هاوسەنگی لە مافدا

 گۆزەی شکاو بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن 

پرسیار: لە یەکێک لە فەرموودە پیرۆزەکانی سەردارماندا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە مافی هەریەک لە خاوەن مافەکان بدەین. ڕێگەی پاراستنی هاوسەنگی لەم بابەتەدا چۆنییە؟

وەڵام: لەم بابەتەدا دوو فەرموودەی بەناوبانگمان هەیە کە هەردووکیان هەمان کاکڵەی ناوەڕۆکیان هەیە. لە یەکێک لەو فەرموودانەدا سەردارمان ئامۆژگاری هەندێک لە هاوەڵانی دەکات، لە فەرموودەیەکی تریاندا سەردارمان پشتڕاستی قسەیەکی سەلمانی فارسی دەکاتەوە کەوا لەگەڵ ئەبودەردائدا ڕای جیاوازیان هەیە و دەفەرموێت:” قسەکەی سەلمان ڕاستە”.

وەک ئەوەی لە ئایەت و فەرموودە هاوشێوەکانیدا بەدیدەکرێت، مرۆڤ هەندێک ئەرک و مافی لەسەرە کەوا دەبێت بەجێی خۆیان بگەیەنێت. مافی الله، مافی نەفس، مافی دایباب، مافی هاوسەر، مافی ماڵ و منداڵ، مافی ئەو خزمانەی پێویستییان بە یارمەتی هەیە، مافی ئەو کەسانەی پیویستییان بە پارێزگاری و چاودێری هەیە، ئەو مافانەن کەوا بەسەرشانی هەریەک لە ئێمەوەیە. زۆر گرنگە ئیماندار مافی هەریەک لە خاوەن مافەکان بدات و ڕاگرتنی هاوسەنگیش لەم کارەدا هێندەی پێدانی مافەکە گرنگە.

**

مافی زاتی ئولوهیەت

ئەو مافانەی دەکەونە سەرشانی مرۆڤ لە هەمان ئاستدا نین. هەندێک لە مافەکان زۆر لەپێشترن. بێگومان مافی زاتی ئولوهییەت لە پێش هەموو مافەکانەوە دێت. چونکە هەر ئەو ئێمەی هێناوەتە سەر شانۆی بوون، گیانی پێبەخشیوین، ئێمەی وەک مرۆڤ ئافراندووە، بە شعور توێشووداری کردووین، فەزڵی داوین بەسەر دروستکراوەکانی تریدا، بە ئیسلام شەرەفمەندی کردووین. هەربۆیە مافێکمان نییە کەوا لە ئاستی مافی ئەودا بێت. گەر ملیۆنێک ساڵ بژین، تەواوی تەمەنمان بە عیبادەت و خزمەتی دینەوە بەسەر ببەین، دیسان حەقی ئەومان پێنادرێتەوە. هەربۆیە سەرداریشمان فەرموویەتی: تەواوی ئەو عیبادەتانەی بەندەیەک ئەنجامی دەدات، بارتەقای شوکرانەبژێری تاکە چاوێکی ناکاتەوە.(حاکم، المستدرک)

وەک ئەوەی سەعدیش لە گوڵستاندا گوزارشتی لێکردووە، هەر هەناسەیەک کەوا دەیدەین پیویستە دوو شوکرانەبژێری لەسەر بکەین. چونکە گەر مرۆڤ هەناسە هەڵنەمژێت دەمرێت و گەر نەتوانێت هەناسەکەش بداتەوە دیسان دەمرێت. تەنانەت لە هەناسە وەرگرتن و هەناسەدانەوەیەکیشدا الله دوو جار ژیان بە مرۆڤ دەبەخشێتەوە. گەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری مافی زاتی ئولوهیەت بکەن، لەوە تێدەگەن کە هەستانەوە لە ژێر ئەم ئەرکە چەندە گرانە و هەر بەم هۆیەشەوەیە کەوا لەگەڵ مافەکانی تردا بەراورد ناکرێت. بە هەمان لەوەش تێدەگەیت کە عیبادەتکردن بۆ ئەو چەندە ئەرکێکی سروشتییە. چونکە هەر ئەو پەرستراوی ڕەهای ئێمەیە کەوا عیبادەتی بۆ دەکەین، تەنیا خاوەن مافە کەوا شایەنی ئەوەیە بیکەینە ئامانجی ژیانمان. بەندایەتیکردنمان بۆ ئەو داخوازی مرۆڤبوونی ئێمەیە. خۆ گەر هەوڵی بەجێگەیانی مافی الله بدەین، ئیدی هیچ مافێکی تر سەرەی نایەت.

وێڕای ئەمەش جەنابی حەق ئەرکێکی نەخستۆتە سەرشانمان کەوا هێندەی نیعمەتەکانی خۆی گەورە بێت. بۆ نمونە لە ٢٤ کاتژمێری ڕۆژێکدا ڕەنگە تەنیا داوای کاتژمێرێکی لێکردبین بۆ نوێژکردن، لە دوانزە مانگی ساڵێکدا تەنیا مانگێک بۆ ڕۆژووگرتن، لە چل بەشی قازانجەکەمان تەنیا بەشێکی وەک زەکات ببەخشین، گەر تواناشمان هەبوو تەنیا یەک جار لە تەمەنماندا فەریزەی حەج ئەنجام بدەین. گەر مرۆڤێک لە بەرانبەر ئەو هەموو نیعمەتەی پێیبەخشراوە بەمانەش بڵێت زۆرە، ئەوا لە وەڵامیدا دەڵێین:”ویژدان!”.

لەلایەکی ترەوە، کاتێک جەنابی حەق لەگەڵ مافەکانی خۆیدا داوای بەجێگەیاندنی مافەکانی تریشمان لێدەکات، لەم کاتەدا بەریانی ئەرک و مافەکان بەرانبەر خۆی بەرتەسک و بچوک دەکاتەوە. ڕێک وەک ئەوەیە پێمان بڵێت:” گەر هێندە بەندایەتیم بۆ بکەیت ڕازی دەبم”. هەربۆیە بناغەی بەندایەتی و عیبادەتی ئێمەی لەسەر ئاسانکاری داناوە. سەرباری ئەمەش گەر ئەرکەکانی خۆمان ئەنجامدا، لە پاداشتیدا بەڵێنی نیعمەتی نەبڕاوەی بەهەشتێکی ئەبەدیمان پێدەدات. تەواوی ئەمانەش دەرکەوتی درەوشانەوەی بەرفراوانی ڕەحمەتی ئەون.

**

ڕێگەی پێغەمبەری خودا

 هاوەڵە بەڕێزەکان زۆر بە جوانی لە گەورەیی مافی خودا تێگەشتبوون. زۆرێک لەوان جگە لەو ئەرکانەی بە شێوەیەکی بابەتی خراوەتە سەرشانی هەریەک لە موسوڵمانان، حەزیان بەوە دەکرد عیبادەتێکی زیاتر بۆ پەروەردگاریان ئەنجام بدەن. تەنانەت هەندێک لەوان بڕیاری ئەوەیان دابوو کە هەموو شەوەکانی ژیانیان بە شەونوێژ ببەنە سەر و هەموو ڕۆژەکانی تەمەنیان بەڕۆژوو ببن و دوورەپەرێزی خێزانەکانیان بکەن. لەم بابەتەدا هەندێک لەوان ئارەزووی ڕێگاگەلێکی ناسروشتی لەو شێوەیان کردبوو. ئەگەرچی ئەم ڕێگەی پێغەمبەری خودا نەبوو. چونکە ئەو لەپاڵ ئەوەی بە شێوەیەکی کامڵ عیبادەت و تاعەتی خۆی ئەنجامدەدا، لە هەمان کاتدا کاتی بۆ خێزانەکەشی تەرخان کردبوو، هەرکەسێکیش پێویستی بە هەرچییەک بووایە دەچوویە لایی و ئەویش گوێی لێدەگرت، خۆی بە کێشەکانی کۆمەڵگاوە خەریک دەکرد. بە جوانی پلانی بۆ کاتەکانی خۆی دادەنا، بە جوانی ئیشەکانی خۆی دابەش دەکرد، بە جوانی کاتەکانی کارکردنی ڕێکدەخست و بەم هۆیەوە هەرکارێک کەوا دەبوو ئەنجامی بدات، بێکەموکوڕی ئەنجامیدەدان. بەڵام هەندێک لە هاوەڵان لای خۆیانەوە بەم شێوەیە بیریان دەکردەوە:” ئەڵڵا بە ئاشکرا ئەوەی فەرمووە کەوا لە گوناحی ڕابردوو و داهاتووی سەردارمان خۆشبووە. ئەو پێغەمبەرە و وەک ئێمە نییە. الله لێپرسینەوەی هەموو شتیک لەگەڵ ئێمە دەکات. هەربۆیە دەبێت بە تەواوی دەست لە دونیا بشۆرین و تەواوی تەمەنمان لە عیبادەت و تاعەتدا بەسەر ببەین”. بەڵام ئەم بیرکردنەوەی ئەوان پێچەوانەی سوننەتی سەردارمان بوو. چونکە پێغەمبەری خودا داوای دینێکی لەوان دەکرد کەوا ئاسانکاری هەوێنی ڕۆحی ئەو دینەی پێکدەهێنا. گەر ئەوان لەو کاتەشدا بیانتوانیایە بەو شێوە سەختە پەیڕەوی لە دینەکەیان بکەن، ئەوا لە کاتی پیرێتییاندا بڕستیان لێدەبڕا. هەربۆیە وێڕای ئەم هەوڵەی پێغەمبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕۆژانەی کە تێیدا بەڕۆژوو دەبوون، عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە توانای زیاتری هەیە. بەڵام کاتێک پیر بوو دانی بە ڕاستی فەرموودەکەی سەردارماندا نا و گووتی:” خۆزگە لە کاتی خۆیدا گوێم لە پێشنیارەکانی سەردارمان بگرتایە!”. ئەم هاوەڵە کەوا یەکێک لە ناوازەترین هاوەڵانی سەردارمان بوو، لە کاتی پیرێتیدا ناڕەحەت دەبوو بەو هەموو عیبادەتەی لە گەنجییەوە ئەنجامیدەدان و حەزیشی نەدەکرد هەتا ئەو کاتەی دەمرێت دەستیان لێهەڵبگرێت.

ئەگەرچی ئەمە ڕێگە ڕاستەکەیە و دەبێت ڕێگەی مامناوەند هەڵببژێرین، بەڵام نابێت ڕەخنەش لەو هاوەڵانە بگرین کەوا بەم شێوەیە بیریان کردۆتەوە. دروست نییە وەها بیربکەینەوە کەوا لە ڕێگە لایانداوە. ئەوان بیریان لە ڕازیکردنی پەروەردگاری خۆیان دەکردەوە و حەزیان بەوە دەکرد لە بەندایەتیکردندا دواسنورەکانی خۆیان ببڕن. ئەم عەزم و خۆڕاگرییەی ئەوان لە هزری بەجێگەیاندنی مافی ئەڵڵاوە سەرچاوەی گرتبوو. باوەڕیان بەوە هەبوو کە لە سایەی کارێکی لەو شێوەیەوە لە ئاخیرەتدا لە پێغەمبەری خودا دوورناکەونەوە. بەڵام لەم بابەتەدا ئەو میانەڕەوییەیان نەپاراستبوو کە سەردارمان بۆی دانابوون. چونکە پێغەمبەری خودا ڕێگە ڕاست و سروشتییەکەی بۆ ئەوان دانابوو.

کاکڵەی ناوەڕۆکی ئەو فەرموودانەی ئاماژەمان پێدان بەم شێوەیە بوون:” تۆ مافی پەروەردگارت بەسەرتەوەیە، مافی خۆتت بەسەرەوەیە، مافی جەستەتت بەسەرەوەیە، مافی خێزانەکەت بەسەرەوەیە… پێویستە مافی هەریەک لە خاوەن مافەکان ڕەچاو بکەیت”. ئەو واتایەی کە دەشێت لەم فەرموودانەوە دەریبهێنین بەم شێوەیەیە: ئیماندارێک وەک ئەوەی کەموکورتی لە ئەنجامدانی فەرمانەکانی دینەکەیدا نانوێنێت، لە هەمان کاتدا دەبێت ڕەچاوی مافەکانی خودی خۆیشی بکات، ڕەچاوی مافی خێزانەکەشی بکات.

دەبێت فەراهەمکردنی هەریەک لە مافەکانی لە ڕوانگەی کەسی ئیماندارەوە ئامانجێکی زۆر گرنگ بێت و فەراهەمکردنی هەریەک لە مافەکانیش نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەمی ئەوی تریان. تەنانەت ئەو عیبادەت و تاعەتەی لە پێناو ڕێگەی ئەڵڵا ئەنجام دەدرێت، نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم دابینکردنی مافی نەفسی خۆت، خێزان، دایباب و ماڵ-منداڵ و نابێت فەرامۆشیان بکەیت. بۆ نمونە خزمەتکردن لە ڕێگەی الله، نابێتە پاساوی ئەوەی مافی دایبابت پێشێل بکەیت. هەربۆیە جەنابی حەق لە دوای فەرمان بە عیبادەت و گوێڕایەڵی خۆی، یەکسەر فەرمانی ئەوەی پێکردووین کە چاکە لەگەڵ دایبابمان بکەین. بە تایبەت کەسێک کەوا عیبادەت و خزمەت بکاتە پاساوی ئەوەی مافی دایباب، هاوسەر، ماڵومنداڵی فەرامۆش و پێشێل بکات، تاوانێکی گەورەتری ئەنجامداوە. دەبێت لەم بابەتەدا زۆر خاوەن ئینساف و هاوسەنگ بین.

سەردارمان وێڕای ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ پەروەردگاری هەیبوو، هاوکات لەگەڵ سەختی ئەرکەکەیی و گەورەیی هەستیاری و جددیەتی ئەو کێشانەی دەهاتنە بەردەمی، بەڵام هیچ کاتێک لە بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی بەرانبەر خێزانەکەی فەرامۆشی پێشان نەدەدا. هەموو ڕۆژێک لە دوای نوێژی عەسر سەرێکی لە هاوسەرە بێگەردەکانی دەدا، لە حاڵ و ئەحواڵی دەپرسین،  پێداویستییەکانی دابین دەکردن.

تەنیا ئەم نمونەیەش بەسە بۆ پێشاندانی ئەوەی کە لە ڕەچاوکردنی مافەکاندا چەندە هەستیار بووە: لە کۆتا ساتەکانی تەمەنیدا کە نەخۆش کەوت، حەزی دەکرد دوا ساتەکانی ژیانی لەگەڵ حەزرتی عائیشە بەسەر ببات. ئەگەر هەیە ئەو دایکە موبارەکەمان تایبەتمەندی و لایەنێکی کراوەی بە ڕووی پەروەردگارماندا هەبووبێت. ئەگەرچی سەردارمان لە کاتی لەشساغیدا بە نۆرە لەلای خێزانەکانی دەمایەوە و مافی کەسیانی فەرامۆش نەدەکرد، بەڵام لە سەرەمەرگدا کەوا لە ماڵی یەکێکی تریان بوو، لە ڕێگەی وتەی ” سبەینێ لەلای کێ دەمێنمەوە؟” گوزارشتی لەم خواستەی خۆی کرد. دایکانی موبارەکمان کەوا لەم خواستەی سەردارمان تێگەشتن، دەستبەجێ ئارەزووەکەی ئەویان بەجێگەیاند. سەرنج بدەن لەوەی ئەمە چی هەستیارییەکە! ئەمەش لە کاتێکدا بوو هیچ کەسێک و تەنانەت هاوسەرەکانی خۆیشی ناتوانن بانگەشەی حەقێک بەسەر سەردارمانەوە بکەن. چونک ئەو حەقێکی وەها گەورەی بەسەر تاکە بە تاکەی ئومەتەکەیەوە هەیە، مومکین نییە کەسمان بتوانین ئەو حەقەی وەک خۆی بدەینەوە. گەر ئەو نەبووایە نە ئەبوبەکر ئیمانی دەهێنا، نە عائیشە بوونی دەبوو، نە کەسیش هیدایەتی وەردەگرت. وەک ئەوەی عاکیفیش گوزارشتی لێکردووە:” قەرزاری ئەوین تەواوی بەشەریەت”.

ئەو لە ڕەچاوکردنی مافی ڕۆڵەکانیشیدا زۆر هەستیار بوو. حەزرەتی فاتمە لە دوای هاندانی حەزرەتی عەلی هاتە حزوری سەردارمان و داوای هەندێک شتی لێکرد. بەڵام سەردارمان ئەوەی پێڕاگەیاند کەوا کەسی لەو ئاتاجتر هەیە و داواکەی ڕەتکردەوە. دواتر سەردارمان پێشبینی ئەوەی کرد کە حەزرەتی فاتمە دڵی زویر بووە و هەربۆیە یەکسەر دوایکەوت بۆ ماڵەوە. لەو کاتەدا هەریەک لە حەزرەتی عەلی و حەزرەتی فاتمە ڕاکشابوون. گەرچی ویستیان لە شوێنی خۆیان ڕاست ببنەوە بەڵام ئەو ڕێگری لێکردن. چووە نێوانی هەردووکیان دانیشت و باسی لەوە کرد کە دوعا و زیکرگەلێکیان فێردەکات کە زۆر خێری زیاتربێت لەو شتە دونیاییانەی داوایان کردووە. وەک لەم نمونانەشەوە بینرا، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لە پاڵ بەجێگەیاندنی ئەرکی قورسی پێغەمبەرایەتی، هیچ کام لەو مافە جیاوازانەی فەرامۆش نەدەکرد کە دەکەوتنە سەرشانەکانی.

**

مافەکان و ڕێکخستنی کاتی کار

خۆ گەر کاتەکانی کارتان بە جوانی ڕێکبخەن و کاتەکانتان بەفیڕۆنەدەن، لەپاڵ ئەو عیبادەت و خزمەتانەی ئەنجامی دەدەن، دەتوانن ئەو مافانەی تریش بدەن کەوا دەکەونە سەرشانتان. گەر بتانەوێت مافی هەموو خاوەن مافەکان بدەن، ئەوا دەبێت بە جوانی پلانی ژیانتان دابڕێژن و بە دیسپلینەوە ژیان بەسەر ببەن. دەبێت بە جوانی ئەوەتان دیاریکردبێت کەوا لە کام ڕۆژ و کام کاتژمێردا فڵانکە کار ئەنجام دەدەن، هەتا هیچ کام لە کارەکان فەرامۆش نەکرێن. دەبێت هیچ کام لە چرکەکانی ژیانتان فەرامۆش نەکەن هەتا کات بۆ تەواوی کارەکانتان بمێنێتەوە. بۆ نمونە پێویستتان بەوە هەیە کە ڕاوێژ لەسەر کارێکی گرنگ ئەنجام بدەن، لێرەدا نابێت کاتەکانتان بە قسەی پڕوپووچ بەسەر ببەن. دەبێت پێشەکی بیرتان لەوە کردبێتەوە کە دەبێت باسی چی بکەن، تەنانەت بۆ ڕێگری لە قسەی سەرپێی هەموو تێبینیەکانتان لە سووچێکدا بنووسن. بە پێچەوانەوە قسە قسەی تر ڕادەکێشێت و   چیرۆکەکە درێژ دەبێتەوە و ئەو کارەی پێویستی بە نیوکاتژمێرە چەندین کاتژمێر دەخایەنێت. ئیدی نە کاتی کتێب خوێندنەوە، نە کاتی سۆحبەتی جانان و نە کاتی بایەخدان بە خێزانەکاتان بۆ دەمێنێتەوە. بەڵام گەر کاتەکانتان بە شێوەیەکی سوودبەخش بەکاربهێنن، ئەوا فریای کتێبخوێنەوەش دەکەون، پێش خەوتن فریای کات بەسەر بردن لەگەڵ ماڵ و منداڵیشتان دەکەون و لە زەردەخەنەی خۆتان بێبەشیان ناکەن.

لە ڕاستیدا گەر ئەندامانی خێزان چەشنی کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یەکتری دابنیشن و لەسەر هەندێک بابەت ڕێکبکەون، بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە لە چی کاتێکدا چی کارێک دەکەن و دواتر ئەم بڕیارانەش جێبەجێ بکەن، ئەم کارەیان لە ڕوانگەی بەختەوەربوون و ئاسوودەییانەوە گرنگییەکی زۆری دەبێت. گەر بە بێمەبەست مافی یەكێکیشیان بخورێت، ئەوە زۆر گرنگە داوای لێبوردن لە یەکتری بکەن و لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیان بکەن و داوای گەردن ئازادی لە یەکتری بکەن. بۆ نمونە لە کاتی خۆیدا نەتانتوانیوە بێنەوە بۆ ماڵەوە، دەبێت بچنە بەردەم هاوسەرەکەتان و ئەوەی بۆ ڕوون بکەنەوە کە بۆچی دواکەوتن و داوای گەردن ئازادی لێبکەن. بە هەمان شێوە خانمانیش نابێت لە بابەتی مافی مێردەکانیاندا کەموکورتی بنوێن و هەر ئەرکێک بکەوێتە سەرشانیان ئەنجامی بدەن.

تەنانەت ئەو کەسەش کەوا خزمەتی بەردەرگاکەتان دەکات و موچە و نانی پێدەدەن، گەر حەقێکی کەوتە لاتان ئەوا دەبێت بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. دەبێت بە هەمان شێوە لە بەردەمی ئەویش بکەونە سەر چۆک و داوای گەردنئازادی لێبکەن. گەر بە پاساوگەلێکی وەک ئەم ژنە، ئەمە پیاوە، خزمەتکارە، منداڵە، هاوسەرمە، دایکە، باوکمە خۆتان فریو بدەن و داوای لێبوردن نەکەن، ئەوا بە حەقێکی قورسی بەندەکانەوە دەچنەوە ئەودونیا. لەو ڕۆژی دیداری مەزنەدا نە گوێ بە چیرۆکە دەستکردەکانتان دەدەن و نە گوێ لە بەهانەکاتان دەگرن. لەوێ هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت و دەخرێتە بەردەمتان، لەبەردەم پەروەردگارتان شەرمەزار دەبن، لە شەرمەزاریدا پشتتان دەچەمێتەوە. هەتا ئەو کاتەش کەوا تەواوی خاوەن مافەکان مافی خۆیان لە ئێوە وەردەگرنەوە، توشی زۆر ناڕەحەتی دەبن. هەربۆیە با تەواوی مافەکانی سەرشانمان بدەینەوە، هەوڵی ئەوە بدەین بە مافی کەسەوە نەچینەوە بەردەم پەروەردگارمان و خۆمان فریو نەدەین.