گەنجێک لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی! بەشی ١٢

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە، بە شێوەیەکی کاتی هاتە مزگەوتێکی ئیدیرنە. بەڵام کاتێک مانگی ڕەمەزان تەواو بوو، خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕازی نەبوون، کەوا مامۆستا ئەو مزگەوتە بەجێبهێڵێت. کاسپکاران و خەڵکی ئەو ناوچەیە، سەریان لە موفتی و بەرپرسانی ئەو ناوچەیە دا و، بە هەموو شێوەیەک فشاریان دروست کرد، کە دەبێت مامۆستا مزگەوتی ئیدیرنە بەجێنەهێڵێت.

ئیبراهیم ئاکنیش کە لەو کاتەدا یاریدەدەری موفتی دەبێت، بە مامۆستا حوسەین تۆپ دەڵێت” مادام خەڵک پێداگری لەسەر مانەوەی مامۆستا دەکەن، با ئێمە لەلای خۆمان تاقیکردنەوەیەک بۆ شوێنە چۆڵەکان ئەنجام بدەین و بەو شیوەیە مامۆستا لەلای خۆمان دەست بەکار بکەین، ئیدی منەتی کەسی بەسەرەوە نەبێت”.

لە ڕاستیدا مامۆستا هەرگیز منەتی کەسی بەسەرەوە نەبوو، هەرگیز چاوی لە پارە و پول نەبوو. لە کاتی وتارەکانیدا لە مزگەوتی ئیدیرنە، خەڵکانێکی زۆر هاتن و زەکات و سەدەقەیان بۆ هێنا، ئەو هەمیشە لە وتارەکانیدا دەیوت” من کەسێک نیم پێویستم بە سەدەقە و زەکات بێت”. بەم شێوەیە تەواوی ئەو کەسانەی دەگێڕایەوە، کە سەدەقە و زەکاتیان بۆ دەهێنا.

لە دوای مانگی ڕەمەزان، لە بەڕێوەبەرایەتی لیژنەی فەتوا، بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئاکن و لەبەردەم لیژنەیەکدا، تاقیکردنەوەیەکیان بۆ مامۆستا و چەند خوێندکارێکی تر ڕێکخست. کاتێک مامۆستا بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە لە تاقیکردنەوەکە دەرچوو، ئیدی لیژنەکە واژۆیان لەسەر مۆڵەتی ئیمامەتی مامۆستا کرد و لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی، وەک ئیمامی دووهەم دەستبەکار بوو.

مامۆستا لە یادەوەریەکانی خۆیدا بەم شێوەیە باسی ئەو قۆناغەی ژیانی دەکات:

“بەڕێوەبەرایەتی لیژنەی فەتوا، بە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنە چۆڵەکانی، تاقیکردنەوەیەکی گشتی ڕێکخست. لەم تاقیکردنەوەیدا پلەی یەکەمم بەدەستهێنا. بەڵام ئیبراهیم ئەفەندی چاوی لەسەر کەسێکی تر بوو. هەربۆیە پێی وتم” نمرەی تۆ بەرزترە، بەڵام ئەم خزمەتی سەربازی ئەنجامداوە و تۆ ئەنجامت نەداوە، هەربۆیە بە یەکسان ئەژمارتان دەکەین و پێکەوە دەتانخەینە تیروپشکەوە… ئیدی لە تیروپشکەکەشدا حەق شوێنی خۆی گرت و بەم شێوەیە کرامە ئیمامی دووهەمی مزگەوتی ئوچشەرەفەلی. ئەمە یەکەم هەنگاوی دەستبەکاربوونی من بوو بە شێوەیەکی فەرمی.(٦ ی ئابی ١٩٥٩)”.

لە دوای ئەم ڕووداوە، یەکەم کاری مامۆستا دۆزینەوەی خانوویەکی شیاو بوو، هەتا لە نزیکەوە نزیک بێت و تێیدا بژی. هەربۆیە خانویەکی بچوکی دۆزیەوە کە کرێی مانگانەی ٥٠ لیرە بوو. خانوەکە باخچەیەکی بچوکیشی هەبوو. خاوەنی خانوەکە پێی وتبوو، کە دەتوانێت سوود لە هەموو شتێکی  باخچەکە ببینێت. بەڵام خانوەکە لە کۆڵانێکدا بوو کە ئەوسەری دەرچوونی لێوە نەبوو. کچان و ژنانی ئەو گەڕەکە، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، بە شێوەیەکی زۆر سەربەساتنە جلیان لەبەر دەکرد و، هەتا درەنگانێکی شەو لەبەردەرگا دادەنیشتن. مامۆستا بۆ ئەوەی بگاتەوە بە ماڵەوە، دەبوو هەر بە ناو ئەواندا تێپەڕێت. هەرجارێک بە ناو ئەواندا تێدەپەڕی، لە شەرماندا وەک ئەوەی لە گەرماو هاتبێتە دەرەوە، ئارەقی دەکردەوە. ماوەی ١٥ ڕۆژ بەم شێوەیە هات و ڕۆشت. بەڵام هەندێک لە کچانی گەڕەک، لە کاتی تێپەڕینی مامۆستادا، قسە و تانەیان تێدەگرت. هەربۆیە کاتێک بۆ نوێژی بەیانی دەچووە دەرەوە، هەتا نیوەی شەو نەبووایە، نەدەگەڕایەوە ماڵەوە. هەتا کۆتایی مانگ بەم شێوەیە بەردەوام بوو. دەبوو هەر زوو بۆ نوێژی بەیانیش هەستێت و نوێژی خەوتنانیش زۆر درەنگ بانگی دەدا. بە لایەنی زۆرەوە، تەنیا دوو کاتژمێر، لە ماڵەوە دەمایەوە. پاشان وتی چیدی پێویست بەوە ناکات کە بۆ دوو کاتژمێر خەوتن لە ماڵەوە، ئەم هەموو کرێیە بدات و بڕوات و بێتەوە.

کەلوپەلەکانی کۆکردەوە و هاتە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی. بڕیاری ئەوەیدا کە لەمەودوا، لە کەناری پەنجەرەی ئەو مزگەوتە بخەوێت. بەم شێوەیە هەتا چووە خزمەتی سەربازی، ماوەی دوو ساڵ و نیو لە کەناری پەنجەرەی ئەو مزگەوتە دەخەوت.

مامۆستا هەر وتارێکی لە مینبەری ئەم مزگەوتە بدایە، سەرەتا لە پانۆی(تەختەڕەش) بەردەم مزگەوتەکە، بە شێوەیەکی کورت ڕوونی دەکردەوە. بەم شێوەیە ئەوەی دەهاتە مزگەوتەکە، پێش ئەوەی گوێ لە وتارەکە بگرن، دەیانزانی کە بۆ چ بابەتێک هاتونەتە ژوورەوە.

ئەم مامۆستایەی هاتبووە ئەو مزگەوتە، زۆر جیاواز لە مامۆستاکانی تر بوو، لە بەردەمی پەنجەرەیەکدا دەخەوت، کە پانیەکەی دوو مەتر و بەرزیەکەی مەتر و نیوێک بوو. شەوانیش هەر لەوێ دەمایەوە. ڕۆژێکیان یەکێک لە دارتاشەکانی ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەی مامۆستا لەسەر زەوی مزگەوتەکە نەخەوێت، لە تەختە جێگایەکی بۆ دروست کرد و پاشان کتێبخانەیەکی خنجیلانەی بۆ دروست کرد کە دوو دەرگای هەبوو. لە شاری ئیدیرنە کە لە وەرزی زستاندا پلەی گەرما دەگاتە ١٥ نمرە لە ژێر سفرەوە، لەبەردەمی ئەو پەنجەرەیەدا بەتانیەکی لە خۆیەوە دەئاڵاند و خەوی لێدەکەوت. شەوانیش لە ژێر تیشکی مۆمێکدا سەیری کتێبەکانی دەکرد و جگە لە کتێبەکانی، هەموو کەلوپەلەکانی بریتی بوون لە دوو بەتانی، دوو دەفر، کەوچکێک، پەرداخێکی چا خواردنەوە، هەندێک لە جلەکانی.

مامۆستا لە یەکێک لە وتارەکانیدا بەم شێوەیە باسی ڕۆژەکانی ئیدیرنەی دەکات”ویستم هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی دروست کارەکەم بەڕێوە ببەم. ویستم لە هەموو هۆکار و ئەگەرێک خۆم بە دوور بگرم کە من توشی دەستەوسانی بکات. ئیدی بەو شێوەیە ڕۆژەکانی خۆمم لە ئیدیرنە بەسەر دەبرد، بەتانیەکم دەخستە ژێر خۆم و بەتانیەکیشم دەدا بە خۆمدا، بە تایبەت لە شەوانی ساردی ئیدیرنە، کە ڕەحمەت بۆ سەرمای سەرلەبەیانی دەنێرێت، هەر بەو شێوەیە ژیانم دەبردە سەر. لەبەر ئەوەی کەمیشم دەخوارد، زۆر کەم خەویشم لێدەکەوت. هەندێک جار چەندین ڕۆژم بەسەردا تێدەپەڕی و شتێکی ئەوتۆم نەدەخوارد. بە ڕۆژیش زیاتر لە یەک دوو کاتژمێر نەدەخەوتم. بە تایبەت هەوڵی ئەوەم دەدا، کە هیچ بەروبومێکی ئاژەڵی نەخۆم”.

“مزگەوتی ئوچشەرەفەلی”

سوڵتان مورادی دووهەم کە دەکاتە باوکی سوڵتان فاتیح محمد، داوا لە موسڵیحیدین ئاغا -یەکێک لە شارەزاترین ئەندازیاری ئەو سەردەمەی ئێدیرنە- دەکات، کە مزگەوتێکی بۆ دروست بکات، وەک وێنەی بەرجەستە کراوی نوێژی جەژن  بێت. لە نێو مزگەوتەکەدا دوو پایەی گەورەی تێدا بێت، کە وەک ئاماژە بە دوو ڕکاتەکەی نوێژی جەژن وەها بێت و، پاشان ٩ گومەزیشی تێدا بێت، وەک ئاماژە بەو ٩ تەکبیرەی لە کاتی نوێژی جەژندا ئەنجام دەدرێت. بەم شێوەیە فراوانی ڕیزی نوێژخوێنان و جوانی ڕیزەکانی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخستە بەرچاوی هەمووان.

موسلیحیدینیش کە مامۆستای میعمار سینان دەبێت، زۆر بە زوویی دەست دەکات بە کارکردن لەسەر ئەم پرۆژەیە، کە لەلایەن سوڵتانەوە خراوەتە بەردەمی. لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا ٧ هەزار کیسە پارە خەرج دەکات، کە وەک دەستکەوت لە کاتی فەتحی ئیمیزردا دەستیان کەوتبوو.

لە دوای ١٠ ساڵ لە کارکردنی بەردەوام، شاکارێکی وەک مزگەوتی ئوچشەرەفەلی یان بورمالی هاتە مەیدانەوە. سوڵتان مورادی دووهەم، لە پێش کردنەوەی مزگەوتەکەدا، چاوی بە هەریەک لە جوبرەئیل، ئیسرافیل و میکائیل دەکەوێت کە لە سەر پلیکانەی مزگەوتەکە وەستاون. سوڵتانیش بۆ ئەوەی مرۆڤەکان پێ نەنێن بەو شوێنانەی کە فریشتەکان لە خەوەکەیدا قاچیان پێدا ناوە، لەلای هەریەکەیانەوە ستونێک بەرز دەکاتەوە.

پاشان ئەم مزگەوتە وەک کلیلی ئیلهامی دروستکردنی چەندین  مزگەوتی تری لێدێت. میعمار سینانیش سەبارەت بە سەرچاوەی ئیلهامی شاکارە ئەندازیاریەکانی دەڵێت” دوو شاکار هەن کە بە نیسبەت منەوە هەمیشە وەک سەرچاوەی ئیلهامم بوون. یەکێکیان ئایاسۆفیایە و ئەوی تریشیان مزگەوتی ئوچشەرەفەلیە”.

ئەم مزگەوتە بە نیسبەت ژیانی مامۆستاشەوە شوێنێکی زۆر گرنگی هەیە. هەروەها مامۆستا سەبارەت بەم مزگەوتە دەڵێت” مزگەوتی ئوچشەرەفەلی؛ بە نیسبەت مزگەوتی سەلیمیەوە ڕۆڵی دایکایەتی بینیوە کە جێگەی شانازی هەموو لایەکمانە و، لە بواری ئەندازیاریدا زەمینەی بۆ سەرکەوتنێکی گەورەی وەها ڕەخساندووە”.

مامۆستا حوسەین تۆپیش سەبارەت بەو مزگەوتە دەڵێت” مامۆستا زۆر کەسێکی زیرەک بوو، پێموایە هەرچیەک ڕوویدابێت و بە هەر پلەیەک گەشتبێت لەلای خودا، هەمووی لە پەنا ئەو پەنجەرەیەی مزگەوتی ئوچشەرەفەلی ڕوویداوە”.

مامۆستا هەمیشە بە نمونەی زیندووانە باسی لە مێژووی ئیسلام دەکرد. مامۆستا زۆر بە باشی پەیامەکانی خوێندبوویەوە و لێیان تێگەشتبوو. عەرەبیەکی باشیشی دەزانی. هەرکەسێک پرسیارێکی لێبکردایە، وەڵامێکی قەناعەتپێکەری دەدایەوە. خەڵک زۆر خۆشحاڵ دەبوون بەو وەڵامانەی  لەلایەن مامۆستاوە دەیانبیست.

سەرەڕای ئەو هەموو ڕووتێکردن و ڕێزەی لەلایەن خەڵکەوە پشان دەدرا، ئەو هەمیشە بە شێوەیەکی خاکی ژیانی بەسەر دەبرد. لە کەنار پەنجەرەیەکی مزگەوت، لەسەر زەویەکە دەخەوت. نە سۆبا داگیرساوە، نە ئاگری لێیە و نە جێگایەکی تایبەت بە خەوتن. ڕێک ژیانێکی چەشنی ئەوەی هاوەڵانی سەردارمانی بەسەر دەبرد.

ڕۆژێک مامۆستا حوسەین تۆپ لێی دەپرسێت” مامۆستا لەبەرچی لەو خانووەی بە کرێ گرتت نەژیاییت و هاتوویت بۆ ئێرە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە نێوان ئەم چوار دیوارەدا ژیان بەسەر ببات. گەر لێرە نەخۆش بکەویت، دایک و باوکتی لێ نیە هەتا بەلاتەوە بن، دوایی دەڵێن مامۆستا حوسەین ئاگایەکی لێینەبوو، ئەمە زۆر دڵتەنگم دەکات. زۆر سەختە بەلامەوە کە تۆ بەم شێوەیە دەژیت”.

مامۆستاش ڕێک بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە” حافزی برا گەورەم، هیچ خەمت نەبێت و متمانەت بە الله هەبێت، مزگەوت وەک ماڵی خودا وەهایە، من ئیمامی ئێرەم و خزمەتی دەکەم، من بەندەی خودام، ئەو خۆی دەمپارێزێت”.

حوسەین ئەفەندی بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی:

زۆر خەفەتم دەخوارد کە مامۆستا بەو شێوەیەی دەکرد. لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی، لە بەردەم پەنجەرەی دەستەچەپی چوونە ژوورەوەی مزگەوتەکەدا، هەڵدەستا و دادەنیشت. شەوێکیان بڕیاری ئەوەمدا کە لەگەڵ مامۆستا بمێنمەوە. ئێوارە بە یەکەوە دانیشتین. پاشان دوو مۆمی داگیرساند و پێکەوە کتێبمان خوێندەوە و قسەمان کرد. لە دڵی خۆمدا وتم: خۆزگە لە شوێنی کاتژمیری کارەبای مزگەوتەکەوە،  هێڵێکی کارەبام بۆ ڕابکێشایە و گڵۆپێکم بۆ هەڵبواسیایە، هەتا بە شێوەیەکی ڕووناکتر بتوانێت کتێبەکانی بخوێنێتەوە. لە لیژنەی فەتواش کارەباچیەکمان هەبوو بە ناوی موستەفا ئیشلەک. منیش ڕۆژێکیان بانگم کرد و وتم” مام موستەفا، مزگەوتی ئوچشەرەفەلی ئیمامێکی هەیە لە ناو مزگەوتەکەدا دەژی، خانوویەکم بۆ بە کرێ گرت، بەڵام تێیدا ئیدارەی نەکرد، هێشتا تەمەنێکی گەنجی هەیە و لە کەناری پەنجەرەی مزگەوت، لەو تاریکیەدا کتێب دەخوێنێتەوە. دەتوانیت لە کاتژمیری کارەباکەی خۆمانەوە هێڵێکی بۆ ڕابکێشیت هەتا لە ژێر گڵۆپێکدا کتێب بخوێنێتەوە”. ئەویش وتی بەسەرچاو مامۆستا.

پێویستی بە ٥ مەتر وایەر و گڵۆپێک هەبوو. وتم با تێچوونەکەی لەسەر حسابی خۆم بێت. وەستاش بە خۆیی و شاگردەکانیەوە دەچێتە مزگەوت و باسی ئەو کارەیان بۆ دەکات کە دەبێت ئەنجامی بدەن. شاگردەکانیشی دوو کەڕی گەنج دەبن، کە ناویان بەهادین و ئەنوەر دەبێت.

شاگردەکانیش لە مزگەوتەکەدا دەست بەکار کردن دەکەن و مامۆستاش لە پڕێکدا بەسەر کارەکەیاندا دێت. کاتێک پرسیاری کارەکەیان لێدەکات، لە وەڵامدا دەڵێن” دەمانەوێت لە کاتژمێری کارەباکەی لای خۆمانەوە ‌هێڵێکت بۆ ڕابکێشین، هەتا گڵۆپێکت بۆ دابنێین”. مامۆستاش دەڵێت: کێ ئێوەی ناردووە؟

لە وەڵامدا دەڵێن: مامۆستا حوسەین بە مام موستەفای وتووە و ئەویش ئێمەی ناردووە.

مامۆستا کەمێک بیر دەکاتەوە و دەڵێت” شتەکانتان کۆ بکەنەوە، من نە گڵۆپم دەوێت نە کارەبا”. پاشان کەمێک لە شاگردەکان توڕە دەبێت و ئەوانیش بە ناچاری کەلوپەلەکانیان کۆدەکەنەوە و دەڕۆنەوە لای وەستاکەیان.

 بە وەستاکەیان دەڵێن کەوا کەمێک بە گژیاندا چووە و نەیهێشتووە گڵۆپی بۆ دابنێن. پاش ٤ ڕۆژ هاتمەوە بیناکەمان و چاوم بە مام موستەفا کەوت، پێی وتم” مامۆستا ئەو هاوشاریەی تۆ زۆر توڕەیە، بە گژ شاگردەکانمدا چووە و نەیهێشتووە گڵۆپەکەی بۆ دابنێن”.

پاش چەند ڕۆژێک چوومە مزگەوتەکەی مامۆستا و نوێژم کرد. کاتێک هاتەوە بەردەم پەنجەرەکەی، لێمپرسی کەوا لەبەرچی نەیهێشتووە گڵۆپەکەی بۆ دابنێن. پێم وت” فەتحوڵڵا ئەفەندی، لەبەرچی بە گژ ئەو گەنجانەدا چوویت، هەم گڵۆپێکیان بۆ دادەنایت و هەم بە هۆی کارەباکەوە تۆزێک خۆتت گەرم دەکردەوە”.

ئەویش بە دەستی ئاماژەی بۆ گڵۆپەکانی مزگەوت کرد و وتی” حافزی برا گەورەم، پارەی کارەبای ئەم مزگەوتە لەلایەن وەقفەکانەوە دەدرێت. منیش نامەوێت لە ژێر تیشکی گڵۆپێکدا دابنیشم کە پارەکەی لەلایەن وەقفەکانەوە دەدرێت”.

 منیش لە بەرامبەر ئەم وەڵامەیدا حەیران مامەوە. سەرم سوڕما لەوەی کە بەو تەمەنە بچوکەیەوە، چۆن خاوەنی هەستیاریەکی وەها گەورەیە. تەمەنی لە بیستەکاندایە و قبوڵی ئەوە ناکات تەنیا گڵۆپێک دابگیرسێنێت کە پارەکەی لەلایەن وەقفی مزگەوتەکانەوە دەدرێت. بەو تەمەنە بچوکەی خۆیەوە دەیزانی وەقف چیە و پارەکانی لەلایەن کێوە دەدرێت و حەزی بەوە نەدەکرد پارەی ئەوان لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنیت. بەو ڕادەیە ڕاستگۆ و هەستیار بوو. بەڵام ئیمام و بانگبێژەکانی ئەو کاتە، بە هیچ شێوەیەک سەرنجیان لە بابەتگەلێکی وەها ورد نەدەدا. ئێستا گەر سەردانی مزگەتەکان بکەیت، ئەوە بە چاوی خۆت دەبینیت، کە چەندین کالیرۆفەر و سپلیت کار دەکەن و چەندین گڵۆپی سورەییای گەورەیان داگیرساندووە و تەنانەت لە کاتی نا پێویستیشدا هەوڵی کوژاندنەوەیان نادەن.

من هەر لەو کاتەوە هەستم بەوە کردووە، کە بنەمای ئەم خزمەتانەی ئەنجام دەدرێت، لەسەر ڕاستگۆیی و هەستیاری مامۆستا هەڵچنراوە. لە کاتی کودەتاکەی ١٩٦٠، مامۆستا لە شاری ئیدیرنە، کەسانێکی زۆری بە چواردەورەوە بوو. زۆر جلی پاکی لەبەر دەکرد. هەندێک جار جلەکانی منی بە دڵ نەبوو، هەمیشە پانتۆڵەکەی دەخستە ژێر جێگەی خەوتنەکەیەوە، هەتا دەقەکەی تێک نەچێت. خواردن و خواردنەوەی نەبوو، بەڵام زۆر بایەخی بە جلەکانی بەری دەدا. ڕێک وەک کەسێکی ئەفەندی دەسوڕایەوە.

من کەوایەکی درێژم لەبەر دەکرد. ڕۆژێکیان پێی وتم: جەنابی حافز ئەفەندی، تۆ وتاربێژیت، ئەم کەوایە لە تۆ نایەت، وەرە با بچین دانەیەکی نوێت بۆ بە کردن بدەین.لەو سەردەمە لەبەر ئەوەی جلی ئامادەکراو نەدەفرۆشرا، جلمان لەلای بەرگدروو دەدا بە کردن. پێکەوە چووین بۆ بازاڕی کوتاڵ فرۆشەکان، قوماشێکی باشمان کڕی بۆ ئەوەی لەلای بەرگدرویەک بۆمان بکات بە پاڵتۆ. بەرگدروکەش بە شیوەیەکی زۆر جوان پاڵتۆیەکی بۆ درووین. ڕۆژێکیان ئەو پاڵتۆیەی منی لەبەر کرد و لە ملیشیدا بۆینباخێک هەبوو.  کڵاوێکی گوڵینکەداری درێژیشی لەسەر کردبوو.  لەبەردەمی مزگەوتی ئوچشەرەفەلیدا وێنەیەکی زۆر جوانی گرت، دەستەکانی لە دواوە دانابوو، ئەو پاڵتۆیەی لەو وێنەیەدا لەبەریدایە، پاڵتۆکەی منە.

“یادەوەریەک سەبارەت بە وتارەکانی ڕۆژی سێشەممە”

کاتێک ئیستەنبول فەتح دەکرێت، مژدەی ئەم هەواڵە گرنگە بە خەڵکی ئیدیرنە دەگات. ئیدی کاربەدەستانی ئەو سەردەمە، لە ڕۆژی گەشتنی ئەو هەواڵە کە ڕۆژی سێشەممە دەبێت، لە مزگەوتی ئێسکی کۆدەبنەوە و نزا دەکەن و قورئان دەخوێنن. پاشان ناوی مزگەوتە دەگۆڕدرێت بە مزگەوتی سێشەممە. دواتر ژنانی ئێدیرنە، هەموو ڕۆژێکی سێشەممە، لەو مزگەوتە کۆ دەبنەوە و خەتم دەکەن و نزا دەکەن. مامۆستا حوسەینیش، ٤٧ هەفتە، لەو مزگەوتەدا وتار بۆ خانمان دەدات. ژنان لە پێش کاتی وتارەکەدا دێنە مزگەوت و زیکر و ویردەکانی خۆیان دەکەن. لە کاتژمێر یانزە هەتا دوانزەی نیوەڕۆش، کاتی وتاردان بوو. پاش ئەوەی گوێیان لە وتار و ئامۆژگاریەکان دەبوو، بۆ ماڵەوە دەڕۆشتنەوە.

مامۆستا حوسەین لە پێش کودەتاکەی ٢٧ ی ئایاردا، ڕۆژێک لە جیاتی خۆی، مامۆستا دەنێرێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممەدا وتار بدات.

مامۆستا حوسەین بەم شێوەیە باسی بەردەوامی ڕووداوەکە دەکات” کۆتایەکانی ١٩٥٩ یاخود سەرەتاکانی ١٩٦٠، لەو کاتەدا لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی، ئیمامەتی دەکرد.   مێزەر و کەواکەی لەبەر کردووە و وتاری بۆ دابوون. هەفتەی داهاتوو دیسان خۆم چوومەوە بۆ وتاردان. خەیریە خانمیش کە هاوسەری یەکێک لە ئەفسەرە خانەنشینکراوەکان بوو، هات بۆلام. ژنێکی زۆر خوێندەوار و خانەدان بوو. زۆر ئاگای لە شیوازی جل و سەرپۆش و خۆداپۆشین بوو. زۆر حەیرانی وتارەکەی مامۆستا بوو بوو. لە شوێنێکیش دادەنیشت کە نزیک لە مزگەوتەکەی مامۆستا بوو، تەنانەت ویستی خانوویەک بە مامۆستا ببەخشێت، بەڵام مامۆستا هەر بە لای ئەو جۆرە تەکلیفەشدا نەچوو.

خەیریە خان منی باش دەناسی، کاتێک دووهەم هەفتە چوومەوە بۆ وتاردان، بانگی کردم و وتی:

کوڕم هەفتەی ڕابردوو، گەنجێک هاتە ئێرە، وتارێکی زۆر سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردین. هێندەی بیستومە لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی ئیمامەتی دەکات. من لەبەر ئەوەی پیر بووم، هەموو هەفتەیەک ناتوانم بەشداری لە وتاری ڕۆژی سێشەممان بکەم. پێی بڵێ ئاخۆ دەتوانێت لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی وتار بۆ ژنانیش بدات. منیش وتم با بە خۆیی بڵێین، گەر قبوڵی بکات، گونجاوە بۆ من؛ پێمان وت و ئەویش قبوڵی کرد.

ئیدی دەستی کرد بەوەی ڕۆژی چوارشەممان لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی وتار بۆ ژنان بدات. منیش ڕۆژی سێشەممە، لە وتارەکەی خۆمدا ژنانم ئاگادار کردەوە لەوەی کە ڕۆژی چوارشەممانیش وتار هەیە لە مزگەوتی ئوچشەرەفەلی.

لە یەکێک لەو ڕۆژانەی وتاری دەدا، منیش سەردانی مزگەوتی ئوچشەرەفەلیم کرد. لە حەوشەکەوە چوومە ژوورەوە و لە دوورەوە مامۆستام بینی کە وتاری دەدا. لەو سەردەمە هێشتا بڵندگۆ نەبوو، بینیم خانمەکان سەریان دانەواندووە و بەو شێوەیە گوێ لە وتاری مامۆستا دەگرن. منیش سەرم سوڕما لەوەی کە بۆچی بەو شێوەیە دانیشتوون. منیش لە کەنارێکەوە هەر سەیری مامۆستام دەکرد. کە وتارەکە تەواو بوو، لە خەیریە خانمم پرسی کەوا بۆچی بەو شیوەیە گوێ لە مامۆستا دەگرن. خەیریە خانیش لە وەڵامدا وتی:

مامۆستا پێش ئەوەی دەست بە وتارەکەی بکات، هەموومانی ئاگادار کردەوە کە پێویستە ڕوو وەربگێڕین و دەموچاوی نەبینین، پێی وتین کەوا پێویستە ئەو دەموچاویان نەبینێت و ئەوانیش سەیری دەموچاوی نەکەن. ئەمە شتێکی زۆر سەیر بوو، من بە درێژایی ژیانم، شتی وەهام نەکردبوو. لە کاتی وتارداندا، ئێمە سەیری ئەوانمان دەکرد و ئەوانیش سەیری دەموچاوی ئێمەیان دەکرد. بەڵام مامۆستا لەم جۆرە بابەتانەدا زۆر هەستیار بوو. هەمیشە خۆی لە هزر و سەیرکردنی کەسی نامەحرەم بە دوور دەگرت. هەربۆیە هەرگیز خۆی لە قەرەی گەڕان لەناو کۆڵانان و پیاسەکردن نەدەدا.

هەربۆیە پاش ساڵانێکی دوور و درێژ، تێگەشتین لەوەی کە ئەم کارانە چەند پێویستە و چۆن بەرهەمێکی دەبێت. هەر لەبەر ئەمەش بوو مامۆستا زۆر بایەخی بە داوێنپاکی خۆی دەدا…

مامۆستا خۆی زۆر بە دوور دەگرت لە شتی حەرام و گوماناوی. لەبەر ئەوەی گومانی لەوە هەبوو کە بە گوێرەی ڕێساکانی ئاینی ئیسلام ئاژەڵان سەرنابڕدرێن، هەرگیز گۆشتی ئاژەڵی نەدەخوارد. هەربۆیە کاتێک سەیری هەستیاری کاتی گەنجێتی مامۆستا دەکەین، بە ئاسانی ئەوەت بۆ دەردەکەوێت، کە خزمەت چۆنی بەم ڕۆژانەی ئیستای گەشت. زۆر بە  دیقەتەوە ژیانی بەسەر دەبرد، نەیدەخوارد و بە برسی تینوێتی دەمایەوە، بەڵام نانی بەشی خەڵک دەدا و جلوبەرگی بۆ دەکڕین.هەروەها هەندێک لەو کتێب و ڕۆژنامانەی بە موچەکەی دەیکڕی، دەیبەخشی بە هەندێک لەو مرۆڤانەی بە گونجاوی دەبینن، هەتا خۆیان پەروەردە بکەن.

بۆ نمونە هەموو ڕۆژێک ١٥ ڕۆژنامەی حوڕئادەم و ٣ دانە لە گۆڤارەکەی نەجیب فازڵ کورەک دەکڕی، لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو چالاکیە کەلتوریەکانی سەردەمی خۆی دەبێت و پەیامی سەفاش یەکێک دەبێت لەو گۆشانەی ڕۆژنامە، کە مامۆستا دەیخوێندەوە. وەک خۆیشی لە یەکێک لە وتارەکانیدا ئاماژەی پێداوە، لەو سەردەمەدا هەر کتێبێکی تازە دەردەچێت، دەیکڕێت و دەیخوێنێتەوە.

“تەنیا ئایدیاڵێک کە خەیاڵەکانیان ڕازاندومەتەوە”

مامۆستا پاڵپشتی هەموو کارێک کەوا خزمەت بە ئاینی ئیسلام بکات، وەک ئەرکی سەرشانی خۆی دەبینی. ئەمەش عادەتێکی مامۆستا بوو کە لە تەمەنە سەرەتایەکانی ژیانیەوە خوی پێوە گرتبوو. ئیدی هەرکەسێک خزمەت بە ئاینی ئیسلام بکات، خۆی بە قەرزاری ئەو کەسە دەزانی. چونکە چوون بە دەم خەمی ئیسلامەوە، تەنیا ئایدیاڵێک بوو کە خەیاڵەکانی ئەوی دەڕازاندەوە.

هەربۆیە ئەو ساڵانەی لە ئیدیرنە ژیانی بەسەر برد، زۆر بایەخی بە بڵاوکراوە ئاینیەکان دەدا.

مامۆستا سەبارەت بە بایەخدانی بە بڵاوکراوە ئاینیەکان دەڵێت” دوو دانە لە ڕۆژنامەی ڕۆژهەڵای گەورە دەهات، منیش داوام کرد کە پێنج دانە بهێنن و بە دەستی خۆم دابەشم دەکرد. ٢٥ دانە لە ڕۆژنامەی حورئادەم دەهات و ئەویشم کرد بە چل دانە، هەموویم بە پارەی خۆم دەکری و دابەشم دەکردن. لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەی حوڕئادەم، بیوک دۆغو، سەبیولوڕەشاد، تاکە دەنگی موسوڵمانان بوو. هەندێک جار دەچوومە لای کەسێکەوە، چایەکم لەگەڵ دەخوارد و پاش ئەوەی قسەمان دەکرد، ڕۆژنامەیەکم پێدەدا. لەو سەردەمەدا ئەم جۆرە خزمەتە زۆر سەخت بوو. چونکە ئەمانە پێشتر باسی لێوە نەکرا بوو. ڕۆژنامەیەکی بیوک دۆغوم دەخستە ناو ڕۆژنامەی جمهوریەتەوە و بەو شێوەیە دەمگەیاند بەو شوێنانەی کە پێویست بوو پێیان بگەیەنم. تەنانەت دەمگەیاند بە شوێنی وەها کە کەسی لێ نەبوو، ئەمەشم بە نهێنی ئەنجام دەدا. بۆ ئەوەی ئەم کارە بە بەردەوامی بکەم، پێویستی بەم جۆرە ڕێکارانە دەکرد. لە نزیکەوە ئاگام لە ڕاگەیاندنەکان بوو. نەجیب فازڵ لەو سەردەمەدا خەریکی هۆندنەوەی ئایدۆلۆژیاکەی خۆی بوو. نوسینەکانی پەیامی سەفا بە گوێرەی کەلتوری ئەو سەردەمە زۆر قورس و دژوار بوون ، بەڵام ئەوانیشم دەخوێندەوە.

هەروەها پەیامەکانی نوریشم دەخوێندەوە و بەسەر خەڵکدا دابەشم دەکردن. کتێبەکانیشم لە مەهمەت شەرگیلی دەکڕی. لە ئیستەنبول و ئەنقەرە کەسی وەهام نەدەناسی. جارێکیان لە مەهمەت شەرگیلیەوە نامەیەکی پڕ ئازارم بە دەست گەشت. نرخی ئەو کتێب و ڕۆژنامانەی بۆی ناردبووم، خۆی دابوو لە ٢٠٠ لیرە. لە نامەکەدا نوسیبوی” ئەمە چۆن برایەتیەکە؟”، ئەو لەسەر حەق بوو، چونکە پارەکەم بەشی ئەو هەموو کتێبە و مەسرەفەکانی تری نەدەکرد. ئیدی یەکسەر قەرزم لە حوسەین ئەفەندی کرد و پارەکەیم بۆ ناردەوە، پاشان مانگانە لە موچەکەم، قەرزەکەی ئەویشم دایەوە”.

“ئەو ژنە پیرە هەرگیز لە بیری ناکەم”

لە ئیدیرنە ژنێکی زۆر پیری لێبوو بە ناوی خەیریە خان، کە تەنیا بە گۆچانەکەی دەستیەوە دەیتوانی بڕوات. ئەم ژنە خێرخوازە، هاوسەری ئەفسەرێکی خانەنشینکراو بوو. لەناو ئەو ژیانە پڕ لە تەنگوچەڵەمەیەی مامۆستادا، تەنیا ئەم ژنە وەک دایکێکی میهرەبان، دەستی یارمەتی بۆ درێژ دەکرد. مامۆستاش بە درێژایی ژیانی ئەم خانمە پیرەی لە یاد نەکردووە:

” ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕێک لە پەنجەرەی مزگەوتی ئوچشەرەفەلی مامەوە، بیریشم نایەت سەرمام بووبێت. هەوای ئیدیرنە هێندەی ئێرزروم ساردە. لە ژوورەوە هیچ ئاگرێکیش دانەگیرسابوو. بەتانیەکم دەخستە ژێرم و دانەیەکیشم دەدا بەسەرما. ژیانم هەروەک ژیانی کۆماندۆیەک وەهابوو. نابێت لە ژوورەوە ئاگر دابگیرسێنیت. ٢-٣ جار لە دەرەوە ئاگرمان داگیرساند و خەیریە خانیش خەڵوزی بۆ دەهێنام. هەموو کاتێک لە نزاکانمدا یادی دەکەمەوە. هاوسەرەکەی وەفاتی کردبوو کە ئەفسەرێکی خانەنشین کراوبوو. ژنێکی خوێندەوار و سەنگین و خانەدان بوو. لەو سەردەمەدا وەک دایکێک هەوڵی پاراستنی منی دەدا. جێگایەکی بۆ هێنام بە زۆر و لەبەردەم پەنجەرەکەدا دایخست. هەندێک جاری خواردنیشی بۆ دەهێنام. منیش حەزم نەدەکرد دڵی بشکێنم و خواردنەکانم لێ وەردەگرت”.

لە ڕاستیدا ئەمەی بەسەر مامۆستا هاتووە، هەمان شتە کە بەسەر ئوستاد سەعید نورسیش هاتووە. لەو سەردەمەی بە دیل دەگیرێت و لە ڕوسیا، لە مزگەوتێکی کەناری ڕووباری ڤۆلگا دەبێت، خانمێکی پیری تەتەر، ئاگای لێدەبێت و  هەمیشە خواردنی بۆ دەبات. هەروەها ئەم خانمە تەتەریە هەندێک جاریش جلەکانی ئوستاد نورسی دەشوات و ئەویش هەمیشە لە نزاکانیدا یادی دەکردەوە.

ئوستاد سەبارەت بەو خانمە دەڵێت” گەر ئەمڕۆ پەیامەکانی نور بەم ئاستە گەشتبێتن کە خزمەتێکی سەرتاسەری لەم شێوەیە بکەن، ئەوا پێویست ڕۆڵی ئەو خانمە پیرە تەتەریەش لەبیر نەکەین و هەمیشە لە نزاکانمدا یادی دەکەمەوە”.

لەو سەردەمەدا ئیدیرنە لە ڕووی ئەخلاقەوە توشی داڕمانێکی گەورە بوو بوو. کچی بانگخوێن و مەلاکانیش لە سەما کردندا لە پێش هەموو کەسێکەوە بوون. هەندێک لە بانگخوێنەکان نوێژیشیان نەدەکرد، بانگ و قامەتیان دەکرد و لە مزگەوت دەڕۆشتنە دەرەوە و گەشتیاریان دەگێڕا بە ناو شاردا. ژیانی مەعنەوی بەم ڕادەیە دەربەدەر بوو بوو. ئیدی گەر ئیدیرنە بەراورد بکەین بە ئێزروم، بینینی ئەم دیمەنە بە نیسبەت مامۆستاوە ڕووداوێکی زۆر سەخت و دژوار بوو. هەربۆیە ناچار بەوە بوو کە لە کەناری مزگەوتدا بمێنێتەوە و، قەڵغانی مەشقی ژیانێکی ڕۆحیانەشی بە دەستەوە گرتبوو. چونکە بە پێچەوانەی ئەمەوە، گەنجێکی خاوەن گوڕ و تین و تاو، نەیدەتوانی داوێنی بە پاکی ڕابگرێت.

تەنانەت کچان دەهاتنە بەردەم پەنجەرەی مزگەوتەکە و ناڕەحەتیان دەکرد، هەربۆیە خەیریە خان لەم کاتانەشدا بە فریای دەکەوت و کچەکانی لێ دوور دەخستەوە.

مامۆستا لە سەردەمی خوێندکاریەوە لە ئێرزروم،  هەندێک جوڵەی وەرزشیان فێر کردبوو کە بەیانیان ئەنجامی دەدا و، مامۆستاش بە هۆی ئەوەی هیچ کاتێک ئەم وەرزشانەی فەرامۆش نەدەکرد، لاشەیەکی پتەوی هەبوو.

هەروەها لەبەر ئەوەی مامۆستا لە ئێرزروم ژیابوو، کە سەرماکەی لە زستاندا قاچت بە زەویەوە دەنوسێنێت، هەمیشە لەسەر ئەوە ڕاهاتبوو،  بە ئاوی سەهۆڵاو خۆی بشوات و بەو شێوەیە بچێت بۆ مزگەوت. وەک خۆیشی دەڵێت” گەر بەم شێوەیە نەبووایە، نەیدەتوانی ژیانێکی کۆماندۆیانە بباتە سەر”.

“ڕۆژانێکی سەخت”

مامۆستا لە ئیدیرنە بە تەنیا دەبێت و پارەیەکی ئەوتۆشی پێنابێت. هەندێک ڕۆژ بە برسی دەخەوێت و بە برسێتیەوە خەبەری دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی کەسێکی خێرخواز بوو، ئەو موچەیەی وەریدەگرت، هەر زوو لە خێرکردن و کارە کۆمەڵایەتیەکاندا سەرفی دەکرد. هەندێک جار پارەی کڕینی نانێکیشێ پێنەدەبوو. جارێکیان ماوەی دوو ڕۆژ نان ناخوات و بە برسێتی دەمێنێتەوە. کاتێک دەچێت بۆ لای حەوزی مزگەوت، هەتا دەستنوێژ بگرێت، ٥ لیرەی ئاسن لەبەر پێیدا دەبینێت، ئەم ٥ لیرەیە هەڵدەگرێتەوە و نانی پێدەکڕێت، پاش ئەوەی موچە وەردەگرێت، ٥ لیرەی تری دەخاتە سەر و ١٠ لیرە دەکات بە خێر و دەیدات بە کەسێکی هەژار.

جارێکی تر چەند ڕۆژێک دەبێت کە نانی نەخواردووە، نوێژی جەژن دەبێت و پێویستە وتار بدات. هیچی دەستناکەوێت جگە لەو کەوچکە هەنگوینەی لە بنی شوشەیەکدا ماوە، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی برسێتیەکەی کاری لێنەکات، کەوچکە هەنگوینەکە دەخاتە دەمیەوە. بەڵام ئەوە نازانێت کە هەنگوین نابێت لەسەر سکی برسی بخورێت و ئەمە توشی دڵهەڵشێوانت دەکات. هەربۆیە لە کاتی وتارداندا زۆر بە پیسی دڵی هەڵدەشێوێت و هەر لسەر مینبەرەکە دەبورێتەوە.

“سەردەمانێک هەبوو کە لە ڕووی ماددیەوە زۆر ناڕەحەت بووم، هەربۆیە ڕۆژانە یەک ژەم خواردنم دەخوارد. لەوە دەچێت دوو ساڵ بەو شێوەیە ژیابێتم. چونکە حەزم نەدەکرد کە دەست لە کەس پان بکەمەوە و شت وەرگرتنم لە کەس قبوڵ نەدەکرد. ئەمە لە ژیانی مەدەنی مندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، لە ڕۆحمدا ئەم هەستە زۆر حاکم بوو”.

“پەروەردەیەکی نەفسی زۆر سەخت”

ڕۆژێکیان مامۆستا حاتەم دەچێتە سەردانی مامۆستا لە ئیدیرنە. کاتێک لەگەڵ مامۆستادا لە باخچەی مزگەوتەکە دانیشتووە و قسە دەکەن، خەیریە خان بە قاپێک هێلکەوڕۆنەوە خۆی دەکات بە مزگەوتەکەدا. مامۆستاش قاپەکەی لە دەست وەردەگرێت و لە کەنارێکەوە دایدەنێت. بەڵام مامۆستا حاتەم زۆر برسی دەبێت. بەرگەی ئەوە ناگرێت کە تۆزێکی تر چاوەڕێ بکات و بە مامۆستا دەڵێت:

پێش ئەوەی هێلکەوڕۆنەکە سارد ببێتەوە با بیخۆین.

مامۆستاش کەمێک دەوەستێت و دەڵێت: تۆ کەمێکی لێبخۆ، بەڵام هەمووی مەخۆ، چونکە منیش پێویستم پێیەتی.

مامۆستا حاتەم دەست دەکات بە خواردنی هێلکەکە و کەمێکیش بۆ مامۆستا دەهێڵێتەوە. پاشان مامۆستا حاتەم بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکات” سەرەتا وامزانی مامۆستا هێلکەکە دەخوات. بەڵام ماوەی ٣ ڕۆژ دەمی لە هێلکەکە نەدا، هەموو ڕۆژێک لەسەر تەباخەکە گەرمی دەکردەوە و بۆنی پێوە دەکرد. بەڵام هیچی لێ نەدەخستە دەمیەوە، دوایی تێگەشتم مامۆستا لە ڕێگەی بۆنی هێلکەوڕۆنەکەوە، نەفسی پەروەردە دەکات”.

لەو ڕۆژانەدا مامۆستا بە تەواوی خۆی دەداتە دەست عیبادەت کردن. زۆر بە کەمی دەچووە دەرەوە. کەمی دەخوارد و کەم دەخەوت. هەندێک جار بە هەفتە شتێکی ئەوتۆی نەدەخوارد و بە تەواوی خۆی لە بەروبومە ئاژەڵیەکان  بە دوور دەگرت. هەندێک جار شەوانە زیاتر لە کاتژمیرێک نەدەخەوت.

بەڵام ئەم مەشقە سەختە ڕۆحیە، لاشەی مامۆستای بە تەواوی پەرێشان کرد. بە تایبەت لەو کاتانەی کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ نانێکی ئەوتۆی نەدەخوارد، ئیدی لاشەی توانای بەرگە گرتنی نامێنێت. کاتێک نەخۆش دەکەوێت، بردیان بۆ نەخۆشخانە. ماوەی ١٥ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بوو. لەو کاتەدا دەبیستێت کەوا باوکیشی نەخۆش کەوتووە، ئیدی ئەمە بە تەواوی دڵتەنگی دەکات. لەو ڕۆژانەدا چەندین پارچە شیعر دەنوسێت و هەموویان لە دەفتەرێکدا کۆ دەکاتەوە. پاشان نامەیەکی لە باوکیەوە بە دەست دەگات کە تێیدا نوسیوێتی” بە نیسبەت منەوە وەک منداڵەکانی حەزرەتی یەعقوبتان لێهاتووە”. واتە ئەو حەسرەتەی توشی باوکی بوو بوو، بیری حەسرەتەکەی حەزرەتی یەعقوبی دەخستەوە.

مامۆستا کاتێک لە نەخۆشخانە هاتە دەرەوە، دیسان لە کەناری پەنجەرەکەی ئوچشەرەفەلی جێگیر بوویەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *