ئەوانەى کە بە شتانى فانیی گەمارۆ دراون

ئەوانەى تەنها هەست بە دیوە فانییەکى دونیا و ئەم چوارچێوەى تەسکەى دەکەن، وەک ئەوەى ژیانیان لە زینداندا بەسەربەرن، ویژدانى فراوانى خۆیان تاریک دەکەن. زۆرێک لەمانە، هەر کاتێک هەست بەم تەنگى و تەسکییە دەکەن، یان مەفتوون بەو ڕابردووە دەژین کە بەلایانەوە پرشنگدارتر و شکۆمەندترە، یاخود بە خەون و خولیاى ئاییندەیەکى ڕەنگاوڕەنگەوە دەژین و بەمە هەوڵدەدەن دڵى خۆیان بدەنەوە. لەبریی ئەوەى بتوانێت لە کات و ساتى ئێستادا قسەیەکى بۆ وتن هەبێت و بۆیەى دڵ و دەروونى خۆى لێیان بسوێت و بۆ فەزاى قراوانى ڕۆح بەرزببێتەوە، یان بۆ دڵدانەوەى خۆى چاو لە ئێستا و داهاتوو دەنووقێنێت و هانا بۆ ڕابردوو دەبات، یان بە تەسەوورى ئاییندەیەکى بێ ڕەگ و ڕیشە و بنەما، دڵى خۆى دەلاوێنێتەوە. گومانى تێدا نییە کە هەموو ئەمانە هیچ جۆرە دڵنەواییەک نابەخشن، بەڵام ئەم کەسە هەرچەند دەکات لەمە تێناگات.

بەڵێ، داهاتوو هەرگیز نابێت لەبیربکرێت و دەبێت بکرێت بە جێگاى کێشان و جێبەجێکردنى نەخشەکانى بونیاتنانەوە و ژیاندنەوە و ڕێزى لێبگیرێت؛ ڕابردووى شکۆداریشمان دەبێت هەردەم یادى بەخێرى بکرێتەوە وەک سەرچاوەیەک ئەژماربکرێت کە لەبەر خاترى ڕەگەکانى ڕۆح و مەعنامان هەمیشە سەرى لێبدرێت. لەپاڵ هەموو ئەمانە، دەبێت زیاتر هەڵوێستە لەسەر کاتى ئێستا بکرێت و هەڵبسەنگێنرێت؛ بە ڕاى من ڕێگاى ڕزگاربوونیش لەو تەسکى و تەنگییەى کە هەندێک بێزار و بێتاقەت دەکات، هەر ئەمەیە.. ئەگینا نە پەنابردن بۆ ئەفسانەکانى ڕابردوو لەتاو تاریکییەکانى ئێستا و نە چاوبواردن لە سروشتى شتان و خۆ دانە دەست هەندێک خولیاى بێبنەماى داهاتوو، هەرگیز بە جێگایەکمان ناگەیەنن. هەتا ئێستا ئەم خولیایانە جگە لە پترکردنى حەسرەت، هیجران و دڵشکانمان سوودێکى تریان نەبووە.

بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس لەبریی ئەوەى بەهۆى ئیمان و پەیوەندیی بە خواوە تەسکى و تەنگیی دۆخى ئێستایان تێپەڕێنن، بەردەوام لە حاڵێکى بزۆکدا دەژین و بە خەیاڵى بۆش تەمەنیان بەڕێدەکەن.

ژیان بۆ ئەم جۆرە کەسانە زۆر کەم و سنووردارە؛ نە قووڵییەکى واى هەیە کە وەڵامى ئاواتەکانى مرۆڤ بداتەوە و نە لە ڕوانگەى فراوانیی هەستەکانیشەوە لایەنێکى واى هەیە کە بەڵێنى هیواى پێیدات. هەتابڵێیت بێوەفایە؛ نە لە خواردن تێردەبێت، نە سوپاسى دەرخواردان دەکات. دیار نییە هیی تۆیە یان نا؛ تەمەنێک لەسەر پشتت هەڵى دەگریت، کەچى لە پێچێکى نادیاردا دەڵێت بەبێ خواحافیزیی دەڕوات. بەڵێ، هیچ کەسێک پەیمانێکى لە دەستدا نییە کە ماوەى ژیانى تێدا نووسرابێت. دیاریش نییە “تێکڕاى تەمەنى دانیشتووان” وەفاى بۆ کەسێکى دیاریکراو دەبێت یان نا. ژمارەى ئەوانەش کە هەتا دوا دڵۆپى قەدەرەکەیان دەژین بەگوێرەى هەلومەرج و ژینگەکان جۆراوجۆرە: ئینسان لە بەیانییەک یان ئێوارەیەکدا، یان لە هەر یەکێک لە کاتژمێرە نادیارەکانى شەو و ڕۆژدا، کاتێک خەریکى کارى خۆیەتى و لە غەفڵەتدایە، بێئاگایە لەو ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەى بەردەمى، کاتێک بە ڕێگایەکدا دەڕوات، کاتێک سەرقاڵى کارێک لە کارەکانیەتى، بێئەوەى دەرفەتى تەواوکردنى کارەکەى پێبدرێت، بلیتى کۆچى دەدەنە دەستى. ئیدى هەموو شتێک بۆ ئەو کۆتایی دێت؛ دابڕاوە لەوانەى کە بەجێى هێشتوون، لە ماڵ و منداڵ، سەروەت و سامان. ئیدى لەگەڵ هیچیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە ئەوانەى تەمەنێک گریاون و کڕووزاونەتەوە، یاخود ئەوانەى کە شوێن تەرمەکەى کەوتوون.

چەند نامۆیە گەر بەدرێژایی تەمەنێک حساب بۆ کۆتاییەکى لەم جۆرە نەکرابێت. چیتر بەردەوامبوونى حسابەکانى تر مومکین نییە. چونکە دەفتەى حساباتەکانى کەسەکە داخراوە و قۆناغێکى نوێى موحاسەبەى وەها کراوەتەوە کە سەرجەم حسابەکانى تر ژێروژوور دەکات. دەکرێت بەمە بڵێین قۆناغى “ماڵئاوایی” لە هەموو شتێک، ماڵئاوایی لە ژیان، ماڵئاوایی لە جوانییەکان، ماڵئاوایی لەو شتانەى تاممان کردوون و لێیان تێرنەبووین، ماڵئاوایی لە گشت ئەو هیوا و ئاواتانەى کە ئاوابوون… لە دۆخێکى لەم جۆرەدا کە تێکڕاى ئارەزووەکان بوونەتە خۆڵەمێش، گشت خولیاکان گۆڕاون بە سەراب، هەموو ئومێدەکان تەختى زەوی بوون، سەرجەم حوزنەکان هێندەى تر خەست بوونەتەوە، هەموو ئایدیاڵەکان گۆڕاون بە خەونێکى ڕووخاو، هەموو کەسێک هەست بە لەرزین و هەژان دەکات، لەوانەیشە بڕووخێت و بکەوێتە سەر ئەژنۆ؛ بەڵام چیتر شتێک لە دەستى مرۆڤدا نەماوەتەوە.

تاڵ و تفت بیر لە نێژرانى خۆى دەکاتەوە لەژێر خاکدا؛ ئارەقى سارد دەڕژێت کاتێک دەبینێت فەنابوون دەرهەق بەویش کاردەکات، ئیتر بەناچارى دەناڵێنێت؛ لەهەمبەر خاپووربوونى کۆشک و تەلارەکاندا، تێکشکانى خولیاکان پێکەنین و ڕابواردنەکان و تەواوبوونى خۆشویستن، خۆشویستران و تامکردنى دونیا. ئیدى لوورەى خەزان لە دونیاى ڕۆحیدا هەڵدەکات. هەموو بایەکى هەڵکردووش، دەنگى خاڵیبوونە لە ژیان بە گوێى ئەودا دەدات. لەهۆى هەستێکى بۆشیی لەم جۆرەوە، لە دیدى ئەودا، ئەو کلتوور و شارستانێتى و فەلەسەفانەش کە لە هەست و بیر و ئەزموونى هاوبەشى ملیۆنان و ملیاران کەس پێکهاتوون، هەموویان دەڕۆن و لە هەمان بۆشاییدا خاڵى دەبنەوە. هاتووەکان وەک سێبەر دێن، ڕۆیشتووەکانیش تێکەڵ بە خەیاڵات دەبن و لەناودەچن.. ئیتر بەم جۆرە هەموو ئەو شتانەى کە ڕۆژانێک تازە و پەمەیی دەبینران و تێکڕاى چالاکییەکانى ژیان، جێى خۆیان بۆ چوارچێوە بۆشەکان، خەت و هێڵى کاڵ و نەبوونە ساردەکان، چۆڵ دەکەن.

چیتر نە بریسکەیەک لە جوانییە خەمڵاو و ڕەنگاوڕەنگەکان، نە شوێنەوارێک لە سیما درەوشاوەکان، نە ئاسەوارێکیش لە ئاراییشتە سەرنجڕاکێش و سەرسووڕهێنەکان ماوەتەوە… بنى ئەو دونیا درۆیینەیە بینراوە و تەنانەت ڕوخسارە هەرە خۆشەویستەکانیش لەو ڕێگایانەدا کە نەبوون شێلاونى، چەشنى گەڵاى پاییز وان.

بەڵێ، لاى هەندێک ئەو کەلێن و چاڵانەى کە مردن لە ڕۆحى ئینساندا دروستى دەکەن، هەرکەسێک دەرگاى ئەم بۆشاییەى لەسەر بکرێتەوە، هەروەک لەبەرامبەر نەمانى خۆیدا هەڵدەلەرزێت، لەهەمبەر ڕژانى کەسانى دیکە، میللەتان و تەنانەت تەواوى بوون و گەردوونیش بۆ ناو هیچێتى، دەسڵەمێتەوە و لەرزەى پێدەکەوێت. مزڕابى ئەم جۆرە کەسانە بەردەوام ئاوازى حەسرەت و هیجرانى لێوە هەڵدەستێت.. لە دەوروبەریاندا بەردەوام دەنگ ئاخ و داخ دەبیسترێت و بەدەم سکاڵاى “هاتوومەتە ئەم وەحشگایە و پەشیمانم”ەوە دەناڵێنن.

سەبارەت بەوانەى کە لە بازنەى تەسکى جیسمانییەتدا دەژین ــ گەنج بن یان پیر ــ کۆتاییەکى لەم جۆرە حەتمییە. لەوانەیە سەرکوتکردنى هەستەکان بە شەراب، قومار، ڕابواردن و سەرگەرمیی دڵنەوایی هەندێک لەوان بکات، بەڵام بە هیچ جۆرێک بەختەوەریان ناکات؛ بەپێچەوانەوە، ئەوانەى موبتەلاى ئەم شتانە بن هەموو ساتێک لە دڵەڕاوکێ، هەڵچوون و شێتیدا دەژین. هاوڕێ لەگەڵ ژانە ناوەکییەکاندا دەناڵێنن، لەگەڵ هەستە زۆر تاریکەکاندا هەناسە دەدەن، بەردەوام لە باوەشى شڵەژان، پەرێشانى و بزڕکاندا دەژین…

ئەوە ئیمان، ئومێد و فراوانیی ویژدانن کە مرۆڤ لە تەنگى و تەسکیی خۆى ڕزگاردەکەن و لە فەزاى بەرینى دڵ و ڕۆحدا دەیگەڕێنن.. تەپوتۆزى ئیلحاد، نکووڵى، شک و گومانەکان دەسڕن و هەناسەیەکى ئاسوودە بە هەموان دەبەخشن.. زیندانەکان دەگۆڕن بە کۆشک و سروە فیردەوسییەکان بەسەر مرۆڤدا دەگەڕێنن.. وە ئەم ئادەمیزادە بچووکە دەگەیەنن بە گەورەیی و فراوانییەک هاوتاى گەردوونەکان و بگرە لەوانیش بەرینتر… نازانم دەتوانین ئەمانە بۆ ئەو نابینایانەى ئەم ڕۆژگارە باس بکەین کە لە تەسکیی جیسمانییەتدا چەقیون و فراوانیی ناو ڕۆحیان نابینن؟