سەردەمی ئەو کەسانەی دونیا بەسەر ئاخیرەتدا پێشدەخەن

 

گەر دونیاتان لەبەر خودی خۆیی و لایەنی هەوا و هەوەسەکەی خۆشبوێت، ئەوا بە ئەنقەست بەسەر ژیانی ئاخیرەتدا پێشتانخستووە؛ ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشییەکانی سەردەمی ئەمڕۆ. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا جوانییە سەرسوڕهێنەرەکانی دونیا سەریان لە زۆرێک شێواندووە. تەنانەت کەسانێک کەوا چەشنی ئیماندار دەردەکەون، لەوپەڕی دڵیانەوە پێوەی وابەستەن. هێندەی ئەوەی بیپەرستن خۆشیاندەوێت و بەسەر ژیانی ئاخیرەتدا پێشیدەخەن. چەشنی ئەوەی هەرگیز نەمرن پێوەی وابەستەن و تەواوی تەمەنیان بە دوای هیوانەبڕاوەکانیانەوە ڕادەکەن.

عیبادەتی ئەو مرۆڤانەی دڵیان بە توندی بە دونیاوە گرنگە لە ڕووکەش زیاتر تێناپەڕێت. ئەوەی لە عیبادەتدا گرنگە بریتییە لە پەیوەندی دڵی مرۆڤ بە خوداوە. بریتییە لەوەی مرۆڤ  شێتانە بە پەروەردگارییەوە بەسترابێت. واتە بە عەشق و هەیەجانەوە هێندەی ئەوەی بەندی دڵی بپچڕێت عیبادەتی بۆ بکات. لە نزاکانیدا ناڵەناڵی دڵی لە دەم و زمانییەوە هەڵبوەرێن. لە بەرانبەر ئەودا هەموو شتێک بە نەبوو ئەژمار بکات. ئەم وتەیەی فزوڵی کەوا چەشنی لەعل و گەوهەرە زۆر جوان لەگەڵ ئەم بابەتەدا دێتەوە:

عارف ئەوە نییە دونیا و شتەکانی ناوی دەزانێت

عارف ئەوەیە کە دونیا و شتەکانی ناوی نەزانێت

**

گرنگی ئیخلاس و سەمیمیەت لە بەندایەتیدا

وەک چۆن ئەو کاتەی خۆر لە ئاسمان دەرەکەوێت ئەستێرەکان دەشارێنەوە، مرۆڤێکیش کەوا لە دڵەوە ڕووی لە الله کردووە، تەواوی جوانییە سەرنجڕاکێشەکانی دونیای لەبەرچاو دەسڕێتەوە. تەنانەت کەسێکی لەم شێوەیە بە تێپەڕینی کات وەهای لێدێت خۆیشی لەبەرچاو بسڕێتەوە.

وەک ئەوەی حەزرەتی بەدیعوزەمانیش ئاماژەی پێداوە ئێستا سەردەمی بەئەنقەست پێشخستنی دونیایە بەسەر ئاخیرەتدا، ئەوەی جێی داخە بریتییە لەوەی ئەو کەسانەشی دەچنە مزگەوت، دەچنە کەعبە و لە عەرەفات دەستی نزا بەرز دەکەنەوە، بە هەمان شێوە خەمی دونیایانە. گەر لە کاتی دونیادا گوێ لە نزاکانیان بگریت، زۆرینەی داواکارییەکانیان سەبارەت بە دونیایە. لەوە بگەڕێ کە نزاکانیشیان بۆ داواکردنی شتی دونیایییە، لە هەمان کاتدا عیبادەت و بەندایەتیشیان بە چاوەڕوانییە دونیاییەکانەوە دەبەستنەوە. وەک ئەوەی سەرداریشمان ئاماژەی پێداوە، زۆر نوێژکەر هەنە جگە لە ماندوویەتی و شەونخوینی هیچیان لە نوێژەکانیان بۆ نامێنێتەوە، زۆر ڕۆژووگریش هەن جگە لە تینوێتی و برسێتی هیچیان بۆ نامێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بناغەی بەندایەتی ئیخلاس و سەمیمیەتە. دەی گەر ئێوە داهاتوو و پاشەڕۆژی دونیاتان، ماڵ و منداڵ، پۆست و پلە و شۆرەت تێکەڵی بەندایەتیان بکەن، چەپەڵی دەکەن. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بریتییە لەوەی سەردەم، سەردەمی دونیاپەرستانە و دوورەپەرێزی ئەم مەترسییە کارێکی زۆر گرانە.

**

مەترسی دونیاییبوون و چارەسەری

قورئانی کەریم دەفەرموێت:” ڕاستی ئەوەیە هەردەم هەڵپەی دونیای بەردەمتان دەکەن و ئاخیرەتیش فەرامۆش دەکەن.(القیامة)”، ئەم ئایەتە ڕێک وێنەی ئەم سەردەمەی خۆمانی کردووە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا گەر نەخۆشییەکی مەترسیدارتر هەبێت لە تاعون، گولی و ئایدز ئەوا بریتییە لە نەخۆشی پێشخستنی دونیا بەسەر ئاخیرەتدا کە تەنانەت عیبادەتەکانیشمانی لەکەدار کردووە. ئەم ڤایرۆسە توشی هەرکەسێک ببێت تەختی زەوی دەکات. ئیدی بە پێوە مانەوەی ئەو کەسە جێگەی باس نییە. هەربۆیە دەرۆزەکەر و داواکاری ئەوەم لە جەنابی حەق، ئەو خۆتەرخانکەرانە لەم ڤایرۆسە بەدوور بکات کە وێڕای هەموو خراپەکاری و کۆسپەکان وەک لوتفی خۆی لە چەندین خزمەتی گرنگدا سەرفرازی کردوون.  یەکێک لە ڕێگا گرنگەکانی نەکەوتنە ناو گەرداوی دونیاوە بریتییە لەوەی دڵت بە ئامانجێکی ئایدیاڵەوە ببەستیتەوە و خۆت وابەستەی ئەوە بکەیت کە ئایدیاڵە بەرزەکان بەدەستبهێنیت. ئەو کەسانەی شەکاندنەوە ناوی جەلیلی محمدییان لەسەر ڕووی زەوی وەک مەفکورە و ئایدیاڵی خۆیان لێکردووە، وابەستەبوونیان بە شتی خوار ئەو ئاستە جێگەی باس نییە. لە ڕاستیدا ئایدیاڵێکی باڵای لەو شێوەیە، لە پۆست و پایە دونیاییەکان، تەنانەت لە دامەزراندنی سەدان ئیمبراتۆریەتیش گرنگترە. ئەو مرۆڤانە زاتی ئولوهیەتیان دەوێت و ژیانی ئاخیرەتیان بە ئامانج گرتووە، ئاوڕ لە ڕووە جسمانی و ئاژەڵییەکەی دونیا نادەنەوە و گرنگی پێنادەن. ئەوانەی چاویان لەسەر بینینی جوانی بێکۆتای جەنابی حەقە لە ئاخیرەتدا، چاویان لە هەموو شتێکی تر دوورەپەرێز دەکەن. ئەوانەی چاویان هەردەم لەسەر ئەوە، وازدەهێنن لەوەی چاوەکانیان بە دوای قیبلەیەکی تردا بگەڕێت. گەر دونیا بە تەواوی جوانی و درەوشاوەیی و باقوبریقی خۆیەوە بێتە بەردەمیان، ئەوان هەر بە شتێکی تەمومژاوی و چەپەڵی دەبینن. ڕەنگە هەر چاویشیان پێی نەکەوێت.

پێغەمبەری خودا وەک وەبیرهێنانەوە بۆ نرخ و چیەتی دونیا دەفەرموێت:” گەر دونیا لای خودا هێندەی باڵە مێشوولەیەک نرخی هەبووایە، ئەوا ڕێگەی نەدەدا کافرێک قومێک ئاوی لێ بخواردایەتەوە.(الترمذی، زوهد؛ ابن الماجة، زهد)، هەربۆیە نرخ و بەهای دونیا لای خودا بەم شێوەیە. مرۆڤ کە بە لێوەشاوەیەتییەکی مەزنەوە ڕەوانەی دونیا کراوە، لەبەرچی خۆی بکاتە داواکاری شتێکی کەم ئەرزشی لەو شێوەیە! مرۆڤ دەبێت ببێتە داواکاری شتێک کەوا بیگەیەنێتە لوتکەی نەبڕدرا و نیعمەتگەلێک کەوا خەیاڵی مرۆڤیش پێی نەگەشتبێت. ئەوەی دڵی بە دونیا داوە، هەردەم باسی دونیا دەکات، بە خەمی دونیاوە هەڵدەستێت و دادەنیشێت ئەوا تەواوی توێشووی ئاخیرەتی هەر لە دونیا بەکارهێناوە و بێزاد و توێشوو ڕووی لە ژیانی ئەبەدی ئاخیرەتی دەکات.

**

ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی جوانییە سەرنجڕاکێشەکانی دونیا

ئەو کارەی پێویستە بکرێت بۆ فریونەخواردن بە جوانییە سەرنجڕاکێشەکانی دونیا بریتییە لەوەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵ پەروەردگارمان هەبێت. دەبێت لە چەقی نزاکانماندا داواکردنی ڕووتێکردنی خودا، چاودێری، هاودەمبوون، پاراستن و یارمەتی خودا دابنێین، هەردەم بڵێن:” پەروەردگارا بە تامەزرۆیی خۆت دڵەکانمان پڕ بکە”. دەبێت لە پێناو ئەوەی ئیمان، یەقین، پشتبەستن، خۆڕادەستکردن، متمانەمان بەو زیاد ببێت، هەردەم لە پاڕانەوە و لاڵانەوە خۆمان بە دوور نەگرین. بەڵام دەبێت تەوای ئەمانەش بە کەم بزانین، لە ڕێگەی دانپێدانان بەوەی کە وەک پیویست بەندایەتی ئەومان نەکردووە، وەک پیویست ئەومان نەناسیوە، وەک پێویست حەمد و سەنای ئەومان نەکردووە، خاڵی کۆتا بۆ قسەکانمان دابنێین. ڕەنگە دانپێدانان بە بچوکی خۆمان لە بەرانبەر گەورەیی ئەو و، کاڵوکرچی عیبادەتەکانمان ببێتە هۆی بەهاناوە هاتنی ڕەحمەتی ئەو، بە بەرفراوانی ڕەحمەتییەوە پەیوەندییمان پێوە بکات و بە ڕەحمەتی خۆی ئەو بۆشاییانە لە بەندایەتیماندا پڕ بکاتەوە کە بە هۆی کەمتواناییمان لە ئەنجامدانی ئەرکگەلێکی پیویست دروست بووە.

گەر بمانەوێت لە ژیانی ئاخیرەتدا ببینە جێگەی ڕەحمەت و ڕەزامەندی و ڕووتێکردنی جەنابی حەق، دەبێت لەم دونیا هەردەم بە دوای ئەمانەوە عەوداڵ ببین، ڕووتێکردنی ئێمە ڕووتێکردنی ئەویش بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دوای ئەوەی بەم تێبینیانە سەرشار بووین، دونیا ناتوانێت خۆی لای ئێمە خۆشەویست بکات. ئیدی لە بەرانبەر نیعمەتەکانی دونیا سەرمان لێناشێوێت و چاومان ئەبڵەق نابێت. ئیدی دونیا وەک ئامراز و ڕێگە و داڵانێک بۆ گەشتنە خودای گەورە بەکاردەهێنین. گەر بەم شێوەی سەیری دونیا بکەین، ئەوا ئەو ڕووەی دونیا کە وەک خەڵوز و قوڕە، بە یاقوت و زەبەرجەد و ئەڵماس دەگۆڕین.