی تۆڵە سەندنەوە، ژیان بە هەستی حەق لێکردنەوە، چوون بە دوای داوای خوێن و، جینایەتی(عورفی) و چەندین هەڵسوکەوتی دڕندانە و جانەوارانەی تریش باڵا دەست بێت، لە فەرهەنگی ئەواندا هیچ کام لەمانەی سەرەوە بوونی نیە.

لە ڕاستیشدا ئەمانەی سەرەوە، لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانی دیندا، سەرتابەخوار لەگەڵ یەکدا دژ دێنەوە. بۆ نمونە زیاد کردنی وشەی(عورفی) بۆ سەر وشەی جینایەت، هەرگیز نایکات بە کارێکی شەرعی. هەر لە خودی خۆیشیدا، واتە لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا، شتێک بۆ ئەوەی پێی بڵێن عورفی، پێویستە لە ڕێگەی بەڵگەی شەرعیەوە تاقیبکرێتەوە یاخود بە پاڵاوگەی ئەوان تێپەڕێت و قبوڵ بکرێت و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە هەموو لایەکەوە پشتگیری لێبکرێت…

ئەمە لە کاتێکدایە کوشتنی مرۆڤێک، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەقە دینیەکاندا یەک ناگرێتەوە. هەربۆیە تەواوی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە، ئەو پۆلێنە دەیانگرێتەوە کە لە فەرمودەکەدا بە فەساد(خراپە) ناوی براوە.

هەربۆیە لە بەرامبەر تەواوی ئەم کۆمەڵە کارە  تێکدەرانە، پێویستە کۆمەڵێک کەس هەبن کەوا خەریکی چاکسازی ببن. پێویستە ئەوان هەمیشە پشتگیری لە ئاشتی بکەن، هەمیشە هەناسەی چاکسازیان لێ بەرز ببێتەوە و، گێڕانی ڕۆڵی ئاشتکەرەوە و ناوبژیوان، وەک ئەرکی خۆیان لێبکەن. چونکە کاتێک ئەم جۆرە هەڵسوکەتە قێزەون و سوکانە لە کۆمەڵگادا سەر هەڵدەدەن، ڕێگری لێی تەنیا  لە ڕێگەی گەڵاڵە و یاساکانی دەوڵەتەوە، کارێکی سەختە.

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئەنجام بدرێت، ئەوەیە ئەقڵەکان قەناعەت پێبکەیت کە ئەم جۆرە کارە تێکدەر و لە شیرازەدەرچووانە، کۆمەڵێک کاری خراپەن و، لە هەمان کاتدا هاوار لە دڵ و ویژدانیان بکەیت.

پاشان شرینقەی خۆشویستنی مرۆڤەکان لە تاکەکانەی کۆمەڵگا بدەیت و، هەستەکانی ڕێز و حورمەت لە نێوان ئەواندا پەرە پێبدەیت و، باسی سوودەکانی ڕێکەوتن و سازانیان بۆ بکەیت و تێیان بگەیەنیت.

لەلایەکی ترەوە هەستی باوەڕ “بە ڕۆژی دوایی و لێپرسینەوە لە کارەکانیان”، لە مرۆڤەکاندا بەهێز بکەیت. لە ڕاستیشدا هیچ شتێک نیە کە بتوانێت بۆشایی ئیمان بە خودا و هەستی لێپرسینەوەی ڕۆژیی دوایی، پڕ بکاتەوە.

ئەم بۆشاییە هەرگیز لە ڕێگەی یاسای سزاکان و ماددە یاسایەکانەوە پڕ ناکرێتەوە.

هەربۆیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەبینین، سەرەڕای ئەو هەموو یاسا و ماددە سزاییەی لە یاساکاندا بوونی هەیە، نە دەتوانرێت بەر بە دزی و ڕاووڕوت بگیرێت؛ نە  لە زوڵم و ناحەقی کردن…

وەک حەزرەتی پیریش(بەدیعوزەمان) ئاماژەی پێداوە کە دەڵێت: هەتا ئەو کاتەی قەدەغەکەرێک لە ویژدانی مرۆڤەکاندا دادەنێن، ناتوانن بەر بەم جۆرە شتانە بگرن.

تەنانەت گەر توندترین و ئاقڵانەترین ڕێگاش بۆ ڕێگری لە تاوان بگرینە بەر، کەسانی تاوانکار هەر ڕێگایەک بۆ تێپەڕاندنیان دەدۆزێتەوە و، بە ناوی خراپەکاریەوە، هەر ستراتیژیەتێک کەوا بە خەیاڵی مرۆڤدا نەیەت، دایدەڕێژن و جێبەجێی دەکەن.

بە تایبەت گەر چەشنی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، لەناو کۆمەڵگادا شیبوونەوە و لە شیرازەدەرچوون لە ئارادا بێت و، لە هەموو لایەکی کۆمەڵگادا داڕمانێکی ئەخلاقی بەدی بکرێت، هەتا ئەو کاتەی دڵەکان بە هەستی ئیمان بە خودا و لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی ئاوەدان نەکەیتەوە، ناتوانیت بەسەر ئەم کێشانەدا زاڵ ببین.

هەربۆیە یەکێک لە ڕێگا گرنگەکانی فەراهەمکردنی سوڵح و ئاشتەوایی لە نێوان مرۆڤەکاندا بریتیە لە بەهێزکردنی ئیمانیان و پشاندانی ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو ئیمانی ڕاستەقینە دەڕۆن.

ئەخلاقدار بوون بە ئەخلاقی خودا:

لە حەدیسێکی شەریفدا باس لەوە دەکات کە جەنابی حەق لە ڕۆژی دوایدا، سوڵحی نێوان دوو کەسی ئیماندار دەکات. یەکێک لەوان لە حزوری جەنابی حەقدا، داوای حەقی خۆی لە برا ئیماندارەکەی دەکات، کە لە ژیانی دونیادا حەقی خواردووە. کاتێک جەنابی حەق ئەوەی پێ ڕادەگەینێت کە برا ئیماندارەکەی هیچ پاداشتی کاری چاکەی نەماوە هەتا پێی بدات، ئەم جارەیان داوای ئەوەی لێدەکات کە خراپەکانی خۆی بدەن بەسەریدا.

جەنابی حەق لە بەرامبەر ئەمەدا هەندێک تابلۆی ناو بەهەشت، پشانی کەسە خاوەن حەقەکە دەدات، ئەویش کاتێک دەپرسێت ئەو شوێنە خۆشە هی کێیە؟

جەنابی حەق لە وەڵامدا پێی دەفەموێت:

گەر لە براکەت خۆش ببیت، ئەوا لە پاداشتدا ئەو شوێنەت پێدەدەم… بەم شێوەیە ئەویش لە داواکەی پاشگەز دەبێتەوە.

پاشان جەنابی حەق بەو کەسە دەفەرموێت؛ دەستی براکەشت بگرە و ئەویش ببە ناو بەهەشتەوە.

سەردارمان پاش ئەوەی ئەم وێنەی ئەم تابلۆیەی ڕۆژی دواییمان دەخاتە بەردەم، دەفەرموێت:

اتَّقُوا اللَّهَ وَأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِكُمْ فَإِنَّ اللَّهَ تَعَالَى يُصْلِحُ بَيْنَ الْمُسْلِمِينَ

لە خودا بترسن و لە نێوان خۆتاندا باش بن. گومان نیە لەوەی جەنابی حەق چاکسازی لە نێوانی کەسانی ئیماندار  دەکات.

لە ڕوانگەی ئەم حەدیسەشەوە، دەشێت ناو/سیفاتی چاکسازیکار(مصلح) بدرێتە پاڵ جەنابی حەق. بەڵام لە نێوان ٩٩ ناوە بەناوبانگەکانی جەنابی حەق، نە لەو ٣٠٠ ناوەی کە ئیبنی عەرەبی ئاماژەی پێداوە، نە لەو هەزار ناوەی لە جەوشەنی کەبیردا هاتووە، چاومان بەم ناوە ناکەوێت.

ناوەکانی خوداش بە شێوەیەکی “توقیف”ین و گەر لە قورئان و حەدیسدا ئاماژەی پێنەکرابێت، ناکرێت لە خۆمانەوە ناوی بدەینە پاڵ.

بەڵام بە گوێرەی ڕای هەندێک لە زانایان، دەشێت ئەو کردارانەی لە قورئان و حەدیسدا خراونەتە پاڵ پەروەردگار، بە گوێرەی ئەو واتایانەی لە کردارەکەدا هەیە، بکرێنە ناو و بدرێنە پاڵ ناوەکانی پەروەردگار.

هەروەک لە حەدیسێکی مەسنەدی ئیمامی ئەحمەدیشدا هاتووە:

ئێمە تەواوی ناوەکانی جەنابی حەق نازانین و تەنیا ئەو ناوانە دەزانین، کە لە ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتی و خێزانیدا، لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ جەنابی حەق پێویستمان پێی دەبێت.

واتە ئەو ناوانەی ئێمە دەیانزانین، تەنیا ئەو ناوانەن کە ڕاستەوخۆ پێویستمان پێیەتی.

جگە لەوانە، بۆ نمونە ناوگەلێک کە لە جیهانی فیزیکدا هەتا خۆیان دەردەخەن  ئێمە نایانزانین و ، تەواوی ئەو ناوانەشی لە ڕۆژی دوایدا خۆیان دەردەخەن، لە ئێستادا نایزانین. هەربۆیە دەشێت لە نێو ئەوانەدا “مصلح” یەکێک بێت لەو ناوانەی کە ئێمەی نایزانین.

بە کورتی:

مادام بۆ کەسی ئیماندار گرنگە کە خۆی ئەخلاقدار بکات بە ئەخلاقی جەنابی حەق، ئەوەی لەسەر شانی ئەوانە، کەسانێکی چاکساز بن.

ئیدی لە نزیکترین بازنەی نزیک لە خۆیانەوە هەتا دەگاتە دوورترین بازنە، پێویستە زویری و دڵشکاویەکانی نێوانیان بڕەوێننەوە و شەڕ و پێکدادانەکان خامۆش بکەن و، مرۆڤگەلێکی جیاواز لە هەست و هزردا، لە یەک نزیک بکەنەوە و، بەم شێوەیە پەیوەندیان بە هەر بازنەیەوە هەبێت، کەشوهەوایەکی چاکسازی و سوڵحی تێدا بەرقەرار بکەن…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *