مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمدا پەیامێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستایانەوە بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستایانەوە:
لە دڵسۆزترین و ڕاستگۆترین هەستەکانمەوە پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان لە سەرجەم مامۆستایان دەکەم کە کاریگەرترین ئەندازیاری بنیادنەری ئاشتی و خۆشگوزەرانین بۆ مرۆڤایەتی.
گرنگی هەوڵەکانی مامۆستایانمان لە شکۆڤە کردنی توانا و لێهاتووییەکانی گەنجەکانمان و پێگەیاندنی کچان و کورانێکی پێگەیشتوو کە وەک نوێنەرانی ئاشتی و سەلامەتی و ئاسودەیی، سوودگەیاندنیان بە کۆمەڵگە کردبێتە ئامانج، بە هیچ شێوەیەک جێگەی مشتومڕ نییە. زۆر گرنگە کە خێزانەکان و مامۆستایان و کۆمەڵگە پێکەوە کاربکەن لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەک کە میکانیزم ویژدانی نەمردبێت و بنەما و پرەنسیپەکانی بە بەها مرۆڤایەتییەکان شێلدرابێت.
یەک بە یەک سوپاسی ئەو مامۆستایانە دەکەم کە لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا هەموو هەوڵێکی خۆیان خستووەتەگەڕ لە پێناو هێنانەدی بیرۆکەی نوێ بۆ خوێندکاران و پاراستنی تەندرووستی جەستەیی و دەروونی خوێندکارەکان. ئومێدەوارم و دەخوازم کە ئەو مێتۆد و شێوازە جیاوازانەی لە ماوەی ئەم پەتایەدا لە بواری پەروەردە و خوێندندا بەکارهێندران و سەرکەوتوو بوون، ببنە هۆکاری گەیشتنی پەروەردەیەکی باش بە زۆرێک لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان و بەڕێوەبەرانیش پشتیوانی پێویستی بۆ دابین بکەن.
سەبارەت بە مامۆستایانی بزاڤی خزمەتیش کە لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا هەم لە نیشتیمانی خۆیاندا و هەم لە شوێنە جیاوازەکانی دونیادا خزمەتێکی پەروەردەیی گشتگیر و بە کوالیتی پێشکەش بکەن، ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و ڕەشبگیرێکی سیاسی بوونەوە و لە خوێندکارەکانیان دابڕێندران، لە جەنابی حەق داواکارم کە بە زووترین کات بە کەشێکی پەروەردەیی ئاسوودە شاد ببنەوە.
بەم هۆیەوە جارێکی تر پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان لە تەواوی مامۆستایانی جیهان دەکەم.