بۆچی گولەن لە ئەمەریکا دەژی؟

گفتوگۆی گۆڤاری ئەهرامی میسری لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن
گولەن: من لە ساڵی 1999 هاتم بۆ ئەمەریکا، لەبەر ئەوەی باری تەندروستیم تێک چو بو، جگە لەوەی نەخۆشی دڵم لەگەڵدایە، چەندین نەخۆشی تر هاوشیوەی شەکرە و کۆلیسترۆڵ و زەختم هەیە، دوای ئەوەی پزیشکەکانی تورکیا چەند پشکنینێکیان بۆ ئەنجامدام، بڕیاری ئەوەیان دا کە نەشتەرگەری بۆ دڵم ئەنجام بدەن، هەندێک لە هاوڕیکانم زۆر پێداگریان لەسەر ئەوە کرد کە بێمە ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و پشکنینی پزیشکی…
دواتر شوێنێکیان بۆ گرتم لە نەخۆشخانەی مایۆکلینیک کە نەخۆشخانەیەکی بەناوبانگە، دواتر پزیشکەکانی ئێرەش بڕیاری ئەوەیاندا کە هەمان نەشتەرگەری دڵ ئەنجام بدەم، سەرەتا داوای ئەوەم لێکردن کاتم بدەنێ بۆ بیرکردنەوە، دوای ئەوە پێیان ڕاگەیاندم کەوا پێویستە هەندێک پشکنینی پیویست ئەنجام بدەم تا ئەو کاتەی بڕیارەکە دەدەم، لەو کاتەدا لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی ڕێکخراوی هێرشکردنە سەرم دەستی پێکرد لە دەزگا مێدیایە حکومی و تایبەتەکانیشەوە…
لەو کاتەدا کە ڕژێمی عەلمانی باڵا دەستبون، هەندێک لە وتارەکانیان هێنام و وایان لێک دەدایەوە کە من نیازی گرتنە دەستی دەسەڵاتم هەیە لە تورکیادا و هەوڵی ڕوخانی دەسەڵاتی عەلمانی دەدەم، جێێ ئاماژە پێدانە ئەو بانگەشانەی ئەمڕۆ ئێردۆغان و لایەنگرانی دوبارەی دەکەنەوە هەر هەمان بانگەشەیە کە دەسەڵاتی عەلمانی پێشترپێداگریان لەسەر دەکرد.
ئەم دەنگۆیانەی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەیان سەند و وای لێهات کە دۆسیەی دادگایکردنم لەسەر کرایەوە، کاتێک بارودۆخەکە بەم شێوەیە ئاڵۆز بو، پزیشکان و هاوڕێکانم لەبەر باری تەندروستیم و لەبەر ڕەوشی تورکیا ئامۆژگاریان کردم کە جارێ نەگەڕێمەوە وڵاتی تورکیا، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە و باری تەندروستیشم بەرەو باشتر بون بچێت.
هەر بۆیە هەستم بەوە کرد مانەوەم لێرە باشترە بۆ چاکبونەوەی باری تەندروستیم، کە ماوەیەک بو خەریکی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بوم…
هەروەها هەستم کرد دورکەوتنەوەی من لە تورکیا لەو کاتەدا کە بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بو، بە شیوازێک لە شێوازەکان کەمێک لە بارگرژیەکان کەم دەکاتەوە…
لەلایەکی ترەوە هەندێک کەس هەبون ئامادەبون هەمو دەستکەوتە دیموکراسیەکانی وڵات بکەنە قوربانی مەرامەکانیان کە گەلی تورکیا لە ساڵانی رابردودا بە دەستیان هێنابو، پلانیان داڕشت بو کە گەڕانەوەی من بکەنە بکەنە پاساوێک بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانیان…
هەر بۆیە بڕیاری ئەوەمدا کە نەگەڕێمەوە وڵاتەکەم گەرچی لە دڵەوە زۆر بێتاقەت بوم بە بڕیارێکی وەها…
هەر بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا بە ناچاری ژیانی تاراوگەم هەڵبژاردوە و لەم گوندە بچوکەی ویلایەتی پەنسیلڤانیا ژیان بەسەر دەبەم…
ناچمە دەرەوە مەگەر لە حاڵەتی پێویستیدا کە زۆر جار بۆ چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکیە…
هەروەها یەک دو جار چومەتەویلایەتی نێوجیرسی بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی داواکاری گشتی تورکیا ڕوبەڕوی کردبومە و لەبەردەم داواکاری گشتی ویلایەتی نێوجیرسی وەڵامی تۆمەتەکانیم دایەوە…
چەندین جار بیرم لەوە کردۆتەوە بگەڕێمەوە تورکیا و ئەم جۆرە هەستانە زۆر جار بەسەرمدا زاڵبون، بەڵام ڕەوشی تورکیا و پەرەسەندنی دوبەرەکی لە نیوان کۆمەڵگای تورکیا و بڵاوبونەوەی رۆحی ڕق و کینە لە نیوان هاوڵاتیانی یەک گەلدا، ئەمانە هەموی باری هاوسەنگی و ڕێکوپێکی وڵاتیان شێواندبو کە پیویست بو وڵاتی لەسەر بێت، لە بارێکی وەهاشدا ئەستەم بو دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای مەدەنیەت و بنەما دیموکراسیەکانی تێدا دابمەزرێت…
هەر بۆیە لەو کاتەدا ترسی ئەوەم هەبو گەڕانەوە من بکرێت بە هۆکارێکی پشێوی لە وڵاتدا…
من چەندین جار بانگهێشتنامەم بۆ هاتوە لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە لەسەر هەموو ئاستەکان کە بگەڕێمەوە وڵات، بە تایبەتی لە دوای ساڵی 2008 کاتێک دادگا بێ تاوانبونمی ڕاگەیاند لە هەمو ئەو تۆمەتانەی لە دژم بەرزکرابویەوە، کە ماوەی 8 ساڵ دادگای دەکرام لەسەری…
دواترین بانگهێشت بۆ گەرانەوەم لەلایەن خودی ئێردۆغانەوە بو کاتێک بەشداری لە گەورەترین فیستیڤاڵی کولتوری و زمان کرد لە یەکێک لە گەورەترین یاریگاکانی تورکیادا، ئەمەش چالاکیەک بو کە بزاڤی خزمەت ڕێکیخستبو، کە زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی تورکیا لەو مەراسیمەدا ئامادە بون…
دواتریش دەرکەوت کە موزایەدەیەکی سیاسی بوە بە مەبەستی ئەوەی فشارم بخەنە سەر بۆ گەڕانەوەم بۆ وڵاتی تورکیا و دواتر دادگایم بکەن لەو دادگایانەی ولات کە خۆیان دەستیان لە کاروباری وەرداوە….
ئەمەش بەر لە ماوەیەک کەم لەلایەن ڕاوێژکاری پێشوی ئێردۆغان و پەڕلەمانتارێکی حیزبەکەیان ئاماژەی پێکراوە لە یەکێک لە گۆشەی ڕۆژنامەکاندا…
ڕاوێژکارەکە بە ڕاشکاوی نوسیوێتی: ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ئاگادارن لەو هەڵمەتەی ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٠ لە دژی بزاڤی خزمەت دەستی پێکردوە، ئەوە چاک دەزانن کە ئەم بانگهێشتەی ئێردۆغان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و هاوسۆزی نەبوە لەگەڵ گولەندا، تەنیا مەبەستێک لەم بانگهێشتنامەیە هەبوبێت شەرمەزارکردنی فەتحوڵڵا گولەن بوە، ئەوەی لە نزیکەوە ئاگادار بێت دەزانی کە ئەمە تاکتیکی سیاسەتمەدارێکی عەبقەری بێهاوتا بو لە دژی گولەن ئەنجامیدا…
من جگە ئەمەریکا چەندین بژاردەی ترم لەبەر دەستدا بو کە هەڵیبژێرم بۆ مانەوەم، وەک هەندێک وڵاتی عەرەبی یاخود ئەمەریکای لاتین وڵاتانی ڕوسیا و ناوەڕاستی ئاسیا…
بەڵام ئەو چارەسەرە پزیشکیانەی لێرە وەرمدەگرت وای کرد ئەو بژاردەی تر هەڵنەبژێرم…
شتێکی تر کە لێرە سەرنجی راکێشام، سیستەمی دادگای ئەم وڵاتەیە، من بە هۆی باری تەندروستیمەوە خوازیار بوم کە لێرە نیشتەجێ بوم، جارێکیان کە ویستم مۆڵەتی مانەوە نوێ بکەمەوە ە نەرێنی وەڵامیان دامەوە و هەر بۆیە منیش لە دادگادا سکاڵام لەسەر بڕیارەکەیان تۆمار کرد…
لە کۆتایدا دادگا بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە مافی خۆمە مۆڵەتی مانەوە درێژ بکەمەوە…
هەر بۆیە کاتێک بە چاوی خۆم بینیم سیستەمی دادگا لەم وڵاتە کار دەکات و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا دەگرن، کە بە گۆڕانی دەسەڵات و کەسەکان هیچ گۆڕانکاری بەسەر نایەت، جگە لەمانەش سیستەمی پێشکەوتوی تەندروستی لەم وڵاتە وای لێکردم کە بڕیاری مانەوەم لێرە پێ باشتر بێت…
من ئێستا تەمەنم 77 ساڵە، من هیچ ئاواتێکم لەم ژیانەدا نیە جگە لە ڕەزامەندی خودا و خۆ ئامادە کردن بۆ شادبونەوە بە دیداری…
بەدەست نەخۆشی پیریەوە دەناڵێنم جگە لەو نەخۆشیانەی کە پێشتر ئاماژەم پێدان، هەر بۆیە پێویستم بە هەندێک چارەسەری پزیشکی هەیە لە هاوڕێکانمەوە، هەروەها هەندێک خوێندکارم هەیە کە خەریکی خوێندنی باڵان بۆ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی ئەمەریکا، هەمو بەیانی و ئیوارەیەک بە گوێرە مەجال کۆ دەبینەوە و پێکەوە دیراسەی کتێبەکانی تەفسیر و حەدیس و فیقه دەکەین، لەگەڵ چەند کتێبێکی تری زانستی..
هەر بۆیە ڕۆشتنی من لێرە زۆرێک لە خۆشەویستانی من دەخاتە ناڕەحەتیەوە و ناجاریان دەکات شوێنی ژیانیان بگۆڕن…
ئەمەش نارەحەتیەکە کە من نامەوێت کەسێک بە بۆنەی منەوە توشی ببێت…
من بەردەوام بیری نیشتیمانەکەم دەکەم، هەرگیز ڕۆژێک نەبوە لە بیرم کردبێت، داوام لە هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانم کرد کە مشتێک خاکی نێستیمانەکەم بۆ بهێنن، ئەوانیش خۆڵی 100 ناوچەی تورکیایان بۆ هێنام و لەناو شوشەدا هەڵیان گرتبوو، ئێوەش دەتوانن بیبینن گەر بتانەوێت…
هەرکاتێک حەسرەتی دوری وڵات زۆرم بۆ دێنێت، هەندێک لە خۆڵی ئەو شوشانە لە لوتم نزیک دەکەمەوە و بۆنی دەکەم تا سوکنایم بۆ بێت…
من خەڵکی گوندێکی بچوکی شاری ئێرزڕومم بە ناوی کۆروجو، خۆ گەر هەمو ئەمەریکام بەنێ کەوا بیگۆڕمەوە بەو گوندە بچوکەی کە بە شاخ چواردەوری گیراوە ئەوا قبوڵم نەدەکرد…
ئەمە هەست و هزری منە سەبارەت بە نیشتیمانەکەم….

خۆ گەر ڕۆژێک خودا دەستی ستەمکاران لەسەر تورکیا هەڵبگرێت ئەوا ئەو کاتە هیچ شتێک لەلام خۆشتر نابێت لەوەی بگەرێمەوە وڵاتەکەم، لە حاڵەتێکی وەهاشدا وەک هاوڵاتیەکی سادە دەگەڕێمەوە و خۆم دور دەگرم لە هەمو خۆ دەرخستن و ڕیابازیەک دەپاریزم…

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *