ئەو ڕۆحانەی وابەستەی ئامانجی باڵان

 

 دەبێت هیچ کاتێک ئەوە لەیاد نەکەین، گەر هەستی داوێنپاکی و دڵپاکی وەک بەشێک لە دڵمانی لێهاتبێت، بێگەردی و ئەخلاق وەک بەشێک لە قوڵایی ناخمانی لێهاتبێت، ئەوا هەردەم لەسەر ڕێگەی راست دەڕۆین. تەنانەت گەر لەو ڕێگەیەدا چاومان بە شتانێکی خراپ و ناشرینیش بکەوێت، لایەنە خراپەکانی نابینین.. گەر وەهاش بینیمان خۆمانی پێوە خەریک ناکەین و دەڕۆین و تێیدەپەڕێنین. چونکە لە پشتەوەی ئەم هەستانەمان دینامیکەکانی ئیمان بە خودا، ناسینی خودا و خۆشەویستی خودا هەیە. لە سایەی ئەمانەوە هەست و هزرەکانمان لە نێو شورا یان قەڵا دادەنێین و دەتوانین بەرزەفتیان بکەین.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بریتییە لەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆرینەی کۆمەڵگا ئەم لایەنانەیان لەدەستداوە. لەبەر ئەوەی هەوڵی ئەوش دەدەین شتە لەکیسچووەکان بە شتی تر پڕ بکەینەوە، هیچ کاتێک لە دژوانەکان ڕزگارمان نابێت. ماوەیەکی دوور و درێژە کەوا نرخی کۆی یاسا ئیلاهییەکان نازانین. وەک موسوڵمان نەمانتوانیوە نوێنەرایەتی ئەو بەهایانە بکەین کە خاوەنیانین. لەلایەکی ترەوە کەسانێکی تر جوانیان بە ناشرین، ناشرین بە جوان، چاک بە خراپ، خراپیان بە چاکە پێشانداوین، تەواوی بەها دینی و ئەخلاقیەکانی ئێمەیان لەکەدار کردووە. هەندێک لە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانیش لە ڕێگەی کار و چالاکی توندوتیژییەوە سیمای درەوشاوەی موسوڵمانێتییان تاریک کردووە. زۆرێک لە مرۆڤەکانیش لە ڕێگەی نمونە خراپەکانەوە هەوڵی تێگەشتنیان لە ئیسلام داوە و هەردەم کەوتونەتە ناو هەڵەوە.

**

ئەو لوتفانەی بە خۆتەرخانکەران بەخشراون

وای چەندە نیعمەتێکی گەورەیە لە نێو ئەم هەموو بارودۆخە نەرێنییەدا خودا هەلێکی گرنگی بۆ ئەو کەسانە ڕەخساند کەوا دڵیان بە خزمەتی ئیمان و قورئان دابوو. ئەوانی چەشنی تۆوێک بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاوکردەوە. توانا و دامودەزگاگەلێکی بەوان بەخشی کە لە ڕێگەیەوە بتوانن بە مرۆڤەکانی ئەو وڵاتانە بگەن کە ڕوویان تێکردووە. هەریەک لەمانەش هەلێکی زۆر گرنگە بۆ پێشاندنی ڕاستی ئەو بابەتانەی هەتا ئەمڕۆ بە هەڵە پێشاندراون.

لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە خۆمان بە لیک فڕێدان و ددان جیڕکێی ئەو کەسانەوە خەریک نەکەین کەوا خۆیان پابەندی قین و دوژمنایەتی کردووە. ئەو کەسانەی خاوەن مێشکێکی بەرتەسکن و لە شوێنێکی بەرتەسکدا ژیان بەسەر دەبەن و خۆیان وابەستەی قین و دوژمنایەتی کردووە، دەشێت بە شێوەیەکی جیاواز بتانبینن.  وەک ئەوەی خۆیان ڕەش بە سپی دەبینن، دەشێت کەسانی تریش بەو شێوەیە پێشان بدەن. بەڵام لە دونیایەکی وەهادا ژیان بەسەر دەبەین، یەک دونیا مرۆڤ هەن کەوا لە چواردەوری ئێوە بە دوای ڕوناکیدا دەگەڕێن. ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئێوەشە بریتییە لەوەی وزەی خۆتان لەملاولا پەرشوبڵاو نەکەن، تەواوی توانا و لێوەشاوەیەتی خۆتان بە ئاڕاستەی ئەو شوێنە خەرج بکەن کەوا دڵتان پێیداوە. جەنابی حەق هەتا ئەمڕۆ زۆر لوتفی زیادەی خۆی پێشانی ئێوە داوە. تەواوی ئەو شتانەی کردووتانە هەر لوتف و ئیحسانی خۆی بووە. ئەو ئەرکەی خودا بە هەریەک لە هاوەڵە بەڕێزەکان، شوێنکەوتە مەزنەکانیان، موجتەهید  و نوێکەرەوەکان و دواتر سەلجوقی و عوسمانیەکان ئەنجامیدا، دواتر بە ئێوەشی ئەنجامدا. هەربۆیە وڵاتێک نەماوە کەوا ڕووتان تێنەکردبێت. لە وڵاتە جیاوازەکانی دونیا سەدان دامودەزگاتان کردۆتەوە. هەزاران حەمد و سەنا بۆ بۆ پەروەردگارمان بێت. نەفسمان لە خوار هەموو کەسێکەوەیە و ئەرکیش لەسەرو هەمووانەوە. هەر خودایە گومەزی زۆر گەورە بە مێروولە دروست دەکات کەوا زۆر لەسەرو هێز و توانای خۆیەوەیەتی، هەتا ئێستا ئەوە نازانین کە بە هۆی چ هەلومەرجێکەوە ئەم لوتفانەی بەنسیبی ئێمە کردووە. ڕەنگە ئەو ئیخلاسەی هەتا ڕادەیەکی دیاریکراو هەیە، یان ئەو سازان و ڕێکەوتنەی لە نێوان براکانماندا هەیە بووبێتە بانگهێشتکەری لوتف و چاودێر و سەرخستنی ئیلاهی.

هەتا ئەو کاتەی ئێوەش پارێزگاری لە ئاستی خۆتان و سەلامەتی هەست و هزری خۆتان بکەن، هەر خودا خۆی دەزانێت کەوا چ لوتفێکی ترتان بەنسیب دەکات. هەتا ئەو کاتەی لەسەر ڕێگەی پێغەمبەر بەردەوام بوون، دڵتان لەلای پۆست و پلە و پایە نەبوو، خۆتان بۆ بەرژەوەندییە دونیاییەکان هەڕاج نەکرد، نەچوونە ژێر ڕکێفی هیچ کەسێک، هەستی ژیاندنتان پێش هەستی ژیان خست، خۆتان بە سێبەرەکانەوە خەریک نەکرد و هەردەم بەرەو خۆر ڕۆشتن، ئەوا بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا ئەم کارە بەردەوام دەبێت. هەربۆیە لەو ڕەشەبا پێچەوانانە مەڕوانن کەوا لە ئێستادا هەڵیکردووە، یان ئەو شەپۆلانەی وەک تسونامییان لێهاتووە، یاخود ئەو هاتوهاوارەی لە زاڵمەکان بەرز دەبێتەوە. خۆتان بەو شتانەوە خەریک مەکەن. گەر خودا لەگەڵ ئێوە بێت، کەس ناتوانێت بەسەرتاندا زاڵ ببێت. ئەوانەی لەمڕۆدا داشیان سوارە سبەینێ خۆیان بە ڕسوایی دەبینن. ئەوانەی لەمڕۆدا زوڵم لە موسوڵمانان دەکەن، سبەینێ چەشنی ئەو گەڵایانەی توشی خەزان بوون هەڵدەوەرێن. لەم بابەتەشدا هیچ گومانتان نەبێت. چونکە خودا مۆڵەت لە دوای مۆڵەت دەداتە کەسی زاڵم هەتا لە قیامەتدا هیچ پاساوێکی بۆ کارەکانی نەمێنێت، بەڵام هەتا سەر بە پێوە نایهێڵێتەوە. کاتێک کارەکانی بەر غەزەبی خودا دەکەون، شەپازلەیەکی زۆر توند دەخوات. کاتێک بە دەستی قودرەتی خۆی قۆڵبەستی کرد، هەناسەی لێدەبڕێت. نەریتی ئیلاهی هەردەم بەم شێوەیە ڕێچکەی گرتووە. لە مێژووشدا زۆر نمونەی ئەم بابەتەمان هەیە.

**

ئەرکی قارەمانەکانی مەفکورە

گرنگە لێرەدا شتێکی تریش بڵێین: هەندێک بەخشین و تێکۆشان هەن کەوا لە سەردەمێکی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێن، زۆر نرخی زیاترە لە هەمان ئەو کارانەی لە سەردەمێکی تردا ئەنجام دەدرێن. چونکە هەلومەرجەکان زۆر سەختترن. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا بە هەلومەرجێکی سەختی لەو شێوەیەدا تێدەپەڕین. ئەو کەسانەی هەتا دوێنێ ئازاریان بە پێغەمبەرە بەڕێزەکان و ئەولیا گەورەکان و بەندە خۆشەویستەکانی خودا چەشتووە، ئەمرۆ بە ئێوەشی دەچێژن. وەک چۆن ئەوان بەرگەی ئەو بەڵا و موسیبەتانە گرت کەوا بەسەریان هات، ئەرکی ئێمەشە بەرگە بگرین. بێ ئەوەی بەدەست ناڕەحەتییەکانەوە گیر بخۆین، دەبێت پێچەسپاو بین لەسەر ئەو ڕێگەیەی کە بە حەقی دەزانین، چەشنی قومری لە شەقەی باڵ بدەین و وەک کوهەیلانێک شاباڵ بگرین.

ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئێمەیە بریتییە لەوەی بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا بڕۆینە ئەو شوێنانەی هەتا ئێستا نەڕۆشتووین، ئەو دامودەزگا و خزمەتانەی هەتا ئێستا ئەنجامدراون چەند قات زیاتر بکەین. ئەگەرچی ئەو کەسانەی بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا ڕادەکەن  بەردەوامن لەسەر ئەوەی بە قسەی ناوەڕۆک بەتاڵ خەڵکی فریو دەدەن، بەڵام خودا هەتا ئێستا کاری گرنگی بەنسیبی ئێوە کردووە. هیوامان ئەوەیە لەمەودوا کاری گەورەتریش ئەنجام بدەین. لە کۆتاییدا ئەو ڕۆحە تاریکانەی خۆیان وابەستەی ڕێگریکردن لەم خزمەتە خێردارانە کردووە بێشێو سەردەنێنەوە. تەنیا هێندە هەیە کە ئێمە لە ڕێگەی خودا و پێغەمبەر و هاوەڵانی دوور نەکەوینەوە، دەست لە ژیانی خۆمان هەڵبگرین و بە دوای ژیاندنی مرۆڤەکانەوە ببین. ئەو ئەمانەتەی لەسەرشانمانە بەوپەڕی توانامانەوە ئەنجامی بدەین، بەوپەڕی ئیمانەوە هەتا ئەو شوێنەی ببەین کە توانامان هەیە.

**

 ئیکسیری ئیمان یاخود شوکرانەبژێری و سەبر

پێغەمبەری سەردارمان لە حەدیسێکی شەریفدا دەفەرموێت:” وای چەند حاڵی ئیماندار سەرسوڕهێنەرە، کە توشی بەڵا و موسیبەت بوو سەبری لەسەر دەگرێت و پاداشتەکەی وەردەگرێت، کە نیعمەتیشی بەسەردا باری شوکرانەبژێری دەکات و دیسانەوە پاداشتی دەستدەکەوێت. (المسلم، زهد). لەم سۆنگەیەشەوە پیویستە هەردەم بڵێین:” سوپاس بۆ الله لەسەر هەموو حاڵێکمان جگە لە حاڵی کوفر و گومڕایی”. واتە گەر توشی گومڕایی نەبووبێتین، پردەکانی گەشتن بە ژیانی ئاخیرەتمان نەڕوخاندبێت، پەیوەندیمان لەگەڵ الله نەپچڕاندبێت، پیویستە حەمد و سەنای پەروەردگارمان بکەین.

گەر توانیشمان بەم شێوەیە سەیری ژیان بکەین، ئەوا گەردەلولە توندەکان، ئەو شەپۆلانەی دەگۆڕێن بە تسونامی و گێژەڵوکەکان ناتوانن بمانهەژێنن. هەردەم دەڵێین:” الله هەیە و خەممان نییە” و لەسەر ڕێگەکەی خۆمان بەردەوام دەبین. “ئەوەی ئەوی دۆزیوەتەوە چی لەدەستداوە، ئەوەی ئەوی لەدەستداوە چی دەستکەوتووە!”. دەی گەر ئەوتان دۆزیبێتەوە، ئەوا هیچ شتێک نەماوە کەوا بیدۆزنەوە. بەڵام گەر ئەوتان لەدەستدابێت، هیچ شتێک نەماوە کەوا بەدەستیبهێنن.