بەرەو سەڵتەنەتى دڵان

لەم یەک دوو سەدەیەى کۆتاییدا مرۆڤایەتى بەردەوام لەم ژان بۆ ئەو ژان ڕاپێچ بووە، بە لێوارى چاڵەکانى مەرگدا دێت و دەچێت و هەردەم کارەساتى دەستکەوت لە دەمى گەڕانى بەدواى ڕزگاریدا. لەم پارچە شوومەى کاتدا، بەنزیکەیی لە هەموو جێیەکى دونیادا، ئەو هێزەى کە کۆمەڵگاکانى بەڕێوەبرد، زیاتر هەڵپەى قازانج و ئارەزووى پلەوپایەى شەخسەکان، گرووپەکان، چینەکان، هۆڵدینگەکان و مافیاکان بوو وەک لە دەوڵەتان و حکومەتەکان. لە دونیایەکى لەم جۆرەدا بەسروشت هەموو شتێک بەگوێرەى پارە و ئاستى ژیان دەپێورا.

بەڵێ، لەم دونیایەدا کە بەها ڕاستەقینەکان ئاوەژوو بووبوون، شتێکى سروشتى بوو کە حورمەت و ڕێزى کەسەکان بە پارە، سەروەت و ڤێلاکانیان بپێورێت.. سەروەت و سامانى ماددى وەک گلادیاتۆرێکى بێڕێز دەستیان بەرزدەکردەوە و لەسەر جەستەى هەریەک لە زانست، فەزیلەت و ئازایەتى هەڵپەڕین و زاڵبوونیان بەسەریاندا ڕاگەیاند. لەحاڵێکدا ئەگەر سەروەت و سامان لەگەڵ زانست، عەقڵ و ئازایەتیدا یەکیان بگرتایە، نرخ و بەهایەکیان دەبوو. وەلێ بەتەنها مەحاڵە بە کەڵکى شتێک بێن. تەنانەت لەمەش زیاتر، دەگونجێت ببن بە ئامڕازى دڕندەیی. بەداخەوە لەمڕۆدا زانست، بیرکردنەوە، ئەخلاق و بوێرى کە بە دینەمۆ گرنگەکانى ژیانى کۆمەڵگا دادەنرێن، ئەگەر لە قازانجى ماددیدا بەکارنەهێنرێن، وەک فەنتازیا و نیشانەی بوودەڵەیی تەماشا دەکرێن.

لەحاڵێکدا ئەگەر ئەو تاکانەى کە کۆمەڵگایەکیان پێکهێناوە پڕۆژەى ژیانیان لەسەر جەستە بنیات بنێن، تەمەنیان لە شیوەکانى زەوق و سەفادا بەسەرببەن و جگە لە دەوڵەمەندى و خۆشگوزەرانى بیر لە هیچى تر نەکەنەوە، ئەوا هێندەى کەسانى تێکۆشەر، جددى، کارامە و خاوەنى کاراکتەرى پتەو، بگرە لەوانیش زیاتر، کەسانى نەزان، بێئامانج، فێڵباز، بەرژوەندیخواز ئەو چاوکزانەى کە دو هەنگاو بەردەمى خۆیان نابینن، باڵادەست دەبن. ئەمەش بە ماناى کەنارخستنى ئەخلاق و فەزیلەت، بیرى هونەرى و ئەزموون، لە دەرەنجامیشدا بە ماناى دوورخستنەوەى هەموو ئەو کاراکتەرانە دێت کە بۆ وڵات و میللەت بەسوودن. ئەمڕۆ لە هەموو جێیەکى دونیادا، بە وڵاتى ئێمەیشەوە، ئەم بەراوەژووبوونە باڵى کێشاوە.

ئەمڕۆ مرۆڤایەتى بەراورد بە سەدەکانى ڕابردوو زۆر دەوڵەمەندتر و بەتواناترە؛ بەڵام ئەوەش ڕاستییە کە هیچ کاتێک وەک ئێستا دیلى دەستى هەڵپەکان، پێداویستییە هەڵبەستراوەکان، فەنتازییەکان و ئالوودەبوونەکان نەبووە. ئەمڕۆ چەند زیاتر گرنگیی بە جەستە بدرێت هێندەى تر ئارەزووەکانى زیاتر دەبن؛ چەند زیاتر دەخواتەوە ئەوەندەى تر تینووى دەبێت، چەند دەخوات ئەوەندە دەئاوسێت، لەپێناو هەڵپەى قازانجى زیاتر دەست بۆ فێڵ و تەڵەکەى جۆراوجۆر دەبات، لەبەرامبەر بەرژەوەندییە هەر بچووکەکاندا ئامادەیە ڕۆحى خۆى بە شەیتان بفرۆشێت و لە بەها ئینسانییە ڕاستەقینەکان دوورکەوتووەتەوە.

بەڵێ، مرۆڤى مۆدێرن کە تەمەنى لە ڕاکردن بەشوێن بەها ماددییە کاتى و لەناوچووەکاندا فەوتاندووە، لەڕاستیدا زیاتر خۆى لەناودەبات و هەستە باڵاکانى ناو ڕۆحى لەدەستدەدات. بەجۆرێک، لە ئاسۆى کەسێکى لەم جۆرەدا ڕێت لە ئیمانى فراوان، دەوڵەمەندیی مەعریفەت، خۆشەویستى، عەشق و چێژى ڕۆحانى هەڵناکەوێت. جا چۆن وا نابێت، لەکاتێکدا ئەو ئەنجامى هەموو کارێک بە سوودى ماددى، ئیسراحەتى جەستەیی و چێژە لاشەییەکانەوە دەبەستێتەوە و بەتەواوەتى دەستى لە ئاخیرەتیبوون شتووە. ئەو شتانەى کە ئاسۆى بیرکردنەوە و کارکردنى ئەو تەنیوە تەنها و تەنها بریتین لە: چۆن بدزێت، چى بکڕێت و چى بفرۆشێت، لەکوێ و چۆن ڕابوێرێت و چۆن چێژ وەربگرێت… بێگومان بۆ هاتنەدیی هەموو ئەم خواست و ئارەزووانەش ڕێگا و قازانجە حەڵاڵەکان بەش ناکەن، بۆیە دەست بۆ ڕێگا ناڕەواکان و فێڵ و تەڵەکەش دەبرێت.. وە ئەگەر دونیا سەرزەوى بەشى تێرکردنى ئەم ئارەزووە ترسناکە نەکات، وەک شەمشەمەکوێرە پەنا بۆ دونیاى ژێرزەویش دەبەن. بە ڕاى من مرۆڤى ئەمڕۆ لەم داڵانە تەسکەدا گەشتە ئینسانییەکەى خۆى بەڕێوەدەبات؛ بۆیە پێویستە هەرچییەکى کردووە لەم کۆڵانە دەرنەچووە ڕزگارى ببێت. ئەگینا لەم گرفت بۆ دانەیەکى تر لوول دەبێت و هەرگیز نابێت بە خۆى. ئەگەر لە کۆمیونیزم ڕزگارى بکەیت، دەچێت تووشى ئانارشیزم دەبێت. ئەگەر لە ئاتەییزم دوورى بخەیتەوە، ڕادەکات و باوەش بە مۆنزیمدا دەکات. ئەگەر لە داروینیزم دایببڕیت، دەچێت بە نیۆداروینزیمەوە دەلکێت.. وە هەمیشە بێشوناس و کڵێشەچى دەبێت و لەبریی بەرزبوونەوە و بوون بە سەردار، خەباتى بوون بە کلک دەکات. لەبەر ئەم هۆیانەیە کە چەند سەدەیەکە تەمەنى لە قەیران و فەوزاکاندا دەگوزەرێنێت؛ ئەگەر لە قەیرانى سیاسى و ئیدارى ڕزگارى ببێت، لووتى بە قەیرانێکى ئەخلاقیدا دەتەقێت. لەمەش قوتارى ببێت، دەکەوێتە نێو تۆڕى قەیرانییە ئابوورییەکانەوە. ئەگەر خۆى کۆبکاتەوە و لەمەش ڕزگارى ببێت، ئەم جارەیان خۆى لە ناوەندى قەیرانە سەربازییەکاندا دەبینێتەوە و لەناو داوى شتە نەرێنییەکاندا خۆى دەخوات و لەناودەبات. چارەسەرى ڕزگاربوون لەم شتانەش ئەوەیە جارێکى تر سەرلەنوێ چاو بە دینەمۆ دینى، میللى و مێژووییەکانى خۆیدا (وەک: باوەڕ، خۆشەویستى، ئەخلاق، بیرى مێتافیزیکى، عەشق، پەروەردەى ڕۆح و هاوشێوەکانیان) بخشێنێتەوە.

باوەڕ واتە ناسینى حەقیقەت وەک خۆى، خۆشەویستیش بریتییە لە پەیڕەوکردنى ئەم زانیارییە لە ژیاندا. ئەوانەى باوەڕیان نییە، نەک دەتوانن حەقیقەتى ڕەها بدۆزنەوە و نە بشیناسن. ئەوان کاتێک دەڵێم “باوەڕم هێنا”، لەڕاستیدا دژدێنەوە لەگەڵ دونیای ناوەوەیاندا، کاتێک دەشڵێن “دۆزینەوە” خەڵەتاون. لەبنەڕەتدا ئەوانەى باوەڕیان نییە بێبەختن و ئەوانەش کە بێبەشن لە خۆشەویستى لاشەى بێگیانن. ئەگەر باوەڕ گرنگترین سەرچاوەى بزاوتن، باوەشکردنى ڕۆح بە تێکڕاى بوون و دەورەدانى سروشت بێت، خۆشەویستیش بنەڕەتترین ماکى بیرى ئینسانى و ڕەهەندێکى لاهووتییەتى. لەبەرئەوە، لە ساڵانى ئاییندەدا، ئەوانەى ئەرکى ناشتن و گەورەکردنى نەمامەکانى کلتوورى دینى و میللیمان لە ئەستۆ دەگرن، سەرەتا دەبێت ڕوو لە میحرابى باوەڕ بکەن، پاشان بەرەو مینبەرى خۆشەویستى هەنگاو بنێن و هەوڵبدەن نەفەسەکانى خۆشویستن لە هەموو لایەکى دونیا ببیسترێت. لەم کارەشدا دەبێت لە قووڵایی ئەخلاق و فەزیلەتدا بەدواى کاریگەریدا بگەڕێن.

ئەخلاق پوختە و بناغەى دین و گرنگترین کۆڵەکەى پەیامى ئیلاهیشە. ئەگەر خاوەندارێتیی ئەخلاق و فەزیلەت قارەمانێتى بێت ــ کە وایە ــ ئەوا پاڵەوانە ڕاستەقینەکانى ئەم مەیدانە پێغەمبەران و شوێنکەوتووە ڕاستگۆکانیانن. دیارترین سیفەتى موسڵمانى ڕاستەقینە ئەخلاقى جوانە. سەبارەت بەوانەى کە بە چاوى عەقڵ و حیکمەت دەڕوانن، قورئان و سوننەت، ئایەت بە ئایەت و بەش بە بەش لەبارەى ئەخلاقەوە دەدوێن. ئەو پێغەمبەرە مەزنەى کە ئەخلاقێکى بەرجەستە بووە (ص)، لە فەرموودەى “موسڵمانێتى، خووجوانییە”دا بەپوختترین شێوە ئاماژەى بۆ ئەمە کردووە. ئێمەش وەک ئوممەت شوێنکەوتەى سیستەمێکى ئەخلاقى و منداڵى داستانێکى ئەخلاقین. هیچ بیر و فەنتازیایەک ناتوانێت ئەخلاقى ئێمە بلەرزێنێت؛ ئێمە خەون بەوەوە دەبین کە بەهۆى ئەمەوە دونیاکان تێبپەڕێنین و بەرەو ئەبەد بڕۆین.. وە بە هێزى مێتافیزیکیشمان کە بە ڕەهەندێکى دیکەى بەخششە خواییەکان دادەنرێت، باوەڕمان وایە دەتوانین ئەمە بهێنینەدى.

بیرى مێتافیزیکى، بریتییە لە کرانەوەى عەقڵ بە ڕووى تێکڕاى بووندا و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە ئەمدیو و ئەودیوى پەردەکەى. ئەگەر عەقڵ یان ڕۆح بەم جۆرە باوەش بۆ بوون نەکاتەوە، هەموو شتێک پارچە پارچە دەبێت و دەبنە لاشەى گیان. لەم ڕوانگەیەوە، نەمانى بیرى مێتافیزیکى یان قبووڵ نەکردنى، لە ڕوویەکەوە بە ماناى لەناوچوونى عەقڵیش دێت. دەتوانین بڵێین هەتا ئەمڕۆ هەموو پێکهاتنێکى مەزن لە باوەشى بیرى مێتافیزیکیدا گۆش بووە.. هەروەک لە هیندستان و وڵاتانى دیکەى ڕۆژهەڵاتدا بەم جۆرە بووە، لە دونیاى ئێمەشدا و لە چوارچێوەى دونیابینیی قورئاندا هەر وا بووە و لە سایەى ئەمەدا یەک لەسەر یەک شارستانێتى بەرهەم هاتوون. بیرى مێتافیزیکى، ئەگەر کرانەوەى ڕۆح بە ڕووى بوون، داگیرکردنى سروشت و باوەشکردنى هەموو شتێک بێت، ئەوا ئەوانەى کە مێتافیزیک دەدەن بە گژى زانستەکاندا، پێدەچێت بێئاگا بن لەوەى کە کانگا و ئاوى ئەو چەمەى کە لە کانگاوە هەڵقوڵاوە دەدەن بە شەڕ.

دەکرێت مێتافیزیک بە هەستکردنى عاشقانەى ڕاستیی بوونیش ڕاڤە بکەین؛ ئیدى بەگوێرەى ئەمە، عەشق دەبێت بە ناونیشانى بینین، بیستن، هەستکردن و خۆشویستنى سەرلەبەرى گەردوون، بوون و شتان.. بەڵێ، عاشقانى ڕاستەقینە نە شوێن سەروەت و سامان دەکەون و بە عەوداڵى ناو و نیشانن. ئەوان لە نێوەندى ئەو زریانانەى عەشقدا کە دەسووتێنن و دەکەن بە خۆڵەمێش، هەناسەى سەلامەتى و فێنکى دەدەن؛ وە لە ڕووخسارى نەمانەکاندا سیماى خۆشەویستەکەیان دەخوێننەوە، لە ناوەندى خۆڵەمێش بەر باى بوونیاندا هەست بە مەعشوقەکەیان دەکەن و بەدواى وەحدەتى خۆشەویست و خۆشویستراو، گەڕیدە و ئامانجەوەن. بە دەستەواژە تەسەووفییەکەى، ئەوان هەمیشە لە دۆڵەکانى (فناء في اللە)ەوە بەرەو بنارەکانى (بقاء باللە) گەشت دەکەن و هەمیشە چالاکن. بێگومان گەیشتن بە وەها ئاسۆیەکیش، وابەستەى پەروەدەیەکى جددیی ڕۆحە.

پەروەردەى ڕۆح، بەکورتى واتە ئاڕاستەکرانى مرۆڤ بەرەو ئامانجى بەدیهاتنى. بە هەمان کاتدا دەشتوانین بڵێین بریتییە لە ڕزگارکردنى ڕۆح لە فشارە جەستەییەکان، ڕووکردنە پوختە و سەرچاوەى خۆى و ئەنجامدانى سەیرێکى ڕۆحانى بە ئاڕاستەى ئامانجى بەدیهاتنیدا؛ بەڵام لێرەدا باسەکەمان ئەمە نییە.

ئەو نەوانەى کە ئەمڕۆ سەرجەم دینەمۆ ڕۆحییەکانى خۆیان لەدەیتداوە و لە کرۆکى خۆیان دوورکەوتوونەتەوە، قوربانى، پەرێشان و دەربەدەرى عەقڵى خۆیانن. ئێمە ناچارین هەرچییەکمان کردووە ڕوانگە و ئاسۆى بینینى ئەم نەوەیە بگۆڕین.. وە باوەڕیشمان وایە کە دەتوانین بیگۆڕین. ئەگەر هەوڵەکانمان لەم بوارەشدا بە کەم و بچووک ببینرێن، ئێمە سەبارەت بە ڕوودانى ئومێدمان زۆرە. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئیرادەکانمان بە عیبادەت گۆش بکەین و بە موحاسەبەى نەفس کۆنتڕۆڵى بکەین. ئێمە لەسەر ئەم ڕێگایە تەنها ڕۆیشتنمان لەسەرە. ڕوو لە هەر کوێیەکیش بکەین ــ دوور لە هەموو چەندێتى و چۆنێتییەک ــ خوا لەوێیە. کارى ئێمە ئەوەیە چاو بنووقێنین و تۆو بە بنارە زێڕینەکانى ئاییندەدا بوەشێنین، ژیانى ئەم تۆوانەش کارى خوایە.

ئێمە، هاوڕێ لەگەڵ خزمەتێکى ئاگامەندانە و تێکۆشانێکى گشتگیردا، باوەڕى تەواومان هەیە بەوەى کە کە دەگونجێت لەناو ئەم دونیایەوە دونیایەکى تر بێتە بەرهەم کە خۆشەویستى و بەختەوەریی ڕاستەقینەى تێدا بێت. وە بێگومان قەناعەتیشمان وایە کە نەوەکانى داهاتوو ڕوو لە خۆشەویستییەکى زۆر گەورە دەکەن لەسەروو ئیشتیهاى پارە، ناوبانگ و پلەوپایەوە.. ئەمەش خۆشەویستیی سەڵتەنەتى دڵانە.