ڕێگەی هەژاری و کۆڵەواری

بە خامەی م. فەتحوڵڵا گولەنگۆزەی شکاو

وەک مرۆڤ ڕۆژانە خۆمان بە چەندین کاری جیاوازەوە خەریک دەکەین، چەندین هەڵبژاردەی جیاواز دێتە بەردەممان، بەڵام زۆرینەی کات لەو کارانەدا کەوا ئەنجامی دەدەین و لەو بژاردانەدا کەوا هەڵیاندەبژێرین، ئەوە نازانین کە خودا ڕەزامەندی لەسەرە یاخود نا. ڕەنگە بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت خۆپەرستی خۆی بکات بە نێو کارەکانماندا. بە گومانی ئەوەی باسی خودا بۆ مرۆڤەکان دەکەین، خۆمان وەک زانایەک دەربخەین.. یان ڕەنگە ئەو یارمەتییە ئیلاهیانەی بە هۆی سازان و ڕێکەوتنی نێوانمانەوە ڕووی تێکردووین بە لێوەشاوەیەتی و کارامەیی خۆمانیان بزانین..هەر خودا دەزانێت کە لە ڕاکەڕاکی ڕۆژانەماندا دەکەوینە چەند هەڵەی لەم شێوەیەوە. هەربۆیە چەندین مەترسی شاراوەی لەم شێوەیە لەبەردەم ژیانێکی موسوڵمانانەی ڕاستەقینەدا هەیە، هەرکەسێکیش ژیانی لە خولگەی لەخۆپرسینەوە و خودچاودێریکردندا نەباتە سەر و ڕۆژانە چەندین جار خۆی سفر نەکاتەوە، زۆر ئەستەمە بتوانێت خۆی لەم جۆرە مەترسییانە بەدوور بگرێت.

لە ڕاستیشدا گەر کەمێک بیر لە بوونی خۆمان بکەینەوە، پێگەی خۆمان لەبەردەم جەنابی حەق هەردەم وەک ئاسۆیەک لەبەرچاومان دابنێین، دەتوانین لە ڕەفتار و گوفتارێک خۆمان بە دوور بگرین کەوا شیرکی شاراوەیان تێدایە، لەگەڵ هەستکردن بە نیعمەتەکانی پەروەردگارمان دەست دەکەین بەوەی لە جیاتی گووتنەوەی”من دەیکەم” بڵێین “ئەو پێی کردین”. تێدەگەین لەوەی کە هەرچی هەوڵ و تێکۆشان و ئیرادەی خۆمانە، سێبەری سێبەری سێبەری ویستی ئەوە. لەم بابەتەدا زۆر دووریمان لەبەردەمدایە کە پێویستە بیبڕین. خستنە ڕووی بەندایەتییەک کەوا بە گویرەی پێگەی خۆمان بێت لە بەرانبەر خودادا، هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر جددی دەوێت. بە پێچەوانەوە خۆمان دەکەینە خاوەنی دەکەینە خاوەنی ئەو لوتفانەی جەنابی حەق پێی بەخشیوین بە بێ ئەوەی ئاگاشمان لە خۆمان بێت. ئەمەش وەک جۆرێک لە شیرکی لێدێت کە خۆمان بکەینە ئەو شتەی تەنیا لە دەستی ئەودا بوونی هەیە.

**

ئەو نیعمەتانەی بووینەتە جێدەرکەوتیان

ئێمە جێدەرکەوتی لوتفگەلێکی بێشومار و دەراسای جەنابی حەقین. پێش هەموو شتێک لە نەبوونیدا نەماوینەتەوە و لە نێو بووندا کەسایەتییەکی پێداوین. هەر بەوەشەوە نەوەستاوە کە هێناوینیەتە ناو بوونەوە، بەڵکو بە زیندووییش دروستی کردووین. هەر هێندەش نا کەوا بە زیندوویی ئافراندووینی، بەڵکو ئەقڵ، شعور و ئیرادەشی پێبەخشیوین. لەپاڵ تەواوی ئەمانەشدا وەک ئومەتی حەزرەتی محمدیش شەرەفمەندی کردووین. لە هەمان کاتدا لە سەردەمێکدا کەوا دینی ڕەوانی ئیسلام ڕووبەڕووی فەساد بووەتەوە، ئێمەی لە ڕیزی کەسانێکی چاکسازیخواز جێگیر کردووە. گەر تەواوی ئەو تەمەنەی لەبەردەمماندا ماوە سەرمان لە سوجدەی شوکرانەبژێریش دابنێین، دیسان ناتوانین شوکرانەبژێری ئەو نیعمەتانە بکەین. بەڵام گەر نرخ و بەهای ئەم نیعمەتانە نەزانین ئەمە دەبێتە ناشكوریکردن بەرانبەر ئەو نیعمەتانە و مرۆڤ بە سەرماقولات بەرەو خوارەوە خلۆر دەکاتەوە. الله هەندێک جار بە شێوەیەکی تایبەت هەندێک لوتفی خۆی بە یەکێک لە بەندەکانی دەبەخشێت. ئیدی هەندێک ماڵ و پێگە، هەندێکیش پۆست و پلە و پایە، هەندێکیش هێز و دەسەڵات، هەندێکیش شان و شۆرەتیان پێدەبەخشێت. گەر هەریەک لەمانە ئەوە بزانن کە ئەم نیعمەتانە لە کوێوە هاتوون و بە شوکرانەبژێرییەوە ڕوو لە خاوەنی نیعمەتەکان بکەن، ئەوا براوە دەبن. بە پێچەوانەوە گەر خۆیان بە خاوەنی نیعمەتەکان بزانن و بێسفەتی بکەن، ئەمجارەیان خۆیان لەناو دەبەن. چەشنی بەلعامی کوڕی باعورە و بەرسیسایان لێدێت کە لەسەرچاوە دینییەکاندا ئاماژەیان پێکراوە. هەر خودا خۆیشی دەزانێت کەوا لە مێژوودا چەند بەلعام و بەرسیسای تر هەبوون کەوا بە هۆی خراپ بەکاربردنی نیعمەتەکانییەوە توشی تیاچوون بوون.

لە ڕاسیتدا پیویست بەوە ناکات بگەڕێینەوە بۆ گۆشە دێرینەکانی مێژوو. زۆرێک لەو کەسانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هێز، دەسەڵات، شان، شۆرەت و ئیعتیباری پێداون وەها دەزانن دەسکەوتی خۆیانە و ژەهراوی بوون. بە چەپڵە و پیاهەڵدانی مرۆڤەکان فریو دەخۆن، توشی کیبر و غرور دەبن و خۆیان وەک میحرابی مرۆڤەکان دێتە پێشچاو. ئیدی ئارەزووی ئەوە دەکەن کە هەموو شتێک بە خۆیانەوە ببەسترێتەوە، بۆ هەموو شتێک هەر پرس بە خۆیان بکرێت، هەموو کێشەیەک هەر خۆیان چارەسەری بکەن، هەموو کەسێک هەر گوێ لە قسەی ئەوان بگرێت. ئیدی لە پڕێکدا ناوی خۆیان لە پەڕە چەپەڵەکانی مێژوودا تۆمار دەکەن، دونیا و ئاخیرەتی خۆیشیان وێران دەکەن.

هەریەک لە مرۆڤەکان دەشێت توشی دۆڕان ببن گەر وریان نەبن. ئەو کەسانەشی خۆیان بۆ پەیامێکی پیرۆز تەرخان کردووە، دەشێت ڕووبەڕووی هەمان مەترسی ببنەوە. ئەو کەسانەی خۆیان بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان تەرخان کردووە، گەر سەیری سەرگوزەشتەی ژیانیان بکەن، ئەوە بەدیدەکەن کە جەنابی حەق زۆر لوتفی خۆی لەگەڵدا کردوون. الله مەردەکانی خزمەتی بە نیعمەتگەلێکی وەها سەرفراز کردووە، لە سەرەتای خزمەتکردنیانەوە هەر بە خەیاڵیشیاندا نەهاتبوو. ئەو سەردەمەی یەک دوو ماڵمان بۆ خوێندکارەکان کردبوویەوە، لە خۆشییاندا خەریک بوو باڵبگرین و زۆر بەلامانەوە شتێکی گەورە بوو. کاتێک ماڵەکانیش وەرچەرخان بۆ بەشی ناوخۆیی، بەشە ناوخۆییەکانیش ڕوویان لە زیادبوون کرد، توشی سەرسوڕمانێکی تر بووین. لە دوای ئەوەش جگە لە تورکیا لە چەندین وڵاتی دونیا سەدان خوێندنگە کرانەوە. لە دوای خوێندنگەکانیش چەندین ناوەندی کەلتوری و ناوەندی دیالۆگ کرانەوە. هەر خودا خۆیشی دەزانێت کەوا کۆتایی ئەم کارانە بە کوێ دەگات، هەر خۆی هەتا دوێنێ ئەمانەی بە ئێمە بەخشیوە، هەر خۆیشی دەزانێت کەوا سبەینێ چ لوتفێکی ترمان لەگەڵدا دەکات. ناکرێت ئەو خزمەتانەی هەتا ئەمڕۆ ئەنجامدراون، بۆ بلیمەتی و هێز و دەسەڵاتی بچوکی خۆمانی بگێڕینەوە. گەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری بابەتەکە بکەین، نەگونجانێکی زۆر لە نێوان هۆکار و سەرئەنجامەکان بەدی دەکرێت. هەربۆیە ئەوە زۆر ئاشکرا و ڕوونە کە جەنابی حەق هەر خۆی ئەم شتانەی بە ئێمە بەخشیوە. هەربۆیە ئەو ئەرکی بەندایەتی دەکەوێتە سەرشانی ئێمە بریتییە لەوەی بە شوکرانەبژێری و سوپاسگوزارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم لوتفە دەراسایانەی جەنابی حەق بکەین. لە ڕاستیشدا هەرچییەک بە ناوی شوکرانەبژێرییشەوە بکەین دیسان ناتوانین حەقی ئەو کارە بدەین. گەر هەتا بەرەبەیان نوێژ بکەین، سەرمان لە سوجدە بەرز نەکەینەوە، بێوچان ڕۆژوو بگرین، هەموو ساڵێک حەجێکیش بکەین، دیسان ناتوانین شوکرانەبژێری نیعمەتە بێکۆتاییەکانی جەنابی حەق بکەین. لەم ڕوانگەیەشەوە هەرچییەک لە پێناو شوکرانەبژێری جەنابی حەق بکەین، عیبادەت و تاعەتەکانمان وەک پێویست نەبینین و بڵێین:

مَا عَبَدْنَاكَ حَقَّ عِبَادَتِكَ يا مَعْبُودُ، مَا عَرَفْنَاكَ حَقَّ مَعْرِفَتِكَ يا مَعْرُوفُ، مَا شَكَرْنَاكَ حَقَّ شُكْرِكَ يا مَشْكُورُ، مَا ذَكَرْنَاكَ حَقَّ ذِكْرِكَ يا مَذْكُورُ، مَا حَمِدْنَاكَ حَقَّ حَمْدِكَ يا مَحْمُودُ، مَا سَبَّحْنَاكَ حَقَّ تَسْبِيحِكَ يا مَنْ تُسَبِّحُ لَهُ السَّمَوَاتُ السَّبْعُ وَالْأَرْضُ وَمَنْ فِيهِنَّ

” ئەی پەرستراوی ڕەها و ئامانجی شایستە، بەندایەتییەکمان نەکرد کەوا لەگەڵ مەزنێتی و گەورەیی ئێوە گونجاو بێت. ئەی ئەو زاتەی لە هەموو شتێک ڕوون و ئاشکراتری، تۆمان وەک پێویست نەناسی. ئەی ئەو کەسەی شایەنی شوکرانەبژێریکرانی ڕەهای، نەمانتوانی وەک پێویست شوکرانەبژێریت بکەین. ئەی ئەوەی بە هەموو زمانێک یاد دەکرێیت، نەمانتوانی وەک پێویست زیکر و یادی تۆ بکەین. ئەی ئەوەی شایەنی هەموو حەمد و سەنایەکی، نەمانتوانی وەک پێویست حەمد و سەنای تۆ بکەین. ئەی ئەو زاتەی هەموو شتێک شایەتی بۆ بێگەردیی و بێخەوشی تۆ دەدات، نەمانتوانی وەک پێویست پاکوبێگەردی بۆ تۆ دەرببڕین”.

**

“گەر سوپاسگوزاری بکەن بۆتان زیاد دەکەم”

مرۆڤ پێویستە تەواوی ژیانی لە نێو هەستی هەژاری و کۆڵەواری، شەوق و شوکرانەبژێریدا بباتە سەر، هەر کاتێکیش ئەوەی بە مێشکدا هات کەوا شتێکی کردووە، یەکسەر ئەو چەند دێڕەی فەرموودەکەی سەردارمانی بە بیردا بێتەوە و بەو شێوەیە حاڵی خۆی بۆ جەنابی ئەق دەرببڕێت. گەر لە ژیانێکی وەهادا سەرفراز ببین و بە شوکرانەبژێرییەوە وەڵامی نیعمەتەکانی پەروەردگار بدەینەوە، ئەوا خوداش نیعمەتەکانی خۆیمان بۆ زیاد دەکات. چونکە هەر خۆی فەرموویەتی”گەر سوپاسگوزاری بکەن بۆتان زیاد دەکەم”.(الابراهیم، ٧). بەڵام گەر بەو شێوەیە نەکەین و هەموو شتەکان بە هێز و دەسەڵاتی خۆمانەوە ببەستینەوە و بێسفەتی بکەین، ئەوا خودا لوتفە بێخەوشەکانی خۆیمان لێ دەسەنێتەوە. چەشنی ئەوەی کەسانێک دەڵێن:” ڕۆڵەی نەتەوەیەکین کەوا قارەمان دروست دەکات”، گەر ئێوەش بڵێن:” ئێمە ئەندامی بزاڤێکین کەوا لە دونیادا هێندە خوێندنگەی کردۆتەوە”، واتە کارە جوانەکان بە لایەنێکی دیاریکراوەوە ببەستنەوە و هەموو جوانیەکان بۆ خودی خۆمان بگێڕینەوە، پەنا بە خودا لەو کاتەدا بەر هەڕەشەی ئایەتی دواتر دەکەوین کە دەفەرموێت:” خۆ گەر بێسفەتی بکەن، ئەوا بزانن کە سزای من زۆر سەختە!”. دەی گەر بەردەوامی و زیادبوونی لوتفە بێخەوشەکانی ئەومان بوێت، پێش هەموو شتێک پێویستە خاوەنی ڕاستەقینەی نیعمەتەکان ببینین، لەگەڵ بینینیشماندا بە پاکوبێگەردی و تەسبیحاتی بۆ دەرببڕین و بڵێین:” خودایە هەموو شتێک هەر لە تۆوەیە و هەر بۆ لای تۆش دەگەڕێینەوە”.زۆر سەختە مرۆڤ لە بەرانبەر پەسن و ستایشی کەسانی تردا خۆی بگرێت و خۆی نەکات بە خاوەنی ئەو لوتف و ئیحسانانەی لە پەروەردگارییەوە بۆی هاتووە. ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆر پیویستی بە وریایی و حەزەرکردنە. گەر کەسێک دەست بکات بەوەی پەسنی فەزیڵەت و بەهرەکانتان بکات، دەشێت بیرکردنەوە و وێناکردنەکانتان چەپەڵ بکات. ڕەنگە لەو کاتەدا خوداتان لەبیربچێتەوە و بەهرەکان بۆ خۆتان بگێڕنەوە. بەڕای من ئەم جۆرە بیرکردنەوانە کەوا بۆنی شیرکی لێدێت، نابێت ببنە میوانی خەیاڵەکانیشمان. تەنانەت لەمەش قورستر بڵێم: کاتێک لە نێو خەویشدا ڕۆدەچن ئەم شتانە نەیەنە خەوەکانیشتانەوە! خۆ گەر لە ڕوانگەی فرۆیدەوە سەیری بابەتەکە بکەین، ئەو خەوانەی دەیبینین ڕەنگدانەوەی نەستمانە لە دونیا خەوەکانماندا. تەواوی ئەمانەش داخوازی ڕێگەی هەژاری و کۆڵەواری و شەوق و شوکرانەبژێرییە کەوا ئوستاد بەدیعوزەمان لە ڕوانگەی بنەما سەرەکییەکانی قورئان و سوننەتەوە خستوویەتییە ڕوو. لە ڕاستیشدا بابەتی ئەوەی مرۆڤ خۆی وەک کۆڵەوارێک ببینێت کەوا دەستی بە هیچ ڕاناگات، یان ئەوەی خۆی بە هەژارێک ببینێت کەوا ناتوانێت ببێتە خاوەنی هیچ شتێک فەیزڵەت نییە، بەڵکو تەنیا دانپێدانانە بەو ڕاستی و بارودۆخە گشتییەی کە هەیەتی. هەر مرۆڤێکیش بە جوانی لە پێگەی خۆی لە بەردەم پەروەردگاریدا تێگەشتبێت، بیرکردنەوەی بە شێوەیەکی پێچەوانە جێگەی باس نییە.هەرکەسێکیش لێزمە و شەستەی لوتفەکانی خودا بەسەر خۆیەوە ببینێت هەرگیز ناکەوێتە ناو بێئومێدییەوە. مادام هەموو شتێک هەر لە دەستی ئەودایە و هەموو شتێک هەر لەوەوە دێت و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێتەوە، ئیدی من بۆ توشی نائومێدی ببم! گەر ئەو هەر خۆی ڕێگاکانمان بۆ ئاوڵا کردبێتین و زەمینەسازی بۆ کردبێتین و ئەو دێوەزمانەی لەناوبردبێت کەوا لە سەری کۆڵانەکان دەهاتنە بەردەممان و سەلامەتی ئێمەی پاراستبێت، ئیدی بۆچی بکەومە ناو ڕەشبینییەوە! گەر لە دڵەوە باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئەو هەر خۆی پێمانبدەخشێت و خۆی لێمان دەسەنێتەوە و هەر خۆیشی دیسان پێمان دەبەخشێتەوە، ئیدی بۆ لە زەلکاوی نائومێدیدا بخنکێم! بەڵکو بە پێچەوانەوە باوەش بە عەزممدا دەکەم و ڕێگەی شەوق دەگرمەبەر کەوا پایەیەکی تری ئەم ڕێچکەیەیە. هیچ کێشەیەکیش لەوەدا نییە کە بەم چاوە سەیری کارەکانتان بکەن: لەم کارانەدا قەدەر و سیناریۆیەکی خودا بوونی هەیە. ئێمەش وەک یاریزانێک بێئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت خراوینەتە ناو یاریگاکەوە، ئەرکی ئەوە خراوەتە سەرشانمان کەوا بینایەکی داڕوخاو نۆژەن بکەینەوە. خۆ گەر بەم شێوەیە سەیری کارەکانی خۆتان کرد، ئەوا لەلایەکەوە بە شوکرانەبژێرییەوە دەڵێن:” هەزاران حەمد و سەنا بۆ پەروەردگارمان کەوا ئێمە لەم کارانەدا بەکاردەهێنێت”، لەلایەکی ترەوە دەتوانن بە هەستی لەخۆپرسینەوەوە ڕوو لە خۆتان بکەن و بڵێن:” تۆ بڵێی ئێمە حەقی ئەو پێگەیەمان دابێت کەوا تێیداین و بە شێوەیەکی سوودبەخش کارەکانمان بەڕێوە ببەین؟”.خۆکردنە خاوەنی لوتفەکانی خودا شیرکێکی شاراوەیە و زەوتکردنی حەقەکانی ئەوە، لە هەمان کاتیشدا نادیدەگرتنی ئەم لوتفانە بێسفەتییە. هەردووکیشیان کارێکی هەڵەن. ڕاستترین کار ئەوەیە لە ڕوانگەی باسکردنی نیعمەتەکانی پەروەردگارەوە یادیان بکەینەوە و بڵێین:” هەزاران حەمد و سەنا بۆ پەروەردگارمان کە ئێمە لەم کارانەدا بەکاردەهێنێت”.**خۆڕاگری فکریوەک ئەوەی پێشتریش ئاماژەمان پێداوە، پارێزگاریکردن لە ڕێڕەوی دروستی فکریمان لەم بابەتانەدا کارێکی هەروا ئاسان نییە. ئەمە تەنیا لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێگە دروستەکەوە دەبێت. بەڵام لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگە ڕاستەکەش دەشێت نەتوانی پارێزگاری لە دروست ڕۆشتنی خۆیشت بکەیت، مرۆڤ توشی زیکزاک ببێت و هەڵبخلیسکێت. بەم شێوەیە چیدی ناتوانێت ڕەچاوی ڕێساکانی ڕۆشتنی سەر ئەو ڕێگەی بکات. پاشان ناتوانێت بە تەواوی حەقی ئەو لوتفە ئیلاهییانە بدات. سەرئەنجامی ئەمانەش دەشێت شەپازلەی میهرەبانی بەر مرۆڤەکە بکەوێت، یان توشی هەندێک بەڵای چەشنی گوێراکێشران ببێت. یان ئەوەی خودا هەندێک زاڵمی بەسەردا زاڵ بکات. دەشێت توشی ڕاگواستن، هەڕەشە، دوورخستنەوە، لەکارخستن، غەدرلێکران، زوڵملێکران، تاوانبارکردن، دەستگیرکردن و کوشتن ببێتەوە. گەر بە چاوی شەپازلەی میهرەبانییەوە سەیری تەواوی ئەمانە بکەین، دەشێت ئەم بەڵایانە ئێمە ئاڕاستەی تۆبە، “اوبة” و “انابة” و ڕووکردنە پەروەردگاری خۆمان بکەن. گەر هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوتمان هەبێت کەوا ڕەزامەندی خودای لەسەر نەبێت، نەک جارێک بەڵکو پیویستە هەزاران جار داوای لێخۆشبوونی پەروەردگارمان بکەین.گەر بەم شێوەیەش هەڵسەنگاندنمان بۆ زوڵم و ستەمەکان کرد، ئەوا لە پڕێکدا هەستەکانمان بەرانبەر ئازارەکان لە کینە و نەفرەتەوە یان لە کارکردن “بە یاسایەکی زاڵمانەی وەک ئەنجامدانەوەی هەمان کاری ئەوانەوە” دەگۆڕێت بۆ سۆز و بەزەیی، هەستی بەزەییت بەرانبەر ئەو مرۆڤانە بۆ دروست دەبێت کە وەک لەکەیەکی ڕەش لە پەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێن.ئەڵڵا لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ زۆر خزمەتی جوانی بەو کەسانە ئەنجامداوە کەوا خۆیان بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان تەرخان کردووە. هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندوون کەوا لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا نوێنەرایەتی بەهاکانی خۆیان بکەن، گەر بە شێوەیەکی ڕێژەییش بێت کەمێک لەو لەکانە لاببەن کەوا کەسانێک لە سیمای درەخشانی ئیسلامیان وەشاندبوو، پێشداوەرییەکان سەبارەت بە دین بگۆڕن، لە ڕێگەی پەروەردە و دیالۆگەوە پردی ئاشتی لە نێوان مرۆڤەکان دروست بکەن. لەمڕۆشدا لەسەر هەمان ڕێگە بەردەوامییان هەیە. هیوای ئێمەش بە خودا ئەوەیە کە لە داهاتووشدا هەمان خزمەتەکان چەند هێند ببنەوە و بەردەوامییان هەبێت. گەر لەو ڕێگەیەی گرتووتانەتە بەر دڵنیا ببن، ئەوا بەزەییتان بەو مرۆڤانەدا دێتەوە کەوا لە دژی ئێوە پڕوپاگەندە دەکەن و دەیانەوێت ڕێگریتان لێبکەن. ئەو ڕۆژە زوڵمەکەیان دەگاتە سنوری غەزەبی خودا ڕەگی ملی زاڵمان دەپچڕێنێت؛ کاتێکیش بیر لە زوڵمی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ دەکەنەوە کەوا سبەینێ لەبەردەم دیوانی جەنابی حەق لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەزەییتان بە حاڵیاندا دێتەوە.