بەرزبوونەوەی مرۆڤایەتی بۆ مرۆڤایەتی ڕاستەقینە و چاکسازی کۆمەڵگا

لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە و لە هەر سەردەمێکدا لە سەردەمەکاندا بژین، پێویستە خەمی راستەقینەی ئێمە بریتی بێت لە بەرزبوونەوەی مرۆڤایەتی بەرەو ئاسۆی ڕاستەقینەکەی. مرۆڤایەتی کەوا چەندین سەدەیە ملی ڕێگەیەکی هەڵەی گرتووە و ناتوانێت بێتەوە سەر خۆی، تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن یارمەتی بدەن کە سەرشارن لە هەستی چاکەکاری و خوازیاری کامڵبوونن، هەر ئەمانە دەشێت ڕێگەی ڕاستیان پێ پیشان بدەن. ئیدی لە هەر شوێنێکدا ببن دەبنە وتەبێژی بەها مرۆییەکان، هەنگاو بە هەنگاو هەستەکانی جوانی و چاکە لە نێو چینی خوارەوەی کۆمەڵگادا بڵاودەکەنەوە. لە سایەی هەوڵ و تێکۆشانی ئەم تاکە ناوازانە کەوا دڵیان بۆ چاکەی مرۆڤایەتی لێدەدات دەشێت بێداربوونەوەیەکی سەرتاسەری بێتە مەیدان، هەموو کەس لای خۆیەوە دەست بکات بەوەی بە زمانی مرۆڤایەتی بئاخفێت و بە دوای هەمان ئامانجدا ڕابکات. هەر کاتێکیش هەلومەرجێکی لەو شێوەیە هاتە ئاراوە، کەسانێک کەوا ناتوانن بە تاقی تەنیا بە پێوە بوەستن بە هۆی حاڵەتی ڕۆحی دەستەجەمعییەوە دێنە ناو هەمان داڵان و ڕزگاریان دەبێت لەوەی توشی ونبوون ببن.

دەشێت ئیمان و هەیەجانی مرۆڤێک هەموو کاتێک بەشی ئەوە نەکات کەوا بە پێوە بیهێڵێتەوە. دەشێت ئیرادەی جار جار مل بۆ داخوازییەکانی نەفسی کەچ بکات. کەسێکی لەم شێوەیەش گەر خۆی لە نێو کۆمەڵە کەسێکدا ببینێتەوە کەوا هەموویان بە دوای چاکە و خێردا ڕادەکەن، ئەویش بە هەیەجانی ئەوانەوە دەتوانێت خۆی بە پێوە بگرێت، خۆی لە فیتنەی نەفس و شەیتان بپارێزێت. ڕێک چەشنی ئەو کەسانەی لە شوێنگەلێکی وەک مەتاف، مینا، موزدەلیفە، عەرەفات و حەجن، بە هۆی هەیەجانی هاوبەشی هەریەک لەوان لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەری لەسەر یەکتری دادەنێن و یەکتری گۆش دەکەن. تەنانەت گەر تەواوی عەشق و شەوقی خۆتان لەدەستبدەن، لەم شوێنە پیرۆزانە شەپۆلی هەیەجانی چواردەور ئێوەش پێش خۆی دەدات و دەتانبات، لە پڕێکدا خۆتان لە کەشوهەوایەکی مەعنەوی باڵای وەهادا دەبیننەوە کە هیچ کاتێک بە خۆتانەوە نەبینیوە.

بەڵێ، بابەتی ئەوەی ژیانت هەردەم لەسەر ڕێگەی ڕاست بەسەر ببەیت، کەمێک وابەستەی ئەوەشە خۆت لە نێو کۆمەڵێکی چاکەکاردا ببینیتەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بین کەوا بگەین بە ئاسۆی مرۆڤی کامڵ، لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی کەسانی تریش بەو ئاسۆیە بگەن ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی بدەین.

ئاسان نییە مرۆڤ هەموو کاتێک بتوانێت بەرەنگاری بۆشایی و لاوازییەکانی چییەتی خۆی ببێتەوە و هەردەم خەریکی بونیاتنانی پەیکەرەی ڕۆحی ببێت. وەک ئەوەی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی چاک وابەستەی پێگەشتنی کۆمەڵە تاکێکی کامڵە، مانەوی تاکەکانیش بە پێوە وابەستەی بوونی کۆمەڵگایەکی چاکە. هەر مرۆڤێک بە تەنیا بمێنێتەوە زۆر بە ئاسانیش دەڕوخێت. ئیدی لە بەرانبەر تەوژمە تۆقێنەرەکانی گومڕایی و شەپۆلەکانی گوناح ناتوانێت خۆی ڕابگرێت. بەڵام گەر لە چواردەوریدا کۆمەڵێک هەبن کەوا دەستی بگرن، هێز و وزەی پێبدەن، ئەوا مانەوەی ئەو کەسە بە پێوە و خۆپاراستنیشی ئاسان دەبێت. چەشنی ئەو بەردانەی لە نێو گومەزێکدا سەریان بە سەری یەکەوە ناوە دەتوانن بەرەنگاری هێزی ڕاکێشانی زەوی ببنەوە و پێکهاتەیەکی زەبەلاحی لەو شێوەیە بە پێوە ڕابگرن. مرۆڤەکانیش لەو کاتەدا کەوا یارمەتی یەکتری دەدەن، هەم خۆیان بە پێوە دەمێننەوە و هەم کۆمەڵگایەکی گەورەش ڕادەگرن. بەر مەبنای ئەمەش، گەرەنتیکردنی داهاتووی خۆمان وابەستەی فەراهەمکردنی زەمینەیەکە کەوا هێز و ورە بە یەکتری ببەخشین، ئەم زەمینەیەش بە شێوەیەکی لێبکەین کە بتوانین هەناسەی خۆمانی تێدا بدەین. گەر ئەم زەمینەیە فەراهەم کرا، لەو ساتانەدا کەوا بە هۆکارە جیاوازەکان وزە و دینامیکی یەکێکیان تەواو دەبێت، دەشێت سەرچاوەی وزەی براکەی بەکاربهێنێت، واتە لە ڕێگەی پشتگیری و بوونی هاوڕێکانییەوە دەتوانێت لەسەر ڕێگەڕۆشتنی خۆی بەردەوام ببێت. کە لە هەورازێکدا ئەژنۆکانی بڕستیان لێدەبڕێت، دەشێت بە ڕەشەبای ئەرێنی هاوەڵانی لەسەر هەڵگەڕانی خۆی بەردەوام ببێت.

هەندێک جار دەشێت وەها بیربکەینەوە کەوا کەسانی تر پێویستیان بە فکر و بەهاکانی ئێمەیە. دەشێت ئەمە ڕاستیش بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمەش ئاتاجی دروستکردنی زەمینەیەکی کەلتوری تۆکمە و چواردەورێکی چاکین کەوا بە ئاسانی بتوانین هزر و هەستی خۆمانی تێدا دەرببڕین، فەراهەمکردنی ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نییە. گەر هێزیشمان بەشی ئەوە نەکرد لەسەر ئاستی گشتی ئەم زەمینەیە دروست بکەین، ئەوا با لەسەر ئاستی گوندێک یان بەریانێکی بەرتەسکتر هەوڵی فەراهەمکردنی بدەین. پێغەمبەری سەردارمان ئەو کاتەی تەشریفی بردە مەدینە بە وردبینی و دووربینییە باڵاکەی خۆی کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیەی دروستکرد. وێڕای ئەوەی لە مەدینەدا ژمارەیەکی زۆر یەهودی و موشریک و دووڕوو دەژیان، توانی لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە خاوەنی قسەی خۆی. ئەمەش لە کاتێکدا بوو تەواوی ئەوان وەک شانەی نهێنی لە پێناو لەناوبردنی موسوڵمانان کاریان دەکرد، لە پشتی موسوڵمانانەوە چاڵیان هەڵدەکەند. لەپێناو تێکشاندنی هێزی مەعنەوییان هەموو کارێکیان دەکرد. هەر کاتێک هەلێکیان بۆ بڕەخسایە لە زیانگەیاندن بە موسوڵمانان سڵیان نەدەکردەوە، هەرچییەکیان لەدەستبهاتایە لەپێناو لەناوبردنی تیشکی ئیسلام و لەناوبردنی موسوڵمانان ئەنجامیان دەدا. وێڕای تەواوی ئەم هەلومەرجە نەرێنییە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا زەمینەیەکی وەهای دروست کرد کە زۆرێک لە کێشەکان بە تێپەڕینی کات چارەسەر بوون، زەلکاوەکان وردە وردە وشکیان کرد، دووڕووەکانیش لە نێو ئەو زەمینە چاکەکارەدا توانەوە. پێکهاتەی کۆمەڵگایەک یان تەلارسازییەکەشی بە گوێرەی ئەو مرۆڤانە ڕەنگڕێژ دەبێت کەوا لەوێ دەژین. بۆ نمونە دەتوانین خۆمان بکەین بە خاوەنی شوێنێک کەوا مرۆڤەکان بە بەها مرۆیی و ئیسلامیەکان خۆیان توێشوودار کردووە. لە شوێنێکی وەهادا ڕوو لە هەر شوێنێک بکەین و سەر بە هەر کوچە و کۆڵانێکدا بکەین، هەیەجانمان چەند هێند دەبێتەوە. لە پەنجاکاندا سەردانی هەریەک لە مزگەوتەکانی بەیازیت، فاتیح، سولەیمانیە و یاوز سەلیمم کرد و ئەم شوێنە مێژووییانەم بەڕادەیەک خۆشویست، چەشنی ئەوەی بە کۆڵانەکانی مەدینەدا بسوڕێمەوە هەستم بە خۆشی دەکرد. دەی مرۆڤێکی لەو شێوەیە هەتا بڵێی بە ڕووی گوناحدا داخراو دەبێت.

بەڵێ، لەو سەردەمەدا کەوا موسوڵمانتێتییەکی خەستوخۆڵ هەبوو، هەر شارێکی تازە دروست دەکرا مرۆڤەکان تێیدا هەستیان بە کەشوهەواکەی مەدینە دەکرد. شارەکان بە تەواوی تەلارسازی، پەرستگا، حوجرە، تەکیە و خانەقاکانییەوە بە جوانی و پاکوبێگەردییەکانییەوە شاری ئێمە بوون. سەرت بە هەر شوێنێکدا بکردایە، گەوهەر و مرواری لە دەمی مرۆڤەکانەوە دەباری. لەگەڵ هەر مرۆڤێکدا هەڵسوکەوتت بکردایە بە بیستنی وشەی “الله” حاڵێکی وەهای لێبەسەر دەهات هەستت بەوە دەکرد لە شوێنی خۆی دەفڕێت. کاتێک هەموو مرۆڤەکان خاوەن فەزیڵەت بوون، شارەکانیش چەشنی “مدینة الفاضلة” بوون.

بە دەربڕینێکدا کەوا زۆر جار دووبارەمان کردۆتەوە، دونیا بە هۆی مرۆڤەکانەوە کێشەی بە خۆیەوە بینی. مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو دوو هێزە گەورەیەی پێیبەخشراوە کە ئەوانیش ئەقڵ و ئیرادەن، وەک ئەوەی توانای ئەنجامدانی هەموو کارێکی چاکەی هەیە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت هەموو خراپەیەکیش بکات. بەڵێ، لە سروشتی مرۆڤدا دەرگایەکی کراوە بە ڕووی خراپەدا هەیە. مرۆڤ بەم بۆشایی و خاڵە لاوازانەوە دێتە دونیاوە. بۆشایی هەڵپە، بۆشایی شەهوەت، بۆشایی قین و دژمنایەتی… هەتا ئەو کاتەی کێشە لە مرۆڤەکاندا چارەسەر نەکەیت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیش چارەسەر ناکرێت. هەتا ئەو کاتەی مرۆڤ نەبێتە مرۆڤی ڕاستەقینە، سەرزەوی دەبێتە زەمینەی مرۆڤە کێشەدارەکان. حاڵی کۆمەڵگاش هەمان ئەو حاڵەی دەبێت کە لەو مرۆڤە کێشەدارانە پێکهاتووە. لە کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیەدا زۆر سەختە مرۆڤی کامڵ پێبگات/بژی.

ئەوانەی دەتوانن سەرکەوتوو ببن لەوەی ببنە مرۆڤی ڕاستەقینە، ڕێز لە کەسانی تریش دەگرن. دەستی لە بیروباوەڕ و پیرۆزی و ژیانی کەسانی تر وەرنادەن. مامەڵەیەک ناکەن کە وەک سوکایەتی بێت بەرانبەر کەسانی چواردەوریان. ئیدی لێبوردەیی و چاوپۆشیلێکردن لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا بڵاودەبیتەوە. هەربۆیە کەمینەکان چەندین سەدە ئازادانە پێکەوە لەگەڵ موسوڵمانان ژیانیان بەسەر برد.

گەر ئەو مرۆڤانەی لە یەک شوێندا دەژین لە چواردەوری کۆمەڵە بەهایەکی هاوبەش کۆببنەوە، دەتوانن بە ئاسوودەیی ژیان بەسەر ببەن. ئیدی هەموو کەس بە گوێرەی ئەو بیروباوەڕەی هەیەتی، بێ ئەوەی توشی هیچ لەمپەرێک ببێت و ترس و نیگەرانی دایبگرێت، دەتوانێت ئازادانە ژیانی خۆی بەسەرببات. لەم کاتەدا کەس دەست لە ژیانی کەس وەرنادات، هەوڵی ئەوە نادات خۆی بەسەریدا زاڵ بکات. لە حاڵی دروستبوونی دونیایەکی لەو شێوەیە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی باری لەباری دونیای عەولەمە و ئەو توانا تەکنەلۆژیانەی هەیە دەتوانن بە خێرایی بەهاکانی خۆتان بۆ ڕۆژەڤی دونیا بگوازنەوە و دوورییەکان بەم ئاڕاستەیەدا ببڕن. تەنیا هێندە هەیە لەم کاتەدا بە گوێرەی حەقیقەتی ئەو گەوهەرانەی مامەڵە بکەن کە هەموو نرخە ماددییەکانیان تێپەڕاندووە، هەڵسوکەوت و ڕەفتارگەلێک مەکەن کە نرخی ئەو گەوهەرانە داببەزێنێت، ئەوە فەرامۆش مەکەن کە لێبوردە و میهرەبان ببن بەرانبەر هەموو کەسێک و هەموو کەسێک لە پێگەی خۆیدا قبوڵ بکەن، شتێک مەکەن کە نەفرەت و کینەی مرۆڤەکان ببزوێنن و بە بەزەییەوە باوەش بۆ مرۆڤەکان بکەنەوە. گەر ئێوە ئەمە بکەن، باوەشەکانی تریش بە بەزەییەوە بۆ ئێوە دەکرێنەوە. لەم کاتەدا ئێوەش هەلی ئەوەتان دەستدەکەوێت کە ئەو بەهایانەی هەتانە لەگەڵ هەموو دونیادا بەش بکەن و پێیان بگەیەنن.

گەر قسەکانمان کورت بکەینەوە:

یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکی ئەو کەسانەی خۆیان تەرخان کردووە بریتییە لەوەی جارێکی تر بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بیری هەموو لایەک بخەنەوە. واتە ئەوەیان پێ پیشان بدەین کە باوەڕ بە خودا و ئاخیرەت چەندە حەقیقەتێکی گومانبڕ و چ بەهایەکی گەورەیە کە هەموو مرۆڤایەتی ئاتاجێتی و، زیندووبوونەوەی ژیانی ڕۆحی و قەلبی هەموو لایەک فەراهەم بکەین. هەرکاتێک لەم کارەدا سەرکەوتوو بوون، لە هەر شوێنێکدا بژین خۆتان لە نێو تاڤگەی هەیەجان و خۆشییەکی گەورەدا دەبیننەوە. ئیدی لە هەرلایەک بڕوانن ڕەنگ و نەخش و تابلۆی دونیاکەی خۆتان دەبینن. تەنیا هێندە هەیە کە تەمەن کورتە و ڕێگەکەش دوورودرێژە و چەندە خێراش بڕۆین هەر کەمە. چەندە خێرا بکەن و ئاستی خزمەت بەرز بکەنەوە، ئەوا بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا بەو ڕادەیە شتی گرنگ پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکەن. ئێمە بە دوای یۆتۆپیاوە نین. واقعی مرۆڤەکان دەبینین. دەتوانین حسابی ئەوە بکەین کە چی هەتا کوێ دەڕوات و بەردەوام دەبێت. بەڵام ئاگاداری گەورەیی ئەو ئەرکەشین کەوا لەسەرشانمانە. ئێمە گەر حەقی تەواو بدەین بەو ئەرکەی لەسەرشانمانە، پەروەردگاریشمان بە پشتیوانی و کۆمەکی خۆی ڕێگەکانمان بۆ بکاتەوە، ئەوا دروستکردنی شاری فەزیڵەتەکان خەیاڵ نییە!