لەبریی موناجات

چەندەها ساڵە حەسرەت قەدەرى ئێمەیە. حاڵمان بۆ ئەوە دەست نادات لە جێى خۆماندا بمێنینەوە. لە بێچارەییدا گینگڵ دەخۆین. دەڵێیت لە چوار لاوە دەورەدراوین و هەیەجانى کەسانێکمان هەیە کە قەڵاکەیان گەمارۆ دراوە. لە دەرەوە و ناوەوە خیانەتمان لێدەکرێت؛ ئەو سنگانەى کە چاوەڕێى وەفامان لێدەکردن پڕن لە ڕق و خیانەت. مەگەر خوا بۆ خۆى ژمارەى ئەوانە بزانێت کە هەستى دوژمنایەتییان هەڵگرتووە؛ ژمارەى دۆستە بێوەفاکانیش لەوان کەمتر نین. سەبارەت بە هەندێک، ئەندێشەى کەوتنە بەر غەزەبى خوا و بێبەشبوون لە ڕەحمەتى ئەو، هەستێکى ترسێنەرە. حاڵى ڕۆژانەمان بریتییە لە نەپاراستنى ڕاستڕەوى لە هەست و بیردا، گۆڕانى بەردەوام لەم دۆخەوە بۆ ئەو دۆخ، شڵەژان و پەرێشانى بەهۆى ژیان لەناو بازنەى داخراوى شتە نەرێنییەکاندا. نە هەستى هەیبەت و نەخەشیەتمان هەیە، وەلێ ترسێکى بکوژ دەمانلەرزێنێت. باوەڕمان لاوازە؛ بێخەبەرین لە مەعریفەت؛ دیار نییە چەند لە باوەڕى پتەو و هێزى ئیمان کاتێک بەهۆى مەعریفەتەوە گەشەدەکات، تێدەگەین.

ئەى پەروەردگار، حاڵى دیار و نادیارمان ئەمەیە.. وە حاڵى پەرێشانمان لاى تۆ ئاشکرایە؛ تۆش نیگابانیت بەسەر بیر، ئامانج و حساباتى ناو دڵمانەوە؛ دەزانیت چى دەکەین و چۆن بیردەکەینەوە. نە کار و نە بیرکردنەوەکانمان بە کەڵکى شتێک نایەن. هەموو لایەکمان برینە، نهێنییەکانیشمان وەک نامەى کردەوە خراپەکانمان ڕەش و تاریکە. دەسەڵات و ئیرادەمان سپاردووە بە دەستى تۆ. بێچارەییمان لە هەموو دۆخێکماندا دیارە. هەمیشە حەیرەتى یەک لەناو یەکمان بەسەردێت و هەرچەند دەکەین بڕیارى دروستمان بۆ نادرێت. کارەکانمان هێندە ناشرینن دەتوانن تەواوى مێژوویەک لەکەدار بکەن، نەک تەنها هیی خۆمان و کاتى ئێستامان. حاڵمان کاتێک لەگەڵ ڕابردوودا بەراورد دەکرێت ڕەش و بێڕەنگە، هێندەش نادیار و بێزبزوێنە کە هیواکانى ئاییندەمان دەتوێنێتەوە. ئەو جێیەى کە پێیدا دەڕۆین هیی ڕۆیشتن نییە. ئەو شتەى پێى دەڵێین ڕێگا لەگەڵ توولەڕێدا جیاوازییەکى نییە. بەردەممان پڕە لە دەرگاى داخراو. نازانم داخۆ ئەو خاڵەى پێى دەگەین چەند مەنزڵ ئەولاترە. دەردەکانمان هێندە بێئامان و درێژخایەنن دەتوانن بەهێزترین لاشەش تەختى زەوى بکەن؛ ناڕەحەتییەکانمان هێندە جددى و کۆنن نەفەسدرێژترین کەسیش دەخنکێنن. غوربەتى وامان بەسەردێت کە وێنەى نەبینراوە. لە حەسرەتى وەهادا پەلەقاژە دەکەین، مانەندەکەى ڕووینەداوە. کۆمەڵێک نامۆین و کەس سەیرى دەموچاومان ناکات؛ کۆمەڵێک لاوازین و کەس دەستمان ناگرێت. حاڵێکمان هەیە دەڵێیت لە چوار لاوە هەتا ڕادەى گیان دەرچوون ئابڵووقە دراوین. بێوەفایی ئەو کەسانەى بە نزیکیان دەزانین تەنانەت قین و نەفرەتى دوژمنانیشى تێپەڕاندووە؛ بوختان، تۆمەت و فشارى دوژمنانیش مەگەر تەسلیمى ئەو سەبرە بکرێت کە بڕیارە خوا بیبەخشێت. ئەو قین، نەفرەت، حەسوودى و چارەنەویستییەى کە بەرامبەر یەکتر هەستى پێدەکەین، لەناو هەرە وەحشییەکانیشدا نابینرێت. هەموو شتێکى نەرێنى بەرەو خوارەوەمان دەبات؛ پێمان لە خۆمان دەگیرێت و بەردەوام هەلی هەستانەوە دەدۆڕێنیت.

 پەروەدگارا! بەتەواوەتى لەسەر ڕێ نین؛ هیوام وایە لە (الظَّآلّین) نەبین. گومانى تێدا نییە کە لە هەندێک بۆشایی زیهنى، فیکرى و ڕۆحیداین. هەروەها لە بوارى تێگەیشتن و بیرکردنەوەشدا هەژار و دەستکورتین. ناتوانرێت بوترێت کە بەهۆى دونیاى ناوەوەى خۆمانەوە بەپێوە وەستاوین. لەپاڵ هەژارى و نەزانییەکەماندا دووبەرەکییەکیشمان لەناودایە هەر مەپرسە! گوناهى ئێمە لەبەرامبەر پێوەرەکانى تۆدا، هێندە مەزنە گەورە گوناهبارەکانى مێژوو لەچاویدا بچووک دەردەکەون. ئەو موسیبەتانەى تووشمان بوون، لە ئاستى ئەو شتانەدایە کە بەسەر نەتەوە لەناوچووەکان هاتوون. ئەوانەى کە هیچ لەم شتانە تێناگەن لە حاڵى خۆش و ڕابواردنى خۆیاندان؛ حوزن و خەمى ئەوانەش کە تێدەگەن دڵ دەتەقێنێت. هەرچییەک دەکەین لەو گرفتانەوە دەئاڵێین کە خۆمان بەرهەممان هێناون؛ بە ناوى چاککردنەوە تێکى دەدەین و دەبین بەژێر داروپەردووى کاولکارییەکانمانەوە. ئەو مەیلانەمان کە وابەستەى بیرى خراپن وەک سروشتمانیان لێهاتووە و هاربووە؛ ئیرادەمان لەڕ و لاوازە، دەروونیشمان خاڵى. دونیاى هەستى دەردەدارەکان پەرێشانە، سینەیان وەختە شەق بەرێت، هەستەکانیان قوڵپ دەدات، وەلێ هەموویان لە بێچارییدا لە موڕاقەبەی بێدەنگیدان. تووڕەییان بە هەنسک دەخۆنەوە و دەیانەوێت بە وتنى (لَا حَولَ) ڕقى خۆیان دەربکەن؛ وەک ڕێبوارى ڕێگایەکی درێژ و تاریکیش کە ئاسۆکەى دیار نییە، لە هەموو کەوتنێکدا “ئاخ و ئۆف”یان لێوە هەڵدەستێت، کاتێکیش هەڵدەستنەوە دەست بە چاوەڕوانییەکى وەها دەکەن کە تەنانەت سەنگى سەبریش شەق دەکات.

ساڵانێکە بەردەوام پەیوەستى خەڵکى ترین و چەندەها گوناهى وامان کردووە کە شایانى لێخۆشبوون نین؛ گوناهى نەناسینى تۆ، نەناسینى خۆمان، بێوەفایی بەرامبەر بە دین، بێڕێزیی بەرامبەر بە ڕۆحى میللەت. لەحاڵێکدا بەڵێن و پەیمانێکى ویژدانیمان هەبوو کە هەموو شتێکمان لەبیربچێتەوە کە باسى تۆ ناکەن و زەرب بهێنین بەسەر هەر کەسێکدا کە بێڕێزیی بەرامبەر بە تۆ دەکات. بەڵام بە نەکردنى ئەم شتانە تەواوى یاساکانى ڕۆحى خۆمان ڕووخاند؛ شێوەى دونیاى ماددى و مەعنەویی خۆمان گۆڕى؛ هەتا واى لێهات سەرجەم بەهاکانمان وەک دانەکانى تەسبیحێکى بچڕاو بە ڕاست و چەپدا پرژان. نکووڵیمان لە کرۆکى خۆمان کرد. بووین بە لاساییکەرەوەى ماتەریالیست و سروشتپەرستەکان. شوێن هەواى نەفسمان کەوتین، هەڵەى وامان کرد کە بە عەقڵ و خەیاڵیشدا نەهاتوون. هەستمان بە هەڵەکانمان نەکرد، گوناهەکانمان نەبینى و هەستمان بە ترسناکیی دۆخەکەمان نەکرد.

ساڵانێک تێپەڕیوە بەسەر دەرچوونمان لە بەندەرێکى نادیارەوە بەرەو ئامانجێکى هەڵە. لە جێى خۆمان دوور کەوتینەوە، بەڵام هەرگیز بە ئامانجە وەهمییەکەشمان نەگەیشتین؛ بەسنگەخشێ لە ڕێگاداین؛ نە ئەژنۆمان هێزێکى تێدا ماوە و نە ئیرادەشمان توانا. پشتى عەزممان شکاوە؛ پەڕوباڵمان ورد بووە؛ لە نێوەندى غوربەت و سەرسوڕمانى ڕێگاونکردووەکاندا بەدەم وتنى “ئاخ بۆ دەرگایەک!”ەوە دەناڵێنین و لە ویژدانماندا چاوەڕێى نیشانە و هێماى ڕۆژگارى بەختەوەرین. لە کاتى ئەم چاوەڕوانییەشدا جاروبار کارەکانى ڕابردووى خۆمان دێنەوە بەردەممان و ڕێک لەو کاتەدا کە هیوایەکمان بۆ دروست دەبێت، هەڵدەنووتین و لەبەر خۆمانەوە دەڵێین “ئەو مەزهەرییەتە لەکوێ و ئێمە لەکوێ؟”

ئەى دۆستى مەزن، ساڵانێکە حەسرەتى ڕووناکییەکەت دەکێشین و لە سێبەرێکى تاریکدا دەژین؛ نە ڕەنگ بە سیمامانەوە ماوە، نە بیرکردنەوەکانیشمان نیشانەى ژیانیان تێدا ماوە. بووین بە شێتى دەستى وەهمەکانى خۆمان و بەردەوام چڕنووک لە خۆمان دەگرین. پشتمان شکاوە، ناتوانین ڕاست ببینەوە و بکەوینە جووڵە و هەرچییەک دەکەین ناتوانین ئەو تازەگەرییەى کە پێویستە ئەنجامى بدەین. زریانەکانى کوفر هەڕەشە لە شتە چێنراوەکانى ئێمە دەکەن. بیرە سەوزبووەکانمان لەژێر فشارى ڕەشەباى نیفاقدان. هەرچەند دەکەین ناتوانین لەسەر پێى خۆمان بوەستین، هەرچییەک دەکەین تەوحیدى قیبلەمان بۆ ناکرێت، لە تەشەووش و دوانەیی زیهنى و فیکریی ڕزگارمان نابێت. بووین بە کۆمەڵێکى بێسەروبەر؛ بەم حاڵەشمان ئیسلام لەکەدار دەکەین؛ سەرپێچ و سەرسامەکانى چواردەوریشمان تووشى دوودڵى و گومان دەکەین. ئەو شتانەى دەیانڵێین کۆمەڵێک گوفتارى وەها نین کە لە هاوسەرگیریی شەرعیی نێوان دڵ و مێشکەوە لەدایکبووبن؛ ناتوانم بڵێم کە نووسراوەکانیشمان دەنگى دەروونمانن. هەموو حاڵێکمان جۆرێکە لە بانگەشە و دیعایە. زۆرێک لە جووڵەکانمان دانیشتووانى بەڕێزى ئاسمانەکان شەرمەزار دەکات، لەبەرامبەردا دڵخۆشى بە شەیتانەکان دەبەخشێت. پەنا بۆ لێخۆشبوونت دەبەین، ڕووناکییەکمان بۆ بنێرە، تاریکییەکان بڕەوێنەوە، سولەیمانێکمان بۆ بنێرە کە ئەم هەموو شەیتانانەى چواردەورمان زنجیر بکات.

لە سەردەمێکى عیفریتیداین؛ کاولکارییەکى وەها بەسەر دینماندا هاتووە کە وێنەى نەبووە. بیرى میللییەت لە تۆڕى شوومترین لێکدانەوەکاندا دەربەردەر بووە؛ ڕەگەکانى مانامان لەپاڵ گورزى بێئینسافى دوژمنەکانماندا، بەهۆى خیانەتى دۆستە بێوەفاکانیشمانەوە پارچە پارچە بووە. ئەوانەى سەلامەتیى دڵ و ئیسراحەتى ڕۆحیان دەوێت بە وتنى “حەشر لەگەڵ خەڵکیدا جەژنە” خۆیان لە باوەشى خەو هاویشتووە؛ ئەوانەش کە وا دەردەکەوێت وابەستەى مانا بن، بەشوێن ئەوەوەن کە بە خەونەکان دڵنەوایی خۆیان بکەن؛ ژمارەى شەوگەڕەکانیش حەدد و حسابى نییە. لە هەموو جێگایەکدا چەندەها بێشەرم هەن کە گوناهى جۆراوجۆر دەکەن، لەبەرامبەریشدا دونیایەک بێهەست هەن کە لەم بێشەرمییە دەڕوانن. گوناهکار تەوبە نازانێت و دەنگێکى ڕاستگۆش لە سەیرکەرەکانەوە بەرز نابێتەوە.

لەو ڕۆژەوەى لە ڕێگاى تۆ دابڕاوین، یەک یەک هەموو ئەو بەهایانەشمان لەدەستدا کە ئێمەیان کردووە بە ئێمە؛ ڕێگاى ئیمان، هێنراوەکانى ئیسلام، ئوسلوبى ڕۆیشتن بەرەو بەهەشتیشمان لەدەست دا.. پاشان پەرتەوازە بووین و لەژێر پێیەکاندا پلیشاینەوە. بۆشایی لە بیرکردنەوەماندا هەیە، گوفتارەکانمان بێسەروبەرن، تەدبیرەکانمان بێ بڕیارن، بە هەموو دۆخێکمان وەک گرووپێکى ناحەز دەردەکەوین. لە ئێستادا هەموو شتێک بەجۆرێک ژێروژوور بووە، گەر عینایەتت نەبێت، وا پێدەچێت گەر مەهدیش بێت ئەم شتانەى پێ ڕاست ناکرێتەوە…

چەندەها سەدەیە لە تۆ دوور کەوتووینەتەوە؛ تەقەمان لە زۆر دەرگا داوە، هانامان بۆ زۆر کەس بردووە. کەسێک نەبوو پەرێشانییەکەمان ببینێت و دەرمانى دەردمان بکات. لەپاڵ شەرمى قاچاخچێتى و سەفالەتى بێکەسیدا تلاینەوە؛ بەڵام هێزى لەمە زیاترمان پێنەماوە. کەمێک بەهۆى پاڵنان و ڕاپێچى ناچاری و دەستەوسانی، هەنووکە بە زنجیرى ملمانەوە هاتووینەتە بەردەرگاکەت. من لە ئێستاشدا ناتوانم بڵێم کە بەتەواوەتى لە تۆ تێگەیشتووین و لە دڵەوە ڕوومان لە دەرگاکەت کردووە. ئەگەر تێبگەیشتینایە و ڕوومان تێبکردیتایە، هەموو شتێکمان بە حاڵەوە دەبەستەوە، دەمانوت “حاڵمان ئاشکرایە” و پێویست بە وتنى هیچى تر ناکات. بەڵام ئەگەر موجریمیش بین، تۆیەک کە بۆ لاى فراوانیی ڕەحمەتەکەت بانگمان دەکەیت، هەر تۆشیت کە فەرمان بۆ لێخۆشبوونى گوناهباران دەردەکەیت. ئەگەر مۆڵەتى تۆ نەبووایە کە لە چوارچێوەى دوعادا شتێک بڵێین، نەماندەتوانى ئەم ڕووتێکردنەش ئەنجام بدەین و هێندە بێڕێز نەدەبووین کە لە حزوورتدا ناخى خۆمان هەڵبڕێژین…