ڕوانگەیەك

“كتێبێكی خوایی مەزنە سەراسەر كائینات،
دەست بدەیتە هەر پیتێكی، ماناكەی هەر “خوا” دەكات.”
ئەو كەسانەی دەزانن چۆن تەماشای خۆیان و دەوروبەریان بكەن، هەمیشە ئەو جوانییە سەرسووڕهێنەرانەی لە سینەی بووندایە و، شەپۆل شەپۆل دەڕژێنە چاوەوە و، دڵۆپ دڵۆپ دەتكێنە دڵەوە و، ئەو ڕێكوپێكی و یاسایەی كە لە ناوەرۆكیدایە و، ئەو هۆنراوەیەش كە لە ماناكانیدا بەرجەستەیە، سەبارەت بە ئەوان دڵان لە خۆشەویستی و عەشق و پەیوەندییەكی هێندە بەهێز پڕدەكات، بەجۆرێك ئەگەر بوترێت ئیدی لە دنیادا چێژێكی تر نەماوە تامی بكەن، پێدەچێت ئەم بڕیارە زیادەڕەوی تێدا نەبێت. سەبارەت بە ئەوان هەر شتێك كە دەیبینن و دەیخوێننەوە، كاسەی خۆشەویستییان پێشكەش دەكات.. هەستە مرۆییەكان دەهێنێتە جۆش و لە ڕۆحیاندا هەیەجانێكی خامۆش نەبوو هەڵدەگیرسێنێت.
هەموو گەردوون و شتانی ناوی لە بەرامبەر ڕوانین و هەست كردنێكی لەم جۆرەدا بەژن و باڵا و شێوەیەكی جیاواز بەدەست دەهێنێت.. بوونەوەر و ڕووداوەكان زمانیان دەكرێتەوە.. وەك ئەوە وایە ڕووناكی ئەفسووناوی دابكات بەسەر گیاندار و بێگیان و هەموو شتێكدا.. شوێن، سنوور و ڕەهەندەكانی خۆی تێدەپەڕێنێت و، كاتیش قووڵ دەبێتەوە و دەبێت بە خاوەنی جوانییەكی ئاخیرەتی. كاتێكیش سەرجەمی شتان بەم شێوە هەرە جوانە خۆیان دەردەخەن و گەواهی لە خۆیان دەدەن، خۆشەویستی ناخمان بۆ بەدیهێنەر، عەشق و پەیوەندییەكەی هێندە زیاد دەكات كە سروودی بەیەك گەیشتن لە بەردەم خۆیەوە دەچڕێت.
لەم جۆرە حاڵەتانەدا كاتێك هەستەكانمان دێنە كوڵ و، نەست و تێگەیشتنمان دەگۆڕێت و، ئاسۆی تێگەیشتنمان فراوان دەبێت، زۆربەی جار لە پەیوەندییەكانی ڕۆژانە دەرباز دەبین و، ڕوو دەكەینە ئەودیو پەردەی هەموو ئەم شتانەی كە ڕوودەدەن و، بە یارمەتی ئەو فراوانییەی كە هەستی ئاخیرەتیبوون بەخشیویەتی بە ڕۆحمان، ئەم گەردوونەی كە هەمیشە سەیری دەكەین و، ئەم سروشتەش كە لە سینەیدا بەدیهێنراوین، لەبەر چاومان دەبن بە چەند پیت و وشە و هۆنراوەیەك كە لە قەڵەمی خۆشەویست داچۆڕاون و، لە ئاستی گوێیەكانماندا دەبن بەو نەغمانەی كە لە ئامێری نەیەكەی ئەوەوە دێنە دەر و، وەك ئەوەی چەند گرێ و تاڵێكی نەخشە دەراساكەی ئەوبن تەماشایان دەكەین و، بە سەرسووڕمان و هەستی بەرز نرخاندنەوە پێشوازییان لێ‌ دەكەین و، پاشان هەموو ئەم شتانەی پێیان دەگەین دەخەینە سەر سەرمان و، ماچیان دەكەین و، دەیهێنین بە ڕوخسارماندا و، لەم ڕاڕەوی ویساڵەدا چەند خولەكێكی هەمیشەیی وا دەژین كە لەوانەیە بە ئەندازەی خودی ویساڵ بەتام و چێژ بێت. هەست دەكەین و تێدەگەین كە خۆشەویستی بەرامبەر بە ئەو و پەیوەندی لەگەڵ ئەو، هەموو شتێكە و، مەزنترە لە هەموو حەز و ئارەزووە ماددی و جەستەییەكان.
بەتایبەت لە هەندێك حاڵەتدا هەلومەرجەكان و بارودۆخەكان هێندە دڵ نەرم دەكەن و، فراوانی دەكەن و، ڕەهەندی ئاسمانیی پێ‌ دەبەخشن، لەوانەیە ئەگەر لەم كاتەدا بەم جۆرە كەسانە بوترێت “فەرموون بڕۆنە بەهەشت!”، پێدەچێت یەكسەر بە “بەڵێ‌” وەڵامی ئەم پێشنیارە نەدەنەوە و، مانەوە لەم كەشوهەوای عەشق و ویساڵەدا هەڵبژێرن. چونكە ئەوان لێرە بە ئەندازەی فراوانی دڵیان لە بەهەشتدا دەژین، نایانەوێت لەم خەونی بەهەشتە بێدارببنەوە كە ڕۆژانە لە ناز و نیعمەتەكانیدا دەژین. پاشان ئەم دڵە بەوەفایانە چونكە ژیانێك دەژین ڕاستەوخۆ ڕووی لە زاتی داواكراو و خۆشویستراوی خوای گەورەیە، ئەوا لە ڕوانگەی ئاسۆی بیركردنەوەی ئەوانەوە، ڕووتێكردن و داواكردنی بەهەشت -ئەگەر فیردەوسیش بێت- بە بێڕێزی ئەژمار دەكەن. ئەمە لە كاتێكدا كە بەهەشتی ئەو دنیا هەبێت و نەبێت گەورەبوون و فراوانبوونی ئەم بەهەشتەی ئێرەیە كە وەك تۆوێك لە ویژدانەكاندا دەژی و هەستی پێ‌ دەكرێت. ئەویش (واتە بەهەشتی ئەو دنیا) بە ڕەحمەتی درێژەپێدان(تفصیل)ی ئەم بەهەشتە كورتكراوە(مجمل)یەی ئێرە دەزانێت و، بە خۆی دەڵێت “هێشتا وەرزی میوە نەهاتووە.” و، هەموو شتێك دەسپێرێت بە ئیمان و هیواكانی.
لە ڕاستیدا ئەو شتەی كە ڕۆحی زۆربەمان بەدوایدا وێڵە و، زۆر جار بێ‌ ئەوەی بە خۆمان بزانین بە شوێنیدا ڕادەكەین، ئەو عەشق و پەیوەندییەیە كە بەرامبەر خوای گەورە هەمانە. ئەو جوانییانەی دنیا كە لە ڕۆحماندا سەرسامی دەوروژێنێت و، ئەو پەیوەندییە گەرم و گوڕەی كە لە نێوان هەموو بوونەوەراندا هەیە بە گیاندار و بێگیانیانەوە و، سەرجەم خۆشویستن و، خۆشویستران و، هیواكان و، خەونە شیرینەكان و، تاسە و ئارەزووەكان، بریتین لە درەوشانەوەی ئەو پەیوەندییە پڕ لە تەلیسم و نهێنییەی كە لەگەڵ ئەودا هەمانە. هەموو ئەو نیعمەتە دنیاییانەی تاممان كردوون و، گشت ئەو پاییزانەش بەسەرمان هاتوون، هەر یەكەیان درەوشانەوەیەكی ئاوڕلێدانەوە و ڕووتێكردن (توجە)ی ئەون لە ڕۆحماندا.
تەنها ئەوە كە ژیانمانی جوان و سەرنجڕاكێش كردووە، ئێمە بەو پشكۆی خۆشەویستییەی كە ئەو لە ناخمانی هاویشتووە ژیانمان خۆشدەوێت. لەم ڕووەوە ئێمە لە هەموو شتێكی گەرم و نەرم و دڵدەرەوە و هاودەمدا، سەرەتا ئەومان خۆشدەوێت و، سەرلەنوێ‌ پەیوەندیمان بە ئەوەوە نوێ‌ دەكەینەوە و، پاشان هەوڵ دەدەین چێژ و شەوقی خۆمان ڕاڤە بكەین. بە ناوی ئەوەوە دەست بە هەموو شتێك دەكەین، بە ناوی ئەوەوە بەردەوام دەبین لەسەر ژیان و كاروبارمان. لە هەر پەیوەندییەكدا كە لەگەڵ خۆماندا هەمانە، بە عەشق و خۆشەویستی ئەو دەخرۆشێین و، كاتێك تەماشای هەر شتێك دەكەین، نیشانە و ئاماژەی جۆراوجۆر دەبینین و، موچڕكە بە جەستەماندا دێت و، كاتێك زارمان هەڵدەبچڕین بۆ دركاندنی شتێك، لەو وشانەدا كە ئەو بە دیاری بە زمانمانی بەخشیوە، هەست بە ئەو دەكەین و، ئەگەر دووچاری عینادی و كەللەڕەقییەكی كوێرانە نەبووبین، ئای چ شتانێكی سەرسووڕهێنەر لەوەوە دەبیستین! ڕووبەڕووی چ شتانێكی گوڵئەندام دەبینەوە كە خۆیان بە جوانییەكانی ئەبەدییەت ئارایشت داوە و، ئاشنایەتی لەگەڵ چ بوونەوەرانێك پەیدا دەكەین كە ڕوخساریان بە نووری ئەو ڕۆشن بووەتەوە و، دەگەین بە چ دیمەنگەلێك كە چاو لە بینینیان تێر ناخوات و، چ نهێنی و تەلیسم و مەتەڵێك خۆیمان بۆ دەكاتەوە!..
ئیدی بۆ كەسێكی لەم جۆرە، هەموو ئەو دەرگایانەی كە تا دوێنێ‌ بەهۆی سپاردنیان بە نابینایی فەرامۆش كردن داخرابوون، دەخرێنە سەر پشت و، ئەو شتانەش كە هەتا ئەو ساتە هەستیان پێ‌ نەكراوە وەك شتانێكی چاوەڕواننەكراو خۆیان دەردەخەن و، لەناكاو ڕەهەندەكانی بوون دەگۆڕێن و، مرۆڤیش سەرلەنوێ‌ پایە و پێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و، جارێكی تر ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ سیمای پڕ لە خەندەی بەختیدا. ئیتر لەمەولا هەر لە هەڵكردنی باوە هەتا بارینی باران، هەر لە ڕوبار و كانیاوەكانەوە هەتا دەریا و زەریاكان، هەر لە ئەستێرەكانی ڕازێنەرەرەوەی ئاسمانەكانەوە هەتا گوڵەكانی سەر زەوی، هەموو شتێك دەبێت بە پەیامێك لە لایەن خۆشەویستەوە و، بە جوانییە ڕەنگاوڕەنگەكانیان لە چاوان و دڵاندا خۆیان نمایش دەكەن.
ئەو، بە هەموو شتێكیەوە جوانە، ئەو شتانەی تایبەتن بە ئەو، ئەو شتانەش كە لای ئەوەوە دێن هەر جوانن. تەنانەت ئەوەندە جوانە كاتێك دڵێكی وشیار لە سیمای هەموو شتێكدا هێما و ئاماژەی هاتوو لە لایەن ئەوەوە دەبینێت، خوێن لە دەمارەكانیدا قوڵپ دەدات و، لەپێناوی گەیشتنێكی یەك چركەساتیدا بە ئەو، فیداكردنی گیانی خۆی هێشتا بە كەم دەزانێت.
بێگومان لەم ڕووەوە هەموو كەسێك ئاسۆی تێگەیشتن و چەشتنی جیاوازە. ئەو ڕۆحە هەستیارانەی دەتوانن بە چاوی دڵ لە دەوروبەریان بڕوانن و، لە ڕێگەی تیژبوونی هەستەكانیانەوە گەیشتوون بە لوتكەی مەعریفەت و چێژە ڕۆحییەكان، مەگەر خوا بۆ خۆی بزانێت لەنێو چ خەیاڵگەلێكی قووڵدا مەلە دەكەن و، لە ئاسۆی بەختیاندا كە كراوەیە بەڕووی هەتاهەتاییدا، چ كۆشك و سەراگەلێك بنیات دەنێن! ئیتر با شەیدایانی ڕواڵەتیش هەر لە ڕووكەشدا بێن و بچن..
من بە ئەندازەی تەسكی و بچووكیی ئاسۆی تێگەیشتنی خۆم لە شتان تێگەیشتووم. باوەڕم وایە كە پاڵەوانانی ژیانی گیانی و ڕۆحی، تام و چێژی جیاوازیان لە هەموو شتێك بینیوە و دەبینن. هەمیشە باوەڕم وا بووە كە چەندین توانا و لێهاتنی بە ئەندازەی جیاوازیی نێوان ئاسمانەكان و زەوی بوونیان هەیە و، هەر كەسەش لە ڕوانگە و دیدگای خۆیەوە ڕوانین و دیتنی جیاوازی هەیە. لە كاتێكدا توانا و لێهاتنی مرۆڤە مەزنەكانم بەرز نرخاندووە، لێپرسینەوەم لە ئاسۆی زەوق و چێژی خۆیشم فەرامۆش نەكردووە. بەخیلیم بردووە بەو قارەمانی ویژدانانەی كە خاوەنی خەسڵەتی زیادەن و دەزانن چۆن سوود لە هەموو تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ بوون وەربگرن…
پێگەی ئەو باڵا بەرزانە هەر چۆنێك بێت و، منیش پلە و پایەم چەند كورت و بچووك بێت، دیسانیش شیرینترین خەونەكانی ژیانم ئەو كاتانە بینیوە كە هەوڵم داوە دیوی ناوەوەی بوون و ڕووداوەكان بخوێنمەوە. بەڵێ‌، بە پێوەرە گچكە و تەرازووە خوار و خێچەكەم هەر چیم دەست كەوتبێت، بە گەورەترین دیاری و بەخششی ئەو بەهرەیەم هەژمار كردووە كە خوای گەورە بە مرۆڤ بەدیهێناوم.
هەندێك كەس بەو شتانەی دەیانبینێت و دەیانبیستێت دڵی ئاو دەخواتەوە و، بگات بە هەر جێگایەك ئیتر وا دەزانێت لوتكەی مەعریفەت و چێژە ڕۆحییەكانە. ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر توانا و لێهاتنی بوار بدات و، بتوانێت یەك جووڵەی تر بكات و، هیممەتی خۆی بەگەڕبخات، ئای لە چوارچێوەیەكی جیادا چ دەنگ و وشەگەلێكی جیاوازتر دەبیستێت و، چ ڕەنگانێكی سەرسووڕهێنەر دەبینێت و، لە هەمبەر ئەم جوانییە سەیر و سەمەرانەدا لە هۆشی خۆی دەچێت و، دەڵێت “تومەز لوتكە ئەوێ‌ نییە و ئێرەیە.” ئەگەر بەوەشەوە نەوەستێت و زیاتر قووڵ ببێتەوە لەو شتانەدا كە هەستیان پێ‌ دەكات و تەماشایان دەكات، كاتێك چەندین مانای نوێی تر ڕوو لە ڕۆحی دەكەن، لەژێر لێوەوە بە خۆی دەڵێت “نەخێر نەخێر، هەموو شتێك لەم خاڵەدایە كە ئێستا پێی گەیشتووم.” و، ئەوێ‌ بە كۆتا سنووری بینینی ڕاست و خوێندنەوەی ڕاست دەزانێت.
وشە و ڕستەكانی خوای گەورە و، ئەو كتێبە تەشریعی و تەكوینییانەش كە لە وشە و ڕستەكانی ئەو پێكهاتوون، بێسنوور و، ڕەها و، فرەڕەهەندە و، خاوەنی ناوەرۆكێكە كە ناكرێت هەرگیز بە تەواوەتی پەیی پێ‌ ببرێت. ئەم بێسنووری و، زۆری و، دەوڵەمەندییە وەك سپاردەیەك تەسلیمی توانا و لێهاتنەكان كراوە. ئاسەوارەكانی فەیزی ئەو وابەستەی توانا و لێهاتنەكانە و، فراوان بوونی ڕۆحی هەر كەسێكیش بە ئەندازەی ڕووتێكردن و داوا و ویستیەتی…