لێپرسینەوە و داوای لێخۆشبوون

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لە یەکێک لە فەرموودەکانیدا:” هەریەک لە ئێوە شوانە و بەرپرسیارە لەوەی لە ژێر دەستیدایە”. (البخاری، الجمعة؛ المسلم، عمارة). بە گوێرەی ئەم حەدیسە هەموو کەسێک بەرپرسیارە لە بەریانێک و بە گوێرەی بەرپرسیارێتیەکەی خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. بۆ نمونە ئەو کەسەی سەرۆکایەتی گوندێک، شارۆچکەیەک، پارێزگایەک یان وڵاتێک دەکات، بەرپرسیارە لەوەی حەقانیەت و دادپەروەری دابمەزرێنێت، یاساوڕێسا و هەماهەنگی فەراهەم بکات، چاودێری و پاراستنی کەسانی خوار خۆی بگرێتە ئەستۆ. لەم سۆنگەیەوە لە هەر کام لەم شوێنانەدا کێشەیەک ڕووبدات پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیاندا بکەن. ڕەفتارێکی لەم شێوەیەش گوزارشتە لە حەقانیەت و ژیربینی و ترس لە خودا. گەر ئەم کەسانە بێلێپرسینەوە لە خۆیان دەستیان کرد بەوەی لە دەرەوەی خۆیان بە دوای تاوانبارێکدا بگەڕێن، ئەوا ئەمە نیشانەی کوێرێتی و بێسفەتییانە.

بە تایبەت ئەو خۆتەرخانکەرانەی کەوا هەناسەی ڕۆحێکی زیندووکەرەوە بە بەری مرۆڤایەتییان وەک ئامانجی ژیانیان لێکردووە، زۆر گرنگە بە هەستیاریی قوڵەکەی حەزرەتی عومەرەوە مامەڵە بکەن کەوا وشکەساڵیشی بە گوناحەکانی خۆیەوە دەبەستەوە. لە جەنابی حەق داواکارم مەردانی ئەم ڕێبازە کەوا سەرفرازبوون بە ئەنجامدانی خزمەتی زۆر گەورە، بە هەمان ئاست و ئاسۆی حەزرەتی عومەر بگەن. چونکە ئەوانەی ئاوی ژیان پیشانی مرۆڤایەتی دەدەن هەر ئەم جۆرە کەسانەن و هەر ئەمانەن دەبنە هۆکاری سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی. گەر بەو ڕادەیە ببنە مرۆڤێکی لەخۆپرسەرەوە کەوا هەرچی شتێکی نەرێنی ڕووبدات خۆتان بە هۆکارەکەی بزانن و پەیوەندیەکی توندوتۆڵتان لەگەڵ جەنابی حەقدا هەبێت، ئەوا دەبێت بە چاکی ئەوە بزانن، گەر جەنابی حەق جار جاریش ڕووبەڕووی شەپازلەی میهرەبانیتان بکاتەوە، ئەوا ئەمانە کاتی دەبن و لە دوای شەوانی تاریکونوتەک خۆر ئاسۆتان ڕۆشن دەکاتەوە. کەس نازانێت پێش هەڵهاتنی خۆر چی لە منداڵدانی شەوەوە لەدایک دەبێت.

بەڵێ، ئەوەی لە ڕوانگەی ئێمەوە گرنگە و دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکەین بریتیە لە لێپرسینەوەی خودی خۆمان. بیرکردنەوەگەلێکی وەک:” ئێمە کەسانێکی ڕێکوپێک بووین، لەسەر ڕێگای ڕاست دەڕۆشتین، لەبەرچی توشی ئەم نەهامەتیانە بووین”، دەشێت بەرەو ڕێگەیەکی هەڵە ئاڕاستەمان بکات. لەم بابەتەدا بیرکردنەوەی ئیماندارانە بەم شێوەیەیە:” ڕەنگە ئێمەش هەندێک لایەنی چەوتیمان هەبووبێت، ڕەنگە بە تەواوی ڕوومان لە الله نەکردبێت، ڕەنگە وەک پێویستیش نەمانتوانیبێت باوەڕی پێ بکەین. ئەگەریش هەیە لە کاری چاکەدا کەموکورتیمان هەبووبێت. ڕەنگە نەشمانتوانیبێت بە تەواوی حەقی ئەو پێگەیە بدەین کەوا وەک ئەمانەت ڕادەستمان کرابوو. لەوانەیە ئەو شتانەی خودا بە لوتفی خۆی پێیبەخشیبووین وەک ئەوەی پێویستی دەکرد نەمانتوانیبێت لە شوێنی خۆیاندا بەکاریانبهێنین…” دەبێت بیر لەم شتانە بکەینەوە و لە هەموو دەرفەتێکدا بە خۆماندا بچینەوە، بە تۆبە و داوای لێخۆشبوونەوە ڕوو لە جەنابی حەق بکەین. هەڵوێستێکی لەم شێوەیەش ئامرازێکی زۆر گرنگە هەتا خۆمان لە بەردەم خودادا بە پاکی ڕابگرین. ئەوانەی هەتا ئەمڕۆش بە پاکی ماونەتەوە هەر وەهایان کردووە. گەر بە شێوەیەکی بەردەوام بە هەستەکانی لەخۆپرسینەوە و چاودێرییەوە خۆتان لە ژێر بەرزەفتدا ڕانەگرن، ئەوا ڕێگاکانی پێشکەوتنی بەردەمتان دەگیرێت، ناتوانن پەیوەندی بە خوداوە بکەن و بۆنی هاودەمێتی ئەوتان بۆ ناکرێت و لە عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بەو بێبەش دەبن.

گوناح چەندین فەرسەخ لە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتییەوە دوور بوو. الله ڕێگەی نەدابوو لە پێش پێغەمبەربوونیشیەوە گوناح بە خەیاڵیدا تێبپەڕێت، لە دوای پێغەمبەرایەتیش تەواوی دەرگاکانی ڕۆشتن بەرەو گوناحی لەسەر داخستبوو. وێڕای تەواوی ئەمانەش ڕۆژانە حەفتا جار داوای لێخۆشبوونی لە خودا دەکرد. دەسا گیانم بە قوربانت بێت لەسەر چی داوای لێخۆشبوونت دەکرد؟! منی هەژاریش لەو باوەڕەدام کەوا گوناح هەردەم خۆی بە خەیاڵیشتدا نەکێشاوە. لە کاتێکدا پێغەمبەری خودا بەو شێوەیە لە خۆی ڕوانیوە، گەر ئێوەش بەو شێوەیە لە خۆتان بڕوانن ئەوا خوداش لەو گۆشەنیگایەوە لە ئێوە دەڕوانێت. گەر هەموو کاتێک بە تێبینی خۆپاککردنەوە و خۆپاڵفتەکردنەوە ژیان بەسەر ببەن، ئەوا خوداش دەتانپارێزێت و ناهێڵێت تۆزی گوناحیش بەسەرتانەوە بنیشێتەوە. “هەرکێ بۆ خوا بێت، خوداش بۆ ئەو دەبێت”. واتە هەرکێ خۆی بۆ ڕێگەی خودا تەرخان کردبێت، هەردەم بە گووتنەوەی ئەڵڵاوە هەستێت و دابنیشێت، هەردەم بیر لە الله بکاتەوە و خەریکی حونجەکردنی تێبینیەکانی تایبەت بەو بێت، ئەوا ئەڵڵاش هەرگیز بە تەنیا جێیناهێڵێت و لە چاودێری و پاراستنی خۆی بێبەشی ناکات. هەربۆیە لە نازاکانماندا دەڵێین” اللهم کن لنا ولا تکن علینا” واتە خودایە لوتفەکانی خۆت بە ئاڕاستەی ئێمە بنێرە و ڕوومان تێبکە، لە دژمان مەوەستەوە!
ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانی کەسی ئیماندار بریتیە لەوەی لە هەموو پنتێکی ژیانیدا ئەوە بزانێت کە پەیوەندی لەگەڵ خودادا لە کوێدایە و ژیانی وەک کەسێکی لەخۆپرسەرەوە بەسەر ببات. لە ڕاستیشدا گەر لێرە لێپرسینەوە لەگەڵ خۆتاندا بکەن، ئەوا لەودونیا وەک کەسێک لێپرسراوە مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت. لەوێ پاسپۆرتێکی تایبەت دەدەنە دەستان و بێئەوەی لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بکەن دەڵێن “بڕۆن”، ئیدی ئێوەش بەرزەخ تێدەپەڕێنن، بە مەحشەریدا ڕادەبورن، بەسەر پردی سیراتدا دەفڕن، دەچنە بەهەشتەوە و بە بینین و ڕەزامەندی جەنابی حەق شاد دەبن. هەر لەبەر ئەمەش بووە حەزرەتی فاروقی ئەعزەم فەرموویەتی:
“پێش ئەوەی لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بکرێت، خۆتان لێپرسینەوە لەگەڵ خۆتاندا بکەن!”.

گەر بە حسابەوە لە ژیاندا بژین، بەردەوام دەستان لە یەخەی نەفستاندا بێت، کاتەکانتان هەردەم بە تێفکرین و یادکردنەوە و قاڵبوونەوەوە ببەنە سەر، ئەمڕۆش نەبێت سبەینێ، سبەینێش نەبێت ڕۆژی پاشتر بە ڕەزامەندی جەنابی حەق دەگەن. گەر لێپرسینەوەی لە خودی خۆتان نەکەن ئەوا خەریکی لێپرسینەوەی خەڵکی تر دەبن. هەربۆیە ناتوانن بگەن بەو شوێنەی کە پێویستە پێیبگەن. گەر خۆیشتان ژیانێکی مەعنەوی شڵەژاویشتان نەبێت، ئەوا بە بۆنەی ئەوەی خۆتان بە کاری چەوتی کەسانی ترەوە خەریک کردووە، ناتوانن خۆتان کۆبکەنەوە.

مرۆڤ پێویستە بەردەوام کۆنتڕۆڵی ڕیتمی دڵی خۆی بکات و لێپرسینەوەی وردی لەگەڵدا بکات. بە پێچەوانەوە لە ماوەیەکی کەمدا دەبنە کەسانێکی سەرپێی، کە وەهاشتان لێهات خۆتان بە کەموکورتی کەسانی ترەوە خەریک دەکەن و هەر خەریکی ژماردنی عەیبەکانی ئەوان دەبن و لەم نێوەندەدا خۆتان لەبیر دەکەن. هەرکەسێکیش خۆی لەبیربچێتەوە، هێندەی یەک دونیا هەڵەی توش دەبێت.. ئیدی بە هۆی مەشغوڵبوونی بە دونیاوە ئاخیرەتی فەرامۆش دەکات. لە کاتێکدا بەمڕۆوە مەشغوڵە خۆی لە سبەینێ بێبەش دەکات.

لە دەیان ئایەتی قورئاندا ئاسۆی تۆبە و داوای لێخۆشبوون و لەخۆپرسینەوە پیشانی ئیمانداران دراوە. بۆ نمونە ئایەتی کۆتایی سورەتی بەقەرە کەوا سەردارمان ئامۆژگاری کردووین بەوەی هەموو شەوێک پێش خەوتن بیخوێنینەوە دەفەرموێت:” پەروەردگارا بە هۆی لەبیرچوون و هەڵەکانمانەوە بەرپرسیارمان مەکە! پەروەردگارا چەشنی کەسانی پێشوو ئەرکی سەخت مەخەرە سەرشانەکانمان. پەروەردگارا شتێک مەخەرە سەرشانمان کەوا هێزی هەڵگرتنیمان نەبێت. لێمان خۆش ببە و بە لوتفی خۆت لە هەڵەکانمان ببورە و ڕەحممان پێبکە! تەنیا تۆ پاڵپشت و یاریدەدەری ئێمەیت! لە بەرانبەر گروهی کافراندا یارمەتی ئێمە بدە!”.

لە سورەتی “ال العمران”یشدا لەخۆپرسینەوە و داوای لێخۆشبوون وەک دوو سیفاتی گرنگی کەسانی خۆتەرخانکەر پیشاندراوە. باس لەو خۆڕاگرییە دەکرێت کەوا لە بەرانبەر دوژمنەکانیاندا پیشانیانداوە و دەفەرموێت:” زۆرێک لەو پێغەمبەرانەی ڕەوانەی مرۆڤەکانمان کرد، لەگەڵ کەسانێکی خۆتەرخانکەر(ربانی) بۆ ڕێگەی خودا لە دژی زاڵمان و کافران جەنگین، هەرگیز ئەو ناڕەحەتیانەی لە پێناو ڕێگەی خودادا توشیان بوو چۆکی پێدانەدان و لاوازییان نەنواند و سەریان بۆ دوژمنەکانیان شۆڕ نەکرد. دەی الله کەسانێکی خۆڕاگری لەم شێوەیەی خۆشدەوێت”. لە دوای ئەمەش دەفەرموێت:” ئەوان لە بەرانبەر ئەو شتانەی توشیان دەبوو هیچیان نەدەگووت جگە لەوەی بڵێن: ئەی پەروەردگاری بەخشندەی ئێمە! لە گوناحەکانمان و زێدەڕەویەکانمان خۆش ببە! پێیەکانمان لەسەر ڕێگەی حەق جێگیر بکە و لە بەرانبەر دەستەی کافراندا یارمەتیمان بدە!”. بەم شێوەیە لە کۆتایی ئایەتەکاندا داوای یارمەتی و پاڵپشتی لە الله دەکرێت. بەڵام لە پێش ئەمەدا ئەو کەسانەی بە “ربی” ناوی بردوون ڕووبەرووی خۆیان دەبنەوە و داوای لێخۆشبوون لە هەڵە و گوناحەکانیان دەکەن و خۆیان پاک دەکەنەوە. دەی خودا داواکاری ئەو کەسانە ڕەت دەکاتەوە کەوا پەنای پێدەبەن؟ بێگومان نەخێر. لە ئایەتی دواتردا ئاماژە بەوە دەکات کە خودا چۆنی وەڵامی ئەم داواکاریانەی ئەوانی داوەتەوە و دەفەرموێت:” الله بە باشترین شێوە پاداشتی دونیایی و ئاخیرەتی پێشکەش بەوان کرد. چونکە الله چاکەکارانی خۆشدەوێت”. الله کەسانێکی لەم شێوەیە لە فەزڵ، بەخشندەیی و چاکەی خۆی بێبەش ناکات، هەم لە دونیا دەیانگەیەنێت بەو شتانەی بە ئامانجیان گرتووە، هەم لە ئاخیرەتیشدا بە چاکترین شێوە پاداشتیان دەداتەوە”.

لە تەواوی ئەم ئایەتانەوە لەوە تێدەگەین کە ڕێگەی گەشتن بە لوتفەکانی الله، سەرەتا لە خۆپاککردنەوە و تۆبە و داوای لێخۆشبوونەوە تێدەپەڕێت. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت کەسی ئیماندار لە بابەتی خۆپاککردنەوەدا، هەتەربوون و خۆڕاگری و هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر جددی پیشان بدات. بۆ گەشتن بەم ئامانجەش مرۆڤ دەبێت بە خۆیەوە خەریک ببێت، خۆی بە نێو لەخۆپرسینەوە و چاودێرییەکی زۆر جددیدا تێبپەڕێنێت. مرۆڤ دەبێت ئەوە بزانێت کە گەر کەسێک هەبێت سکاڵای لێبکات سەرەتا دەبێت لە نەفسی خۆیەوە دەستپێبکات. مرۆڤ هەرچەندە ژیانێکی پاکوبێگەردانەش بەسەر بەرێت، دیسان سوودمەند دەبێت لەوەی بەم هەستی چاودێرییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆی بکات. لە ڕاستیشدا ئەمە وابەستەبوون و سەمیمیەتی ئەو لە بەندایەتیدا پیشان دەدا. جگە لەمانەش، ئەو کەسە دەپارێزێت لەوەی گوناح بداتە پاڵ کەسانی تر و خۆیی پێوە خەریک بکات و بەردەوام لە دەرەوەی خۆی بە دوای تاوانباردا بگەڕێت.

خاوەن شعورێکی لەم شێوەیە هەر خێرا درک بە درز و شکاویەکانی خۆی دەبات و هەلی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە دەدۆزێتەوە. وەک ئەوەی لە ئایەتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، تەنیا ئەم کەسانەن کەوا هەردوو بەختەوەری دونیا و ئاخیرەتیان پێکەوە دەستدەکەوێت.