دەربارەى وەرگێڕانى قورئان (٢)

 

 

تێگەیشتووەکان تەنها لەودا تێدەگەن لە ماناى بوون، دیوى پشتەوەى گەردوون، مرۆڤ و فراوانیی دڵ و ڕۆحى؛ لە دونیاى ڕۆشنى ئەودا کەشفى دەکەن بیرکردنەوەى ڕاست و سەرچاوە ڕاستەقینەکانى تێڕامان و ڕزگاریان دەبێت لە بازنەى داخراوى خەڵەتانەکان و بڕیاردان لەسەر بنەماى گریمانەکان. جگە لەم گوفتارە موعجیزەییەى کە لەلاى حەزرەتى (علام الغیوب)ەوە هاتووە، سەرچاوەیەکى دیکەى زانیارى نییە کە خوێنەرەکەى فریونەدات و دەرگا بە ڕووى گریمانەکاندا نەکاتەوە. ئەوە قورئانە کە هەموو شتێک لە جێگاى ڕوون و ڕاستى خۆیدا دادەنێت؛ لەم ڕوانگەیەوە، تێگەیشتنى ڕاست و ڕاڤەکردنى دروستى ئەو هەم وەزیفە و هەم داخوازی وەفاداریمانە بەرامبەر بە ئەو. ئەم قەرز و وەزیفەیەش ــ لە چوارچێوەى سنوورداریی زانست، عیرفان و ئیلهامەکاندا ــ وابەستەى خەرمانى کۆبووەوە و ژیانێکى کراوەیە بە ڕووى خواى گەورەدا لە هەموو تاکێکى لەبار و خاوەن توانا و بەهرەدا. هەموو دەروونێکى لێهاتوو ڕاستگۆیانە ڕوو لە خوا دەکات و لەپێناو ڕەزامەندیی خوا و ڕوونبوونەوەى حەقیقەتدا بەرەو قووڵاییەکانى ئەو دەریا بێپایانە دەڕوات. لەژێر ڕابەرایەتیی خاوەنى شەریعەتدا (ص)، لەگەڵ چراى موحکەماتەکانى دەستیدا، بە چاوساغیی سەلەفى صاڵح، بە تێڕامان و بیرکردنەوە و تێفکرینەوە و بێئەوەى لە داوى نەفسانییەتەوە بئاڵێت دەڕوات بەرەو ئەو ئاسۆیە.. ڕێژەى هەڵە لەم دەروونییانەدا کەم دەبێت؛ هەوڵى ئەوان لە ڕێگاى گەیشتن بە موڕادى ئیلاهیدا بەهۆى ڕووتێکردنە تایبەتەکانەوە خەڵات دەکرێت و لە تەفسیر و تەئویلەکانیاندا دەبن بە ڕەنگ و نەخشێک بۆ جیاوازى و ناوازەیی قورئان.

بەپێچەوانەوە، بە کۆلکە عەرەبییەک و لە کەشى تەسکى ناو فەرهەگەکاندا نەک هەر ناتوانرێت بەگوێرەى بەژن و باڵاى بەرز و مەزنى خۆى قورئان بخرێتە گۆ، بەڵکو بەئاشکرا بێڕێزیش بەرامبەر بەو گوفتارە ئاسمانییە دەکرێت. دەبێت بەگوێرەى ئوسوڵى خۆى لە زمانێکەوە بۆ دانەیەکى تر وەربگێڕرێت؛ دەبێت هەموو شتێکى گەورە و بچووک دەربارەى تەفسیر زۆر بەباشى بزانرێت و هەموو لێکدانەوە و ڕاڤەیەک سەرەتا بە زانستە بەرزە ئیسلامییەکان تێست بکرێن ئنجا بخرێنە گۆڕێ. ئەرکى سەرشانى ئێمە ئەوەیە کە بە ناوى “بە وەرگێڕانى وا دەکەم هەموو کەس سوودى لێوەربگرێت”، فراوانییە بێسنوورەکەى گوفتارى خوا بە ئاسۆى تێگەیشتن و دەربڕینى تەنگى خۆمان تەسک نەکەینەوە.

لەڕاستیدا گەیاندنى قورئان بە هەموو کەسێک لە ڕێگەى تەفسیر، تەئویل یان وەرگێڕانێکى فراوانەوە، ئەرکى پسپۆڕانى ئەم بوارە و داخوازى قەدرزانى و ڕێزیشە بەرامبەر بە ئەو. بەڵام هەوڵدان بۆ کارێکى لەم جۆرە بەبێ هەبوونى زانیاریی پتەو دەربارەى ڕێزمان، یاساکانى ڕەوانبێژى، ئوسوڵى تەفسیر و حەدیس و فیقه و هاوشێوەکانیان، سنووربەزاندنێکى ڕوون و ئاشکرایە. قورئان وەک وەرگێڕانى ڕۆمانێک تەرجومە ناکرێت؛ ئەوەتا تەنانەت ئەم بابەتە سادەیەش پسپۆڕى تایبەتى خۆى هەیە!

هەنووکە با کەمێک لەسەر ماناى زاراوەکانى “تەفسیر”، “تەئویل” و “وەرگێڕان” بوەستین:

تەرجومە بریتییە لە وەرگێڕانى دەق یان گوفتارێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکى تر بە مەرجى پاراستنى تایبەتمەندییەکانى. هەندێک جار تێکڕاى وشەکان و ماناکانیان، پێکهاتە و تایبەتمەندیی نێوان پێکهاتەکان وەک خۆیان بۆ زمانێکى تر ــ ئەگەر لە توانادا بێت ــ وەردەگێڕرێت، کە ئەمەش “وەرگێڕانى تەواو”ى پێدەوترێت. بەڵام هەندێک جاریش لە وەرگێڕانى ناتەواودا تەنها وشەکان یان ناوەرۆکەکەیان وەردەگێڕرێن.

ئەمڕۆ ئەگەر بە ئەندازەیەکى دیاریکراویش بێت دەتوانرێت باس لە گەشەکردنى سیستەمى وەرگێڕانى ئۆتۆماتیک بکرێت؛ بەڵام چ تەکنەلۆجیاى ئێستا و چ لەمەش پێشکەوتووتر، زۆر زەحمەتە بتوانێت بەرهەمە ئەدەبییە قووڵ و فراوانەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکى تر و بەتایبەت سەرجەم خەسڵەتەکانى ناوەرۆکەکەى بگوازێتەوە.. بەتایبەت ئەگەر ئەمە گوفتارى خوا بێت و ڕاڤە و کرانەوەکەشى تا ئەندازەیەکى زۆر وابەستەى کات، ئیلهام و هەلومەرجەکان بێت… ئەگەر نەتوانرێت بەتەواوەتى دانراوى کەمێک ڕێکوپێکى کەسانى سادەى وەک ئێمە تەرجومە بکرێت، ئەوا هەزاران جار مەحاڵە بتوانرێت پەیکەرى باڵاى گوفتارى قورئان کە داراى ڕەهەندى ناوازە و نایابە بەشێوەیەکى “ئۆتۆماتیکى” وەربگێڕرێت.

زۆرێک لە زانایانى ئیسلام ــ لەناویشیاندا بەدیعوززەمان ــ لەبەر ئەم هۆکارانە قەناعەتیان وایە کە وەرگێڕانى قورئان شتێکى ئەستەمە. هەندێکى دیکەش هەڵوێستێکى نەرمتر بەڵام لە هەمان کاتدا حەزەرکارانەیان هەبووە لە چوارچێوەى ڕەچاوکردنى ئەو بنەمایانەدا کە باسمان کرد.

بە ڕاى زاناى گەورە “حەمدى یازر” دەق و وەرگێڕان پێویستە یەکسان بن لە ئاشکرایی و ئاماژە (الصراحة والدلالة)، کورتبڕى و درێژەپێدان (إجمال والتفصیل)، گشتیبوون و تایبەتبوون (العموم والخصوص)، ڕەهاکردن و سنووردارکردن (إطلاق والتقیید)، هێز و پێکان (القوة والإصابة)، جوانیی ئاست و شێوازى دەربڕیندا (حسن الأداء والأسلوب). دەنا وەرگێڕانێک کە بەم جۆرە نەبێت تەنها گواستنەوەیەکى کەموکورتە. لەم سۆنگەیەوە، هەرچەندە دەکرێت هۆنراوە و پەخشانێکى ئەدەبى بگوازرێتەوە بۆ زمانێکى گەشەکردووى هاوشێوە ــ بە مەرجى شارەزایی لە وردەکارییەکانى هەردوو زمانەکەدا ــ وەلێ وەرگێڕانى تەواوەتیی بەرهەمێکى هەمیشە ڕەونەقدار و زیندوو کە پێکەوە عەقڵ و دڵ و ڕۆح و تێکڕاى هەستەکان دەدوێنێت و داراى وردەکاریی یەک لەناو یەکە، شتێکى زۆر زەحمەتە. بەتایبەت ئەگەر ئەم بەرهەمە هیی خواى گەورە بێت، ڕەهەندى سەروو کات و شوێنى هەبێت و شاکارێکى گوفتاریی وەها بێت کە پێکەوە ڕوو لە سەرجەمى کات و چەرخەکان بکات.. بەڵێ، قورئان، بەدیعوززەمان گوتەنى، تەرجومەى ئیلاهیی کتێبى بوونە؛ دەنگ و نەفەسى فەرمانە تەکوینییەکانە؛ تەرجومانى حەقبێژى زمانى جۆراوجۆرى شتان و ڕووداوەکانە؛ ڕاڤەکارى ڕەوانبێژى دونیا و عوقبایە؛ دۆزەرەوە و لەخۆگرى ناوە ئیلاهییە پەنهانەکانى ناو ئاسمانەکان و زەوییە؛ کلیلى ڕازئامێزى نهێنییەکانى ئەودیوى پەردەیە؛ زمانى گۆیاى جیهانەکانى غەیبە لە جیهانى بینراودا؛ خۆر، بناغە و ئەندازەى جیهانى مەعنەویی ئیسلامە؛ نەخشەى پیرۆزى تێکڕاى جیهانەکانى ئاخیرەتە بە گشت خەت و هێڵەکانیانەوە؛ باشترین ڕوونکەرەوەى زات، سیفەت، ناو و شەئنە پیرۆزە خواییەکانە؛ تاکە پەروەردەکارى فریونەدەرى هەموو دونیاى مرۆڤایەتییە؛ هەوا، ئاو و ڕووناکیی دونیاى ئیسلامە و گوفتار و فەرمانى پەروەردەکارى جیهانیان و زاتى بەرز و پیرۆزى خوایە… بۆیە گواستنەوەى کتێبێکى لەم جۆرە کە لەسەر ئاستى هۆنینەوە و ناوەرۆک خاوەنى ڕەهەند و قووڵایی هەمەجۆرە، پێدەچێت شتێکى مومکین نەبێت…

بۆچوونێکى لەم جۆرە هەرگیز نابێت وا لێکبدرێتەوە کە دەمانەوێت بڵێین تێگەیشتن لە قورئان مەحاڵە؛ چونکە پێش لە هەر شت ئەو کتێبێکە کە بۆ تێگەیشتن و جێبەجێکران بۆ مرۆڤایەتى نێرراوە. بەڵام وشەگەلى هێندە قووڵ و فرەمانا و ناوەرۆکێکى هێندە فرەچینى هەیە گەر لە یەک بە یەک وشەکان تێبگەین و شتێکیش لە پێکهاتنەکانەوە هەست پێبکەین، دیسانیش چەندین دەربڕین، ئاماژە و حەقیقەتی زۆرى دیکە هەن کە لەو نێوانەدا تیادەچن.

بەندەى هەژار قەناعەتم وایە هەموو کەسێک کە بەویژدانەوە سەیرى قورئان بکات هەست بەم شتە دەکات و دەیبینێت، دەیبیستێت و تەزووى پێدا دێت، تێدەگات هێندە بەرز و ڕەها و ئازیزە کە ناکرێت سپاردەى دەستى هیچ وەرگێڕانێک بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت بوترێت، ئەو شتەى پێى دەوترێت وەرگێڕان هەرچەندە بەگوێرەى ئاستى زانیارى، مەعریفەت، ئاسۆى تێگەیشتن و تواناى لێهاتنى وەرگێڕەکە شتانێک دەردەخات و دەردەبڕێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت تێکڕاى قورئان بگوازێتەوە؛ بۆیە هیچ وەرگێڕان، تەفسیر و تەئویلێک ناتوانرێت پێى بوترێت “قورئان”…

ئێمە هەموومان موحتاجى ئەوین و ئەگەر لە ئاستى جۆراوجۆریشدا بێت ناچارین لێى تێبگەین. ئەگەر دەمانەوێت بۆ ناوەرۆکى ئەو ڕۆبچین و وەک خۆى لێى تێبگەین و پاشان بۆ کەسانى دیکەشى باسبکەین، کەوایە دەبێت ئەو تەفسیرانە بەکاربهێنین کە پسپۆڕەکانى ئەم بوارە بەگوێرەى یاسا و ڕێسا دیاریکراوەکان ئامادە و پێشکەشیان کردووین؛ هەتا ناوەرۆکەکەى کە هێندەى گەردوونەکان فراوانە لە چوارچێوەى زانیارى، مەعریفەت و تێگەیشتنى خۆماندا تەسک نەکەینەوە.