دەربارەى قورئانى پیرۆز و وەرگێڕانى

سەر ووتاری گۆڤاری چاڵەیان
بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن
قورئان پەیامێکى ناوازە و موعجیزەیی خوایە بۆ مرۆڤایەتى لە ڕێگەى دوایین پێغەمبەرەوە. خواى گەورە لەم پەیامەیدا بۆ کۆتا جار شاڕێیەک پیشانى مرۆڤایەتى دەدات کە قەدبڕانە مرۆڤ بە ڕەزامەندیی خوا دەگەیەنێت؛ گوزارشتى لە زات، سیفەت و ناوە پیرۆزەکانى خۆى کردووە؛ ڕوون و ئاشکرا و بەشێوەیەک کە ڕێگا بە هیچ جۆرە تێگەیشتنێکى هەڵە نەدات، خۆى ناساندووە، شێوازى ئیمان بە خۆى و بەندایەتیی مرۆڤەکانى دیاریکردووە؛ ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئیماندارانى دەستنیشان کردووە، بە بەڵێن و هەڕەشەى پاداشت و سزا دڵانى خۆش کردووە و تەزوویشى بە ڕۆحەکاندا هێناوە؛ وەک ڕەمز و هێما کامڵى و تەواوێتى و سەنتەرى ڕەزامەندیی خۆى، قورئانى پێشکەش کردووین، لەمەشدا تەنازولى کردووە بۆ ئاستى ئێمە و بەمەش لوتفێکى واى لەگەڵ نواندووین کە بەنسیبى کەسى تر نەبووە. قورئان، ڕوونترین و تەمەندرێژترین ناو ئەو سەدان موعجیزەیەیە کە بە حەزرەتى موحەممەد (ص) بەخشراوە. ئەو، لە ڕوانگەى دەربڕین، ئوسلوب و شێوازى گوزارشتەوە بریتییە لە کۆکەرەوەى دەراسایی و نایابییەکان. لە ڕووى دیسیپلینە کۆمەڵایەتى، ڕێسا یاسایی، یاسا پەروەردەییەکانى و ڕاڤەکانى لەمەڕ مرۆڤ و بوون و گەردوون؛ وەک ڕەمز، هێما، ئاماژە و تەنانەت هەندێک جاریش دەربڕینى ئاشکرا وان بۆ سەرجەم بنەماکانى زانستەکان؛ لە ڕوانگەى ئەو بەدیلانەشەوە کە لە چارەسەرى گرفتە ئیدارى، ئابوورى، سیاسى و کلتوورییەکاندا پێشکەشیان دەکات هەمیشە سەرچاوەیەکى پاک و ڕوون و تەواونەبووى وەهایە کە هەموان ناچارن و ناچاردەبن سەرى لێبدەن، زەریایەکى هێندە فراوانە کە تەنانەت ڕۆژگارە هەرە ئاڵۆز و لێڵەکانیش ناتوانن لەکەدارى بکەن.
داننان بە لاوازى و دەستەوسانیی خۆمدا لە بابەتى فراوانیی مانا، دەوڵەمەندیی ئوسلوب و شێواز و قووڵیی ناوەریکى قورئاندا، بە داخوازیی ڕێزم بۆ قورئان دادەنێم. دەربارەى ئەم شتانەى کە وتران، هەتا ئێستا شتانێکى زۆر باسکراون؛ ئێستا و لە داهاتووشدا باسدەکرێن.. شتێکى ڕوونە کە تەواوى ئەم هەوڵانە لە بابەتى ناسینى ئەو، بیستنى پەیامەکەى، باوەڕهێنان بە خۆى و ئەو شتانەى کە هێناونى، شتێکى کافییە و هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە لە نیزامى ئیسلامدا ڕەنگ دەداتەوە. بەڵام بانگەشەکردن بۆ ئەوەش کە هەموو شتێک دەربارەى ناوەرۆکى ئەو لەمەڕ حەقیقەتەکانى ئینسان، گەردوون و ئولوهییەت وتراون و ڕوونکراونەتەوە، شتێکى ڕاست نییە. گوفتارێکى ئاسمانى و لاهووتى لە ڕێگەى دەرکى بەشەرییەوە چەند بتوانرێت گوزارشتى لێبکرێت، ئەوەندە گوزارشتى لێ کراوە. لەم ڕووەوە، نە ئێمە و نە کەسانى دیکەش مومکین نییە بتوانن لە چوارچێوە مەزنەدا گوزارشت لەو بکەن. بەڵام ئەوەش شتێکى ڕاست نییە کە بە بیانووى کۆڵەواریی تواناى دەربڕین یان دەستەوسانیی هێزى گوزارشتمان، بەرامبەر بە بابەتێکى وەها گرنگ بێباک بین یان فەرامۆشى بکەین. تێگەیشتن لە قورئان مافى هەموو کەسێکە و باسکردن و ڕوونکردنەوەشى ئەرکى ئەوانەیە بە ڕاستى و دروستى دەیناسن و دەیزانن. ئەوانەى کە نایزانن دەبێت هەمیشە عەوداڵى تێگەیشتن لەو بن، ئەوانەش کە دەیزانن پێویستە تێکڕاى هێزى تێگەیشتن و هەستکردنى خۆیان ڕووەو ئەو ئاڕاستەبکەن و تێگەیشتن لەو بڵاوتر بکەنەوە لەناو مرۆڤایەتیدا. چونکە ئەو گەورەترین دیاریی ڕەحمەتى خوایە بۆ عەقڵ و ئیدراکى مرۆڤ لەپێناو تێگەیشتن و تێگەیاندندا. تێگەیشتن لەو هەم ئەرکە و هەم قەدرزانییە؛ باسکردن و ڕوونکردنەوەشى ڕێز و وەفایە بەرامبەر بەو دڵانەى کە موحتاجى نوورى ئەون.
لەڕاستیدا ئەو گوفتارێکى موعجیزەیی وەهایە کە سەرفرازە بە توانایەک کە ببێت بە دەنگ و نەفەسى سەرجەم چەرخەکان و بەیانێکى نوورەفشانى ئیلاهیی وەهایە کە کە مەلائیکەتان بوون بە پەروانەى چواردەورى نوورەکەى. بۆیە نە لە ڕووى سەرچاوە و کانگاکەى، نە لە ڕووى ئامانجەکەى، نە لە ڕووی یەکەم نوێنەر و دوێنراوەکانى و نە لە ڕووى ئەو کاریگەرییەشەوە کە لە سینەکاندا دروستى دەکات، هەرگیز کتێبێک نییە کە مرۆڤ بتوانێت بەرامبەرى بێباک بێت. کاتێک ئەو هاتووەتە گۆ مەلائیکەتان بەڕێزەوە بێدەنگ بوون، ڕۆحانییەکان سوجدەیان بۆ بردووە، جنۆکەکان لە دەنگ و نەفەسەکەى ئەفسووناوى بوون و لەپێناو ناسینیدا بەرەو بیابانەکان دەرچوون.
قورئان، ڕوونکەرەوە و شیکەرەوەى فەرمانە تەکوینى و کانگاى نەگۆڕ و پتەوى یاسا و ڕێسا تەشریعییەکانیشە. ئەو، کتێبێکى هێندە پتەوى وەهایە کە لەخۆگرى بەهێزترین پێوەرەکانە بۆ خوێندنەوەى دروست و تێگەیشتن لە بوون، گەردوون و مرۆڤ؛ بەجۆرێک، هیچ کێشەیەکى کەسى، خێزانى، کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی نییە کە ئەو نەتوانێت چارەسەرى بکات؛ لە ڕوانگەى ئەم سیفەتەیەوە، بەبەرزترین دەنگ ڕایدەگەیەنێت کە لە زانستى گشتگیر و دەورەدەرى زاتێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەموو شتێک ــ بە هۆکار و ئەنجامەکانیەوە ــ دەبینێت و دەیزانێت. لەپاڵ ئەم ڕوانینە گشتگیر و ئوسلوبە بەرینەدا، بەهۆى فراوانیی مانا و ناوەرۆکى، وردى و ناسکیی گوفتارەکەى، سیحرى کرانەوەى بەگوێرەى ئاسۆى زانستى هەموو کەسێک و ڕۆچوونى بۆ ناو ڕۆحەکان، خاوەنێکى هێزێکى وەهایە ــ بە مەرجێک مەرج و داوەریی پێشینەیان نەبێت ــ بە هەرکەسێک گەیشتبێت سەرى هێناوەتە سووڕان و ئەفسووناوى کردووە. دۆستان بە شەوقى لاساییکردنەوەى و دوژمنانیش بە ئامانجى خامۆشکردنى دەنگى، بەدرێژایی ساڵان و سەدەکان هەمان کەرەستەیان بەکارهێناوە و هەوڵیانداوە گوزارشت لە هەمان بابەت بکەن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە بە ئوسلوبى ئەو بگەنەوە و شتێکیان نەهێناوەتە مەیدان کە وەک ئەو فراوان بێت. دەربڕینەکان نەیانتوانیوە سنوورى زۆرلەخۆکردن تێبپەڕێنن، نەگەیشتوون بە ئاستى ستاییشى شارەزایان و زێڕەنگەڕانى وشە و بەتایبەت هەرگیز کاریگەرییەکى ماوەدرێژ و ئاڕاستەکاریان لەسەر دڵەکان نەبووە.
لەودا گونجان و هاوئاهەنگییەکى مویزیکیی هێندە نایاب دەبینرێت کاتێک لە بابەتە جیاجیاکان یان یەک لەناو یەکەکان دەکات، گەر ئینسان تەنها کەمێک ڕابمێنێت تەنانەت لەنێوان شتانێکدا کە وا دەردەکەوێت زۆریش لە یەکەوە دوور بن، چەندین خاڵى هاوبەش دەدۆزێتەوە. سەڵەتەنەتێکى گوفتاریی وەهاى دامەزراندووە کە هیچ ئەدیب و وەستایەکى وشە ناتوانێت پێى بگاتەوە و بێگومان شتێک دەدات بە گوێى ئەوانەشدا کە بەتەواوەتى ئینسافیان لەدەستنەداوە و زۆر لەسەروو ئاسۆى دەرکى خۆیانەوە بەرەو تێبینیی قووڵ ڕاپێچیان دەکات. خۆ ئەگەر ئەم ڕۆحە کارتێکراوانە ئینساف بیانگرێت و خۆیان لە باوەشى ئەم ڕووبارە ڕەببانییەى گوفتار بهاون، ئیدى هەموو شتێکى تر کە لە دەرەوەى ئەو دەیبیستن لاى ئەوان دەبێت بە ژاوەژاوێکى بێمانا.
پێش لە هەر شت، ئەو لە زانستێکى دەورەدەرەوە هاتووە، لەپاڵ ئەوەدا کە بووە بە زمان و تەرجومانى مانا، ناوەرۆک، ئامانجى بەدیهاتن و حیکمەتى بوونى مرۆڤ، سروشت و تێکڕاى گەردوون، ڕەهەند و قووڵییە جیاوازەکانى دوێنراوەکانى پێکەوە دەدوێنێت: بۆ نموونە، کاتێک شتێک بە عەقڵ دەڵێت، ئەوە فەرامۆش ناکات کە بە زمانێکى گونجاو شتێک لە دڵ تێبگەیەنێت؛ کاتێک بە زمانى داوەریی ژیرى و لۆجیک دەدوێت، لوتفیش لە ڕووى ڕۆحدا دەنوێنێت. هەموو هەست و لەتیفەیەکى دەرەکى و ناوەکى بەشى خۆیان لەوەوە وەردەگرن و لەناو ئەمانەشدا نە مەحرومییەت و دژیەکیش ڕوونادات. لەناو خۆیاندا و هەریەکەیان بەگوێرەى توانا و لێهاتنى خۆیان، بەشى خۆیان لەم سفرە ئاسمانییە وەردەگرن و لەناو زەمزەمەى هاوئاهەنگییەکدا دەژین.
هەرچەندە سەرجەم گوفتارە ئیلاهییەکان ــ بەتایبەت لەو کاتانەدا کە شەرح و حاشییە مرۆییەکان تێکەڵ بە دەقە ئەسڵییەکە نەبووین ــ هەمان ڕوانینى گشتى و هەمان گشتگیرى بوونى هەیە، بەڵام ئەوەش شتێکى ڕوون و ئاشکرایە کە لە قورئاندا باڵادەستى و گشتگیرییەکى وا هەیە کە لەگەڵ جامیعییەتى ڕۆح و ماناى موحەممەدیدا دەگونجێت. هەروەها ناتوانرێت کتێبێکى دیکەى ئاسمانى لە ئاستى کۆکەرەوەى و کەماڵى ناوەرۆکدا، هاوشانى ئەو پیشان بدرێت. بێگومان گەر بڵێین کتێبێکى دیکە نییە کە هێندەى ئەو فراوان لە ڕاستییەکانى مرۆڤ، گەردوون و ئولوهییەت بکۆڵێتەوە، لەناو ئەم فراوانییەشدا ئەوپەڕى گرنگى بە وردەکارییەکان بدات و بە شێوازێکى تایبەت بە خۆى پڕۆسەکانى پێکهێنان و شیکردنەوە ئەنجام بدات، زیادەڕەویمان نەکردووە.
ئەو، هەندێک لە بابەتەکانى بەشێوەیەکى ئاشکرا ڕوونکردووەتەوە، پوختەى هەندێکى تریانى هێناوە، “موتەشابیه”ەکانى سپاردووە بە گوفتارى خاوەنى شەریعەت (ص) یان ئیلهامى هەندێک لەوانەى کە کراوەن بە ڕووى ئیلهامدا؛ لەم ڕوانگەیەوە لە شێوەى دەوڵەمەندترین گەنجینەى چەندەها ڕاستیی لاهوتى و کەونیدایە. ئەو هیچ یەکێک لەو بابەتانەى کە پێشکەشیان دەکات یان شییان دەکاتەوە هێندە ئاڵۆز ناکات کە مرۆڤ لێى دەرنەچێت؛ بابەتەکانى پەیوەندیدار بە ئوسوڵ ڕوون و ئاشکرا دەخاتە مەیدان؛ لەو باسانەدا کە پێویستیان بە بیرکردنەوە و تێڕامان هەیە خوێنەر بەرەو سەرنجدان و تەحقیق هاندەدات؛ مرۆڤ بەرەو ڕووکردنە خوا ڕاپێچ دەکات و زۆر بەئاشکرا ئەو بابەتانە ناوروژێنێت کە زۆربەى خەڵک دەرەقەتیان نایەن. کاتێک لێى ڕادەمێنین، لە دڵ و مێشکەکاندا ــ بەگوێرەى قووڵیی بیرکردنەوەکە ــ وەک ئاوێزەیەکى ئەفسووناوى کە هەموو ساتێک ڕۆشناییەکەى پتر دەبێت، لە ڕێگەى درێژەشەپۆلە جۆراوجۆرەکانیەوە دەبێت بە هۆکارى کەشفى تازە و دیاریی ئیلاهیی جۆراوجۆر دەبەخشێتەوە بەسەر هەستە دەرەکى و ناوەکییەکانى مرۆڤدا. واریداتەکان دەجۆشێنێت؛ نمەکان دەگۆڕێن بە لێزمە و بە بەهرە تەواونەبووەکانى، جوانییە نەبڕاوەکانى و ڕۆشناییە پرشنگدارەکانى ئاهەنگى یەک لەناو یەک بە موتاڵاکارە بیرکەرەوەکانى دەچێژێت.