لەخۆپرسینەوەیەک

 

ئەی نەفسەکەم!

لە هەستی خەزانت خۆت قورتار بکە و ببە سەوزایی، با مەل و باڵندەکان بە چواردەورتدا دەست بە فڕین بکەن.. ببە سەرچاوەیەکی ئاو، هەرچی هەناوی سوتاوە بۆ لای تۆ ڕابکات.. چەشنی مۆمەکان بتوێرەوە و بە چواردەوری خۆتدا ڕوناکی پەخشان بکە؛ بە شێوەیەکی وەهاش پەخشانی بکە هەرکەسێک تەماشای کردیت بە چواردەوری تۆدا ببێتە پەروانە. چەشنی دایکێک وەها لە دڵەوە بە گەرموگوڕی ئامێز بۆ مرۆڤەکان بگرەوە، تەنانەت ئەوانەی لە توڕەییشت دەترسن بێدوودڵی خۆیان فڕێ بدەنەوە باوەشت. ئەوەی خودا بە ئیحسانی خۆی پێیبەخشیوی تۆش جوامێرانە بە چواردەورتدا تەخشانی بکە؛ تەخشانی بکە چونکە بەخشندەیی پڕ ڕازترین هاوکێشەیە کەوا مرۆڤ، لە مرۆڤ و بەهەشت و الله نزیک دەکاتەوە. گەر ئەم هاوکێشەیە بکەیتە بەشێک لە ڕۆحت و دەکاری ببەیت، تەنانەت ڕەقەڵانترین ڕۆحەکانیش کەوا مەزهەبی نەفرەت و کینە و دوژمانیەتییان گرتۆتە بەر، ڕۆژێک دێت کەوا بۆ هاتنە ناو کەشوهەواکەی تۆوە سەرە بگرن.

تۆ دەبێت هەموو کاتێک چەشنی هەور بیت و بەر بە گەرمای تاقەتپڕوکێنی خۆر بگریت.. بێ ئەوەی گوێ بە وەرزەکان بدەیت، چەشنی لێزمە باران بەسەر هەموو کەسێکدا بڕژێیت و ئاگری هەموو لایەک دابمرکێنیتەوە؛ هیچ نەبێت چەشنی نمەباران کەوا دەست بەسەری باخ-بێستان، پێدەشت-پاوان، شاخ-کێوەکاندا دەهێنێت، تۆش دەبێت دەست بەسەری هەموو دڵ و ڕۆحە وشکبووەکاندا بهێنیت. دەبێت ببیتە سەرچاوەیەکی سازگاری شیرینی وەها، هەردەم لە چواردەورت دەنگی گۆزە جمەی بێت..ئەو دڵانەی بە حەسرەتەوە سوتاوون هەردەم لە هەرێمی تۆدا ئەوە بدۆزنەوە کەوا بە دوایدا عەوداڵن. هەرکاتێک زارت کردەوە و گوزارشتت لە ئیلهامەکانی ڕۆحت کرد، مرەکەبی پێنووسی ئەو کەسانە تەواوببێت کەوا چەشنی ڕاوکەری وتەی پڕ دانایین، دواتر ئەو هەستە قەشەنگانەی کەوا پەڕەی کتێبەکانی پێدەڕازێنرێتەوە وەک مەزامیری[1] ڕۆحانیەکانی لێبێت. لەو سەردەمانەدا کەوا ڕق و کینە و توڕەیی چەقۆکانیان تیژ دەکەنەوە و پەلاماری هەموو کەسێک دەدەن و هەرچیەکیان دەست بکەوێت دەیڕوخێنن، تەنانەت توڕەترین ڕۆحەکان و بێلانە و بێحاڵەکانیش لە ئامێزی تۆدا بگیرسێنەوە و لەوپەڕی دڵتەوە پارێزگارییان لێبکەیت و هیچ کەسێکیش توشی دڵشکاوی نەکەیت کەوا هانای بۆ هێناویت.

وەک ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەبینرێت، تەنانەت لەو کاتانەشدا کەوا هەندێک فکری سەرکەشی دێوەزمئاسا کەوا تەواوی ئەو ڕێگایانەی وەک گەلێک بەیەکەوە دەمانبەستێتەوە بە شێوەیەک لێکردووە کە چیدی شایەنی پێدا ڕۆشتن نەبێت و تەواوی پردەکانی نێوانمانیان دەڕوخێنن، بە هۆی خۆشەویستی و هەیەجان و لێبوردەییمانەوە هەر بەردەوام ببین لەوەی ڕێگا و پردی مەعنەوی دروست بکەین و بگەین بە هەر شوێنێک کەوا دەتوانین پێیبگەین، هەرگیز بیر لە پەرچەکرداری هاوشێوە نەکەینەوە، تەنانەت مەرگیشمان وەهامان لێنەکات سازش لەسەر داخوازی کەسایەتی ئیماندارانەی خۆمان بکەین، هەر بەردێکیش کەوا بۆ سەرتی فڕێ دەدەن، چەشنی ئەو نەیزەکانەی بەر بەرگە هەوا دەکەون بیانتوێنەرەوە و بیانگۆڕە بە تیشک و ئاهەنگی هەڵدانی فیشەکی هەوایی ڕەنگاوڕەنگیان لێ دروست بکە. تەواوی ئەو دەنگانەی بە توڕەیی و ڕقەوە لە چواردەورت بەرز دەبنەوە هیور بکەیتەوە و دەستەگوڵی خۆشەویستییان لێ دروست بکەیت؛ بە شێوەیەکی وەهاش هەرگیز باس لە خراپبوونی ڕێگاکان و ڕوخانی پردەکان نەکەیت.. هەرگیز قسەیەکیش نەهێنیتە بەر باس کەوا ڤایرۆسەکانی نەفرەت و کینەی پێببزوێنیت. ئەم ڕێگەیە؛ ڕێگەی پێغەمبەرانە و تۆکمەترین پردیشە بۆ ڕۆشتن بەرەو مرۆڤی کامڵ. هەتا ئێستا هەرکەسێک لەسەر ئەم ڕێگەیە ڕۆشتبێت لە نیوەی ڕێگا گیری نەخواردووە؛ وەک ئەوەی گیریشی نەخواردووە لە هەمان کاتدا بەرانبەر هیچ کارێکی ناقۆڵا و ناشرینیش هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە. لە ڕاستیدا مرۆڤێک گەر شعوری مرۆڤبوونی خۆی هەبێت، هیچ کاتێک نەفرەت و کینە و توندوتیژی، ئاڕاستەی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانی ناگۆڕن و کاریگەری لەسەر دانانێن و نابێت کاریگەریشی لەسەر دابنێن. ئەگەرچی موسوڵمانگەلێک هەن کەوا لەبەردەم زەبرەکاندا ڕێگە و ئاڕاستەی خۆیان دەگۆڕن، بەڵام ئەمانە ڕۆحگەلێکی خامن کەوا لە شەپۆلەکانی هەست و هزریان هێشتا نەنیشتۆتەوە و پێچەسپاو نەبوون. من پێم وانیە ئەم ڕۆحە خامانە شتێکی ئەوتۆیان پێبێت کەوا بە کەسانی تری ببەخشن. هەردەم کاردانەوەی ئەم جۆرە کەسانەش لەبەردەم ڕووداوە جیاوازەکاندا یان ئەوەتا ئەوە بووە کە هەمان پەرچەکرداریان پیشانداوە، یان چەشنی ئەو دەهۆڵەی بە دار لێیدراوە دەنگەدەنگیان دروست کردووە؛ پێم وایە هۆکاری زۆرێک لەو هاتوهاواری لە نیوان مرۆڤەکانی ئەمڕۆشدا ڕوودەدات هەر ئەمەیە.

خۆبەهیچزانین، خاکەڕایی، خۆڕاگری، پێگەشتوویی حاڵی هەمیشەیی ئەو مرۆڤانەیە کە پێچەسپاون. ئەم کەسانە هەلومەرجەکان هەرچۆنێک بن، هەردەم چەشنی ئاسمانەکان قوڵ، بەرفراوان وەک دەریا، تۆکمە و ترسێنەر چەشنی شاخەکان، چون خاکیش خاکەڕایین. نە ڕووداوەکانی چواردەوریان کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، نە بە تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی تر لێڵ دەبن، نە مل بۆ گەردەلولەکان دەچەمێنن؛ بە پێچەوانەوە چەشنی خاک هەردەم سەریان لەسەر زەوییە و دەبنە دایکی شیری هەموو کەسێک. ئەوان چەشنی ئەو ئاڵتونەن کەوا لە کورەکاندا تواوەتەوە و جەوهەری ڕاستەقینەی خۆی دۆزیوەتەوە؛ گەر توشی ئەو گەردەلولانەش ببن کەوا گرانیتیش دەتوێنێتەوە دیسان ماهیەتی خۆیان ناگۆڕن. چونکە ئەوان بە شێوەیەک سوتاون و بوونەتە سوتماک و خۆڵەمێش، چیدی هیچ ئاگرێک ناتوانێت ئەوان بسوتێنێتەوە و لە بەرانبەر هیچ پشکۆیەکدا چۆک دانادەن. لە ڕاستیشدا هیچ کەسێک بیر لەوە ناکاتەوە و سەرلەنوێ خۆڵەمێش بسوتێنێتەوە و ئاڵتونی پوخت بخاتەوە ناو کورەی ئاگر.

ئەی نەفس! دەبێت لە ویژدانتدا وەها بە قوڵی هەست بە خەمی مرۆڤەکان بکەیت و لەگەڵیدا بژی، لەم بابەتەدا هیچ کەسێک چاوەڕێی شتێکی ترت لێنەکات.. بە شێوەیەکی وەها لە قوڵایی ناختەوە هەست بە ئازارەکانیان بکەیت و بۆیان بگریت، فرمێسکی چاوی هەموو ئەوانە وشک بکەیتەوە کەوا خەریکی گریانن.. بە شێوەیەکی وەها بۆیان بسوتێیت و قرچەت لێهەستێت، لە بەرانبەر کەسێکی وەک تۆدا کە جگەری بووەتە کەباب، تەواوی ناسۆرکێشەکان ئازاری خۆیان لەبیر بکەن.

 

دەی ئەو بەختیارەی کەوا بە گوێرەی ئەم ئاسۆیە خۆی ڕێکخستووە، وەک کەسێکە بەو شەوی قەدرە گەشتبێت کەوا جوانیەکانی تەواوی وێناکردنەکانی تێپەڕاندووە و لە ئاسمان بە پایەی جێنشینی الله سەرفراز بووە.

لە سروشتی مرۆڤدا هەم خۆشی و هەم ناخۆشی هەیە؛ مرۆڤی کامڵیش ئەو کەسەیە کە ناخۆشیەکان دەکاتە هۆکاری لێپرسینەوەی نەفسی، خۆشیەکانیش وەک کۆتری ویست و بەختی لێدەکات و دەیفڕێنێت هەتا کۆتا خاڵی هەڵفڕین؛ واتە لەلایەک زیندانکەرە و لەلایەک کۆترباز. ئەوی دەبێت بیبەستێتەوە  دەیبەستێتەوە، ئەوەی دەبێت بەرەڵاتی بکات بەرەڵای دەکات. بەڵێ، مەردایەتی ئەوەیە لە ڕێگەی ئیرادەی خۆمانەوە دەنگی هەوا و هەوەسمان ببڕین، فراوان ڕاگرتنی دڵیشمان هێندەی ئەوەی هەموو کەسێک بکەیتە میوان؛ باوکی مەردایەتی.

ئەی نەفسەکەم! هەموو کاتێک مەردانە ڕەفتار بکە و پشتگیری لە مەردایەتی بکە! لە ڕەخنەکردنی خۆتدا ویژدان وەک سەنگی مەحەک بەکاربهێنە؛ چەشنی ئەو ئاڵتونەی لە کورەی ئاگردا تواوەتەوە بەو سیما زەرد و نورانیەتەوە بە ڕووی هەموو کەسێکدا پێبکەنە! لە کاتێکیشدا بە دەموچاوی هەموو کەسێکەوە پێدەکەنیت، هەرگیز ئەوەش لەیاد نەکەیت کەوا دەبێت زێڕەنگەرێکی چاک بیت! لە ڕوانگەی ماهیەتی مرۆڤانەشتەوە تۆ بە ڕووی تەواوی ئەمانەدا کراوەیت؛ یەکەم ماجەرای تۆ لە ئاسمانەکانیش بەڵگەیەکی ڕوونی ئەم بابەتەیە. لەوێ کاتێک فریشتەکان بێشکەکەی تۆیان ڕادەژەند لایەلایەی ئیرەییان بۆ دەگووتی، شەیتانەکانیش لە بۆنەکانی حەسوودییاندا زەنگۆڵەیان بە ملتدا هەڵدەواسی. تۆ هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕووبەڕووی حەسوودییەکی تۆقێنەر و تێڕوانینێکی ستایشکارانە بوویت. ئیدی نازانم بووی بە چاوەوە یاخود نا، گەر کۆتا خاڵیشت فڕین بێت دیسان هەر توشی هەڵنوتینێک بوویت:

بە هۆی ئەو ئیجتیهادە هەڵەیەی کە دەستت بۆ میوە قەدەغەکراوەکە برد و هێشتا کاتی بەربانگ نەهاتبوو- ئەگەرچی ئەمە هەڵەی کەسانی نزیک لە خودایە- خۆتت لە زیدانی دونیا، نا نا نەخێر! خۆتت لە هەناوی ئەم خاکەدا بینیوە کە دایکایەتی بۆ هاتنی حەزرەتی محمد کرد. چەشنی وتەکەی محمد لوتفی کە دەڵێت” حیکمەتی ئەو درەختە ڕاستەقینەیە بریتیە لە هاتنی حەزرەتی محمد بۆ دونیا!”، بەم شێوەیە لە قەدەری ترشوتاڵتەوە یەکەم میوەی شیرینتر لە هەموو میوەکانت هێنایە دونیاوە.. بەڵێ، گەر لە بەهەشتدا بمایتایەتەوە، وەک درەختێکی بێبەر کەوا بە ڕووی شکۆفەکردندا داخراو بێت دەمایتەوە، هیچ کاتێک هەستت بەو توێشووە دەوڵەمەندە نەدەکرد کە لە ماهیەتتدا هەیە. بەڵام کاتێک لەوێ ڕۆشتیت و چادری خۆت لە دونیادا هەڵدا، ئەم وڵاتی خاک و خۆڵە لە ڕێگەی تۆوە وەک گوڵستانی لێهات.. وە ئەم کۆنە هەوارەی کەوا تۆی بۆ نەفی کرایت، وەک باخ و بێستانی ئەولیا و پێغەمبەرانی لێهات.  لە کۆتاییدا ئیرەیی فریشتەکان بە تەواوی گۆڕا بۆ ستایش و حەسوودی شەیتانەکانیش وەک ڕمێک هەڵگەڕایەوە و چەقی بە سنگیاندا.

ئێستا وەرە و بەهاکانی خۆت بخە ژێر پارێزگارییەوە! ئەم نەفیکرانە کەوا وەک ڕێگەی نزیکبوونەوە لە خودا ئەژمار دەکرێت بە باشترین شێوە هەڵبسەنگێنە، هۆکارەکانی نزیکبوونەوە لە جەنابی حەق مەگۆڕە بە هۆکاری دوورکەوتنەوە! لە ڕێگەی کەوتنە ناو داوی کینە، نەفرەت، هەڵپە و توڕەیی؛ دڵی دوژمنی ئەبەدیت کە شەیتانە، خۆش مەکە! خۆ گەر ڕۆژێکیش هەڵنوتیت و کەوتیتە ژێر ئاستی خۆتەوە، ئەوا چەشنی پێغەمبەر ئادەم ڕەفتار بکە، ڕاست ببەوە و وەرەوە سەرخۆت و دان بە تاوانەکەتدا بنێ. هەردەم ڕووت لە دەرگای کراوەی جەنابی حەق بێت و تەنیا بۆ ساتێکیش هەلی ژیان بە هەڵەکانت مەدە! لەڕێگەی ئیکسیری تۆبەوە سەرلەنوێ سروشتی مرۆڤانەت زیندووە بکەوە کەوا لە ڕێگەی گوناحەوە تێکچووە و وەک شتێکی تری لێهاتووە، هەڵیسێنەوە سەرپێ و جارێکی تر بەرەو الله شاباڵی پێبگرە! کاتێک تەواوی ئەمانەش دەکەیت ئەوە لەبیر مەکە کەوا سروشتی هەموو مرۆڤەکان بە هەمان شێوەیە، بیر لەوە بکەوە وەک ئەوەی تۆ هەڵەت کردووە ئەوانیش دەشێت هەڵە بکەن و چاوپۆشی لە تەواوی موجریمەکان بکە! تەنانەت بە هۆی ئەوەی بە نەفسی خۆیان دۆڕاون، ئەگەر لەدەستت هات بەزەییت پێیاندا بێتەوە و باوەشیان بۆ بگرەوە و یارمەتییان بدە! هەرگیز خۆیشت وەک لێپرسەرەوە لە گوناحی کەسانی تر مەبینە و خۆت بە گوناحی ئەم و ئەوەوە خەریک مەکە! خۆ گەر خۆشیت لەوە دەهات خۆت بە هەڵەکانەوە خەریک بکەیت، ئەوا ئەم هیوایەتەت لە بەرانبەر گوناحەکانی خۆتدا بەکاربهێنە، گەر دەرزییەکیشت بە چاوی خەڵکدا کرد، ئەوا دەبێت سوژنێک بە چاوی خۆیشتدا بچەقێنیت!

چویتە لای هەرکەسێک ئەوا چەشنی ئەو شنەبایانە بڕۆ کە بۆنی گوڵیان لێدێت! با بە هەر ڕێگەیەکدا ڕۆشتیت تۆمار تۆمار بۆنی تۆی لێوە بەرز ببێتەوە. وەک مۆمەکان بسوتێ و بتوێرەوە و چواردەوری خۆت ڕۆشن بکەوە، بەڵام هەرگیز نەکەیت ئەم فیداکارییە بۆ بەرژەوەندی خۆت بەکاربهێنیت! چەشنی بەرداش بسوڕێ و بناڵێنە، ئاگری تەواوی جگەرسوتاوەکان خامۆش بکە، بەڵام هەرگیز بیرێک لە خۆت نەکەیتەوە! چەشنی بوغوردانێک هەردەم بسوتێ، بۆنی خۆش بە چواردەورتدا بڵاو بکەوە، بەڵام هەرگیز سکاڵا لە حاڵی خۆت نەکەیت! هەردەم ڕووت لە زەوی بێت، لوتفەکانی جەنابی حەقیش مەکە ئامرازی شانازیکردن بەسەر کەسانی ترەوە؛ بە پێچەوانەوە چەشنی پێشەکییەک کەوا بە کەسانی لێقەوماو دەدرێت پارێزگارییان لێبکە، شەرمی ئەوە بتگرێ کەوا پاداشتی خۆتت هەر لە پێشدا وەرگرتووە! ئەگەر هەستای بەوەی تێکۆشان و خزمەتەکانت چەشنی ئەوەی مافی خۆت بێت بە ڕووتێکردنی کەسانی ترەوە ببەستیتەوە، ئەوا ئەمجارەیان دەستدەکەیت بەوەی چاوەڕێی لوتفی چواردەورت بکەیت. ئەمەش نەخۆشییەکی وەهایە کەوا چارەسەری زۆر سەختە و بە شێوەیەکی وەهاش خەڵک لە خۆت دووردەخەیتەوە، هەتا زیاتریش پێداگری بکەیت بە پێچەوانەی ئامانجەکەتەوە شەپازلە دەخۆیت و مرۆڤەکان زیاتر لە خۆت دوور دەخەیتەوە.. خۆ گەر ئاسوودەبوونی دڵت دەوێت، ئەوە ئەمە لە بێنیازی، خاکەڕایی، خۆبەهیچزانین و قەناعەتدایە. ئەوانەی خۆیان بە گەورە دەبینن، وەهمی بەهرەی دەراسا دەدەنە پاڵ خۆیان، ئەوانەی چاوەڕێی ڕووتێکردنی هەموو کەسێکن، ئەوانەی بە هەڵپە و پۆزەوە هەڵدەستن و دادەنیشن، تەنانەت گەر لەسەر ڕێگەی بەختەوەریش بن، هەر ڕۆژێک دێت کە خۆیان توشی ناڕەحەتی بکەن.

ئەی نەفس! گەر غیرەتت تێدایە ئەوا تف لە دوژمنایەتیەکەی ناو ناخت بکە! بێوەفایی لە دەرگاکەت دەربکە! زوڵم بخە ژێر پێیەکانت و بیپلیشێنەوە، بە تێبینی ئەوەی جەنابی حەق ئاگاداری هەموو شوێنێکە هەناسەی بێشەرمی بخنکێنە؛ هەستی خراپەکاریت بەو باوەڕەی کە تۆڵەی ئیلاهی هەیە جڵەوگیر بکە؛ لە جیاتی ئەوەی بە ئاڕاستەی هەوا و هەوەستدا بڕۆیت، هەموو کاتێک بە ئاڕاستەی خۆشنودی جەنابی حەق هەنگاوەکانت هەڵبگرە! بیر لەوە بکەوە کە خودا هەموو کاتێک چاودێریت دەکات؛ چەشنی درەوختەکان بلەرێوە و چەند گوناح و هەڵە و سەرکەشی هەیە کەوا سروشتت دەشێوێنن و ناشرینی دەکەن، هەروەها بێگانەن بە ڕۆحت و وەک گرێیە لەسەر دڵت، هەموویان لە خۆت داتەکێنە و فڕێیان بدە هەتا دەتوانیت! ئەوەشت لەبیر نەچێت هەر هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ ڕزگاربوون لەو شتانەی کەوا ڕۆحت پیس دەکەن و سروشتت دەگۆڕن بە جیهاد ئەژمار دەکرێت و هەنگاو بە هەنگاو لە ئەڵڵات نزیک دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە، بابەتی ئەوەی هەردەم لەو دوور بکەویتەوە، توشی تاڵترینی غوربەتەکان ببیت و لە نێو دڕندەیی تەنیاییدا بخنکێیت؛ وەک کارێکی حەتمی لێدێت.. خانەی چاکەکانی دەفتەری کردەوەکانیشت بۆش و بەتاڵ دەبێت، لە ڕوانگەی ژیانی قەلبی و ڕۆحیتەوە هەردەم لە نێو تاریکی و بولێڵەدا دەبیت. دەی مادام وەهایە خۆت ڕاست بکەوە و وەروە سەر خۆت، خۆت بکەوە بە خاوەنی بەها مرۆییەکانت، ئەو بەهەشتەی بە هۆی بێئارامییەوە لەدەستت دا ئەمجارەشیان مەیکە قوربانی بێباکی!

لەمڕۆدا هەر کۆششێک دەیخەیتە ڕوو لە پێناو دەسخستنەوی ئەو شتانەی لە ڕابردوودا لەدەستتداوە، چەشنی تۆوی ئەو گوڵەگەنمانەی لە خاکدا دەچێنرێن، لە وەرزی خۆیاندا ٢٠-٣٠ قات بەرهەمیان دەبێت. کەوایە هیچ کاتێک مەوەستە، چەشنی ئەوەی تۆو بچێنیت، بە هەموو لایەکدا چاکە و جوانی و فەزیڵەت پەخشان بکە، ژەنگی ئەو هەستانەت بکڕێنە کەوا وابەستەی خراپەکارین، ژیانیشت بە بەختەوەرکردنی ماددی-مەعنەوی کەسانی ترەوە ببەستەوە! بژی بەم شێوەیە هەتا لە زیندانی سوود و بەرژەوەندیەکانت ڕزگارت ببێت کەوا هەردەم ڕۆحت دەمرێنن! با خۆت هەردەم لە ناڕەحەتیدا بیت و ئاسوودەگی بەسەر کەسانی تردا ببارێنە! گوێ لە خەم بگرە و لە خەمدا بژی و بە خەموە بناڵێنە، بەڵام هەوڵی ئەوە بدە ببیتە دەرمانی خەمی کەسانی تر! بە خۆشەویستیەکی وەهاوە سینەت بۆ مرۆڤەکانی تر بکەوە، کەسانێکی نەفسزەدە کەوا لە ڕێگەی نەفرەت و کینەوە نزیکن لەوەی ڕەقیان ببێتەوە و گیرۆدەی زوڵمی خۆیانن و خەریکی هەڵلەرزینن، با هەردەم بەرەو گەرمایی دڵی تۆ ڕابکەن!

چەشنی ڕووبارەکان هەردەم ڕووت لە زەوی بخشێنە و ببە ژیان و خوڕەت بێت! چەشنی خۆر و مانگ بە تیشکەکانت دەست بەسەری هەموو کەسێکدا بهێنە و لەئامێزیان بگرە! هەرکەسێکیش ڕووی تێکردیت و چاوەڕێی شتێکی لە تۆ دەکرد گومانباشییان بە درۆ مەخەرەوە! لە خزمەتدا هەردەم لە ڕیزی پێشەوە ڕابکە، لە کاتی پاداشت وەرگرتنیشدا هەوڵبدە لە ڕیزی دواوە خۆت بشاریتەوە؛ چەشنی ئەوەی خۆت لە مار-دووپشک دوورەپەرێز دەگیرت، بترسە لەوەی کارێک بۆ خودا کردووتە بە بەرژەوەندی دونیاییەوە بیبەستیتەوە! گەر لە دەرەوەی ویستی خۆیشت کەوتیتە ناو ئەم جۆرە جۆرە هەست و لادانانەوە، ئەوا لە ڕوانگەی دڵتەوە بە پیسبوونی ئەژمار بکە، تەنانەت گەر خولەکێکیشی خایەندبێت بە گەورەترین بێحورمەتی بەو پێگە ناوازەیەی خۆت ئەژماری بکە و یەکسەر بەرەو گەرماوی پاککردنەوەی ناخت ڕابکە!

هەموو کاتێک بە هەستی چاکەکارییەوە هەڵسوکەوت بکە و هەردەم تەرجومانی جوانییەکان ببە! ئەو پێیانەی لە پێناو چاکە و جوانیدا بەڕێگەدا دەڕۆن لە سەرەکان بەرزترن و ئەو دڵانەشی بە هەستی ئیحسانەوە لێدەدەن هێندەی کەعبە پیرۆزن.  لە ڕاستیدا ماهیەتی تۆ چەشنی کەعبەیە و ئامانجیشت گەشتنە بە ڕەزامەندی جەنابی حەق. تۆ هەتا ئەو کاتەی پارێزگاری لەم ڕێچکەیەی خۆت دەکەیت، دەبیتە ڕۆژەڤی باسوخواسی ئەو ڕۆحانیانەی لە سەرو ئاسمانەکانەوەن و ناوت لەگەڵ ڕۆحانیەکاندا دەبرێت. مادام وەهایە خێرایی خۆت لەسەر ئەم ڕێچکە مرۆڤانەیەت زیاتر بکە؛ زیاتری بکە چونکە لە دونیای ئەمڕۆدا کەوا بەها مرۆییەکان توشی داڕمان بوون، هێندەی ئاو و هەوا ئاتاجی بەم جۆرە هەوڵانە هەیە. هەردەم بیر لە خێر بکەرەوە، قسەی خێر بکە و بە ئاڕاستەی کاری چاکەدا ڕابکە. چونکە ئاڵاکان بەسەر شانی ئەو مرۆڤانەی لە جوڵەدان جوانتر دەبینرێن. هەنگەکان هەتا ئەو کاتەی هەنگوین بەرهەم دەهێنن بە پیرۆز سەیر دەکرێن. ڕۆشتنی سەربازەکان لە وەستانیان زیاتر هەیبەتی هەیە. دەی هەستە و چەشنی سەربازەکان ئاڵا بدە بەسەرشانتدا، چەشنی هەنگەکان شانەکانت پڕ بکە لە هەنگوین و دامەبەزە ئاستی دەستوپێسپییەکان! هەموو کاتێک ئامادەباشیت بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تێدا بێت و لە هەمان کاتدا ئامادە کۆچکردنە ببە! ئەگەرچی کاتی کۆچیش دیاریکراو نیە، بەڵام هاتنەکەی بێگومان و حەتمییە. مادام وایە هەردەم پەنجەت لەسەر پەلەپیتکە بێت و خۆت لە گوناحەکان پاک بکەوە و دەرگات بە ڕووی ئەو بانگەوازە نەزانراوەدا ئاوەڵا بکە و چاوەڕێی بکە.

 

[1] مەزامیر بریتیە لەو تەسبیحاتانەی لەلایەن حەزرەتی ئادەمەوە ئەنجامدراون