جەژنی قوربان 08/12/2008

جەژنی قوربان لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی ئیسماعیلەوە، هەمیشە وەک سیمبولی قارەمانێتی، فیداکاری، لەخۆبوردویی هاتووە. جەژنی قوربان چەشنی ئەو کاتەی سوپاکان بەرەو مەیدانی جەنگ دەڕۆن، بە دەنگێکی زوڵاڵی تەکبیرکردنەوە دێت و، دەنگ و سەدای لە هەموو لایەکەوە بەرز دەبێتەوە. لەم کاتانەدا هەم دەنگی مۆسیقا و شیعر، هەم دەنگی ڕاگەیاندنی حەق بە هەزاران جۆر دەربڕینی زوڵاڵ، پێکەوە بە ناو یەکدا دەچن.

لە جەژنی قورباندا ماڵەکان، کۆڵانەکان، پەرستگاکان، شاخەکان و داروبەرد، بە هۆی دەنگی تەکبیرەوە دێنە لەرزە و دەناڵێنن. ئەو تەمجیدانەی بە نەغمەیەکی لەهۆشبەرانە لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز دەبنەوە، شەپۆل شەپۆل هەتا نێو ماڵەکانمان دێن، گوند-شار، شار-شارۆچکە، پێدەشت-پاوانەکان لەگەڵ باعەی مەڕ و بزندا دەلەرزێن. لەم تافە پیرۆزەی زەماندا، وەک ئەوە وەهایە هەموو کەس و شتێک لە هەموو شوێنەکان، هاتبێتنە زمان و قسە بکەن. شاخی عەرەفاتیش وەک مەیدانی مەحشەر جمە و قوڵپەی دێت، وەک مەیدانی لێپرسینەوە لە نێو هەستەکانی نیگەرانی و هیوادان…هەروەها بە پەرۆشی و هەڵەداوانی کەسەکانی نێو موزدەلیفە و مینا لورەی دێت. کەعبەش، وەک دڵی ناو سینەی ئەوانەی بە حەسرەت سوتاوە و تینوی لێخۆشبونن، لێدەدات. تەواوی ئەم دەنگ و هەناسانەش، وەک هاواری بەڕێزترینی بەندەکان کەوا لە بەردەمی دیوانی حەقدا وەستاون، دەڕوات و خۆی دەگەیەنێتە بەردەمی دەرگای ئەودیوەکان(ما وراء). چەشنی ئەوەی ئەم دەنگانە غەمزەی ئەبەدیەت بن، وەک ئەوەی بێسنوری هەستەکانمان، بێ کۆتایی خولیاکانمان بن دەرببڕن، تەواوی گەنجینەی هەستەکانمان دەکرێنەوە… ئیدی تەواوی هەستە مەحرەمەکانمان چەشنی دانەی ئەو تەسبیحانەی پەتەکانیان پچڕاوە، بە هەرچوارلادا بڵاو دەبنەوە. چەشنی ئەوەی گوێمان لەم دەنگە ئەفسوناویانە بێت کەوا لە هەرچوارلاوە قوڵپەیان دێت و بەرەو قاتی جەنابی حەق بەرز دەبنەوە و، لە دڵەکانماندا  چەشنی شنەبای بەهەشت هەست بە شەوق و شادیەکەی بکەین، وەک ئەوەمان لێدێت کە شەربەتێکی زیندووکەرەوەی چۆڕاوە لە (عەشق، شەوق، ئەفسونی جەژن) بنۆشین.

لەو لوتکانەی کەوا دڵەکانمان لە ڕێگەی شعوری بەندایەتیکردن بۆ  جەنابی حەق و بوونە جێدەرکەوتی ئیمان بۆی بەرز بوونەتەوە، سەیری ئەو ڕێگایە دەکەین کەوا گرتوومانەتە بەر،  کتێبی قەدەرمان دەخوێنینەوە و دەڵێین” ئا ئەمەیە قەدەر” و زەردەخەنە بەسەر بەختی خۆماندا دەبارێنین. تامی ئەم بوونە جێدەرکەوت و بەهرانەی پێماندراوە، چێژەکانیان بە شیوەیەکی وەها ناسک خۆیان لە ڕۆحەکانمان دەئاڵێنن، ئیدی چاوەکانمان بە سوپاسگوزاریەوە دەکرێنەوە و دادەخرێن، هەستەکانمان چەشنی بەهار سەوز دەبن. لە پڕێکدا ئەو ئیلهامانەی کەوا بە دڵەکانمان دەگەن، ئەو نزا، موناجات و پاڕانەوانەی کەوا باڵی چاودێری ئەویان پێوەیە و لە ڕۆحەکانمانەوە بەرەو ئەولاکان بەرز دەبنەوە، دەگەن بە حاڵ و کاریگەر و واتایەکی ئاسمانی وەها، کە سروشتی ئێمە تێبپەڕێنن. ئیدی بە شێوەیەکی لێدێت، هەموو کاتژمێرێکی نوێ، هەموو خولەکێکی نوێ، هەموو کار و ئیمکانێکی نوێ لە ڕەهەندێکی قوڵتردا ژیانی تێدا دەگوزەرێت، وەک بەهایەکیان لێدێت کە شایەنی ئەوەبن بە شعورێکی زیاترەوە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت؛ ئەو ویژدانانەشی کەوا بە چێژە ڕۆحانیەکان جۆشیان سەندووە، دەڵێن ” پەروەردگارا زیادی بکە” و دەیانەوێت مەستتر ببن.

ڕۆژەکانی جەژن، کاتێک لە هەرێمی خۆشی-شادی دین و نەریتە مەشروعەکاندا، خۆیان لە نەشوەی عیبادەت و حەزە ڕۆحانیەکانەوە دەئاڵێنن، وەک ئەوەی لێدێت بە بوونێکی تازە و نوێ گەشتبێتین، جاویدانی بووبێتین، سینەکانمان هێندەی هەموو کەون و کائینات فراوان بووبێتن، زۆر ئاشکرا و ڕاشکاوانەتر هەست بە شعورەکانمان دەکەین کەوا بە دەستکەوتە ئیلاهیەکان ڕۆشن بووبێتنەوە… ئیدی گومانی ئەوە دەبەین کەوا لایەنی ماددیمان بە تەواوی شی بووبێتەوە، بە تەواوی مەعنەوی بووبێتین… ئەم گومانە دەبەین و بەرەو ئەو پەیمانە ئەبەدیانە دەڕۆین کەوا ئیمان لە دڵەکانماندا هەڵیڕشتووە.

لەگەڵ ئەو هەستە لێوان لێوانەی لە ڕۆژەکانی جەژندا تێیاندا دەژین، زۆرینەی کات وەک ئەوەمان لێدێت لە هەوادا بفڕین، یاخود وەک ئەوەمان لێدێت کەوا بەرەو ڕێگەیەکی پڕ نەشە و ئاهەنگ و خەم بخلیسکێین. هەندێک جاریش چەشنی ئەو مەلانەی لە ئاسماندا بێ جوڵانی باڵیان ڕاست و چەپ دەکەن، هەندێک جاریش چەشنی ئەو لقانەی لەسەروی درەختەکانەوە شنەیان دێت و دەجوڵێنەوە، هەندێک جاریش چەشنی ئەو گوڵانەی بە هۆی ڕەشەباوە ئەملاولا دەکەن، لە هەموو هەستان و دانیشتنێکیشیاندا بۆنی خۆشیان بە چواردەوریاندا بڵاو دەکەنەوە، ناسک دەینەوە و جوان دەبین و شیعرئاسا دەبین.

هەندێک جاریش بە تەواوی بە نێو ناسکیدا ڕۆدەچین و، بە هۆی تەکبیر و تەهلیل و دەنگ و وتەیەکی ئاخیرەتیەوە، وەها بە نیو گریاندا ڕۆدەچین، لە تەپڵی سەرمانەوە هەتا نوکی پێمان دەخوسێینەوە.  هەندێک جاریش وەها پڕ نەشە دەبین، وەها هەست دەکەین سواری فیشەکی هەوایی بووین و، بە تەواوی ڕەنگەکانەوە بە نێو ئاسماندا دەسوڕێینەوە. هەندێک جاریش وەک  ئەوەمان لێدێت، کە  لەسەر بەرماڵێکی سیحراوی لە نێو ئەسێرەکاندا گەشت بکەین. هەندێک جاریش لەگەڵ باعەی مەڕ و بزنەکاندا وەها ناسک دەبینەوە، سۆزمان دەبزوێت و بە هۆی چەند هەستێکی سەیرەوە، چەشنی مۆم لە ناخەوە دەتوێینەوە. هەندێک جاریش تەواوی ئەمانە بە شێوەیەکی وەها سروشتی و لە شوێنی خۆیدا و لە نێو ئاهەنگێکی  وەها دەیانبینین، دەڵێین” شتێک لەمە کامڵتر بوونی نیە” و، لە بەرامبەر ڕازی نەخشەکانی قەدەردا ئەفسوناوی دەبین.

هەندێک جاریش ئەو تەمجید، بانگ و  قورئان و تەکبیرانەی لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز دەبنەوە، لەگەڵ ئەو سەدایانەی ئەمانە لە ویژدانەکاندا دەیدەنەوە، بە شێوەیەکی وەها شیعرئاسایانە دەڕژێتە ناو ناخی مرۆڤ و ئەفسوناوی دەکەن، پێموایە هیچ چێژێک لە دڵەکانماندا بەم قوڵاییە نەگەشتووە و، بەم ڕادەیە لەسەری کاریگەر نەبووە. بە تایبەت کاتێک ئەم دەنگ و وتانە وەک فۆن میوزیکێک دێنە بەر گوێمان و لە بەرامبەریشمانەوە شنەبای سەحەر هەڵدەکات، هەیەجانەکانمان دەگەن بە خاڵێک کەوا پێناسەکردنیان ئەستەمە و، ئیحساسەکانیشمان چەشنی گەردەلولیان لێدێت.

بە تایبەت لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا، کاتێک وتنەوەی “تەکبیر” و “لبیک” وەک زمان و شێوەزاری گشتی لێدێت، شاراوەترین بیرکردنەوەکانمان و موحتەرەمترین قەناعەتەکانیشمان بە دەنگ و ئاوازێکی بەرز دەردەبڕین، مەحرەمترینی هەستەکانمان بە شێوەیەکی وەها سوتێنەر دەهێنینە سەر زارمان، وەک ئەوەی لێدێت پڕۆڤەی مەحشەر بکەین.

ئیدی لە بەرامبەر ئەم تابلۆ ئاشنایانە کە لە هەمان کاتدا داچڵەکێنەریشن، لەگەڵ ئەو وتانە کە هەتا بڵێی قوڵن و بە هەمان ڕادە فیترین، لە شوێنە جیاوازەکان دەسوڕێینەوە، هەرچەندە ئەرکی جیاوازمان لەسەرشانە، بەڵام هەردەم پشتمان لە دۆزەخە و، چاوەکانیشمان بە شەفەقی بەهەشتئاسایانە مەست بووە، دڵەکانیشمان لە ڕاوی ڕەزامەندی ئیلاهیە…

ئیدی بەم هەستانەوە تەواوی سنورەکانمان تێدەپەڕێنین و، لە خودخەمۆری دوابڕاوی خۆمان ڕزگارمان دەبێت، تەختیشمان لە هەواری دڵ و ڕۆحمان هەڵدەخەین، خۆڵەمێژی لاشە و جسمانیەتمان کەوا بەسەر دونیادا دەڕوانن بە ڕاست و چەپدا بڵاو دەکەینەوە، ئەو پزیسک و پشکۆیانەی کەوا لە بەهەشتەوە هێنراون و لە گۆشەیەکی ویژدانماندا هەڵمانگرتوون، جارێکی تر دەگەشێنینەوە. ئیدی لە ژێر ئەو کڵپە و گەرما و ڕوناکیەدا، سڵاو لەم بوونە نوێیەمان دەکەین و زەردەخەنە بەسەر بەختی خۆماندا دەبارێنین…

       

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *