بانگەوازێک بۆ بەزەیی

بە خامەی م. فەتحوڵڵا گولەن

ژمارە ٧٥ی گۆڤاری چاڵەیان، مانگی مایسی ٢٠٢٣

ئەوانەى کە لە هەمان کانیاوەوە گۆش نەبوون، لە هەمان مەمکەوە شیریان نەخواردووە و لە هەمان ئەو بەهایانەدا هاوبەش نین کە لە ڕابردووەوە بۆمان ماونەتەوە، هەروەک چۆن مەحاڵە لە ناسۆرەکانمان تێبگەن، لەهەمبەر حاڵى گشتیشمانەوە مەحاڵە سەرسام نەبن.. چونکە بەگوێرەى ئەوانەى کە تەنها لە چوارچێوەى فیزیکدا ئەمڕۆ و بەیانی هەڵدەسەنگێنن و ژیانیش تەنها لە ڕوانگەى لایەنە جەستەییەکانیەوە ئەزموون دەکەن، جگە لە چێژ و سەفاى ڕواڵەتى و کاتیی لاشە ئەستەمە هەست بە شتێکى دیکە بکەن؛ وە بەگوێرەى ئەم تێگەیشتنە لارولوێرە، ئەو بابەتانەى کە دەرەوەى جیسمانییەتن شتانێک نین شایانى هەڵوێستە لەسەر کردن بن.. نە دوێنێ و نە داهاتووى دوور هیچ بایەخێکیان نییە. ڕابردوو و داهاتوو بریتین لە سەرچاوەى دڵنەوایی بۆ ئەو کۆمەڵگایانەى کە ئێستایان لەدەستداوە. بەڵێ، کەسانێک کە لە گۆشەنیگایەکى لەم جۆرەدا خۆیان بەندکردووە، تێگەیشتنیان لە ئاسۆى “ئەگەر ئەوەتان دەزانى کە من دەیزانم کەم پێدەکەنین و زۆر دەگریان!”١ زۆر زەحمەتە. لەحاڵێکدا هەروەک چۆن خاوەنى ئەم گوفتارە زۆرباش دەیزانى بۆچى دەگرى، ئەو ڕۆحە کامڵانەش کە بۆ ئەبەد بەدیهێنراون و لە ڕووى ماتەوزەوە پاڵێوراون بۆ هەتاهەتایی، لە ڕوانگەى دونیاى ناوەوە جگە لە ئیمان، مەعریفەت، خۆشەویستى و چێژى ڕۆحانى بە هیچ شتێکى تر تێرنابن، زۆرباش دەزانن بۆ چى دەگرین و شوێن چى کەوتوون.. وە بۆ ئەمانیش دونیایەک هۆکار هەن کە لەپێناویاندا ئادەمی دابینشێت و بگرى.

١. بخاري، کسوف ٢؛ مسلم، کسوف ١.

بەڵێ، ئەمڕۆ لەپاڵ بابەتى ئیمان و گەیشتن بە ئاسوودەیی یاخود کەوتنە ناو بێباوەڕى و ناسۆرەوە کە پەیوەندییان بە هەموو کەسێکەوە هەیە، چەندەها کێشەى کەڵەکەبووى کۆمەڵایەتى، ئابوورى، سیاسى و کەلتووری هەن.. چەندەها ناهەقى و نادادى هەن کە بە سەرچاوەى چەندین نائارامیی کۆمەڵایەتى دادەنرێن.. کۆمەڵێک حەق و ماف هەن کە لە ڕوانگەى بەها مرۆیی و بنەماکانى ویژدانەوە دەبێت سەرلەنوێ چاویان پێدا بخشێنرێتەوە و لەناو خەڵکدا بڵاوبکرێنەوە.. کۆمەڵێک بەربەستى دژە دیموکراتى و لایەنگرى توندوتیژى هەن لەبەردەم هیوا و ئاواتەکانمان و بەدیهاتنیاندا… هێشتا لە زۆر بابەتدا هەستەکان حوکمى عەقڵ و لۆجیک دەکەن و یاسا و ڕێساکانیش تەسلیم بە هێز و زۆرداریی پێوەرنەناس کراون.. وە هێشتا ئەو شتانەى کە لە زۆر شوێنى دونیادا بە هەڵە قەبووڵ دەکرێن یاخود کەموکورتە مرۆییەکان بە خوێن و فرمێسک دەشۆررێن.. جاروبار ئیرادە و بیرکردنەوەى مرۆڤ فەرامۆش دەکرێن و هەوڵدەدرێت حەشاماتەکان بەزۆر ببرێن بۆ بەهەشت، یاخود تێدەکۆشرێت کە بێپەروایانە بەرەو دۆزەخ پاڵیان پێوە بنرێت.. هەموو ڕۆژێک سەنگەرى نوێ لێدەدرێت، هەموو تاقمێک شەڕى لۆجیک و ڕاستییەکانى خۆى دەکات و گشت بیرکردنەوەیەک وێنەى شێوازێکى ژیانى تایبەت بە خۆى دەکێشێت.. بگرە هەوڵدەدەن هەموان بەگوێرەى ئەم وێنە تەسکە لە قاڵب بدەن و ناچاریان بکەن کە وا بژین.. هێشتا لە سەدان جێگادا شعوورى تاک پێشێل دەکرێت، ئیرادەى کۆمەڵایەتى ئیفلیج دەکرێت و تێزاب دەکرێتە چاوى ویژدانەوە…

لەحاڵێکدا قەدبڕترین ڕێگا بۆ قوتاربوون لەم قەیرانە کەسى و کۆمەڵایەتییانە و هێورکردنەوەى ئەم فشارانەى کە لەسەر کۆمەڵگان ئەوەیە واز لە دەستوەردان لە ویژدانیان بهێنرێت و ڕێگاى هەبوون لەگەڵ شعوور و ئیرادەى خۆیاندا پیشانبدرێت. بەڵێ، مانەوەى حەشامەتەکان بە مرۆڤى و ئاڕاستەکرانیان بۆ لاى بەها مرۆییەکان، وابەستەى ئەوەیە کە لە کۆمەڵگادا میکانزیمى ویژدان بەزیندوویی بهێڵرێتەوە و ڕێز لە ئیرادە و شعوور بگیررێت. تاک، بەئەندازەى مەوجودییەتى بە شعوور و ئیرادەى خۆى و گەیشتنى بە ئاستى ڕزگارکردنى کەسانى دیکەش، بە هاوڵاتیی ڕاستەقینە دادەنرێت. ئەو کۆمەڵگایانەى کە تاکەکانى خاوەنى پڕچەکبوونێکى لەم شێوەیە نین، مەحاڵە لە گرفتە کۆمەڵایەتى، ئابوورى، سیاسى یان ئیدارییەکان ڕزگارى ببێت. بەڵێ، ئەو قەرەباڵغییانەى کە پارچەکانى کەموکورتن، بێسەروبەرن و بە پینە بە یەکەوە لکێنراون، هەروەک چۆن ناتوانرێت ناوى میللەتیان لێبنرێت، بەهەمان جۆرە ئەم تۆپەڵە بێشیرازەیەى کە بەڕواڵەت وەک میللەت دەردەکەوێت ئەستەمە داراى داهاتوویەکى گەش بێت. بۆ ئەوەى کۆمەڵگاش ڕزگارى ببێت، پێویستە تاک بە تاکى میللەت داراى ڕۆحێکى ڕزگارکەر و ئامادەباشییەکەى مێتافیزیکى بن. ئەستێرەى بەختى کۆمەڵگاکانیشمان بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو و ئاسوودەیی بەخش دەردەکەوێت لەو کات و خاڵەدا دەردەکەون کە دەستەکان لەپێناو ڕزگارکردنى کەسانى تردا یەکیان گرتووە و بەرەو ئاسمان بەرزبوونەتەوە،

هەستکردنمان بە ڕەهەندە تایبەتەکانى باوەڕ لە ڕۆحماندا؛ ئەزموونکردنى ئارەق، ژان و ناسۆرەکانى ئیرادە لە عیبادەتەکانماندا؛ بەئەخلاقیبوونمان لە هەڵسوکەوتەکانماندا؛ زیندووبوونەوەمان لە ڕوانگەى ژیانى هەست، ئیرادە، شعوور و دونیاى دەروونەوە و پێواندنى هەموو شتێک بە قەدرشناسیی دڵ، پوختەى ئەو بنەمایانەن کە دەمانگەیەنن بە پلە و ئاستى خواستراو. لە ڕێگەى ئەم بناغانەوە، بە هەستکردن، خواستن و شعوورێکى وەها دەگەین کە سنوورەکانى تاکێتى تێدەپەڕێنن، تەانەت هەنگاوێک لەمەش لەپێشتر، لە سایەى بەستنەوەى هەموو شتێک بە ئەبەدییەتەوە و هەڵسەنگاندنى لە ڕوانگەى پێوەرە ئاسمانییەکانەوە، دەکرێینەوە و گەشەدەکەین، سوود لە سەرجەم سوودەکانى مرۆڤبوون وەردەگرین و جارێکی دیکەش گوزارشت لە مەزهەرییەتمان بۆ (أحسن تقویم) دەکەین. وا هەستدەکەم ئەو بەختەوەرانەى کە لەم خاڵە وردە تێگەیشتوون، بەئەندازەى پاڵێورانیان بۆ ڕزگارکردنى کەسانى تر، داهاتووى خۆشیان دەخەنە ژێر زەمانەوە.

بەڵێ، پێویستە جارێکى دیکەش ئەوە بەبیربهێنمەوە ئەو پڕۆژانەى کە تەنها ڕوویان لە ڕزگارکردنى تاکە بەبێ ئامانجى ڕزگارکردنى کۆمەڵگاش، هەروەک بێئەنجام و نەزۆک دەبن، بەهەمان جۆر هەوڵدان بۆ دامەزراندنى ئەو بەهایانەش کە لە ئیرادە، شعوور و دەروونى تاکەکاندا کوشتوومانن، کارێکى بێهوودەیە. بەڵێ، بەبێ دانانى ئامانجى ڕزگارکردن، پلان و پڕۆژەکان بۆ ڕزگاربوون خەون و خەیاڵن؛ گومانى گەیشتنى میللەتیش بە جێگایەک لە ڕێگاى ڕووخاندنى زیندووبوونەوەى تاکەوە، تەنها دڵدانەوەى خۆیە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە سەرەتا لە ڕێگەى شعوور و ئیرادەى شەخسییەوە ئەوە دەستنیشان دەکەین کە دەست و قاچەکانمان هیی خۆمانن، پاشان دەست دەخەینە ناو دەستى کەسانى تر و لە ڕێگەى شعوور و ئیرادەى گشتییەوە باوەڕمان بە چارەسەرکردنى گشت کێشەکانمان هەیە. لە سایەى ڕەفتارێکى لەم شێوەیەدا، لەلایەک بەردەوام ئیکسیرى ژیان پێشکەش بە کەسانى دیکە دەکەین، لەلایەکى تریشەوە بەپیتیی ژیانى کەسیی خۆشمان دەپارێزێن، تەنانەت زیادیشى دەکەین و تەنانەت بەرزبوونەوەى ماددى و مەعنەویشمان پتر و بەردەوامتر دەکەین. بەڵێ، قەناعەتمان وایە بیرکردنەوە، پلان و هەوڵێک چەند خەمخۆرانە بێت و چەند ڕووى لە دەستگیرۆیی و یارمەتیدانى کەسانى دیکە بێت، بەم ئەندازەیە مەعقول و خاوەنى داهاتوویەکى گەش دەبێت؛ چونکە ئەوە مەفکوورەى ژیاندنە کە مرۆڤ بەزیندوویی دەهێڵێتەوە؛ ئەوەش تەماعى بەرژەوەندییە کە ئیفلیجى دەکات. ئەوانەى کە تەمەنیان لە سوودى شەخسیدا بەفیڕۆدەدەن، ئەگەر هەمیشە لەناو سیاسەتە چەپەڵەکانیشدا نەبن بێگومان ڕۆژێک هەر پیس دەبن. بەڵام ئەوانەى کە ژیانى خۆیان بە فووکردنى ژیان بە کەسانى تردا بەزیندوویی ڕادەگرن، لەو جێگایانەدا کە هەموان وەک گەڵاى پاییز پەرش و بڵاودەبن، ئەوان دەگەڕێن و ئیکسیرى ژیان بەسەر چواردەوریاندا دەبەخشنەوە.. وە ئەوان پاڵەوانى بردنەوەى ڕەزامەندین لە ماراسۆنێکى چەند ڕەهەندیدا کە دونیا و عوقبا دەگرێتەوە.

ئەو “سیاسییە چەپەڵ”ەى کە بوون و مانەوەى کەسانى تر تەنها لە ڕوانگەى بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە هەڵدەسەنگێنن، نە متمانە بە دۆستایەتییەکەی دەکرێت و نە لە دوژمنایەتیشی ئینسان ئەمین دەبێت. هەڵدەستێت و دادەنیشێت تەنها بیر لە بەرژەوەندییەکانى خۆى دەکاتەوە. لەم پێناوەدا دەست و دامێن ماچ دەکات و لەبەرامبەر کەسانى زۆر چاوەڕواننەکراویشدا سەرى نەوى دەکات.. ئەگەر بەرژەوەندییەکانى وا بخوازن، هێزى بەسەر کێدا هەبوو دەیشێلێت؛ بەردەوام داو و تەڵەش بۆ ئەوانە دەنێتەوە کە دەرەقەتیان نایەت.. لە کاتى بەهێزیدا هەمیشە بێویژدانانە ڕەفتار دەکات؛ لە کاتى لاوازیشدا دەبێت بە ماستاوچییەکى ناشرین.. بەرامبەر بە خەڵک هەمیشە دوورە لە صەمیمییەت، زۆرجاریش دەکەوێتە ناو ئەو چاڵەوە کە خۆى هەڵیکەندووە و چارەنووسى خراپى خۆى ئامادە دەکات. بە عەقڵى خۆى هەموو دونیاى هەڵخەڵەتاندووە، ئیدارەى هەموانى کردووە و وەک پێویست و ژیرانە جووڵاوەتەوە. لەحاڵێکدا داماوە، هەردەم لە دۆخێکى کۆمیدیدایە و متمانەى خۆى لە داهاتوودا کون کون دەکات. لە هەندێک لە مرۆڤەکاندا زیرەکییەکى قۆڵبڕى لەم شێوەیە کە ڕۆحى لەدەستداوە، لەڕاستیدا لاوازییەکى جددییە و نەخۆشییەکى ڕۆحیی وەهایە کە چاکبوونەوەى زەحمەتە. ئەوانەى کە لاوازى و نەخۆشییەکى لەم جۆرەیان هەیە، ئەگەرچى کار و خزمەتێکى ماوەدرێژ و بەسوودیان بۆ خەڵکانى تر نییە، هەندێک جار بە ڕەفتارى ئیدارەدان و فێڵبازانە دەگونجێت لە هەموو وەرزێکدا هەندێک میوە چنگى خۆیان بخەن.. وەلێ هیچ متمانە و زەمانەتێک بۆ داهاتووى خۆیان ناهێڵنەوە و دیسان خۆیان لە ڕیزى ماستاوچێتى و دەست ماچکردندا دەبیننەوە.

لەبەرامبەر ئەمەدا، بناغەى ڕەفتارەکانى پاڵەوانێکى بوارى خزمەت، لەدواى ئامادەسازییەکى دوورودرێژ و چلەیەکى فیکرى، بریتییە لە بانگهێشت بۆ لاى بەزەیی کە لە ویژدانیەوە سەرچاوەى گرتووە و ئامانجەکەشى گەڕانە بەدواى حەقدا. ئەم بانگە هەمیشە لەسەروو بەرپرسیارێتیی شەخسییەوەیە و هێندە ڕەهایە کە سنوورەکانى شعوورى وەزیفە تێدەپەڕێنێت، ڕەهەندى ئیخلاصى هەیە و کارى کەسێکە کە سەرتاپا گۆڕاوە بۆ دڵ و دەروون. ئەم کەسە لەبەردەم هەموو کارێکى خێردا خاوەنى ڕاستەهێڵى تایبەت بە خۆیەتى؛ لە سەرجەم هەڵسوکەوتەکانیدا بێگەرد و خاوێنە؛ ڕووداوەکانى چواردەورى چەند بێئامان بن، هێندە لەسەر بناغەکانى خۆى ڕاگیربووە کە هەرگیز لێڵ نابێت و هێندەش دامەزراوە کە ڕێگا و ئاڕاستە ناگۆڕێت؛ لە ڕوانگەى هەستە دەرەکى و ناوەکییەکانیەوە لەسەر بینین و بیستنى خوا، زانین و هاودەمیی خوا قورمیش بووە؛ لە هەمان ئەم گۆشەنیگایەشەوە پەیوەندییە دونیاییەکانى لەگەڵ خەڵکدا ڕێکدەخات و لە یەک کاتدا دونیایی و عوقباییە.. بەڵێ، هەروەک دەگونجێت لە هەموو دەلاقەکانى دونیەوییەتێکى لەم جۆرەوە لوتکەکانى ئاخیرەت ببینرێن، بەهەمان جۆر ئەو ژیانەش کە ئەزموونى دەکات بە گشت قۆناغەکانیەوە هێندە خاوێن و بەرینە کە تامى ئاسوودەیی ئاخیرەتى پێدەدەن. بەجۆرێک، ئەم دەروونە بێگەرد و کراوەیە، لە ئێستاوە گەیشتووە بەو کۆتاییە بەختەوەرەى کە خەڵکانى تر دواى چەندەها ساڵ خەونى بەدەستهێنانى دەبینن، بە هاودەمیی خوا گەیشتووە و وا حساب دەکرێت کە شان بە شانى دانیشتووانى بەڕێزى ئاسمانەکان بێت کە ئەمەش هەمیشە قازانجداریی ئەو دەردەخات. بەڵێ، ئەم پاڵەوانە دەروونییە، هەمیشە قووڵە و ڕەفتارەکانى لە دڵەوەن؛ بەردەوام عەوداڵى پڕۆژە مەزنەکانە؛ پاڵێوراویشە بۆ مەزنایەتییەکان.. وە لە هەستان و دانیشتندا بیر لە بەزەیی دەکاتەوە، لەبارەیەوە دەدوێت و هەمیشە بەدواى ڕێگاکانى گوزارشت کردن لە خۆى لە ڕێگەى بەزەییەوە دەگەڕێت.. هێندە بەجۆشوخرۆش و لە دڵەوە و بەبێ جیاوازی دەیەوێت هەموو کەسێک بە بەختەوەریی هەمیشەیی بگەیەنێت، لە بابەتى هێنانەدیی مەفکوورەیەکى لەم جۆرەدا، نەک بەرژەوەندییە دونیاییەکان و سوود و پلەوپایەکان، بەڵکو لە مەسەلەى چێژە مەعنەوییەکان و فەیزە ئاخیرەتییەکانیشدا ئەوپەڕى فیداکارى دەنوێنێت. هەم لە دونیاى ڕۆحى خۆیدا و هەم لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگادا، هەم لە شیکردنەوەى دونیاى ناوەوەیدا و هەم لە چاودێریکردنى چواردەوریدا هەمیشە شعوورى ئەوەى هەیە کە لە حزوورى دەسەڵاتدارێکى مەزندایە و لەو جێگایانەدا کە هەموان دەمرن ئەو یەک لەسەر یەک زیندوو دەبێتەوە.

ئەو، لەودیو سنوورى نەویستنى شتانێک بۆ خەڵک کە بۆ نەفسى خۆى ناوێت، پەلەقاژە دەکات بۆ ئەوەى خەڵکان هەموو ئەو شتانەیان بەنسیب ببێت کە خۆى حەزیان لێدەکات، تەنانەت لەم پێناوەدا دەمرێت و دەژیەتەوە.. وە بە فراوانیی ئاسۆکەى کاتێک لەلایەک سەرکەوتوو دەبێت لە بێداکردنەوەى هەستى بەزەیی تەنانەت لە دڵى ستەمکارانیشدا، لەلایەکى دیکەوە هاوڕێیەتیی ستەملێکراوان بە گرنگترین هۆکارى هاودەمیی خوا دادەنێت و هەمیشە دەبێت بە خاڵى یارمەتیبەخشى ئەوان.

حەز و هەڵپەى ژیاندن، گرنگترین فاکتەرى ئەم پاڵەوانەمانە. گەڕان بەدوایی شاییستەیی بۆ ئەرکێکى لەم جۆرە، خەمى هەمیشەیی ئەوە.. هەوڵدانى بۆ بەدەستهێنانى ڕەزامەندیی خوا هاوڕێ لەگەڵ هەڵپە و تەماعێکى زۆر بەرزدا، دیارترین سیفەتى ئەوە. تەنانەت کاتێکیش کە یەک لەسەر یەک دەمرێت و زیندوو دەبێتەوە، لەگەڵ حەزى شعوورى زیندووبوونەوەدا نە هەست بە ئازارێک دەکات و نە لەرزەشى پێدەکەوێت. سەرکەوتنەکانى بە دەرکەوتنى عینایەتى خوا دەبینێت و هەموو ڕۆژێک چەند جارێک خۆى زەربى سفر دەکاتەوە.. بگرە لە ترسى ئەوەى ئارەزوو و هەستەکانى تێکەڵ بە کار و خزمەتەکانى بووبن هەڵدەلەرزێت و بەدەم وتنى “من تۆم دەوێت!”ەوە دەناڵێنێت.

چەندەها ساڵە ئێمە چاوەڕێى ئەم دەستە پیرۆزانەین کە لە دونیایەکى ڕووخاو و کاولبوو جیهانێکى نوێ دروستبکەن. بەم ئیمان، هیوا و عەزمەوە ئامادەین چەندین ساڵى دیکەش چاوەڕێ بکەین. خواى خاوەن ڕەحمەتى ڕەها کە هەمیشە دڵە پاکەکان بە بەزەیی پڕچەک دەکات، هیوادارم لەم بوارەدا تووشى نائومێدى و خەیاڵ شکانمان نەکات!