دەربارەى قورئان و وەرگێڕانى (٣)

دەربارەى قورئان و وەرگێڕانى (٣)

تەفسیر بریتییە لە لێکدانەوە لەپێناو دەرخستن و دەرهێنانى ناوەرۆکى دەق و گوفتارێک. لە چوارچێوەى زانستە قورئانییەکاندا بە ماناى ڕاڤەکردنى گوفتارى خوایی دێت بە بەکارهێنانى ڕێزمان، یاساکانى ڕەوانبێژى، ڕوونکردنەوەکانى شاریع ــ کە پێغەمبەرى خوایە (ص) ــ تێگەیشتن و بۆچوونى صەحابییەکانى ڕیزى یەکەم بەبێ فەرامۆشکردنى نوورى عەقڵ و ڕووناکیی دڵ. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت بوترێت لە زۆرێک لەو تەفسیرانەدا کە هەتا ئێستا نووسراون ڕەچاوى ئەم بنەمایانە کراوە. ئەوەندە هەیە بە زاڵبوونى هەریەکێک لەو خاڵانەى کە ناومان بردن، تەفسیرەکە ناونیشانێکى جیاواز وەردەگرێت: تەفسیرى “ڕیوایەت” ئەو جۆرەى تەفسیرە کە پشت بە گوفتارەکانى پێغەمبەر (ص) و موتاڵا و تێگەیشتنى صەحابییە بەڕێزەکان کە بەشێوەیەکى باش و ڕاست لە زمانى بەکارهێنراوى ئەو ڕۆژگارە تێگەیشتوون، دەبەستێت. بەڵام ئەو تەفسیرانەى کە جگە لەم شتانەى باسکران، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زمان، ئەدەبییات یان لقە جیاوازەکانى دیکەى زانست بەکاردەهێنن، پێیان دەوترێت تەفسیرى “دیرایەت”.

لە سەرەتا قورئان لەلایەن خودى قورئان و بە پلەى دووەمیش لەلایەن سوننەتەوە تەفسیر دەکرا. لە بابەتى لێکدانەوەى قورئاندا، ڕوونکردنەوەکانى پێغەمبەر (ص) لەو بوارەدا هەمیشە سەرچاوەگەلێکى متمانەپێکراو بوون و صەحابییە بەڕێزەکانیش ئەم کانیاوە سازگار و شیرینەیان زۆر باش بەکاردەهێنا. لەبنەڕەتدا زۆربەیان چاک شارەزاى وردەکارییەکانى زمانى خۆیان بوون و ئەو شتانەى کە لێیان دەگیرا زۆر نەبوون. ئەو شتانەش کە پێویستیان بە ڕوونکردنەوە بوو، ڕاستەوخۆ یان لە وەحییەوە یاخود لە گوفتارەکانى پێغەمبەرەوە (ص) وەڵامەکانیان وەردەگرت.

بە تێپەڕبوونى کات، هەموو ئەو گوفتار، ڕوونکردنەوە و تەفسیرانەى کە لەم بوارەدا وتراون کۆکرانەوە و سەرچاوەى فراوانیان پێکهێنا؛ بناغەى ئەم هەوڵ و تێکۆشانەش دەگەڕێتەوە سەر تەقالاى هەندێک لە صەحابییەکان. لە سەردەمى تابیعیندا ئەم جۆرە چالاکییانە فراوانتر بوون و میراتێکى جددییان بۆ چەرخەکانى دواتر جێهێشت. لەدواى سەدەى دەیەمى زایینى، لەلایەن لێکۆڵەرێکى وەک “موحەممەدى کوڕى جەریرى تەبەرى”ەوە ئەم میراتە زۆر بەباشى بەکارهێنرا و چەندین بەرگ تەفسیر بەرهەم هێنرا. ئەم کتێب و پەڕاوانەى کە لەپاڵ ڕیوایەتەکانى پێغەمبەردا (ص) لەخۆگرى ئەو فەرموودە و گوفتارانەش بوون کە لە صەحابییەکان، تابیعین و شوێنکەوتەى ئەوانیشەوە گێڕراونەتەوە، بوو بە کانگایەکى پتەو بۆ خەڵکانى ئاییندە.

لەدواى تەبەرى، “زەمەخشەرى” کە زانایاکى موعتەزیلەکان بوو و لە هەمان کاتدا وەستایەکى کارامەى زمانەوانى بوو، بە کتێبە بەناوبانگەکەى بە ناوى (کشاف) بە یەکێک لە پێشڕەوەکانى بوارى تەفسیرى دیرایەت دادەنرێت. (مفاتیح الغیب)ەکەى “فەخرەدینى ڕازى”ش یەکێکە لە دەنگە بەهێزەکانى سوننییەکان و بە یەکێک لە نماییندە هەرە گرنگەکانى ئەم نەریتە دادەنرێت. (أنوار التنزیل وأسرار التأویل) یەکێکى دیکەیە لە ئەڵقە گرنگەکانى ئەم زنجیرەیە و لەو ڕوانگەیەوەشەوە کە وەڵامى تێبینییە ئیعتیزالییەکانى زەمەخشەرى دەداتەوە، گرنگیی تایبەت بە خۆى هەیە.

سەردەمانى دواتر، لەپاڵ تەفسیرەکانى ڕیوایەت و دیرایەتدا، لە بازنەى تەسەووف و فیقهیشدا چەندین بەرهەم خرانە مەیدان. چەندین کەسى ناوازە و بلیمەتى وەک ئەبو لەیسى سەمەرقەندى، بەغاوى، ئیبن کەسیر، جەلالەدینى سیوطى، ئەبو سعود، کەمال پاشازادە، ئیسماعیل حەققى بورسەوى، ئالوسیی بەغدادى، وەهبى قۆنیایی، حەمدى یازر و هاوشێوەکانیان تەنها چەند دانەیەکن لەوانەى کە بەردەوامییان بەم نەریت و ڕاستەهێڵە دا.

زۆربەى ئەم زاتانە و هاووێنەکانیان لە بابەتى تەفسیردا زۆر هەستیار بوون؛ لەپێناو تێگەیشتنى ڕاست و دروست لە مەبەستە ئیلاهییەکانى ناو قورئان هەموو ئەو شتانەیان کرد کە پێویست بوو بکرێن و لەم بوارەدا هەوڵێکى بانمرۆییان بەگەڕخست. تێکۆشان بەوپەڕى جددییەتەوە دەستنیشانى بکەن کە ڕیزى یەکەمى صەحابییەکان لە کاتى دابەزینى قورئاندا چۆن لە وشە بە وشەى قورئان تێگەیشتوون و ڕاڤەیان کردووە؛ “موحکەمات”یان وەک بنەمایەک وەرگرت و پاشان تێبینییەکانى خۆیان دیسان بە پێوەرەکانى قورئان و سوننەت هەڵسەنگاند؛ بەم جۆرە ئەو زانیارییە بێکەڵکانەیان تەتەڵە کرد کە بە ناوى ڕاڤە و تەئویلەوە دوژمنانى قورئان خستبوویانە گۆڕێ و هەوڵ و تێکۆشانێکى نائاساییان بەگەڕخست بە ئامانجى ئەوەى کە ئێمە بەدروستى لە موڕادى ئیلاهى تێبگەین.

لەپاڵ ئەم چوارچێوە گشتییەدا کە بۆ تەفسیرمان کێشا. “حەمدى یازر”یش هەندێک تێبینیی گرنگى هەن. بەگوێرەى ئەو، تەفسیر کە بە ماناى کردنەوەى شتێکى داخراو و ڕوونکردنەوەى دێت، بە پڕۆسەى دەرهێنانى ماناگەلێک لێوەى دێت کە لەگەڵ موڕادى خواییدا گونجاو بێت.

قورئانى پیرۆز بە فراوانییە گەردوونى و ئەو قووڵییەى کە هەتا ئەبەد دەتوانێت شتانێک بۆ هەموو کەسێک باسبکات، پەڕاوێکە کە تایبەتمەندى و ناوازەییەکەى سەلماوە؛ لەپاڵ خەسڵەتەکانى وەک دواندنى چەرخە جیاوازەکان، نەتەوە جیاوازەکان و خەڵکانى ناو ئاستە زانستییە جیاوازەکان و تێگەیاندنى گوێبیستەکانى بەئاسانى، کتێبێکى پڕ لە حیکمەتى وەهایە کە لایەنێکى قووڵ، نادیار، ئاڵۆز، پوخت و موتەشابیهیشى هەیە. ئەم چوار خەسڵەتە، سێ دانەکەى سەرەتایان قووڵى و نهێنییەکانیان بە کۆدەنگیی زانایان سەلماوە؛ ئەوەى چوارەمیش بە ئەمانەت تەسلیمى تەفسیر و تەئویلى ئەو لێکۆڵەرانە کراوە کە لە زانستدا ڕۆچوون (راسخون)، پابەندى “موحکەمات”ن و کراوەشن بە ڕووى موتەشابیهاتدا.

بەڵێ، هەرچەندە هەموو کەسێک دەتوانێت شتێک لە قورئان تێبگات، بەڵام پەیبردن بە هەموو قووڵییەکانى و دەورەدانى، تایبەتە بەو ئەربابى تەفسیر و تەئویلەى کە لەم بوارەدا بە بەهرە و توانا پێویستەکان پڕچەکن. ئەوان لە تێگەیشتن لە شتە نادیار و ئاڵۆزەکاندا هەم ڕەچاوى یاساکانى زمانەوانى دەکەن، هەم بەجددى پابەندى ئوسوڵن؛ بە تێڕامان، وردبوونەوە و بیرکردنەوەیەکى ورد و قووڵ تێدەکۆشن کە بە موڕادى ئیلاهى بگەن؛ لە بابەتى ڕاڤەکردنى شتە پوختەکاندا، لەپاڵ سەردان و گەڕانەوەیان بۆ لاى ڕوونکردنەوەکانى ساحێبى شەریعەت (ص)، وەحیی (متلو) لە پێودانگى وەحیی غەیرى (متلو) دەدەن؛ ڕیوایەت بە دیرایەت و دیرایەتیش بە ڕیوایەت قووڵتر دەکەنەوە. باوەڕم وایە بەدرێژایی مێژوو تەفسیرکارە ڕاستەقینەکان هەمیشە بەم جۆرە ڕەفتاریان کردووە.

هەرچى تەئویلیشە، بریتییە لە گەڕاندنەوە و ئاڕاستەکردنى ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک بۆ لاى یەکێک لە مانا گریمانکراو و مەعقولەکانى. هەندێک وتوویانە تەئویل بریتییە لە ڕاڤەکردنى گوفتار و کردارەکان بەپێچەوانەى تێگەیشتنى عەقڵى ڕواڵەتییەوە؛ واتە لێکدانەوەی شتێکى بینراو و بیستراو بە شتێکى دیکە کە یەکسەر و لە پلەى یەکەمدا بە خەیاڵدا نایەت، هەرچەندە لە مەعقولاتەکانە وەلێ خەڵکى یەکسەر و ڕاستەوخۆ لێى تێناگەن. بەڵام ئیمامى ئەبو مەنسورى ماتوریدى ڕایەکى جیاوازى هەبووە و وتوویەتى تەفسیر بریتییە لە ڕاڤەکردنى قورئان لەلایەن صەحابییەکانەوە، وەلێ تەئویل بریتییە لە موتاڵا و تێبینیی تابیعین و ئەوانەى دواى ئەوان…

وشەى (تأویل) کە لە ڕەگى (أول)ەوە هاتووە، بە ماناى هەڵبژاردن و سەرخستنى مانای گوفتارێک دێت بەسەر مانا گریمانکراوەکانى دیکەدا. کەوایە هێنانى ئەو مانایانەى کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە دەقەکەوە نییە و گریمانکراو نین، نە تەفسیرە و نە تەئویلە.

جگە لەمە، بناغەیەکى گرنگیش ئەوەیە پێویستە پاڵپشتێکى عەقڵى و نەقڵى هەبێت کە هێما بۆ مانا پێشنیارکراوەکە بکات. دەنا بەبێ هەبوونى هێما، ئاماژە و نیشانەیەکى مەعقول، چاوبواردن لە ماناى ڕاستەوخۆى دەقەکە و داتاشینى مانا بۆ وشە و ڕستەکان بە ناوى “مەجاز” و “کینایە”وە شتێکى باطلە و بەهایەکى نییە.

بەرهەمى تەئویل (مئآل)یشى پێوتراوە؛ ئەمەش بریتییە لە هەڵبژاردنى هەندێک لە مانا گریمانکراوەکانى دەقێک بە تەواوى کەموکورتییەکانیەوە. (مئآل) هەروەک چۆن وەرگێڕان نییە، تەفسیریش نییە. جاروبار هەندێک شوێنى لە تەفسیر دەچێت، بەڵام دیسانیش لە چوارچێوەى (مئآل)دایە.

لە چەرخەکانى سەرەتاوە هەتا ئێستا، لەپاڵ هەندێک وەرگێڕانى باش و خراپدا، چەندین (مئآل) و تەفسیریش نووسراون.. لە ئێستاشدا دەنووسرێن.. لەمەودواش دەنووسرێن. ئێمە هەمیشە چەپڵەمان بۆ هەموو ئەو هەوڵ و تەقالایانە لێداوە کە لەپێناو بیسترانى دەنگى قورئان و ڕوونبوونەوەى مەبەستە ئیلاهییەکانیدا، دەدرێن. بەتایبەت ئەگەر لەم کۆششانەدا ئەم شتانە و هاوشێوەکانیان فەرامۆش نەکرابن: کات و ڕاڤە تایبەتەکەى، هەلومەرجەکانى ئێستا و خوێندنەوەى دروست بۆیان، مەبەستەکانى شەریعەت و تێگەیشتنى گونجاو لێیان بەگوێرەى قورئان و سوننەتى صەحیح، ئەو بۆچوونانەى کە بەهۆى بەدوای یەکداهاتنى فیکرەکان کەڵەکەبوون و لە سایەیاندا هەموو شتێک زیاتر ڕووندەبێتەوە و ئاشکرادەبێت…