لە بریی موناجات ٢

ئەى بەدیهێنەرى مەزن! دواى ئەوەى کە ئەم هەموو ماوەیە لە خاکى بێگانەدا دەربەدەرانە ژیاین، بە ئۆباڵى چەندین ساڵەى گەردنمانەوە، بە زمانێکى پەرێشان، باڵێکى شکاوەوە لەکۆتاییدا هاتینە بەردەرگاکەت، لەلایەک هەست بە شەرمەزارى دەکەین، لەلایەکى دیکەشەوە هەست بە دڵخۆشیی گەڕانەوە بۆ لاى تۆ دەکەین. هەر چۆنێک بێینە حزوورت، دڵمان بە هەیەجانى دۆزینەوەى تۆوەوە تەپەى دێت و ترپەکەشى بە ڕیتمى هیوا لێدەدات. لەگەڵ حاڵەتێکى ڕۆحیی لەم جۆرەدا، گشت هەستەکانمان بەو هیوا و چاوەڕوانییانەی دەرحەق بە تۆ هەمانە دەبەستینەوە، دەناڵێنین و دەڵێین “مەدەد ئەى شاهى کەرەمکاران، لە ڕاکردووەکان خۆش بە، لە موحتاجانى ڕەحمەت خۆش بە!”

نائومێدی دەیەوێت پاشقول لە هیواکانمان بگرێت، بیرکردنەوەکانمان لە داوى بێنەخشەییدان و بەنزیکەیی هەموومان لە بێچارییەکداین کە لە فەرامۆشکردنە کەڵەکەبووەکانەوە سەرچاوەى گرتووە. ناتوانم بڵێم “کەسمان نییە”؛ چونکە تۆ هەیت؛ ناتوانم بڵێم کە بەتەواوەتى بێچارەین؛ چونکە تۆ چارەى بێچارەکانیشیت. ئەى سوڵتانى سوڵتانەکان کە خۆشەویستییەکەى پێش خۆشەویستیی هەموانە، جارێکى دیکە نزیکیی ئێمە لە خۆت قبووڵ بفەرموو، ئەوانەى چاوەڕێى لوتفێکى تایبەتت لێدەکەن، لە دووریی خۆیاندا جێمەهێڵە و بە هیجران مەیانسووتێنە. دواى ئێمەش هەزاران و سەدان هەزار کەس وەک هەڵهاتوو و قاچاخ لە تۆ ژیاون؛ پاشان هەندێک لەمانە گەڕانەوە و دەستیان لە ڕەحمەتى تۆ پان کردەوە؛ سەریان خستە بەردەرگاکەت و فرمێسکیان بۆ تۆ هەڵڕشت. تۆش ئەوانت لەژێر پلووسکەکانى میهرەبانیدا خاوێن کردەوە، پاشان خستتنە ناو پارێزگاریی خۆتەوە. دواى ئەم هەموو ساڵە ئێمەش لە بەردەرگاکەتدا وەستاوین و دەڵێین کە بەندەى تۆین، وەک چۆن لوتفت لە کەسانێک ناوە و ڕووت تێکردوون، چاوەڕوانى ئەوەین دەرگا لە ئێمەش بکەیتەوە و پێمان بڵێیت “وەرنە ژوورەوە”.

ڕووکردنە دەرگانەى تۆ تاکە ڕێگاى سڕینەوەى گوناهەکانە لە چاو و ژەنگەکانە لە دەروون. پێشوازیکردن بە خۆشەویستى و بەزەیی لەو موجریمانەى کە ڕوو لە دەرگاکەت دەکەن، ئوسوڵى تۆیە. کاتێک ڕوو لە تۆ دەکەین زاد و تێشووى ئەم ڕێگایە و ئیرادەى وەستانیش لە دەرگاکەتدا، دیسان لە تۆ داوا دەکەین. بە بەخشینى هێز بە ئیرادەکەمان و فراوانیی بە سینەمان، یارمەتیمان بدە لەم ماراسۆنە درێژەدا بەڕووسووری سەرکەوتوو ببین. لوتفێکى لەم جۆرە شەوى درێژى چەندەها ساڵە دەگۆڕێت بە ڕۆژ و دیوەکەى ترى ژیانیش پیشانى ئێمە دەدات. سەرپێچییەکانمان بارتەقاى چیاکانن، بەندایەتییەکەشمان هێندە بچووکە کە ناپێورێت؛ بەڵام گەر تۆ بخوازیت دڵۆپ دەکەیت بە دەریا، گەردیلە دەکەیت بە خۆر و هیچیش بۆ ئاستى جیهانەکان بەرزدەکەیتەوە. لە مەنجەڵى ڕەحمەتى تۆدا دڵۆپێک لە سەرجەم گەنجینەکانى سوڵتان سولەیمان بەنرخترە. هەموو بوون لە سایەى جوامێری و سەخاوەتمەندیی تۆوە، بەئاسانى هەموو ئەو شتانەى دەست دەکەوێت کە دەیەوێت. ڕووتێکردنێکى بچووکى تۆ بەشى ئەوە دەکات تێکڕاى سواڵکەرەکان بۆ ئاستى سوڵتانەکان بەرزبکاتەوە. هەنووکە دەرگاى گەنجینەکانت بکەرەوە هەتا حوکمدارەکانى هەردوو دونیا بزانن سەروەتى ڕاستەقینە چییە و چۆنە؛ گوڵەکانى باخەکەت بپرژێنە هەتا هەموو لایەک ببێت بە گوزەرگاى بۆنفرۆشان. دەروونمان، کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە ڕەحمەتت پێش غەزەبت کەوتووە، بەخێرایی لێدەدات. چاوەکانمان لەگەڵ چاوەڕوانیی ڕۆشناییدا دەکرێنەوە و دادەخرێن. لەو ڕۆژەى گلاوین و هەموو شتێکى تایبەت خۆشمان گلاندووە، ئەگەر هیواى درەوشانەوەى ئەو عینایەتەت نەبووایە کە هەڵماندەستێنێتەوە و دەمانگەیەنێت بە پێگەکەى جارانمان، هەرگیز نەماندەتوانى بەپێوە بوەستین.

دووریی لە تۆوە هەموو شتێکى لە ئێمە برد؛ بیرکردنەوەکانمان لە تۆڕى بێئاسۆییەوە ئاڵاون. عەقڵمان هەر ڕۆژێک شوێن فەنتازیایەکى جیاواز دەکەوێت و لەم وڕێنە بۆ دانەیەکى تر ڕادەکات. دڵمان سەرەڕاى کرۆکى مێژووییمان ڕەش هەڵگەڕا؛ گیانمان لەسەر لێوە، سەرمان دەنێینە بەردەرگاکەت و سواڵى زیندووبوونەوەیەکى تازەت لێدەکەین. سەرگەردانیی ئێمە بانگێکە بۆ چاودێریی تۆ، بێسەروبەرەییمان دەعوەتمانەیە بۆ ئیرادە و قودرەتى تۆ، تەنیایی و غوربەتمان عەرزوحاڵى پەنابردنە بۆ پارێزگاریی تۆ؛ بۆ هاودەمیی خۆت بەرزمان بکەرەوە و بەنزیکیی خۆت شەرەفدارمان بکە.

ئەى میهرەبانترینی میهرەبانان! حاڵى خۆمان تەنها بۆ تۆ ئاشکرادەیکەن، ناخمان تەنها بۆ تۆ هەڵدەڕێژین و جارێکى دیکەش لەگەڵ قووڵترین نرکە و ناڵەدا تەقە لە دەرگاى ڕەحمەتت دەدەین و دەڵێین مەدەد ئەى ئەو زاتەى کە هەموو حاڵێکى ئاشکرا و پەنهانمان دەزانیت! مەدەد ئەى ئەو کەسەى کە ژیان و قەدەرمان بەڕێوەدەبەیت! مەدەد ئەى یەکەم دەرگا و کۆتا مەرجەع؛ لەم ڕۆژگارە شوومەدا کە لە تۆ دابڕاوین، کەس بە هانامانەوە نەهات؛ کەس نەبوو گوێى لە هاوارمان بێت و دەستى میهرەبانیمان بۆ درێژبکات؛ هەمیشە بەهیجرانەوە ناڵاندمان و بەدەم حەسرەتەوە هەنسکمان دا. وەک چۆن ئەییوب ئاوى ژیانى بۆ گەڕایەوە و بۆنى کراسى یوسفیش بە یەعقوب گەیشتەوە، ئێمەش هاوشێوەى ئەو پێغەمبەرە حەسرەتکێشە تاسە و پەرێشانیی خۆمان عەرزى تۆ دەکەین و چاوەڕێى لەرزینى ڕەحمەتى تۆین.

لەڕاستیدا، تەنانەت لەو سەردەمانەشدا کە هەموان دەرگاکانیان بە ڕووماندا داخست و گوێیان لە بۆ هاوارەکانمان نەگرت، دەرگاکانى تۆ بە ڕووى هەموو سەردانکەرێکدا کراوە بوو، لوتف و ئیحسانەکانت بەلێزمە دەبارین، ڕووتێکردنى تۆیش بەسەرمانەوە ئامادەبوو.. ئەوە ئێمە بووین کە لە ڕێ دەرچووبووین و ئاسۆى خۆمان تاریک کردبوو.. ئەى ئەو پەروەردگارەمان کە ئێمەى هەرگیز بەتەنها جێنەهێشتووە، بەزەییت بە ڕوخسارى ڕەنگپەڕیو، دڵى ڕیتم تێکچوو و حاڵى جگەربڕماندا بێتەوە، ڕێگاى دەرچوونمان لەم ناڕەحەتییە لەناوبەرە پیشان بدە کە تێیداین و ڕێگە بە زیندبوونەوەمان بدە.. تەنانەت کاتێک کە لە ناوەندى بێچارەییدا دەتلێینەوە، بەمیهرەبانییەوە ڕوو بكە سینەمان بکە کە بە ئومێدەوە لێدەدات، چاومان کە بە فرمێسک پڕدەبێت و دەموچاویشمان کە بەهۆى خەجاڵەتییەوە سوور هەڵدەگەڕێت؛ جارێکى دیکەش لە بەندەکانت خۆش بە…

لە ڕۆژگارێکى ئەنگوستەچاوى لەم جۆرەدا کە کێشەکانمان بەتەواوەتى ئاڵۆز بوون، کارەکانمان هەموو ڕۆژێک زیاتر لەبەر یەکتر هەڵدەوەشێن، تەنانەت هەوڵى بونیاتنانەکانیشمان دەبێت بە هۆکارى کاولکارى و لە تۆڕى هەڵە یەک لەناو یەکەکانەوە ئاڵاوین.. بەڵێ، ئەى ئەو مەزنەى کە نیگابانیت بەسەر هەموو حاڵێکمانەوە، هەستى هانابردن بۆ زاتى خۆت بەتەواوەتى بدە بە گوێى ڕۆحماندا، دڵەکانمان بە هەستى پاڕانەوە بخرۆشێنە؛ دوعا بێڕەنگ و بێتامەکانمان بە ڕووتێکردنە تایبەتەکانت بخەمڵێنە و بیانگەیەنە بە ئاسۆى قبووڵبوون. وەک چۆن لوتف لە ڕووى لاوازان، هەژاران و موحتاجان دەنوێنیت، ئێمەش بە ڕووتێکردنت شاد بکە. ببە بە چارە بۆ ئەم بێچارانە. ڕزگاربوونمان تەنها بە لوتفى تایبەتى تۆوە بەستراوەتەوە؛ ئومێدمان تۆیت، هەموو شتێکیش هەر لە تۆ چاوەڕێ دەکەین.

هەڵەکانمان هێندە گەورە و ترسناکن بەشى پیسکردنى هەموو دەریاکان دەکەن؛ هەڵوێستى ئێمە بەرامبەر بە تۆ چەند هەنگاوێک پێش حاڵى ئەو نەتەوانەش کەوتووە کە لەناوبراون؛ نەخۆشییە قەلبى و ڕۆحییەکانمان تەنانەت لە تاعوون و شێرپەنجەش بێئامانترن؛ دەردەکانمان لە بەردەرگاکەتدا هەڵدەڕێژین، ئومێدى دەرمانیش هەر لە تۆ دەکەین. تۆ کەسى بێکەسەکانیت و پەناگەى ئێمەشیت. جگە لە تۆ پەرستراوێکى تر نییە تا دەستى لێ پان بکەینەوە و لێى بپاڕێینەوە. جگە لە دەرگاکەت دەرگایەکى تر نییە دەستى بۆ بەرین. جگە لە تۆ پەناگەیەکى تر ناناسین، جگە لە تۆش هێز و دەسەڵاتێکى تر نازانین. بینەر، زانا و بیسەر تەنها تۆیت؛ ئاسۆمان بکەرەوە و دەرکى خۆبوونمان پێببەخشە. کردەوەکانمان بە ئیخڵاس قووڵتر بکە و ئومێدەکانیشمان مەدە دەست بێویژدانیی بێهیوایی…