ڕەزامەندی خودا بنەمایە

 

بێ هیچ گومانێک ئەوانەی متمانەیان بە الله هەیە، باوەش بە کۆششدا دەکەن و ڕامی دانایین، لە کۆتاییدا هەر دەگەن بە سەرکەوتن. گەر ئەمڕۆش نەبێت سبەینێ، لێرەش نەبێت لەودونیا. تەنیا هێندە هەیە ئادەمیزاد لەبەر ئەوەیە سروشتێکی پەلەکەری هەیە حەز دەکات بەوەی جوانیەکان دەستبەجێ ڕووبدەن، نیعمەتە بەڵێندراوەکان یەکسەر بێنە بەردەمی. کاتێک ئەمەش ڕوونادات زۆرینەی کات دەکەوێتە ناو ڕەشبینیی و نائومێدییەوە. ئەگەر خاوەنی ئیمانێکی بەهێز نەبێت، ویستەکانی خۆی پێش ڕەزامەندی خودا دەخات و دەکەوێتە ناو بیرکردنەوە و هەستگەلێکەوە کەوا ڕەزامەندی خودای لەسەر نیە.

دڵمان خوازیاری ئەوەیە لوتفە بێخەوشەکانی جەنابی حەق و ڕووتێکردنە ئیلاهییەکانی هەردەم چەشنی لێزمە باران بەسەر سەری ئیمانداراندا ببارێن. یارمەتی ئیلاهی هەردەم لەگەڵ ئەوان بێت و جەنابی حەق هیچ کاتێک بە تەنیا جێیاننەهێڵێت. ئەم جۆرە بیرکردنەوانە سەرئەنجامی متمانە و چاوەڕوانی یارمەتی و چاودێریی ئیماندارە بە پەروەردگاری خۆیی و هیچ کێشەیەکیش لەمەدا نییە. تەنیا هێندە هەیە لە هەموو کارێکماندا ویستی الله بە بنەمای کارەکانمان وەربگرین، ویستی ئەو هەردەم لە پێش حەز و ئارەزووکانی خۆمانەوە دابنێین و بەرزتر لێی بڕوانین. لە هەموو کارێکماندا ویستی بێخەوشی ئەو بە بنەما وەربگرین، ئەمەش  گوزارشتە لە ڕێز بەرانبەر ئەو حەقیقەتەی دەیڵێینەوە:” وەک پەروەردگار لە ئەڵڵا ، وەک دینیش لە ئیسلام، وەک پێغەمبەریش لە حەزرەتی محمد ڕازین و خۆشنودین”.

وای چەندە ئارەزووی ئەوە دەکەین زەردەخەنە بکەوێتە سەر سیمای ئەو ئیماندارانەی چەندین سەدەیە لە شین و زاریدان. ئەوانیش چەشنی پێشینە یەکەمینەکان سوود لە ڕەحمەتی ئیلاهی وەربگرن. ئەو پەرێشانییەتەی توشیان بووە کۆتایی پێبێت و سەرلەنوێ خۆیان کۆبکەنەوە و هەستنەوە سەرپێ. سەردەمی خەلیفە ڕاشیدەکان تەنانەت گەر بە شێوە ڕاستەقیەنەکەشی نەبێت، بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەرلەنوێ دووبارە ببێتەوە. جارێکی تر حەق و دادپەروەری و ئازادی لەسەر ڕووی زەوی باڵادەست ببن. ئەمانە وەک ئامانجێکی ئایدیاڵ ببینین و لەلایەک هەردەم لە هەوڵی کۆشش و بەدیهێنانیاندا بین و لەلایەکی ترەوە هەردەم لە پێناو هێنانەدییان لە الله بپاڕێینەوە.

ئەگەرچی ئەم داواکاریانە هەتا بڵێی بێگەردانە و حەقپەرستانە و لە شوێنی خۆیاندان، بەڵام دیسان دەشێت نەفسمان تێکەڵیان ببێت. دەشێت لەو کاتەشدا کەوا بە پاڕانەوە دەڵێین:” جەنابی حەق لێزمەی ڕووتێکردنی خۆی بەسەر موسوڵماناندا ببارێنێت”، پشکێکمان بۆ نەفسی خۆمان جیاکردبێتەوە. دەشێت لەو کارانەی کە وەها بیر دەکەینەوە بۆ خودا کردوومانە، تێخوڕینی نەفس و شەیتانی تێکەڵبووبێت. چونکە ئێمە لە فێڵ و تەڵەکەکانی ئەوان دڵنیا نین. وەک چۆن پێغەمبەرێکی گەورەی وەک حەزرەتی یوسف فەرموویەتی:” من پاکانە بۆ نەفسی خۆم ناکەم، بەڕاستی نەفس هەردەم فەرمانکەرە بە خراپە”، بەم شێوەیە ئاماژەی بەوە داوە کە متمانە بە نەفس ناکرێت. هەربۆیە نابێت لە نەفسی خۆمان دڵنیا ببین. ئەو کەسەشی لە نەفسی خۆی دڵنیایە، سەلامەتی خۆی خستۆتە مەترسییەوە.  

ئەم قسانەش بەو واتایە نایەن کەوا لە پێناو ئوممەتی محمد و مرۆڤایەتی هیچ ویستێکمان نەبێت. بێگومان وەک ئیماندارێک، ئارەزووی ئەوە دەکەین موسوڵمانان لەو ناڕەحەتیانە ڕزگاریان ببێت کەوا ماوەی ٣ سەدەیە سینەیان پێوەی دەناڵێنێت. دەشێت حەز بەوە بکەن کەوا لە دونیای مەزڵومان و غەدرلێکراوان و ئاوارەکاندا گزنگی بەرەبەیان دەربکەوێت و خۆریان لێهەڵبێت. بەم بۆنەیەوە لە خودا بپاڕێینەوە و بکڕوزێینەوە. متمانە بە فراوانی ڕەحمەتی الله و بەرفراوانی فەزڵی ئەو، داواکاریەکانمان هەر لەو داوا بکەین. لە دڵەوە باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئەم داواکاریانە ڕۆژێک هەر قبوڵ دەکرێن و لە دوای زستانیش بەهار دێت. بەڵام هەرگیز ئەوەش لەبیر ناکەین کەوا ویستی خودا بنەمای کارەکانی ئێمەیە و،  لە بابەتی ڕێزگرتن لە درەوشانەوە و کردارەکانی ئەودا کەموکورتی نانوێنین.

بە تایبەت ئەو کەسانەی خۆیان بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان تەرخان کردووە، دەبیت ویستی خودا بە بنەما وەربگرن و لەو پێناوەدا هەموو تەمەنیان خەرج بکەن. تاکە سەرچاوەیەکیش کەوا بتوانین ویستی خودای لێوە فێر ببین بریتیە لە وەحی ئیلاهی؛ واتە قورئانی کەریم و سونەتی قەشەنگی سەردارمان. بۆ کەسانی خۆتەرخانکەر جگە لە تێگەشتن لەم پەیامە ئیلاهییە و گەیاندنی بە مرۆڤەکانی تر ئەرکێکی گرنگتر بوونی نیە. وەک ئەوەی لە حەدیسێکی شەریفیشدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوان لەو ڕوەوەی کە دونیا فانییە، هێندەی باڵە مێشوولەیەک بایەخی پێنادەن. دەی لە بەرانبەر ڕەزامەندی و خۆشنودی و شادبوون بە بینینی جەنابی حەق و بەختەوەری ژیانی ئەبەدی، دەبێت دونیا چ نرخێکی هەبێت! لەم سۆنگەیەشەوەیە کە بەردەوام لە نزاکانیاندا دەڵێن:” پەروەردگارا بە بینینی خۆت و خۆشەویستەکەت و خۆشەویستانت شادمان بکە، دڵەکانیشمان بە عەشق و تامەزرۆیی و ئەرخەیانی سەرشار بکە”، بەم نزایەوە هەردەم دەناڵێنن. بەڕای من ئەو مرۆڤانەی خۆیان تەرخانی ئەوە کردووە کە پەیکەرەی ڕۆحیان سەرلەنوێ لەسەر زەوی بونیاتبنێنەوە، نابێت جگە لەمە خەمێکی تریان هەبێت.

لەگەڵ ئەمەشدا ئەو مرۆڤانەی دونیاپەرستن، دەشێت لەوە تێنەگەن کەوا ئێوە بە دوای چیدا عەوداڵن و وەها گومانتان پێببەن کە ئێوش وەک خۆیان بە دوای دونیاوەن. دەشێت بڵێن تۆ بڵێی ئەمانەش بە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە نەبن، یان بە دوای دەستکەوتنی شانوشۆرەت و ژیانێکی شاهانەوە نەبن. دەی ئەم جۆرە تێڕوانینای ئەوان بۆ نەزانینیان بگێڕنەوە و چاوپۆشییان لێبکەن. نەک هەر هێندە بەڵکو داوای هیدایەتیشیان بۆ بکەن، ئەوانەشی هیدایەتی ئەو ڕەت دەکەنەوە حەواڵەی لای خۆی بکەن. خۆتان بەوانەوە مژۆڵ مەکەن. ئەوانەی لای ئێمە گرنگە بریتیە لەوەی ئەو کەسانەی بە دوای سەرخستنی ڕێبازی خوداوە لە ڕێگەی ڕاستودروستی خۆیاندا توشی بچوکترین زیکزاک نەبن، لە هەموو کارێکیاندا ویستی خودا بە بنەما وەربگرن. چونکە ئێمە  ئەوە نازانین کە ڕەنگە ئەو مرۆڤانەی تەواوی لێوەشاوەیەتییان کوێر بۆتەوە و خەریکی هەڵبەز و دابەزن لە ڕاستەوە بۆ چەپ، یان لایانداوەتە سەر خۆڵ و لە دۆڵ و شیوەکاندا خلۆر دەبنەوە، ڕۆژێک بێت بێنەوە سەر ڕاستەشەقامەکەی سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی.