گولەن: پێداگری دەکەم لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت بە کودەتا دروست بکرێت

https://www.facebook.com/fgulenkurdi/videos/761695020669884/?t=0

ناوەندی ستۆکهۆلم بۆ ئازادی ناسراو بە ” ٍSCF” ڕاپۆرتێکی ١٩١ لاپەڕەیی لەسەر کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ساڵی رابردووی تورکیا لە ژێر مانشێتی ” کودەتای ١٥ ی تەموز: کودەتای ئێردۆغانە” بڵاو کردەوە و تێیدا رێپۆرتاژێکی تایبەتی لەگەڵ م. فەتحوڵڵا گولەن ئەنجام دراوە.
گولەن لە ڕێپۆرتاژەکەدا جارێکی تر پێداگری لەسەر پێشنیاری دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کودەتاکە کرد و لەو بارەیەوە وتی ” من هێشتا سورم لەسەر ئەو داوایەی لە ڕابردودا خستمە ڕوو، خوازیارم دەزگا نێودەوڵەتیەکان وەک نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا، هێزەکانی ناتۆ، لیژنەیەک دروست بکەن و منیش ئامادەم لە بەردەم ئەو لیژنەیەدا بەرگری لە خۆم بکەم.”
هەروەها گولەن باسی لە لێدوانەکەی خولوسی ئاکار کرد کە دانی بەوەدا نابوو لە پێش ١٥ ی تەموز ئاگایان لە هەوڵی کودەتایەک هەبووە و کاری جددیان کردوە بۆ ڕێگرتن لێی.
گولەن لە بەشێکی ڕێپۆرتاژەکەدا دەڵێت ” ١٥ ی تەموز لەلایەن ئێردۆغان و هاو وێنەکانیەوە سیناریۆیەکی خائینانەی بۆ داڕێژرا بوو، کاتێک دەڵێم سیناریۆ یاخود شانۆگەری مەبەستم ئەوە نیە بابەتەکە بە سوک وەربگرم، ئەم کودەتایە لە هەموو کوەدتاکانی پێشووتر سەختتر بووە و دەبێت، ٢٤٩ هاوڵاتی گیانی لە دەستداوە، ٥٠ هەزار هاوڵاتی زیندانی کراوە، خەڵک بوون بە دوو بەرەی جیاواز و تۆوی ڕق و کینە لە نیوان خەڵکدا چێندراوە کە زۆر ئەستەمە بە ئاسانی ڕیشە کێشی بکەیت، لە ژێر ناوی سەرۆکایەتی، ڕژێمێکی دیکتاتۆری هاوشێوەی ڕژێمەکانی بەعس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرێنن.”
ئەمە بەشێکە لە ڕێپۆرتاژەکە:
پرسیار: بۆ یەکەم جار کەی بەوەتان زانی کودەتا ڕویداوە و کاردانەوەتان چی بوو؟
گولەن: کودەتاکە لە ڕێگەی مێدیاکانەوە پێم زانی، ئەم هاوڕییانەی لێرە بوون ئاگاداریان کردمەوە، من تا ئیستا شاهیدی زۆرێک لە کودەتاکانی تورکیا بووم و لەبەر ئەوەی هەموو جارێک کودەتاکان زیانی گەورەیان بە وڵات گەیاندوە، یەکەم کاردانەوەی ئەوە بوو وتم ” خودا میلەتەکەم بپاریزێت”. من سەردەمانێک کە زۆرێک لە خەڵکی تورکیا دیموکراسیان بە بێ دینی دەزانی هەمیشە دەموت ” گەڕانەوە لە دیموکراسی جێی قبوڵ نیە”. من لە تەواوی کودەتاکاندا زەرەرەومەند بووم و شاهیدی ئەوەش بووم کە زیانێکی زۆری بە گەلەکەم گەیاندوە، بۆیە ئەو کاتەی بیستم زۆر نیگەران بووم. تەنانەت کاتێک کودەتاکە شکستی نە هێنابوو زۆر بە توند لە دژی وەستامەوە و لە ڕونکردنەوەیەکدا ئیدانەم کرد.

پرسیار: پێش هەوڵی کودەتاکە هیچ نیگەرانیەکت هەبوو سەبارەت بە ئەگەری ڕودانی کودەتا؟
لە زۆر شوێنی وڵات باس لەوە دەکرا کە سوپا لە هەوڵی کودەتایەکە. هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنوسیشم باسی ئەوەی بۆ کردم کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسانی ئەنقەرە بە چرپە باسی ئەگەری هەوڵێکی کودەتایان بۆ یەکتر کردوە. منیش ئەوەم بیستبوو کە خولوسی ئاکار سوپا سالاری تورکیا ماوەیەکی زۆرە خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵی کودەتا و بە جددی خەریکی پلان داڕشتنە، ئەم دەنگۆیانە وای کرد هەندێک لە سەربازانی سوپا پێیان وابێت کودەتاکە لە سوپا سالارەوە سەرچاوەی گرتوە و هەر بۆیە بەشداریان لە هەوڵی کودەتاکە کرد، بێ گومان ڕاستی روداوەکان تەنیا خودا ئاگای لێیە، بەڵام هەرگیز ئەوە بە مێشکمدا نەهاتبوو ئامانجی ڕێکخستنی ئەم کودەتایە بۆ لەناوبردنی بزاڤی خزمەتە.
پرسیار: لە لێدوانێکتاندا بۆ مێدیایەکی بیانی باستان لەوە کرد کە هەوڵی کودەتاکە وەک ” سیناریۆی هۆڵیوود” وایە، بە پێی چ زانیاریەک ئەمەتان وت؟ بە ڕای ئێوە کێ سیناریۆی ١٥ ی تەموزی نوسیوە؟
گولەن: من تا ئیستا شاهیدی ٣ کودەتای تورکیا بووم. هەروەک لە داواکانی باڵیۆز و ئەرگەنەکۆنیش بینیمان هەوڵی کودەتاکان زۆر جار لە رێگەی میدیاکانەوە ئاشکرا کراوە. بەڵام ئەم هەوڵی کودەتایە نە لە کاتی ئامادەکاری نە لە کاتی ئەنجامدانیدا لە هەوڵەکانی پێشوو نەدەچوو، منداڵێکیش دەیزانی ئەمە شانۆگەریەکی خاینانەیە پشانی خەڵک دەدرێت، زۆر شت لەسەر شانۆگەری ئەم کودەتایە وتراوە و نوسراوە، دەتوانین زۆر شت بڵێین لەسەر شێوازی ئەنجامدانی کودەتاکە، لە کاتی دەستپێکردنی کودەتاکەوە بیگرە کە هەموو کەس لەسەر شەقامەکان بوو، تا گرتنی سایدی پردێک لەلایەن چەند سەربازێکی کەمەوە، دەتوانین زۆر شت بڵیین، دواتر هەندێک جەنەراڵی خانەنشین باسیان لەوە کرد کە ئەم هەوڵی کودەتایە هەر لە سەرەتاوە سیناریۆی ئەوەی بۆ داڕێژراوەکە شکست بهێنێت، تەنانەت جۆوبایدن یاریدەدەری سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی سەردانیدا بۆ تورکیا باسی لەوە کرد کە روداوەکان زیاتر لە یاری کۆمپیوتەری دەچوون، بێگومان کاتێک دەڵێم سیناریۆ یان شانۆگەری مەبەستم لەوە نیە بابەتەکە سوک بکەم، ئەمە یەکێکە لە سەختترین کودەتاکانی تورکیا کە ڕویداوە بە بەراورد بە کودەتاکانی پێشوو، ٢٤٩ هاوڵاتی گیانی لە دەستداوە و زیاتر لە ٥٠ هەزار هاولاتی زیندانی کراوە، هەموو ڕۆژێک گوێمان لە ستەمدیدە بوونی دەیان هەزار هاوڵاتی دەبێت و و زانکۆ و خوێندنگەکان داخران و دەستگیرا بەسەر هەزاران کۆمپانیادا، تورکیا هێواش هێواش لە رێچکەی دیموکراسی خۆی دورکەوتەوە و لە نێوان خەڵکدا تۆوی ڕق و کینە چێندراوە کە ئەستەمە وا زوو ڕیشەکێش بکرێت. لە ژێر ناوی سەرۆکایەتیدا وڵات بەرە ڕژێمێکی دیکتاتۆری هاوشیوەی ڕژێمەکانی بەعس دەبرێت لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست.
‘ سیناریۆیەکی خاینانە بوو کە ئێردۆغان و هاو وێنەکانی سیناریۆیان بۆ داڕشت بوو’
ئێردۆغان ماوەیەکی زۆر بوو هەوڵی دەدا بزاڤی خزمەت لە ڕێگەی دادگاکانەوە لە ناو ببات و سەرەڕای هەموو فشارەکانی لەم کارەیدا سەرکەوتو نەبوو، هەر بۆیە پەنای بردە هەولێکی لەم جۆرە.
گەر بیرتان بێت لە رابردودا لە رێگەی چەند پۆلیس و داواکارێکی گشتیەوە هەوڵیدا بزاڤی خزمەت لە هەموو دونیادا بە تیرۆرست بناسێنێت و ئەم نیەتەشی بە ئاشکرا بۆ هەمووان درکاند.
بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسۆزانی بزاڤەکە خۆیان لەوەش بە دور دەگرن کە پێ بە مێرولەیەکیشدا بنێن و ناچنە سەر شەقامەکان و هەرگیز چەکیان هەڵنەگرتوە، لە ڕیگەی یاساوە ئەستەم بوو مەرامێکی وەهای بۆ بچێتە سەر.
هەربۆیە لە ڕێگەی ئەم هەوڵەیەوە ویستی ئەوە پیشان بدات کە هاوسۆزانی بزاڤەکە کەسانێکی دەست بە چەکن و بەم هۆیەشەوە زەمینەی بۆ سیستەمە دیکتاتۆریەکەی خۆی خۆش کرد. تا ئیستا نەیتوانیوە دەزگا نێودەوڵەتیەکان قەناعەت پێ بکات، بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا بە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکانەوە، توانی هاوڵاتیانی تورکیا بکات بە دوژمنی بزاڤی خزمەت. دواتر لەم رێگەیەوە هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوکردنی بزاڤی خزمەت و نەیارانی دەست پێکرد.
خۆزگایە ئەوان تەنیا دوژمنایەتیان لەگەڵ بزاڤی خزمەت بکردایە، بنەماکانی دەولەت هەڵوەشێنراوەتەوە و داهاتوی تورکیا ڕەشکراوەتەوە و دەیان هەزار هاوڵاتی ئێستا ماف خوراون. دەیان هەزار مێشکی پێگەشتوو کە وڵاتی خۆی و گەلەکەی خۆش دەوێت، ئێستا یان لە زیندانە یان بە ناچاری ڕایکردوە بۆ دەرەوەی وڵات. بە کورتی ١٥ ی تەموز سیناریۆیەکی خاینانە بوو لەلایەن ئێردۆغان و هاو وێنەکانیەوە دروست کرابوو.
پرسیار: دەڵێن هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت خۆیان خزاندۆتە نیو هەموو جومگەکانی دەسەلاتەوە بۆ ئەوەی دەست بگرن بەسەر دەسەڵاتدا، ئایا بزاڤی خزمەت ئامانجێکی لەو شێوەیەی هەیە…
گولەن: ‘خۆ خزاندن’، ‘دەست گرتن’، ‘ دزەکردن’ ئەمانە قسەگەلێکی ناشیرینن، بزاڤی خزمەت هەمیشە بایەخی بە پەروەردە داوە و زۆر مرۆڤی باش و خاوەن زانست و بە رەوشتی پەروەردە کردوە و ئاگایان لەو سەردەمەیە کە تێیدا دەژین، کەسانێکی بە وەفان و هەمیشە فیری خۆ فیدا کردنی کردون لە پێناو کۆمەڵگەکەیان، لە بزاڤی خزمەتدا کاری خۆبەخشی بنەمایە و ئەم جۆرە بانگەشانە لە مێژەوە باسی لێوە دەکرێت، منیش هەموو جارێک وتومە، گەر ڕۆڵەکانی گەل بچنە شوێنێک بە توانای خۆیان و شایستەی ئەو شوێنە بن، ئەوە بەوە ناوترێت دزە کردن یاخود خۆ تێخزاندن، چەندین جار ئاماژەم بەمە کردوە لە ڕێپۆرتاژ و دیمانەکانمدا، ئێستاش هەمان بیروڕام هەیە، چونی ڕۆڵەکانی گەل بۆ شوێنێک کە شایستەی بن پێی ناوترێت دزە کردن و ئەمە مافێکی ڕەوای خۆیانە.
‘هەرکەسێک لە بزاڤی خزمەتدا بووبێت و لە کودەتاکە بەشدار بووبێت، ئەوا خیانەتی لە بنەماکانی خزمەت کردوە’
زۆرێک لەو کەسانەی منداڵەکانیان بۆ ناو دەزگاکانی بزاڤی خزمەت ناردوە لە زانکۆ و خوێندنگاکان، دواتر توانیویانە بچنە ناو سوپا و هێزەکانی پۆلیس، هەرکەسێک لە ناو خزمەتدا پەروەردە بووبێت باوەڕی بە خۆشەویستی و ئاشتی و دیالۆگ و بەها گەردونیەکان هەیە، ئەمەش شتێک نیە بتوانیت ڕەخنەی لێ بگریت. بەڵام بوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە لە ناو سوپا و هێزەکانی پۆلیس، هەردەم کەسانێکی بێزار کردوە، هەر بۆیە ئەم نیگەرانیەی هەندێک کەس لە ٣ تا ٥ ساڵی رابردوو وای کرد زۆرێک لەو هاولاتیانە دووچاری ڕاگواستن و دورخستنەوە ببن، من نازانم ئەوانەی لە ناو سوپا و هێزەکانی پۆلیس و داواکاری گشتی و دادوەری دادگاکان، کە لە کارەکانیان دور خراونەتەوە چەندێک هاوسۆزبوون لەگەڵ بزاڤی خزمەت، من زۆرێک لەوانەی هاوسۆزی بزاڤی خزمەتن ناناسم، خۆ ئێمە تۆماری هاوسۆزان و ئەنداممان لا نیە و سەر ژمێریمان بۆ نەکردون و تۆماریان نیە، لە ڕێگەی ئێوەوە دوپاتی دەکەمەوە، هەرکەسێک هاوسۆزی بزاڤی خزمەت بووبێت و لەم هەوڵی کودەتایە بەشدار بووبێت، ئەوا خیانەتی لە بنەما و بەهاکانی بزاڤەکە کردوە.
‘سورم لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کودەتاکە’
پرسیار: ئێوە لە سەرەتاوە باستان لە پیویستی دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی کرد، ئامانجتا چیی بوو لەمە؟ دواتر راپۆرتی دەزگا هەواڵگریەکان بڵاو بوویەوە، ئایا ئەو راپۆرتانە خواستەکەی ئێوەی تا چەندە هێنایە جێ؟
گولەن: نەخێر بەجێی نەهێنا، من دوای شانۆگەری کودەتاکە باسم لەوە کرد، من هێشتا پێداگری دەکەم لەسەر دروستکردنی. من ئامانجم ئەوە بوو دەزگا نێودەوڵەتیەکان هاوشیوەی نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و هێزەکانی ناتۆ لیژنەیەکی سەربەخۆ پێکبهێنن، منیش ئامادەم لەو لیژنەیە بەرگری لە خۆم بکەم، هەروەها ئەوەشم وت کە ئەو لیژنەیە هەرچی بڕیارێک بدات قبوڵمە هەر لە ئیستاوە، بەڵام ئاکەپە و ئێردۆغان خۆیان لە قەرەی ئەو داوایەی من نەدا.
واز لە دروستکردنی لیژنەی نێودەوڵەتی بهێنە، لە پەڕلەمانی تورکیا لیژنەیەکی لێکۆڵینەو لە کودەتاکە سەرەتا بە دەنگی ئاکەپە رەت کرایەوە! دوای چەند مانگێک لە فشار خۆتان بینیتان کە لیژنەکەی پەڕلەمانی تورکیا چۆنی دروست بوو، هەروەها چۆن چۆنی کارەکانی برد بەریوە، زۆرێک لەوانەی ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە سیناریۆی کودەتاکە، تەنەزولیان نەکرد بێنە بەردەم لیژنەکە و وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە!
گەرچی ڕاپۆرتی وڵاتانی بەهێزی وەک ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ئینگلتەرا لە ڕوی دەزگای هەواڵگریەوە باس لەوە دەکەن کە هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە لەسەر تێوەگلانی بزاڤی خزمەت لە کودەتاکە بەدی نەکراوە و ئەمەش تا رادەیەک بێ گوناحی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەسەلمێنێت، بەڵام هێندە بەس نیە. لەبەر ئەوەی لە تورکیادا کاردانەوەیەکی ئەرێنی بە دوای خۆیدا نەهێنا، من پشتگیری ئەوە دەکەم بابەتەکە بە شیوەیەکی گشتگیر هەڵبسەنگێنرێت. من ئەمەم بۆ ئەوە دەوێت کە بەم هۆیەوە دەیان هەزار هاوڵاتی بێ گوناح و جەرگ سوتاو لە تورکیا ڕزگاریان ببێت. گەر سەیری ڕوداوەکانی ساڵی رابردوو بکەین لە تورکیادا کە هەمووی لەسەر درۆیەک کەڵەکە کراوە، ئەوا گرنگی ئەو لیژنە سەربەخۆیەی باسم کرد زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

‘ کۆماری تورکیا بە دەستی ئەمانەوە بووە بە ڕژێمێکی مافیای’
پرسیار: لە ماوەی ڕابردودا ئەوە ئاشکرا بوو کە مایک فلین ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ هەندێک بەرپرسی تورکیا پلانی ئەوەیان داناوە کە ئێوە لە شوێنی مانەوەتان بڕفێنن، ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا هەوڵی تری لەو جۆرە هەیە و ئاگاتان لە هیچیان بووە؟
کاتێک ئەم هەواڵم بیست باوەڕ بکە لەبەر وڵاتەکەم زۆر پێی دڵ گران بووم، تورکیایەک کە هەرچۆنێک بێت بە باش و خراپیەوە نەریتێکی دیموکراسی هەبوو، بەڵام بە دەستی ئەمانەوە وەک ڕژێمێکی مافیای لێهاتوە. ئەمڕۆ لە زۆر وڵاتی دونیا کە لە ڕوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیەکانەوە دوا کەوتوە، هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە شێوەیەکی دور لە نەریتی جددی دەوڵەتمەداری و بە شێوازی مافیائاسایانە دەڕفێندرێن، بەداخەوەم، هەروەها ئەوەش دەرکەوت کە لێرەش هەوڵێکی هاوشێوەیان داوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لێرە سەروەری یاسا هەیە و ڕێز لە ڕێسا گەردونیەکان دەگیرێت، ئەنجامدانی کارێکی هاوشێوە لیرە ئەستەمە، لایەنی بەرپرس لێرە ئاگاداری کردوینەتەوە لەوەی کە هەوڵی کوشتنی ئێمە دەدرێت و لەو بارەیەوە زانیاریمان پێگەشتوە.

http://www.tr724.com/fethullah-gulen-15-temmuz-erdogan-ava…/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *