تێبینیەکانی سەردانەکەم، ئاراستەی بیرکردنەوە لە ڕیزی یەکەمەوە تا ڕیزی کۆتایی

فاروق مەرجان

خانمێک کەوا لە جوگرافیایەکی زۆر بەرفراواندا هەژموونی بەسەر یەکێک لە پەڕلەمانەکانەوە هەیە، لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانمان دەکەوێتە گفتوگۆ. کاتێک هاوڕێکەمان خۆی پێ دەناسێنێت و گوزارشت لەوە دەکات کە سەر بە بزاڤی خزمەتە، خانمەکە لە وەڵامدا دەڵێت:

“ئێوە مرۆڤگەلێکی چاکن…”

ئەم ڕووداوەم لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەرگوێ کەوت. هاوشێوەیە ئەم قسەیە، لە زۆر شوێنی تری دونیاوە قسەگەلێکی لەم شێوەیە بەرانبەر هاوڕێکانمان گووتراون. گوزارەی “ئێوە مرۆڤگەلێکی چاکن…” هەم جۆرێکە لە تێبینیکردن و شایەتیدان، هەم جۆرێکە لە چەسپاندن.

ئێمە ئەندامی کۆمەڵەیەکی لەو شێوەیەین، ڕێبواری ڕێگەیەکی لەو شێوەیەین، ئیعتیبارێکی لەو شێوەیەمان هەیە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، سەردانی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنم کرد. ڕۆژی یەکشەمەش دیسان لەگەڵ کۆمەڵە ڕۆژنامەنوسێکی بەڕێز سەردانی مامۆستامان کردەوە. دەمەوێت لەم نوسینەدا هەندێک تێبینیەکانی خۆمتان بۆ باس بکەم:

مامۆستا لە بەشێکی قسەکانیدا گووتی:

” ئەم هەموو مەردی دڵەوە پێکەوە کۆبوونەتەوە، دەبێت سەیری ئەو شتانە بکەین کەوا لە سایەی ڕێکەوتن و سازانی نێوانیانەوە بەدەستیان هاتووە و بیر لە هیچ شتێکی تر نەکەینەوە… دڵمان پڕە لە هیوا و شتانێکیش دوور دێنە پێش چاومان. بەڵام گەر جەنابی حەق بدرەوشێتەوە، لە یەک چرکەدا ئیحسانی خۆی بەدەردەخات. سبەینێ بەڵێنی چیمان پێدەدات، چاوەڕێ دەبینین و دەیبینین”.

با لەسەر تێبینیەکانمان بەردەوام ببین:

” هەربۆیە هەردەم بە نێو تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕین

إِنَّ اللَّهَ لَيُجَرِّبُ أَحَدَكُمْ بِالْبَلَاءِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِهِ كَمَا يُجَرِّبُ أَحَدُكُمْ ذَهَبَهُ بِالنَّارِ

ئەمەش یەکێکە لە فەرموودە شەریفە سەحیحەکان

واتە جەنابی حەق وێڕای ئەوەی خۆیشی دەیزانێت بەڵام هەریەک لە ئێوە تاقیدەکاتەوە

وەک چۆن هەریەک لە ئێوە ئاڵتونی خۆی لە نێو کورەی ئاگردا دەتوێنێتەوە هەتا خڵتەی لێدەربکات

دەی ئێمەش لە نێو تاقیکردنەوەیەکی لەو شێوەیەداین

بەڵام تاقیکردنەوەیەکی وەها سەخت و گرانیش نییە کەوا نەتوانین لێی دەربچین و پێمان هەڵنەگیرێت

سەرئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە بە هەر چواردەوری دونیادا پەرشوبڵاو بووینەوە

چەشنی تۆوەکان پەرشوبڵاوبووین و هەندێکیشمان سەوز بووین و چەکەرەمان کرد

ئێمە توشی هەرچییەک بووبێتین حەزرەتی بەدیعوزەمانیش توشی بووە. من لە کاک بایرامم بیستووە، گووتی کاتێک لە کۆتا ساتەکانی ژیانیدا بەرەو ئورفا دەڕۆشتین، بەردەوام بە ئازارەوە دەیناڵاند

سەری خستۆتە سەر ڕانی و هەر ناڵە ناڵی بووە هەتا چوونەتە هۆتێلەکە

گووتی لەسەر جێگەکە رامانکێشا و سەریم خستە سەر ڕانم، لەوێش هەر ناڵەی دەهات

پاش کەمێک ناڵەی لێبڕا، گووتم شکور بۆ خودا وابزانم ئازارەکەی شکاوە

بەڵام کە سەیرم کرد گیانی سپاردبوو. ئێمە توشی یەک لەسەر دەی ناڕەحەتییەکانی ئەوان نەبوویه. بەڵام هیچ کاتێک ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیوە. ئێوەش ئەمەتان لەوانەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە. کاتێک دەڕۆنەوە ژیانی ئەولا هیچ شتێکی ژیانی دونیای تێدا نابیننەوە، هەر کارێکی ئاخیرەتیشتان کردبێت، بە شێوەیەک پاداشتەکەی وەردەگرنەوە کە خۆیشتان سەرتانسوڕدەمێنێت”. دەبێت لەگەڵ ئەم ناڕەحەتیانەشدا ئەو نیعمەتانە بەیادماندا بهێنینەوە کەوا خودا پێێبەخشیوین. ئەو کەسانەشی زوڵم دەکەن، چەشنی پێشینەکانی خۆیان لە دەریایەکدا دەخنکێن و تیادەچن، دەبێت ئیمانمان بەمەش هەبێت. لە ئێستادا ڕەنگە لە سەدان شوێنی ئەم دونیایە پێکەوە کۆببینەوە و پێویستە بەم هیوایەوە شاباڵ بگرین:” ڕەنگە لە ڕواڵەتدا هەندێک شتمان لەدەستدابێت. بەڵام جەنابی حەق شتانێکیشی پێبەخشیوین کەوا توسی سەراسیمەبوونی کردووین”.

یەکێک لە خوێندکارەکانی مامۆستا گووتی:” مامۆستا لە سەردەمی کەربەلاوە هەر توشی ئازار و ناڕەحەتی دەبین”، مامۆستاش لە وەڵامدا گووتی:” بەڵێ، توشی شتانێکی تاقەتپڕوکێن بووین، بەڵام خودا ئارامگرییەکی جوانیشی بە لوتفی خۆی پێبەخشیوین”.

هەروەها وەک تێبینی ئەم ڕستەیەشم نوسیوە:” مرۆڤ پێویستە خۆی لەو شتانە بەدوور بگرێت کەوا مەشغوڵی دەکەن، پێویستە پارێزگاری لە دروست بیرکردنەوەی خۆمان بکەین”.

چەشنی ئەو خوێندکارانەی وەڵامی بانگەوازەکەی بەدیعوزەمانیان دایەوە و یەکەم دەستەی خوێندکارەکانی پەیامی نوریان پێکهێنا، کۆمەڵە خوێندکارێکیش لە ساڵی ١٩٦٦ چواردەوری مامۆستایان گرتووە و ڕیزی یەکەمیان پێکهێناوە. من وەهای بە باش دەزانم کە ئەوان بە ڕیزی یەکەم(صف الاول) ناوزەند بکەم. چەشنی ئەو کەسانەی لە ڕیزی یەکەمدا لە دوای ئیمامەوە نوێژ دەکەن. هەریەک لە مامۆستا محمد شەنگوڵی ڕەحمەتی، کاک عەبدوڵا ئایماز، ئیسماعیل بیوکچەلەبی، ناجی تۆسون، ئەو کەسایەتییە ناوازانەی کە هەندێکیان کۆچیان کردووە و هەندێکیشیان هێشتا لە ڕیزی پێشەوە خەریکی خزمەتی خۆیانن. هەریەک لەوان لە ڕووی فکری و کردارەوە تیمسالێکی خۆڕاگریین…

لەم قۆناغەدا ئەم براگەورانەمان بە پاڵپشتیکردنیان بۆ مامۆستا جارێکی تر ئەوەیان دووپات کردەوە کە خاوەنی کەسایەتی نمونەیین. ئەم خۆڕاگری و هەڵوێستەی ڕیزی یەکەمیش، هەتا ڕیزی دواوە ڕەنگدانەوەی دەبێت.

مامۆستا بەم شێوەیە باس لە گرنگی ڕاوێژکردن دەکات:” براکانمان ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن و ئەنجامیشی دەدەن. بەڕای من گەر کار بە ڕاوێژکردن بکەن ئەوا توشی هەڵە نابن و هەردەم سەرئەنجامی جوانیان دەبێت”.

مامۆستا ئاوڕی لە یەکێک لەو زاتانە دایەوە کەوا ماوەیەک لە نێوان میوانەکان دانیشتبوو و گووتی:” ئەم شتانە دڵتان زویر نەکات، ئەمانە شتانێکی ڕاگوزەر و تێپەڕن. هەموو شتێک لەو دونیا ڕوون دەبێتەوە. لەوێ ئەوە دەبینین کە کێ لەپەوڕوو لەسەر زەوی پەلکێش دەکرێت و کێ بەرەو ناکۆتا شاباڵ دەگرێت”.

مامۆستا هەردەم باس لە گرنگی ئەوە دەکات کە خاتری خزمەت لەسەرو هەموو شتێکەوە بێت. یان ئەوەی ئوستاد بەدیعوزەمانیش ئاماژەی پێداوە، “مافی برایەتی” نێوانمان هەردەم بە بناغە وەربگرین، توشی هەرچییەک بووین زویر نەبین و دڵمان نەرەنجێت و هەردەم بە دڵێکی پڕ بەزەییەوە وەڵامی بەرانبەرەکانمان بدەینەوە و سەرەتا عەیبەکانی خۆمان لە پێش عەیبی خەڵکدا ببینین.

هەروەها بەردەوام دەڵێت:” پیویستە هەردەم مرۆڤانە مامەڵە بکەین و بەو شێوەیە شوێنپەنجەی خۆمان بەجێبهێڵین”.

پاشان باسی لە مرۆڤێکی زۆر قەدرگران کرد کەوا ماوەیەک بابەتی زۆر بەنرخی لەسەر هەلومەرجی زیندانەکان دەنووسی. پاشان لەگەڵ ئەو زاتە یادی زۆر کەسی تری کردەوە کە خۆی خۆی واتەنی:”وەک یوسف چوونە ژوورێ و وەک یوسف هاتنە دەرەوە”.

پاشان سەیری تێبینیەکانم دەکەمەوە:

“وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو، ئەو ڕۆژانەی بە زەردەخەنەوە هیوامان بەسەر چواردەورماندا دابەش دەکرد”. نازانم ڕەنگە لە داهاتووشدا بیری ئەم ڕۆژگارە بکەن و بڵێن” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”. ڕەنگە بشڵێین:” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو، وێڕای ئەوەی بە تاقیکردنەوەی سەخت و نەبوونیدا تێدەپەڕین، بەڵام لە ڕیزی یەکەوە هەتا کۆتایی شانمان بە شانی یەکەوە نابوو”. پشتیوان بە خودا وەها دەڵێین.