دەستبەتاڵ دەرچوونی ئەوانەی هەوڵی لەناوبردنی خزمەت دەدەن

 

“ئەو کەسانەی ڕەشەبای ٢٨ شوباتیان خستە پاڵ خۆیان و هەوڵی لەناوبردنی مامۆستایان دەدا، دەبوو جارێکی تر دەستبەتاڵ دەربچنەوە”

 

قۆناغی دادگایی کردنی مامۆستا

دوای ئەوەی عەلی کرجا بێژەری کەناڵی ATV لە ١٨ ی حوزەیرانی ١٩٩٩ لە ڕوماڵی هەواڵەکانی سەر لە ئێوارەدا، کاسێتێکی دێرینی مامۆستای بڵاوکردەوە، کە لە مۆنتاژی وتارە کۆنەکانی پێکهاتبوو، گەردەلول و لە سێدارەدانی بێ دادگاییکردنی مامۆستا دەستی پێکرد و ماوەی دوو هەفتە بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕی…

لەم کاتەدا پرۆفیسۆرێکی تەمەن ٦٠ ساڵی ئەمەریکی بە ناوی لیۆنێرە مارتین ڕووی لە تورکیا کرد، کەوا لە زانکۆی هارڤاردی شاری بۆستۆن کاری دەکرد و، ئەویش یەکێکە لەو زانکۆیانەی کەوا لە سەرتاسەری دونیادا خاوەنی پرێستیژێکی گەورەیە.

ئەم پڕۆفیسۆرە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ئەو مشتومڕەی لە دوای بڵاوکردنەوەی کاسێتەکەی عەلی کرجا سەبارەت بە مامۆستا دروست بوو بوو، ڕووی لە تورکیا کردبوو.

ئەم پڕۆفیسۆرە ئەمەریکیە سەرەتا سەردانی هەریەک لە ڕۆژنامەکانی حوڕیەت و سەباحی کرد. لەگەڵ نوسەران و سەرپەرشتیارانی هەردوو ڕۆژنامەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدا. سێهەم چاوپێکەوتنیشی لەگەڵ عەبدوڵا ئایمازی سەرنوسەری ڕۆژنامەی زەماندا بوو.

مارتین لە هۆتێلی فۆر سیزنی شاری ئیستەنبول کەوا لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدەوە نزیکە، چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئایماز ئەنجامدا.

پڕۆفیسۆر مارتین لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” چالاکیە پەروەردەییەکانی فەتحوڵڵا گولەن شتێکی جوانن، بەڵام کاسێتە کۆنەکانی ئەوە پشان دەدەن کەوا نیازی گرتنە دەستی دەوڵەتی هەیە”، کەسانێک هەن بانگەشەیەکی لەو شێوەیە دەکەن. یەکێک لە نوسەرەکانی ڕۆژنامەی سەباح ئەمەی بە من وت”.

عەبدوڵا ئایمازیش، لە پێش ئەوەی باسی کاسێتی وتارەکانی مامۆستا بکات، باسی لە سەرئەنجامی ڕاپرسیەک کرد کەوا لەلایەن زانکۆی ئەنەدۆڵو ئەنجامدرابوو. بە گوێرەی ئەو ڕاپرسیە، لە ٪٨٦ کۆمەڵگای تورکی بە شێوەیەکی ئەرێنی لە بزاڤەکەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنیان دەڕوانی. ئایماز لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” ڕاپرسیەکی تریش هەیە کەوا لە دوای ڕووداوی بڵاوکردنەوەی کاسێتەکان ئەنجامدراوە و، لەلایەن ڕۆژنامەی حوڕیەتەوە بڵاوکراوەتەوە و لەوێشدا چاومان بە هەمان ئەنجام دەکەوێت کەوا لە ڕاپرسیەکەی پێشوودا هەیە”. پڕۆفیسۆر مارتینیش بە دیقەتەوە گوێی لێگرتبوو.

ئایماز هۆکاری سەرئەنجامی ڕاپرسیەکەی بۆ ئەوە دەگێرایەوە، کە کۆمەڵگای تورکیا مامۆستای لە ڕێگەی کاسێتی وتارەکانیەوە بە باشی ناسیوە. هەروەها  هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕایەوە، کەوا بەشێکی گرنگی خەڵک، منداڵەکانیان لەو خوێندنگانە دەخوێنن کەوا مامۆستا لە کردنەوەیاندا دەستپێشخەری کردووە، بە هەمان شێوە لەو بەشە ناوخۆییانە دەمانەوە کەوا لەلایەن هاوسۆزانی مامۆستاوە بونیاد نرابوون.

هەروەها یەکێکی تر لە هۆکاری دەرچوونی سەرئەنجامێکی لەو شێوەیە لە ڕاپرسیەکاندا، بریتی بوو لە چۆنیەتی ئەو تێڕوانینەی مامۆستا بۆ ئیسلام کە لەلایەن خۆیی و بزاڤەکەیەوە نوێنەرایەتی دەکرا، پاشان بۆ ماوەی ١٤ ساڵ، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی زەمانەوە بۆ کۆمەڵگا دەگوازرایەوە، کەوا یەکێک بوو لە کاریگەرترین ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕەوتی نەریتپاریزی تورکیا. ڕۆژنامەی زەمان کەوا لە ساڵی ١٩٨٦ بە چەند هەزار تیراژێکەوە دەستی بە ژیانی خۆی کرد، لە ساڵی ١٩٩٠ گەشتە نزیکەی ٥٠٠ هەزار تیراژ و، لە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بە دیقەتەوە سەرنجی بڵاوکراوەکانی دەدرا. لەلایەکی ترەوە کەناڵی سامانیۆڵو، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٥ وتارەکانی مامۆستای بڵاودەکردەوە کەوا لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩١ پێشکەشی کردبوون.

ئەم شتانەی کەوا ئایماز باسی کردن، بە نیسبەت پڕۆفیسۆرە ئەمەریکیەوەکە زانیاریگەلێکی نوێ بوون. بە دیقەتەوە گوێی لە وتەکانی ئایماز دەگرت و تێبینی دەنوسی.

“ئەو سیناریۆیەی کەوا پەنجەی پێدا نرابوو”

پڕۆفیسۆرە ئەمەریکەیەوە لە ئایمازی پرسی:” باشە، ئەوانەی لە دژی گولەنن لەبەرچی هێندە بە سەختی دوژمنایەتی دەکەن؟”.

ئایمازیش لە وەڵامدا وتی:

“ئەوانەی پەنجەیان بە دوگمەی ئەم سیناریۆیەدا ناوە، پێیان وەهایە گولەن ٣ تاوانی هەیە، ئەمە یەکێک لەو ڕۆژنامەنوسانە بۆیان باسکردم کەوا خۆی پەیوەندی لەگەڵ جەماعەتی سیناریۆکەدا هەیە”. پڕۆفیسۆرەکە ئەمەریکیەکەش هەیەجان گرتی. هەربۆیە دەستی کرد بەوەی زیاتر بە دیقەتەوە گوێ لە ئایماز بگرێت.

ئایماز بەم شێوەیە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو:

” بە گوێرەی ئەوانەی پەنجەیان بە دوگمەی ئەم سیناریۆیە ناوە، یەکەم تاوانی گولەن بریتیە لەوەی لە ساڵی ١٩٩٦چاوی بە بارسەلەمۆسی پاتریکی کڵێسەی فەنەر ڕوم کەوتووە. ئەوان پێیان وەهایە چاوپێکەوتنی گولەن لەگەڵ بەرسەلەمۆس پێشێلکردنی ڕێکەوتننامەی لۆزانە. ئەوان دەڵێن” بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی لۆزان کەوا تورکیای بە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناساندووە، دوای چاوپێکەوتنەکەی گولەن و پاتریکی کڵێسەکە، پاتریکخانەی کڵێسەی فەنەر ڕووم، وەک کڵێسەیەکی کڵێسەیەکی گەورەی لێهات و ، پاتریک بەرسەلەمۆسیش کەوا ڕابەری دینی ڕۆمەکانەی ئیستەنبولە، وەک سەرۆکی دونیای ئۆرتادۆکسی لێهات، واتە بوویە ئێکومەنیک”.

 بە گوێرەی ئەوانەی پەنجەیان بە دوگمەی ئەم سیناریۆیەدا ناوە، دووهەم تاوانی گولەن، بریتیە لەوەی گولەن لە ساڵی ١٩٩٨ چاوی بە پاپای ڤاتیکان کەوتووە. ئەوان دەڵێن” گولەن خۆی بە چی دەزانێت وەها چاوپێکەوتن لەگەڵ پاپا ئەنجام دەدات؟ چی حەقێکی هەیە هەتا کاری وەها ئەنجام بدات؟ ئایا خۆی بە خەلیفەی جیهانی ئیسلام دەزانێت؟”. هەروەها بە گوێرەی ئەوان،  سێهەم تاوانی گولەن ئەوەیە پشتگیری ئەمەریکا دەکات. گولەن لە ڕێپۆرتاژێکدا کەوا لە ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ ڕۆژنامەنوس نەوال سێڤیندی ئەنجامیداوە دەڵێت” کەشتی دونیا لە ئێستادا کاپتنێکی هەیە، سەردەمانێک عوسمانیەکان بوون، بەڵام لە ئێستادا ئەمەریکایە”، ئەم قسەیەی گولەن وەک نیشانەی پشتگیریەکەی پشان دەدەن.

بە گوێرەی تێروانینەکانی ئایماز، ئەوانەی لە دژی مامۆستا پەنجەیان بە دوگمەی ئەو جۆرە سیناریۆیانەدا نابوو، بریتیە لە هاوپەیمانێتیەکی نێوان گۆڕانخواز و چەپ و ڕەوتی نەتەوەیی تورکیا. ئەمانەش لە دامودەزگا جیاوازەکانی دەوڵەتدا لایەنگرانی تایبەت بە خۆیان هەبوو. کاتێک حاڵ بەم شێوەیە بوو، قسەیەکی وەک ئەوەی دەوترا” دەوڵەت لە دژی گولەن دەستی بە دوگمەدا ناوە” تێڕوانینێکی هەڵە بوو کەوا ڕای گشتی تورکیای بە هەڵەدا دەبرد. چونکە چاوپێکەوتنی مامۆستا لەگەڵ بەرسەلەمۆسی پاتریکی فەنەر ڕووم، لەلایەن ئیلهان کڵچی سکرتێری گشتی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەی تورکیا پشتگیری دەکرا، چاوپێکەوتنی مامۆستاش لەگەڵ پاپا لەلایەن بولەنت ئەجەویدی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیاوە پاڵپشتی لێدەکرا. تۆمەتی پشتگیریکردنی ئەمەریکا، یەکێک بوو لەو تۆمەتانەی بە درێژایی چەندین ساڵ، لەلایەن گروپەوە چەپەکانەوە ئاڕاستەی حکومەتە جیاوازەکانی تورکیا دەکرا. پڕۆفیسۆر مارتن دوای ئەوەی ئەم قسانەی ئایمازی تۆمار کرد، پرسیارێکی لەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئایماز کردەوە” ئەو ڕۆژنامەنوسانەی تر کەوا قسەم لەگەڵدا کردوون، دەسخۆشی لە خوێندنگە و چالاکیە پەروەردەییەکانی مامۆستا فەتحوڵڵا دەکەن. دەڵێن گولەن هەتا ڕادەیەکی زۆر کێشە پەروەردەییەکانی ناوخۆی تورکیا چارەسەر کردووە. بەڵام لە تورکیادا کەرتی تەندروستیش کێشەیەکی گەورەیە، لەبەرچی لەم بوارەشدا هیچ کارێک ئەنجام نادات؟”.

ئایمازیش لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا مامۆستا هانی چارەسەری کێشەکانی کەرتی تەندروستی تورکیا دەدا و، لە ژێر ڕۆشنایی ڕێنمایەکانی ئەودا لە هەریەک لە شارەکانی ئیستەنبول، ئەنقەرە، ئیزمیر، کۆنیا و ئێرزروم نەخۆشخانە کراوەتەوە. پاشان مارتین پرسیارێکی تری ئاڕاستەی ئایماز کرد و وتی” باشە گولەن هیچ پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوون لە تورکیادا هەیە”، وەڵامی ئایماز لەم کاتەدا نەخێر بوو. چونکە چارەسەری کێشەی” نەبوونی مرۆڤی سەمیمی” لە پێشینەی کارەکانی گولەن بوو، کەوا تەواوی دونیا و تورکیاش زۆر ئاتاجی بوون. بە گوێرەی وتەکانی ئایماز، دادوەر مەتە نوح، سەرۆکی دادگای ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، یەکێک بوو لەو کەسانەی کەوا پەنجەیان بە دوگمەی ئەو سیناریۆیەدا نابوو، هەتا ڕێکەوتی ٣١ ی ئابی ٢٠٠٠ کەوا یەکەم داوای لەسەر مامۆستا کردەوە، نزیکەی ١٤ مانگ ئامادەکاری بۆ ئەو دۆسیەیەی کردبوو. لەم ماوەیەدا، تەقینەوە لەو هەواڵەنەدا ڕوویدا کەوا لە دژی مامۆستا بڵاو دەکرایەوە. بۆ نمونە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠، ژمارەی ئەو هەواڵانەی هەتا ڕێکەوتی دەستپێکردنی هێرشە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکە کەوا لە دژی خزمەت و مامۆستا بڵاوکراوەتەوە، تەنیا ٢١٧ هەواڵ ئامادە کراوە. بەڵام لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨- ٢٠٠٠ ئەم ژمارەیە بۆ ٢٩٠٣ هەواڵ بەرز بووەتەوە، ئەمەش ئەوەی پشان دەدا کەوا پێش دەستپێکردنی قۆناغی دادگایکردنی مامۆستا، بە شێوەیەکی سیستەماتیکی هەوڵی لەناوبردنی مامۆستا و خزمەت، دەستی پێکردبوو.

هەتا ئەو کاتەی مەتە یوکسەل داوای لە دژی مامۆستا کردەوە، تەواوی کتێب، وتار و نوسراوی ناو ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆن و گۆڤارەکان، ئاماژەیان بەوە دەدا کەوا مامۆستا “دوژمنی کۆماری تورکیا” یە. بە گوێرەی تێڕوانینی کۆمەڵێک گروپی نا-ڕەسەن، بابەتی ئەوەی مامۆستا خۆی کەسێکی دیندارە و لە هەمان کاتدا باوەشی بۆ چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کردۆتەوە لە چەپڕەوەوە بۆ ڕاستڕەو، لە دیندارەوە هەتا ئەتەیست، بە مەترسی دەبینرا.

گەورەترین ئامانجی دادوەر مەتە یوکسەلیش ئەوە بوو، بڕیاری دەستبەسەرکردنی مامۆستا دەربکات و، بەم هۆیەوە پێگەی مامۆستا لە کۆمەڵگادا بهەژێنێت. هەربۆیە مەتە یوکسەل لە ڕێکەوتی ٣ ی ئابی ٢٠٠٠، دۆسیەیەکی لە دادگای ژمارە یەکی ئەنقەرەی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی، لە دژی مامۆستا جوڵاند و، بە شێوەیەکی غیابی فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ مامۆستا دەرکرد.

ئەم جۆرە دۆسیانەش لەلایەن کۆمەڵێک دادوەرەوە سەرپەرشتیاری دەکرا، کەوا لە تورکیادا بە “دادوەری ئیحتیات” ناو دەبرێن. ڕەمەزان ئاکسانیش کەوا یەکێک لە دادوەرە ئیحتیاتەکان بوو، ئەم داوایەی دادوەر یوکسەلی لە ڕێکەوتی ٧ ی ئابی ٢٠٠٠ ڕەتکردەوە. مەتە یوکسەل ڕۆژی دواتر لە دادگای ژمارە دووی ئەنقەرە، تانەی لە بڕیارەکەی دادوەری دادگای ژمارە یەک دا. دادگای ژمارە دوو، لیژنەیەکی سێ کەسییان لە هەریەک لە حوسەین ئێکەنی سەرۆکی دادگاکە و، یونس کەرەبیکئۆغلو و مەهمەت مەراشی ئەندامی هەمان دادگا پێکهێنا، لە ڕێکەوتی ١١ ی ئابی ٢٠٠٠، داواکەی یوکسەلیان قبوڵ کرد. هەربۆیە بە شێوەیەکی غیابی بڕیاری دەستبەسەر کردنیان بۆ مامۆستا دەرکرد.

پارێزەرەکانی مامۆستاش لە ڕێکەوتی ١٦ ی ئاب تانەیان لە بڕیارەکەی دادگا دا. دەبوو تانەی پارێزەرەکانی مامۆستا لەلایەن لیژنەیەکی سێ کەسی دادگای ژمارە یەکەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. ئۆرهان کەرەدەنیز سەرۆکی دادگای ژمارە یەک و سورەییان گۆنول ئەندامی هەمان دادگا، لەو کاتەدا پشووی ساڵانەی خۆیان وەرگرتبوو. تەنیا یەک ئەندامی دادگای ژمارە یەکی لێمابوو، کە ئەویش ئیسماعیل تریاکی بوو. بۆ ئەوەی دادگاکە بڕیار بدات، پێویستی بەوە دەکرد لیژنەیەکی ٣ کەسی پێکبهێنرێت. خۆ گەر نەتوانرایە لیژنە پێکبهێنرێت، ئەوا دادگاکە دەبوو دۆسیەکە ڕەوانەی نزیکترین دادگای ئاسایشی نەتەوەیی بکات. هەربۆیە ئیسماعیل تریاکیش دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای ژمارە یەکی ئیستەنبول کرد. لە ئیستەنبوڵیش دادگای ژمارە دوو،  دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو کەوا سەیری ئەم جۆرە دۆسیانەی دەرەوەی ئیستەنبول بکات. دادگا پێش ئەوەی بە دۆسیەکەدا بچێتەوە، داوای لە سەرۆکی داواکارانی دادگا کرد، کەوا سەبارەت بەو دۆسیەیە ڕای خۆی بڵێت. ئەویش لە وەڵامدا وتی” بڕیاری دەستبەسەر کردنەکەی دروست نیە”. دادگای دووهەمی ئیستەنبوڵیش لە ڕێکەوتی ٢٨ ی ئابی هەمان ساڵ بڕیاری دەرکرد. دوای ئەوەی لیژنەیەکی ٣ کەس لەلایەن دادگای ژمارەی ٢ ئیستەنبوڵەوە پێکهێنراوە، بڕیاری لیژنەکە لە بەرژەوەندی مامۆستا کۆتایی هات. بەم شێوەیە بڕیاری دەستبەسەرکردنی مامۆستا هەڵوەشێندرایەوە.

بەڵام مەتە یوکسەل داواکاری گشتی دادگای ئاسایشی نەتەوەی ئەنقەرە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی تەواو کرد و، لە دادگا داوای لە دژی مامۆستا جوڵاند. داواکاری گشتی لە دۆسیەکەدا داوای سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ مامۆستا کردبوو، هەروەها دادگای ژمارە دووی ئەنقەرەش دۆسیەکەیان بەڕێوە دەبرد.

لەو کاتەدا زانکۆی بیلکەنت کەوا لەسەر ئاستی تورکیا یەکێکە لە هەر زانکۆ پێشکەوتووەکان، ڕاپرسیەکی بڵاوکردەوە و، ئەنجامی کۆتایی بریتی بوو لەوەی زۆرینەی خەڵکی تورکیا پێیان وەهابوو، بیروڕاکانی گولەن، سەقامگیربوونی پرۆسەی بە دیموکراسی بوونی تورکیا جێگیرتر دەکات. هەروەها یەکێک لە تێزەکانی زانکۆی بۆغازئیچیش هەمان دەرئەنجامگیری خستبوویە ڕوو.

یوکسەل مەتە وەک داواکاری گشتی دۆسیەکە، کەوا لە ڕێکەوتی ١٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٠ دەستی پێکرد، لە کۆی ١٤ دانیشتنی دادگا کە هەتا ڕێکەوتی ٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ خایاند، لە هەشتیاندا داوای ئەوەی دەکرد کەوا مامۆستا دەستبەسەر بکرێت. بەڵام ئەم داوایەی داواکاری گشتی، لەلایەن دادوەری دادگای ئەنقەرەوە ڕەتکرایەوە.

لە یەکێک لەو ڕاپۆرتانەی کەوا نوح مەتە یوکسەل لە داواکەیدا بەکاریهێنا، بە شێوەیەکی زۆر توند سوکایەتی بە پێغەمبەری سەردارمان دەکرا. لە ڕاپۆرتێکی ١٨ لاپەڕەیدا کەوا لە ڕێکەوتی مانگی ئازاری ١٩٩٨ وە دەستاو دەستی پێدەکرا و لە ژێر ناوی ” فەتحوڵڵا گولەن، دوێنێ و ئەمڕۆ و ئامانجی” ئامادەکرابوو، بە تایبەت لە دوو لاپەڕەیی کۆتایدا بە ئاشکرا سوکایەتی بە پێغەمبەری سەردارمان دەکرد و تێیدا دەڵێت” چیرۆکخوانێکە کەوا پێش ١٤٠٠ ساڵ ژیاوە و بانگەشەی ئەە دەکات کەوا لەگەڵ خودادا قسەی کردووە”. بە گوێرەی ئامادەکارانەی ڕاپۆرتەکە، کتێبی پیرۆزی دینی ئیسلام کەوا قورئانی کەریمە، لە دوای وەفاتی سەردارمان لەلایەن لایەنگرانیەوە کۆکراوەتەوە و پیرۆزییان داوەتە پاڵ چیرۆکەکانی. هەروەها لە ١٦ لاپەڕەی یەکەمی راپۆرتەکەدا باسی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن دەکات و سوکایەتی ئاشکرای وەک  بەکارهێنانی دەستەواژەی”نەخۆشی ئەقڵ” تێدایە. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکرا کەوا ڕاپۆرتەکە لەلایەن لیژنەی “لیژنەی کاری ڕۆژئاوا” ی سەر بە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆنەپەرستی ناو سوپای تورکیا، ئامادە کراوە.

بارودۆخەکە بە تەواوی شڵۆق بوو. ئەگەر ئەم ڕاپۆرتە ڕاست بووایە، ئەمە بە واتای ئەوە دەهات کە دەوڵەت لە ڕێگەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنەوە جەنگی لە دژی ئاینی ئیسلام ڕاگەیاندووە. بەڵام سەرۆکایەتی سوپای تورکیا لە ڕێکەوتی ٢٥ ی حوزەیرانی ١٩٩٩، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ڕاپۆرتی ناوبراو بڵاوکردەوە. سەرۆکایەتی سوپاسالاری تورکیا لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت” ئەوانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم ڕاپۆرتە ساختەیەوە سوپای تورکیا وەک دوژمنی دین پشان بدەن، کەسانێکی ئاست نزم و بێبەش لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقین. ئەو ڕۆژنامە و دەزگا مێدیاییانەی بەشێک یان هەموو ڕاپۆرتەکەیان بڵاوکردۆتەوە، هیچ بەشێکی لەلایەن سوپای تورکیاوە ئامادە نەکراوە و لە هەمان کاتدا هیچ کاسێتێکیش بە تەلەڤیزیۆنەکان نەدراوە”.

باشە ئەگەر هەبوو کەوا ڕاپۆرتەکە لەلایەن هەندێک کەسی سەر بە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە ئامادە کرابێت؟ لیژنەی ئاسایشی تورکیاش لە هەمان ڕۆژدا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێدا وتی” ڕاپۆرتەکە هیچ پەیوەندیەکی بە ڕاستیەوە نیە، بەڵکو بە ئامانجی بزواندنی هەستی دینی خەڵکە”. 

ئەو سەرئەنجامی لەم ڕوونکردنەوەیە دەکەوتەوە بریتی بوو لە:

سوپاسالاری تورکیا، خۆی نەکرد بە خاوەنی ئەو ڤیدیۆ و کاسێتانەی کەوا پێش ١٤ مانگ بەر لە دەستپێکردنی دۆسیەکەی دادگا لە ستۆدیۆ ئامادەکرابوو، دواتر لە مێدیا گەورەکاندا لە ژێر ناوی ” ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری” بڵاوکرایەوە. هەربۆیە جارێکی تر ئەو کەسانە دەستبەتاڵ دەرچوون کەوا ڕەشەبای ٢٨ ی شوباتیان خستبوویە پاڵ خۆیان و هەوڵی ئەوەیان دەدا مامۆستا لەناو ببەن.

مێژوو لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ ئەو زوڵمەی بەرامبەر خزمەت دەکرێت بە تەواوی وردەکاریەکانیەوە تۆماری کردووە، لەمڕۆشدا بە وردەکاری زیاترەوە تۆماری دەکات و، بەوپەڕی ڕوونی خۆیەوە دەیخاتە بەردەمی نەوەکانی سبەینێ…

       

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *