پەیامی مامۆستا فەتحوڵا گولەن سەبارەت بەو تاوانانەی لە فەڕەنسا ئەنجامدران

مامۆستا فەتحوڵا گولەن بە بۆنەی کوشتنی مامۆستایەک لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و هێرشکردنە سەر کڵێسایەک لە شاری نیس لە فەڕەنسا پەیامێکی سەرەخۆشی و ئیدانەکردنی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بەم شێوەیەیە:
“کاتێک هەواڵی کوژرانی مامۆستایەک لە شاری پاریسم پێگەیشت لە ناخی دڵمەوە هەژاندمی. بەداخەوە بە هۆی هەواڵێکی دیکەوە، کە دیسان لە شارێکی دیکەی فەڕەنسا سێ کەس کە لە کڵێسایەکدا سەرقاڵی پەرستشی خۆیان بوون بە شێوازێکی دڕندانە کوژران، پەشۆکام. دەمەوێت زۆر بە ڕوونی بڵێم: لە هەردوو ئەم ڕووداوەدا، ئەو کەسانەی ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە دەستەواژە ئایینییەکانیان کردووەتە درووشمی خۆیان، کە ئەوەش غەم و نیگەرانییەکانمی زۆر زیاتر کردووە.
موسوڵمانان باوەڕیان بە هەموو پێغەمبەران لە حەزرەتی ئادەمەوە هەیە و ڕێزیان لێدەگرن، وە هەروەها چاوەڕێی ئەوە لە بەرامبەرەکانی دەکات کە ڕێز لە پێغەمبەرمان موحەمەد (صلی الله علیه و سلم) بگرن، وە نیگەرانی و تووڕەیی موسوڵمانان لە بێڕێزی کردن بەرامبەر بە پێغەمبەرمان موحەمەد (صلی الله علیه و سلم) پێویستە لە زەمینەیەکی مرۆیی و دیپلۆماسی و لە چوارچێوەی یاساکاندا، بە ڕێگەی جۆراوجۆری ڕەوا گوزارشتی لێ بکرێت. پەنابردن بۆ توندوتیژی لەو بابەتەدا هیچ کاتێک جێگەی قبوڵکردن نییە.
مرۆڤ خاوەنی هەر بیروباوەڕێک بێت بوونەوەرێکی ڕێزلێگیراوە؛ ژیانی مرۆڤ پیرۆزە. بە سووک تەماشاکردنی ژیانی مرۆڤ بەو شێوەیە نە لەگەڵ مرۆڤایەتی و نە لەگەڵ ئایینی ئیسلام یەکناگرێتەوە!
لە سەروو ئەوەشەوە، بەکارهێنانی توندوتیژی بە هەر هۆیەک بێت ڕێگەی پێغەمبەر نییە و تەنانەت ئەگەر لە ژێر پەردەی ئایینیشدا ئەنجام بدرێت کارێک نییە کە ئایینی ئیسلام پەسەندی بکات. پێغەمبەری سەروەرمان (صلی الله علیه و سلم) لە بەرامبەر ئەو کەسایەتی کە قسەی نەشیاویان پێوتووە و سوکایەتییان پێکردووە هەمیشە بە بەزەیی و لێبوردەییەوە وەڵامی داونەتەوە و دژی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک بووە.
مادەم بارودۆخەکە بەو شێوەیەیە، پێشکەشکردنی ئەو جۆرە دڕندەیەتییە بە ناوی پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه و سلم)، بە ڕوونی دەریدەخات کە سوود لە پەیامەکانی سەروەرمان بۆ لەئامێزگرتنی تەواوی مرۆڤایەتی وەرنەگیراوە، وە لە هەمان کاتدا بێڕێزییەکی گەورەیە بەرامبەر بە میراتی سەروەرمان.
بە بۆنەی ئەم ڕووداوە ناخۆشەوە دیسان نەفرین لە هەموو جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەکەم هەر کەسێ بیکات و بە هەر مەبەستێک بکرێت.
بە هۆی ئەوە جۆرە هێرشانەوە جارێکی تر بۆمان دەردەکەوێت کە چەند پێویستمان بەو ڕۆژانەیە کە تێیدا هەمووان بە ڕێز و خۆشەویستیەوە مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن و بێ گوێدانە جیاوازی بیروباوەڕ، ڕەنگ و زمان لە چواردەوەری بەها هاوبەشەکان کۆببینەوە. پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەم کە بە هۆی ئەم هێرشانەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوخەمی خۆم بۆ خەڵکی فەڕەنسا و هەموو ئەو کەسانە دەردەبڕم کە خۆیان بە تاکێکی خانەوادەی مرۆڤایەتی دەزانن.”

https://www.tr724.com/gulenden-fransadaki-saldirilari-icin-taziye-ve-kinama-mesaji /amp/?__twitter_impression=true

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *