بەرپرسیارێتی

پرسیار: کەسێک کەوا لە هەر پێگەیەکی ئەرک و بەرپرسیارێتیدا بێت، گەر وەهای بیرکردەوە کە کارەکانی وەک پێویست نییە و ناتوانێت مافی پێگەکەی بدات، هەتا چەندە کارێکی دروستە گەر بەم هۆیەوە داوای دەستهەڵگرتن لەو بەرپرسیارێتییە بکات؟
وەڵام: دەشێت هۆکارگەلێکی جیاواز لە ئارادا بێت لەو کاتەی کەسێک داوای دەستهەڵگرتنی لە ئەرکەکەی دەکات. هەربۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک لە ڕێگەی تەرازووەکانی ئینساف و حەقانیەت و ئەقڵی سەلار و ویژدانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بە گوێرەی ئەمە بگەینە ئەنجامێک. لە ڕاستیشدا وەک ئەوەی دەشێت سەرچاوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ڕەحمانی بن، لە هەمان کاتدا دەشێت سەرچاوەیەکی نەفسانی و شەیتانییان هەبێت. با لە ڕێگەی چەند نمونەیەکەوە هەوڵی تێگەشتن لەم بابەتە بدەین:
بیر لە کەسێک بکەنەوە لە پێگەیەکی وەهادایە کە زۆرێک لە مرۆڤەکان چاویان لەسەرە و لە هەڵوێست و قسە و کردار و نوێنەرایەتیکردندا چاو لەو دەکەن، ئەمە وەک ئەوەی دەشێت ببێتە پاڵپشتی هێزی مەعنەوییان لە هەمان کاتدا دەشێت توشی ڕەشبینی و نائومێدییان بکات. بە تایبەت کەسانێک کەوا ئاتاجی پاڵپشتی و دەستگیرۆییکردنن، ئارەزووی ئەوە دەکەن لە سایەی ڕابەرایەتی ئەم جۆرە کەسانەدا بژین کە بایەخیان پێدەدەن. ئەو مرۆڤانەی لە ڕێچکەیەکی لەم شێوەیەدا ژیان بەسەر دەبەن، لایەنی کەم هەتا ماوەیەکی دیاریکراو ئاتاجی ئەوەن کەوا هانبدرێن، گوڕی جۆش و غیرەتیان بە بەردا بکرێت. گەر ئەم دەستگیرۆییە لە پێش تەواوبوونی کاتی خۆیدا بپچڕێت، ئەم جۆرە مرۆڤانە توشی نائومێدی و خاوبوونەوە دەبن. لەم ڕوانگەیەوە ئەو کەسانەی لە پێگەیەکدان کەوا ئاڕاستەی کۆمەڵگا دەکەن، دەبێت قورسایی و داخوازییەکانی ئەو پێگەیە بزانن کە نوێنەرایەتی دەکەن، زۆر گرنگە بە گوێرەی ئەمە هەڵوێستەکانیان دیاری بکەن.

**
دەستهەڵگرتنێک کەوا شایستەی ستایشە
لەلایەکی ترەوە کەسێک کەوا ئاگاداری قورسایی ئەو ئەرکەیە کە پێی سپێردراوە، دەشێت بیر لەوە بکاتەوە کە ناتوانێت حەقی پێگەکەی بدات، بەم هۆیەوە دەست لە ئەرکەکەی هەڵبگرێت و ڕێگە بۆ کەسانێکی تر خۆشبکات کەوا شیاوی و لێهاتووی تایبەت بەو ئەرکەیان هەیە. دەشێت لەو باوەڕەدا بێت کە گەر ئەرکەکەی ڕادەستی کەسانێکی شیاو و شایستە بەو پێگەیە کرد کە خۆی نوێنەرایەتی دەکات، ئەو خزمەتەی ئەنجامی دەدەن چەند قات ببێتەوە. بەم هۆیەشەوە دەشێت کەسەکە داوای دەستهەڵگرتن بکات. ڕەنگە هەندێکیش هەبن کە هەر پێش ئەوەی ئەرکەکە بگرنە ئەستۆ بە هۆی ئەم جۆرە تێبینیانەوە خۆیان دوورەپەرێز بگرن. دەشێت بیر لەوە بکاتەوە کەوا کەسانێکی لێوەشاوەتر و بەتواناتر هەن کە دەتوانن جوانتر ئەو کارە بەڕێوە ببەن، بەم هۆیەوە بە دوای کەسانێکی شایستەدا بگەڕێت و پێشنیاری ئەوان بۆ شوێنەکەی خۆی بکات. ڕێک چەشنی حەزرەتی عومەر کەوا پێشنیاری بوونە خەلیفەی خرایە بەردەم، بەڵام پێی وەهابوو حەزرەتی ئەبوبەکر شایستەترە و بەم هۆیەشەوە دەستی خستە ناو دەستی ئەو و بەیعەتی پێدا. هەڵوێستێکی لەم شێوەیەش کەوا بە ئینساف و حەقپەرستییەوە ئەنجام دەدرێت، شایستەی گەورەترین ستایشە.
کەسانێکیش هەن دەترسن لەوەی گەر دەست لە کارەکانیان هەڵنەگرن ببنە هۆی دووبەرەکی و ناکۆکی، لە پێناو ئەوەی زیان بە یەکێتی و یەکڕیزی نەگەیەنن دەستهەڵگرتن بە کارێکی گونجاو دەزانن. ئەمەش ئیجتیهادێکی پەسەندکراوە، وەک ئەوەی ئەبوعوبەیدەی جەڕاح فەرفەرماندەیەتی سوپای بۆ عەمری کوڕی عاص جێهێشت. پێغەمبەری خودا سوپایەکی بە فەرماندەیی عەمری کوڕی عاص ڕەوانەی هەندێک لە هۆزەکانی عەرەب کرد. کاتێک هەواڵی ئەوەیان پێدەگات کە دوژمن ئامادەکارییەکی باشی کردووە، داوای یارمەتی لە مەدینە دەکەن و پێغەمبەری خوداش سوپای دووهەمیان بە فەرماندەیی ئەبوعوبەیدە ڕەوانە دەکات. کاتێک دوو سوپاکەی ئیسلام بە یەکگەشتن، لەسەر ئەوەی کێ فەرماندەی گشتی سوپایە ڕا جیایی لە نێوانیاندا دروست بوو. حەزرەتی ئەبوعوبەیدەش کەوا کەسێکی زۆر لەخۆبوردوو بوو، ئەگەرچی وەهاش بیریدەکردەوە کە هەر خۆی فەرماندەی سوپایە، بەڵام لە پێناو ئەوەی ناکۆکی دروست نەبێت ئەرکەکەی خۆی بۆ حەزرەتی عەمر بەجێهێشت. بەم هەڵوێستەی توانی هێز و توانای عەمری کوڕی عاصیش بخاتە شوێن خۆی کە بلیمەتێکی بواری سەربازی و سیاسەت بوو.

**
ئەو هۆکارانەی دەشێت لەپشت پۆزشهێنانەوە هەبن

لەلایەکی ترەوە کەسانێکی تریش هەن کە بە هۆکارگەلێکی ترەوە دەست لە ئەرکی سەرشانیان هەڵدەگرن و بەڵام وەک پۆزشی ئەم کارەیان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ناتوانن حەقی پێگەکەی خۆیان بدەن. ئیدی هەندێک جار بە هۆی ئەوەوەیە کە عەوداڵی شتێک بوون و نەیاندۆزیوەتەوە، یان وەڵامی چاوەڕوانییەکانیان نەدراوەتەوە، هەندێک جاریش بە هۆی ئەوەی ستایش یان ئیعتیبار بۆ کارەکەیان دانەنراوە و ئەم جۆرە لە پۆزش دەهێننەوە و دەست لە کارەکەیان هەڵدەگرن. کەسانێکی لەم شێوەیە هەر لە سەرەتای کارەوە بە هۆی هەندێک چاوەڕوانییەوە ئەرکەکەیان قبوڵ کردووە. لە ڕوانگەی خۆیانەوە حسابی هەندێک شتی تایبەت بە خۆیان کردووە. کاتێک ئەم شتانە بەدینەهاتن ئیدی لە ڕوانگەی ئەوانەوە بەردەوامبوون لەو ئەرکە واتایەکی نامێنێت.

هەندێک جاریش لەو خزمەتانەی کەوا ئەنجام دەدرێن ئەو سەرکەوتنە بەدەستنایەت کەوا ئارەزووی دەکرێت. وێڕای تەواوی ئەو هەوڵ و کۆششانەی دەخرێنە گەڕ بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەنجامی خوازراو بەدەستنایەت. یاخود بە هۆی هەندێک شتەوە کە حسابمان بۆ نەکردووە هەندێک هەڵە و فەڵتە لە کارەکانمان ڕوودەدەن. لەم حاڵەدا وێڕای ئەوەی پێویست بەوە دەکات هەموو کەسێک لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی بکات و چاوێک بە پەیوەندی خۆیی و خودادا بخشێنێتەوە، بەڵام کەسانێک دەست بۆ “تۆمەتبەخشینەوە” دەبەن و بە دوای تاوانبارێکدا دەگەڕێن. ئەمانە هەردەم لە مەیلی ئەوەدان کە دۆڕانەکانی خۆیان بەسەر چواردەورەکەیاندا ساغ بکەنەوە. لە ناخی دڵیانەوە هەردەم کەسانی تر تاوانبار دەکەن. خۆیان لە نێو گومانی خراپدا قوفڵ دەکەن، بەردەوام خەریکی بژاردنی هەڵە و کەموکورتی مرۆڤەکانی چواردەوریان دەبن، لە هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەوەدان کە لەگەڵ ئەواندا ڕێگە نابڕدرێت. پاشان لەمەش زیاتر پێ لە بەڕەکەیان ڕادەکێشن و دەستدەکەن بەوەی لێپرسینەوە لە وەفا و ڕاستگۆییشیان بکەن. گەر هەلێکیشیان بۆ دەستبکەوێت لە ڕێگەی هەندێک بەهانەوە دەستهەڵدەگرن و برادەرەکانیان بە تەنیا جێدەهێڵن.

وەک بینیشتان هەریەک لەمانە تێبینی و ئیجتیهادی جیاوازن. کاتێک دەست لە ئەرکەکەمان هەڵدەگرین دەبێت ئەوە بزانین کە ئایا ئەم کارە بە هەستگەلێکی سەمیمانە و فیداکارانەوە ئەنجام دەدەین، یاخود لە ئەرکەکەمان هەڵدێین و مەیدانەکە چۆڵ دەکەین و لە ڕێگەی هێنانەوەی چەند پۆزشێکی نادروستەوە درۆ دەکەین؟ لەم بابەتەدا پێویستە هەموو کەسێک چاوێک بە ویژدانی خۆیدا بخشێنێتەوە، گوێ لە دەنگی ناخی بگرێت، چاوێک بە نیەتی ڕاستەقینەی خۆیدا بخشێنێتەوە. ئەگەرچی فریودانی هەموو مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی کارێکی ئاسانە، بەڵام خۆ ناتوانین خۆیشمان فریوبدەین. جگە لەوە ئێمە هەتا خۆمان خۆمان ئاشکرا نەکەین، ناتوانین لە نیەت و مەبەست و ئامانجی کەسانی تر بزانین. ئەوە تەنیا ئەڵڵایە کەوا چاودێرە بەسەر سینە و دڵەکانی ترەوە.

**
ڕاوێژ و پاڵپشتیکردنی ورەبەرزی

دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین، ئێمە هەرچۆنێک کارەکانمان ئەنجام بدەین، دەبێت سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ کەسانی شایستە ڕاوێژ بکەین و لە کۆتاییدا بە گوێرەی ڕاوێژ باشترین ستراتیژی دیاری بکەین. ڕەنگە هەندێک جاریش بە نیەتێکی سەمیمانەوە بڕیارمان دابێت، بەڵام جێهێشتنی ئەرکەکەمان ئەگەری ئەوەی هەیە شڵەژاوییەکی زۆر گەورە دروست بکات و بۆشاییەک بەجێبهێڵێت کەوا پڕکردنەوەی ئەستەم بێت. هەندێک جار دەشێت گۆڕانکارییەک کەوا لە کاتێکی هەستیاردا ئەنجام دەدرێت گرێکوێرەی جیاوازی لێبکەوێتەوە. لەم سۆنگەیەوە کاتێک بڕیارەکانی ئێمە پەیوەندی بە مافی گشتییەوە هەیە ناتوانین بە دەستپێشخەرییە شەخسییەکانمان بجوڵێینەوە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە ڕاوێژی بیرکردنەوە و قەناعەتەکانی خۆمان لەگەڵ کەسانی تر بکەین، پەنا بۆ شعوری دەستەجەمعی ببەین و هەوڵی گەشتن بە دروستترین بڕیار بدەین.
لەم بابەتەدا ئەو کەسانەی لە پێگەیەکدان کەوا ئەرک و بەرپرسیارێتی بەسەر مرۆڤەکاندا دابەش دەکەن، دەبێت ئەوە لەبیرنەکەن کە بەرپرسیارێتییەکی زۆر گرنگیان لەسەرشانە. ئەو مرۆڤانەی ئەرک و بەرپرسیارێتی گرنگیان لەسەرشانە پێویستیان بە ورەبەرزکردنەوە و پاڵپشتی هەیە. چونکە دەشێت هەموو کاتەکان کارەکان وەک پێویست بەڕێوەنەچن، دەشێت ڕووبەڕووی کێشە و ناڕەحەتی جیاواز ببینەوە و لە ژێر قورسایی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی هەمانە بپلیشێینەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستمان بەوە هەیە پاڵپشتی بکرێین. لەم جۆرە حاڵانەدا پێویستە ئەو مرۆڤانەی چاوەڕوانی پاڵپشتیکردن و دەستگیرۆییکردنیان لێدەکرێت بێنە سەر خەت. واتە ئەوان لەم جۆرە حاڵانەدا پێویستە فیداکارانەتر بێنە سەر خەت و ئەو مرۆڤانە بە تەنیا جێنەهیڵن کەوا ئەرکەکانیان لەئەستۆ گرتووە، تەنانەت ڕێگە بەوەش نەدەن کە هەست بە تەنیاییش بکەن.

**
بەجێهێشتنی ئەرک بۆ کەسانی تر یەکسانە بە خانەنشینبوون؟

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش بڵێین، ئەگەرچی دەستهەڵگرتن لە ئەرکی خۆت لە دیدێکی فیداکارانە و حەقپەرستانە و وەفادارانە و ڕێگەخۆشکردن بۆ کەسانی تر جێگەی ستایشیشە، بەڵام هەردەبێت لەسەر ئەرکی بەرزکردنەوەی ناوی الله بەردەوام ببن، بە گوێرەی توانا و هەلومەرجەکان هەر سووچێکی ئەم ئەرکە بگرین. لە ڕاستیشدا دڵێکی خۆتەرخانکەر، کاتێک لە ڕێگەی ئەڵڵادا خزمەت دەکات یاخود دڵی سەرشارە بە هەستی خزمەت، دەبێت ڕۆحی خۆی ڕادەستی ئەڵڵا بکات. گەر کەشێک چەشنی ئەوەی خانەنشین بووبێت دەستبداتە پشوودان و بە کاری دونیایی خۆیەوە سەرقاڵ ببێت، لە هیچ کارێکی خزمەتدا بەشداری نەکات، ئەوا چەشنی گوزارەی ئایەتەکەی قورئان، بە دەستی خۆی خۆی فڕێداوەتە ناو تالوکەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئەو مرۆڤانەش کەوا لە دیدێکی فیداکارانەوە دەست لە کارەکەی خۆیان هەڵدەگرن دەبێت گەر کەمێکیش بێت هەر سووچێکی کارەکانی خزمەت بگرن و گەر ئەمەشیان نەتوانی لە ڕێگەی زانست و ئەزموونیانەوە هەر بەشداری ئەو جوانیانە بکەن کە ئەنجام دەدرێن.