شەیتان و شوێنكەوتە هاوچەرخەكانی

شەیتان بوونەوەرێكی چارەڕەشی نەفرەت لێكراوە، كارەكەی بریتییە لە ئارەزووپەرستن و دڕندەیی و، لە چوارچێوەی فیتنە و، خراپەكاریی و، دووڕوویی و، دووبەرەكیشدا بەردەوامیی بە بوونی دەدات. كاری ئەو شەیتانێتییە و هەمیشە بەدوای شەڕدا ڕادەكات. هەستە خراپەكان لە مرۆڤەكاندا دەوروژێنێت و، بە دوورخستنەوەیان لە باشی و جوانی و فەزیلەت دەیانچوێنێت بە خۆی و، دەیانكات بە ئاوێنەی خۆی. ئەو شتانەی كە زۆر گرنگییان پێ‌ دەدات و خۆی پێیانەوە سەرقاڵ دەكات بریتین لە یاخیبوون بەرامبەر فەرمانە ئایینییەكان و، هەڵگەڕاندنەوەی فەرموودەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی (عَلَیْهِ أَفضَلُ صَلَاةٍ وَسَلَام) و، شیرین كردنی ڕێگای قەدەغەكراوەكان لەبەر چاوان و، پاڵنانی خەڵكی بەرەو ژیانی ئاژەڵانە. ئەو، هەموو كاتێك و لە هەموو شوێنێكدا، گوێ‌ نەدان بە یاسا و ڕێسا لە دڵی شوێنكەوتووانیدا دەچێنێت.. هەڵپەی ئەم جۆرە كەسانە تاو دەدات، قامچی لە ئارەزووە جەستەییەكانیان دەوەشێنێت، هەردەم ڕێگای دزی و تاڵانیان نیشان دەدات، بە تام و چێژەكان فریویان دەدات و، سیفەتی ئیبلیسێتیی دەگوازێتەوە بۆ زۆرێكیان.

هەندێك لەو هەستانەی كە لە چوارچێوەی چەند بەرژەوەندی و حیكمەتێكی دیاریكراودا لە بوونی مرۆڤدا دانراون، ئەو لە خراپ بەكارهێنانی ئەمانەدا وێنە و نموونەی نییە.. ئەو، سەبارەت بەو بەدبەختانەی چوونەتە ناو هەرێمە پیسەكەی ئەوەوە، هەتا بڵێی كارامەیە لە بواری پیشاندانی شتانی جوان وەك ناشرین و شتانی ناشرینیش وەك جوان. ئەو چارەڕەشانەی ڕاوی كردوون، بە یارمەتی شێوازەكانی خەواندن و پڕوپاگەندەكانی، بە جۆرێك دەیانكات بە كۆیلەی جەستە، جارێكی تر زۆر ئەستەمە ئەمانە بەرزببنەوە بۆ ئاسۆی مرۆڤی ڕاستەقینە…

هەرچەندە ئادەمیزاد لەو كاتەوە ئەم بوونەوەرە زیانبەخشە دەناسێت، كە لە ڕووداوی سوجدە بردن بۆ ئادەمدا لە خوای گەورە یاخی بوو، بەڵام پێدەچێت سەرگوزەشتەی ئەم بەدبەختە -خوا باشتر دەزانێت- لە ڕووی كێشەكانی ناخی و، دژیەكیی ناو بیركردنەوە و هەستەكانی، بگەڕێتەوە بۆ زۆر لەوە پێشتر. ئەو بەو سیفەتانەی كە وەكو ماتەوزەیەك لە سروشتیدا دانراوە چەشنی هەستی ئێرەیی و، فریودان و، خۆپەرستیی و، یاخی بوون و، حەزكردن لە ناوبانگ -لە هەموو ئەمانەدا ئیرادە جوزئییەكەی وەك هۆكارێكی ئاسایی حسابی بۆ كراوە- ڕێك وەك شوێنكەوتەكانی لەم ڕۆژگارەدا، بوونەوەرێكی هێندە نزم و بێنرخە كە هەردەم ڕۆحی بە یاخیبوون و سەرهەڵدان قوڵپ دەدات و، خۆی بۆ خراپە و خراپكاریی یەكلایی كردووەتەوە. چونكە لەو ماكە سەرەكییانەدا كە ماهییەت و دنیای ناوەوەی ئەو پێكدەهێنن هەمیشە هەستە خراپەكان هەڵدەقوڵێن، هەمان شتیش دەدات بە گوێی هەموو ئەو ئینس و جیننانەدا كە تێكەڵی خولگەی ئەو دەبن. بە تایبەت هەوڵ دەدات ئەوانەی كێشەی كەسایەتییان هەیە بیانچووێنێت بە خۆی و بە بەردەوامیی فووی شەیتانیی دەكات بە ڕۆحیاندا.. لە خوێن و دەمارەكانیاندا دێت و دەچێت.. وە هەمیشە شتی خراپ دەچپێنێت بە گوێی ئەم چارەڕەشانەدا. ئەم داماوانە ئەو وتە و دەربڕینانەی كە لە جیهانی ناوەوەیاندا شێوە دەگرێت یان ئەو بیركردنەوە چەپەڵانەی كە لە شێوەی نووسیندا دێنە دەر، وا دەزانن هیی خۆیانە، كەچی لە ڕاستیدا بوونی نەقیزە شەیتانییەكان لە پشتی ئەم شتە خراپانەوە شتێكی ڕوون و ئاشكرایە. لەم ڕووەوە ئەو شەیدایانەی شەیتان و ئەو دەستە و تاقمانەی فیتنە و ئاژاوەش كە بە تایبەتی ڕق و قینیان بەرامبەری بە ئەهلی ئیمان هەڵگرتووە و، هەوڵی فریودانیان دەدەن و، جاروبار هەستە ئاژەڵییەكان لە هەندێك لە لاوازەكاندا دەوروژێنن و بەرەو ژیانی ماددی ڕاپێچیان دەكەن و، هێرش دەكەنە سەر ئەو كەسانەی كە وەك خۆیان بیرناكەنەوە و، ئاژاوە و قەیران دەنێنەوە و هەوای گشتیی تێكدەدەن و، چینە جیاوازەكان دەكەن بە گژی یەكتردا و، هەمیشە وێڵن بەدوای دووڕوویی و دووبەرەكیدا و، وەكو قورئانی پیرۆز ئاماژەی بۆ دەكات كاتێك لەناو ئیمانداراندان وەك یەكێك لەوان دەردەكەون و، كاتێكیش دەگەڕێنەوە بۆ لای ئاغا بێباوەڕەكانیان بیركردنەوەی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشكرا دەكەن.. بەڵێ‌، ئەم تاقم و پێڕانەش لە ڕووی مەجازەوە وەك شەیتان حسابیان بۆ كراوە، ئەمانە ئەو شەیتانەن كە ئایەتی پیرۆزی:

وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَىٰ بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا ۚ وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ ۖ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ

(الانعام: 112)[1]

ئاماژەیان بۆ دەكات.

ئەو شەیتانەی كە فەرمانی سوجدەبردنی بۆ ئادەم بەجێنەهێنا و ئاڵای سەرپێچیی هەڵكرد، لەوەش زیاتر سنووری خۆی بەزاند و، كەوتە موجادەلە و موناقەشە لەگەڵ خوای گەورەدا، ئەمێستا شوێنكەوتە مۆدێرنەكانیشی بە شوێنەواری ئەودا دەڕۆن و، هەموو كاتێك جەنگ لە دژی باشی و جوانی ڕادەگەیەنن و، هەوڵی لەبیربردنەوەی خوا و پێغەمبەر (عَلَیْهِ أَلفُ صَلَاةٍ وَسَلَام) دەدەن و، زەمینە بۆ سەوزبوون و گەشەكردنی بیركردنەوە شەیتانییەكان ئامادە دەكەن. وەك گۆتە لە كتێبی فاوستدا ئاماژەی بۆ دەكات[2]، لە دێر زەمانەوە تا ئەمڕۆ كێبەركێی نێوان مرۆڤ و شەیتان بەردەوامە و، جەنگی نێوان ئیمان و كوفریش نە تەواو بووە و نە تەواو دەبێت… لە چوارچێوەی ئەم كێبەركێیەدا جاری وا هەبووە زەمینە بۆ كوفر و گومڕایی خۆش كراوە و، بێباوەڕان بە تەواویی پێیان لێ‌ ڕاكێشاوە، كاتی واش هەبووە باوەڕداران بە زەبری هێز سەركوت كراون و، جاری واش هەبووە هەندێك ڕۆحی سەرگەردان جگە لە خۆیان مافی ژیانیان بە كەسی تر ڕەوا نەبینیوە و، جاری واش هەبووە -وەك لەم سەردەمەی خۆماندا چەندین نموونەی ئەمە دەبینین- ئای چ زوڵم و ناحەقیی و ستەمێكی دڕندانە كراوە!.. ئەم ستەمكارانە بیریان لە “قودرەتی قاهیر”ێك نەكردووەتەوە كە لەوان بەهێزترە.. بیریان لەوە نەكردووەتەوە ئەگەر ستەمكار ستەمی هەبێت، ستەملێكراویش خوای هەیە، ئەوانەی ئەمڕۆ دەستدرێژیی و ستەم دەكەن سبەی ڕووڕەش دەبن و، دەكەونە ژێر پێی خەڵك. ئەوەی لەمەش تاڵترە ژیانی ئەو بەدبەختانەیە كە لە ژێر سایە و فەرمانی ئەم ستەمكارانەدا بەسەری دەبەن، بڵێی هیچ لە دنیا و ڕووداوەكانی پێشین تێنەگەیشتبن؟ بەڵێ‌، هیچ تێنەگەیشتوون و خزمەتیان بە ئارەزووەكانی فەرمانڕەوا ستەمكارەكانیان كردووە. هەستیان بەوە نەكردووە كەوتوونەتە چ حاڵێكەوە و بۆ چ كارگەلێكی قێزەون ڕاپێچ كراون. دەربارەی ئەمانە چەند خۆش وتوویەتی نامیق كەمال:

“موعینی زاڵمان لە دنیادا ئەربابی دەنائەتن

كەسێ‌ حەزی لە خزمەتی ڕاوچیی بێویژدان بێت سەگە.”

لەڕاستیدا كۆتایی ئەم جۆرە كەسانە هەمیشە بەئازار و تاڵ بووە و ئەمڕۆش هەر وایە. پێشینانمان دەڵێن “دۆستایەتیی شەیتان تا پەتی سێدارەیە.” چارەنووسیی ئەمانەش هەر ئاوا كۆتایی دێت. ئەمانە هەروەك لە دنیادا پێنەكەنیون، هەرگیز لە داهاتووشیان دڵنیا نین. ناتوانن دڵنیا بن، چونكە شەیتانەكانی ئینس و جینن ڕۆحی ئەوانی دزیوە.. بەڵێ‌، ئەوان جارێكی تریش دووچاری هەمان یارییە نەگریسەكەی شەیتان هاتوون.. خەڵەتابوون بەو دوژمنانەی لە شێوەی دۆستدان،  بەو بێگانانەی وایان زانیبوو لە خۆیانن.

هەنووكە ئەو بێباوەڕ و، مولحید و، ئاژەڵ و، شەهوەتباز و، ستەمكارانەی كە حەق و دادپەروەریی ناناسن ئەوە دەكەن دەرهەق بە خەڵكانی بێچارە و هەژار كە تەنانەت شەیتانەكانیش نەیانتوانیوە بیكەن. بە جۆرێك ئەم تۆڕ و پێڕانەی شەڕ كە بیركردنەوەیان تا بڵێی چڵكن و، دەمیان پیس و، ڕق و قین لە سنگیانەوە هەڵدەقوڵێت، هەردەم هێرش دەكەنە سەر ئەوانەی كە وەك خۆیان بیرناكەنەوە و، ناوی هەموو كەسێك دەزڕێنن و، هەر كەسێكیان بوێت دەیبەن بە ئاسماندا و، حەزیان لە هەر كەسێكیش نەبوو دەیبەن بە ناخی زەویدا. بەڵێ‌، ئەمە یەكەم ڕۆژ ئاوا بوو.. دوێنێش ئاوا بوو.. ئەمڕۆش هەر وایە..

خوای گەورە بانگی كردووین بۆ دووركەوتنەوە لە ئەو:

{يا أَيُّهَا النَّاسُ كُلُوا مِمَّا فِي الْأَرْضِ حَلالًا طَيِّبًا وَلا تَتَّبِعُوا خُطُواتِ الشَّيْطانِ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُبِينٌ* إِنَّما يَأْمُرُكُمْ بِالسُّوءِ وَالْفَحْشاءِ وَأَنْ تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ ما لا تَعْلَمُونَ (البقرة: 168- 169)[3]

خوای گەورە ئاگاداری كردووینەتەوە لەوەی ئەم نەفرەت لێكراوە چاوەڕێی تۆڵە سەندنەوە لێمان:

{لَعَنَهُ اللَّهُ وَقالَ لَأَتَّخِذَنَّ مِنْ عِبادِكَ نَصِيبًا مَفْرُوضًا (118) وَلَأُضِلَّنَّهُمْ وَلَأُمَنِّيَنَّهُمْ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُبَتِّكُنَّ آذانَ الْأَنْعامِ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ اللَّهِ وَمَنْ يَتَّخِذِ الشَّيْطانَ وَلِيًّا مِنْ دُونِ اللَّهِ فَقَدْ خَسِرَ خُسْرانًا مُبِينًا

(النساء: 118- 119)[4]

بە فەرمانی:

قالَ فَبِما أَغْوَيْتَنِي لَأَقْعُدَنَّ لَهُمْ صِراطَكَ الْمُسْتَقِيمَ (16) ثُمَّ لَآتِيَنَّهُمْ مِنْ بَيْنِ أَيْدِيهِمْ وَمِنْ خَلْفِهِمْ وَعَنْ أَيْمانِهِمْ وَعَنْ شَمائِلِهِمْ وَلا تَجِدُ أَكْثَرَهُمْ شاكِرِينَ

(الأعراف: 16 – 17)[5]

بانگهێشتی كردووین بۆ لای وریایی و لەسەرخۆیی بەرامبەر بەو ڕق و قینەی كە شەیتان دەیچێنێت. خۆزگە دەمانتوانی لە هەموو ئەمانە تێبگەین!..

[1]. واتە: هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بۆ هه‌موو پێغه‌مبه‌رێك دوژمنێكمان داناوه‌ له‌ شه‌یتانه‌كانی مرۆڤ و جنۆكه‌ كه‌ به‌ نهێنی به‌یه‌كتری ڕاده‌گه‌یه‌نن وته‌ی ڕازاوه‌ و بریقه‌دار بۆ فریودانیان، وه‌ ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت بیویستایه‌ ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد، دەلێیان گه‌ڕێ به‌ خۆیان و ئه‌و درۆیانه‌وه‌‌ی كه‌ هه‌ڵی ده‌به‌ستن.

[2]. شانۆگەری “فاوست” یەكێكە لە كتێبەكانی نوسەری ئەڵمانیی بەناوبانگ “گۆتە”، تيايدا باس لە چیرۆكی كەسێك دەكات بە ناوی دكتۆر فاوست كە ژیانی بۆ زانست و پەرستش ترخان كردووە و گەیشتووە بە تەمەنی پیری. ڕۆژێك شەیتان فریوی دەدات و لەبەرامبەر ئیمانەكەیدا پەیمانی پێدانی سەرجەم جوانی و خۆشییە دنیاییەكانی پێدەدات. (وەرگێڕ)

[3]. واتە: ئه‌ی خه‌ڵكینه‌ بخۆن له‌وه‌ی كه ‌له‌ زه‌ویی دایه‌ به‌حه‌ڵاڵی و پاكی وه‌ دوای هه‌نگاوه‌كانی شه‌یتان مه‌كه‌ون، به‌ڕاستی شه‌یتان دوژمنێكی ئاشكراتانه* به‌ڕاستی (شه‌یتان) فه‌رمانتان پێ ده‌دات به‌تاوان و خراپه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌ستنی شتی وا به‌ده‌م خواوه‌ كه‌ نازانن.

[4]. واتە: كه‌ خوا نه‌فرینی لێ كردووه‌، وه‌(شه‌یتان) وتویه‌تی سوێند بێت هه‌ڵ ده‌بژێرم(به‌ به‌نده‌ی خۆم) له‌ به‌نده‌كانت دا به‌شێكی دیاری كراو*سوێند بێت گومڕایان ده‌كه‌م و به‌ ئاوات و خه‌یاڵی درۆینه‌ سه‌رگه‌رمیان ده‌كه‌م، وه‌ فه‌رمانیان پێ ده‌ده‌م جا بێگومان ئه‌وانیش گوێچكه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان ده‌بڕن وه‌ فه‌رمانیان پێ ده‌ده‌م ئه‌وسا ئه‌وانیش دروست كراوی خوا ده‌گۆڕن وه‌ هه‌ر كه‌سێك شه‌یتان بكات به‌ دۆستی خۆی بێجگه‌ له‌خوا ئه‌وه‌ بێگومان زیانی لێ كه‌وتووه‌ به‌ زیانێكی دیارو ئاشكرا.

[5]. واتە: وتی ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ گومڕات كردم بێگومان بۆیان (ئاده‌م و نه‌وه‌كانی) داده‌نیشم له‌ڕێگه‌ ڕاسته‌كه‌ی تۆدا*ئینجا سوێندبێ بێگومان بۆیان ده‌چم له‌ پێشیانه‌وه‌ و له‌دوایانه‌وه‌، وه‌ له‌لای ڕاستیان و له‌لای چه‌پیانه‌وه‌ ئه‌وسا نابینی زۆربه‌یان سوپاس گوزار بن.