ڕێپۆرتاژی فرانس 24 لەگەڵ م. فەتحوڵڵا گولەن – دۆبلاژی کوردی – نوێ

ڕێپۆرتاژی فرانس 24 لەگەڵ م. فەتحوڵڵا گولەن – دۆبلاژی کوردی – نوێلەم ڕیپۆرتاژەدا مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی گرنگ، لە ناویاندا پرسی عادل ئۆکسوز کە بە پلانداڕێژەرەی کودەتا ناسێنراوە و دەوترێت کەسێکی سەربە بزاڤی خزمەت بووە…ئەمەی خوارەوە دەقی ڕێپۆرتاژەکەیە:فیلیپ کرۆسەر: بەخێر بێن بۆ بەرنامەیەکی تایبەتی فرانس ٢٤، ئێمە ئەمڕۆ لە پەنسیلڤانیاین لە شوێنی مانەوەی فەتحوڵڵا گولەن. من فیلیپ کرۆسەر پەیامنێری فڕانس ٢٤ لە کۆشکی سپی..لیلا جاکینتۆ: منیش پەیامنیری هەواڵە نێودەوڵەتیەکانم لە فرانس ٢٤، سەردەمانێک گولەن بە دووهەم بەهیزترین پیاوی تورکیا بانگ دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ یەکەم کەسی داواکراوە لە تورکیا، حکومەتی تورکیا بە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ تەموز تۆمەتباری دەکات، بەڵام خۆی ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە….کرۆسەر: تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات گولەنی ڕادەستی بکاتەوە. ئەو لە ساڵی 1999 ەوە لێرە دەژی. میوانی ئەمجارەی فرانس 24 فەتحوڵڵا گولەنە. بەڕێز گولەن بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زۆر سوپاست دەکەین…گولەن: منیش سوپاستان دەکەم…کرۆسەر: سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئێردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە کە گوایە ئێوە ڕێکخەری هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز بوون، وەک دەزانن دۆناڵد ترەمپ و سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان هەیە، ئایا تۆ مەترسی ئەوە بەدیدەکەیت کەوا رادەستی تورکیات بکەنەوە؟.گولەن: من زۆر گرنگی نادەم بەم بابەتە، من دوور لەوەی کەوا ترەمپ چۆن بیر لە من یاخود ئەم بزاڤە دەکاتەوە، پێم وایە نە ترەمپ نە هیچ سەرکردەیەکی تری ئەمەریکا سومعەی وڵاتەکەی خۆی ناخاتە بەر زیان و زەرەر و ملکەچ ناکەن بۆ ئەم داواکاریە نا ئەقڵانیانە. من ئەگەرێکی وەها نابینم سەرۆکێکی ئەمەریکا جا ئیتر کۆماری بێت یاخود سەر بە دیموکراتەکان بێت، هەنگاوێکی وەها هەڵبنێت کەوا زیان بە ئابڕوی وڵاتەکەی بگەیەنێت، ئێردۆغان هەوڵ دەدات بە تۆمەتبارکردنی بزاڤی خزمەت و فەقیرێکی وەک من، خۆی زیاتر بەهێز بکات. دەیەوێت ئەم هەوڵی کودەتایە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی زوڵمی زیاتر لە هاوسۆزانی ئەم بزاڤە بکات. بەڵێ هەر لەبەر ئەوەش داوای دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیم کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کە پێشتریش داوام کرد بوو، هەر لێرەشەوە دووبارەی دەکەمەوە، ئیدی نازانم لەو لیژنەیەدا ئەندامانی هێزەکانی ناتۆ دەبن، یاخود ئەندامی دادگای لاهای نێودەوڵەتی دەبن، یاخود ئەندامی نەتەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا دەبن، گرنگ ئەوەیە لیژنەیەک دروست بکرێت، بچن بە دوای ئەم بابەتەدا بگەڕێن، لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕ بکەن و دەرەنجامێکی لێ دەربێنن، ئیدی بە هەر شیوەیەک گەر بچوکترین بەڵگەیان لەسەر تێوەگلانی منی فەقیر دۆزیەوە، ئەوا من گوێ نادەم بەوەی کێ و کێن ئەوانەی وایان وتوە، چاوەڕێی ئەوە ناکەم قۆڵبەستم بکەن و بمنێرنەوە، خۆم بلیتی فڕۆکەکەم دەکڕم و دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، خۆ من لەم وڵاتی غەریبیە لوتم بە هەناسەی ساردی دوری لە نیشتیمانەکەم دەسۆڵێتەوە.لیلا جاکینتۆ: ئەگەر تەماشایەکی ڕابردوو بکەین، بە دیاریکراوی تا 5 ساڵ لەمەو پێش ئێوە و بەڕێز ئێردۆغان هاوپەیمان بوون، بەڵام ئێستا ئێوە دوژمنی سەرەکی ئەوانن. ئایا ئەمە شتێکی دوولایەنەیە؟ چی ڕوویدا؟.گولەن: من کەس وەکو دوژمن سەیر ناکەم. من هیچ هەستێکی ڕق و کینەم بەرامبەر ئەو نیە، بەڵام لەوانەیە ئەو هەیبێت. بە دڵنیاییەوە ئەو هەندێک شتی کرد و منیش ئاگادارم کردەوە. بۆ نمونە من ڕەچەتەیەکم نوسی کە پێم وابوو باشترین چارەسەرە بۆ کێشەی کوردەکان. پێم ڕاگەیاند کە بۆمباران کردنیان و ناردنی هێزی سەرباری بۆ سەریان نایانکاتە مرۆڤگەلێک کە لە چوارچێوەی یاسادا بمێننەوە. من هەرگیز کەسێکی سیاسی نەبووم و نەشبومە پشتیوانی ئێردۆغان. هیچ کاتیش هەوڵم نەداوە لێوەی نزیک بم. من لەگەڵ ئەودا تەنها دوو بۆ سێ جار یەکتریمان بینیوە. یەکەمجار پێش دروستکردنی پارتەکەی بوو. هاتە لام و داوای ئامۆژگاری لێکردم، منیش ئەوەم پێ ڕاگەیاند کە بۆ پارتەکەی ئەو باشدەبێت. کاتێکی تریش ئیمە یاریەکی دۆستانەمان ڕێکخست بۆ هاریکاری وڵاتی بۆسنا. ئەو لەوێ هاتە پەنام و دانیشت، ڕۆژنامەنوسێکیش وێنەی گرتین و ئیتر میدیاکان ئەو وێنەیان بۆ چەندین جار بەکارهێنا و دەیانوت کە ئێوە هاوپەیمانن. ئێمە هیچ کاتێک نەبووینە یەک و هاوپەیمانیش نەبووین. لەوانەیە لەبەر ئەوەی سیاسەتێکی نەرمیان پەیڕەو دەکرد هاوسۆزانی ئێمە دەنگیان پێدابێتن. بەپێی یاسا ئیسلامیەکان ئێمە ئەومان وەک (ئەهوەن و شەڕڕەین) دەبینی. .لیلا جاکینتۆ: ئێوە باسی ئەوەتان کرد کە بابەتەکە بە سیاسی کراوە، بەڵام حکومەتی تورکیا ئێوە تۆمەتبار دەکات بەوەی هانی سەربازەکانت داوە بۆ ئەوەی بە کارێکی وەها هەستن، من دەمەوێت لە دەمی خۆتانەوە بیبیستم بۆ دڵنیا بوون، ئایا ئێوە بە هیچ شێوەیەک هانی هیچ سەربازێکتان داوە بۆ هەوڵی کودەتاکە؟.گولەن: دەبێت ئەم بانەگەشانە بسەلمێنن، گەر کەسێک بە بانگەشەیەکی وەها هەستێت، دەبیت خۆشی بیسەلمێنێت. من ١٨ ساڵە لە ئەمەریکام و ئەو سەربازانە ناناسم، نازانم فەرماندەکانیان کێیە، نازانم پلەی سەربازیان چیە، نازانم سەر بە کێن و چ جۆرە مرۆڤێکن، نازانم ئەوانە گوێ لە وتارەکانی من دەگرن یاخود نا، لەوە دەچێت هەندێکیان من بناسن، لەبەر ئەوەی ماوەی ٦٠ ساڵە لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە یاخود لە ساڵۆنی کۆنفرانسەوە وتار دەدەم..لیلا جاکینتۆ: ئێوە لە ئەمریکان، لە دوای ئەم کودەتاوە زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا، دوای هەوڵی کودەتاکەش قۆناغی پاکتاوکردن دەستی پێکرد، ١٥٠ هەزار هاوڵاتی لە کارەکانیان دور خراونەتەوە و ٥٠ هەزار هاوڵاتیش زیندانی کراوە، من خۆم وەک ڕۆژنامەنوسێک لە ڕێگەی ڕێپۆرتاژەکانمەوە ئەوەم بۆ دەرکەوتوە کەسانی هاوسۆز بە بزاڤەکەی ئێوە قورسترین زەبریان بەرکەوتوە، هەندێک لەو کەسانەی ستەمیان لێکراوە ئێستا دەستیان کردوە بە جووڵە و داوای دادپەروەری دەکەن، بەڵام هاوسۆزانی بزاڤەکەی ئێوە وا دیار نیە هیچ ڕێگەیەکیان هەبێت بۆ داواکاردنی مافەکانیان، تۆ وەک ڕابەری ئەوان دەتوانیت چییان بۆ بکەیت؟ بۆچی بۆ مانەوەیان لە ژیان هیچ ستراتیژیەکیان پشان نادەیت؟گولەن: تا ئێستا بۆکسێکیان نەوەشاندوە و پێم وایە لەمەودواش هەروا دەکەن. ئێمە هەموو ڕێگەیەکمان لێ گیراوە کە بتوانین بەوان بگەین.هەموو ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆنەکانمان داخراوە.تەنیا ئەو مێدیایانە قسە دەکەن کە بیروڕای حکومەت بڵاو دەکەنەوە، لەو ڕێگەوە بیروڕای خەڵک دروست دەکەن و ئاڕاستەیان دەکەن….لیلا جاکینتۆ: گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا وەک ئەوەی ئێوە بە عەلمانیەکان ناویان دەبەن، کەسیان زەڕڕەیەک لایەنگرانی ئێوەیان خۆش ناوێت، پێیان وایە شوێنکەوتوانی ئێوە ئەوە دەدورنەوە کە چاندویانە، دەڵێن گوایە لایەنگرانی ئێوە خزاونەتە ناو دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە دادگا و هێزە ئەمنیەکان و سوپاوە و پێیان وایە تا بەر لە ٥ ساڵیش فشاریان بۆ سەر هاوڵاتیان دروست کردوە، لایەنگرانی ئێوە خۆشەویستی زۆرێک لە هاولاتیانی تورکیایان لە دەستداوە، ئێوە راتان چیە بەرامبەر ئەم جۆرە بانگەشانە؟.گولەن: ئەوەی دەیڵێیت دەسەڵات ئەنجامی داوە.ئێردۆغان لە ڕابردودا کاتێک سەرۆک وەزیران بوو بە دەمی خۆی وتی کەوا خۆی داواکاری گشتی دۆسیەکانی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆزە. هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی ئیلکەر باشبوغی سوپاسالاری ئەو کاتە هەر لەلاین خودی ئێردۆغانەوە دەرکراوە. لەوە دەچێت خواستی ئەوەی هەبووبێت بەو شێوەیە سوپا کۆنتڕۆڵ بکات. کاتێک لەوەدا سەرکەوتو بوو ئیدی بزاڤی خزمەتی کردە ئامانج. لەبەرچی ئەم بزاڤەی کردە ئامانج؟ ئەمە هۆکارگەلێکی زۆری هەیە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئەم بزاڤە لە زۆر شوێنی دونیا خوێندنگەی هەیە، ئێردۆغان داوای ئەوەی لە ئێمە کرد کە لە هەموو وڵاتانی دونیا وەک سەرۆکی جیهانی ئیسلام و خەلیفە بیناسێنین، بەڵام خوێندنگەکانی ئێمە ئەم خواستەی ئێردۆغانیان قبوڵ نەکرد. ئێردۆغان نەیتوانی لەم هەڵویستەیان تێبگات، هەر لەبەر ئەوەش دەستی کرد بە پەلاماردانی ئەو خوێندنگانە، چونکە پێی وایە ئەمە ئەرکێکی ئەو بیروباوەڕەیە کە هەیەتی..کرۆسەر: بەرێز گولەن، لە ئەمەریکا زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە ئێوە کاری شاراوە و نهێنی دەکەن، دەڵێن ئێوە لە نێو شاخەکاندا بە شیوازێکی نهێنی ژیان بەسەر دەبەن، بزاڤەکەی ئێوە خاوەنی خوێندنگە و کۆمپانیایە، هەموویان لەسەر ڕێچکەی ڕێبازەکەی ئێوەن، بەڵام هیچیان بە ناوی ئێوەوە نین، هۆکاری ئەوە چیە کە ئێوە شەفاف نین لە کارەکانتان و چیتان شاردۆتەوە؟.گولەن: ئەوانەی باسی شەفافیەت دەکەن، من چەکێکی کراوەیان دەدەمێ، گەر گومانیان لە هەر دەزگا و دامەزراوەیەکە کەوا کاری نهێنی دەکات، ئەوا با دەزگا هەواڵگریەکانی ئێرە و هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن، من جارێکیان هەمان قسەم بە ئەندامێکی کۆنگریسی ئەمەریکا وت. کاتێک ئەم وەڵامەم دایەوە خۆی پێی وتم کەوا باوەڕی بە قسەکانم کردوە. ئەمە شتێک نیە بتوانرێت نهێنی بێت، من تەنیا هانیان دەدەم بۆ ئەو جۆرە کارانە، من پێم وایە پەروەردە باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو کەسانەی گوێبیستی وتارەکانی من بوون لە مینبەری مزگەوتەکان و ساڵۆنی کۆنفڕانسەکان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەو کارانە، من لە هەزارا یەکی ئەو کەسانەش ناناسم کە ئەو خوێندنگایانەیان کردۆتەوە، بەڵام ئەوان من دەناسن، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە ئەم کارە نهێنیە. گەر هەر دەزگایەک گومانی ئەوەی لەسەرە کە شەفاف نیە ئەوا با دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێتەوە. هەر بەڕاستیمە گەر ئەو خوێندنگایانەی ئێرە شتێکیان کردوە لە دژی یاساکانی ئەم وڵاتە با هەر هەموویان داخەن..کروسەر: زۆر قسە و باس لەسەر بزاڤەکەی ئێوە هەیە، هەندێک ئێوە بە کەڵت ناو دەبەن، ئایا ئێوە ڕابەری بزاڤێکی کەڵتین؟.گولەن: من خۆمم بە دڵ نیە، ئەوەی منیشی بە دڵ بێت بە دڵم نیە، من خۆم بە بچوکی هەموو مرۆڤەکان دەبینم، پێم وایە تەنیا بە شەفاعەتی خودا ڕزگارم دەبێت، من خۆم بە مرۆڤێکی هیچ دەزانم..لیلا جاکینتۆ: با بگەڕێینەوە سەر باسی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کودەتاکە، زۆر هاوڵاتی تورکیا داوایان لێکردم کە ئەم پرسیارە لە ئێوە بکەم، خۆ تۆمەتەکانی حکومەتیش هەمووی لە چوارجێوەی یەک کەسدایە، ئەویش عادل ئۆکسوزە. حکومەت دەڵێت ئەو یەکێکە لە ئیمامەکان و هاوسۆزێکی بزاڤەکەی ئێوەیە. دەڵێن ئەو هەوڵی کودەتاکەی دەست پێکردوە. شەوی کودەتاکە لە نزیک بنکەیەکی سەربازی گیراوە، پێش ماوەیەکی کەم دەستگیر کراو دواتر ئازاد کرا، لەو ڕۆژەوە دیار نیە، حکومەت دەڵێت ئەم کەسە پێش کودەتاکە هاتوە بۆ ئێرە و چاوی بە ئێوە کەوتوە، ئێوە عادل ئۆکسوز ناناسن؟ ئێوە پێش کودەتاکە چاوتان بە عادل ئۆکسوز کەوتوە؟.گولەن: پێم وایە عادل ئۆکسوز ماوەیەک هاتە ناو بازنەی خوێندکارەکانمەوە، من ئاگام لێ نیە بۆ کودەتا هاتبێتە ئێرە، پێش چەند ساڵێک هاتۆتە ئێرە، زۆرێک لەوانەی دێنە ئێرە لەگەڵ منداڵەکانیان دێن و وێنە دەگرن، پێم وایە ئەویش هاتۆتە ئێرە و لەگەڵ منداڵەکەیدا وێنەی گرتوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا زۆر کەس هاتۆتە ئێرە، عەبدوڵا گوڵ پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران سەردانی ئێرەی کردوە، نابێتبە هۆی بوونی وێنەیەکەوە پەیوەندیەکی وەها دروست بکرێت و ئەمە کارێکی هەڵەیە، دووهەم شت بە نیسبەت عادل ئۆکسوزەوە خۆیان دەستگیری دەکەن و دواتر ئازادی دەکەن، دواتر ئەوە ئاشکرا دەبێت کەوا سەر بە دەزگای هەواڵگری تورکیا میت بووە، هەر بەو بۆنەیەشەوە دەمەوێط شتێکتان پێ بڵێم، ئەوانەی سەردانی ئێرەیان کردوە یەکێکیان سەرۆکی دەزگای میت بوو، هاکان فیدان دوو جار سەردانی ئێرەی کردوە، لە ماڵی برازاکەم مایەوە، لەسەر هەمان مێز نانمان خوارد، کەس نیە نەهاتبێتە ئێرە، گەر هەرکەسێک هاتە ئێرە و بیکەن بە لایەنگری من ئەوا بمبورن کەوا دەڵێم ئەوە قسەیەکی دەرخکرا و کۆنە..کروسەر: زۆرێک لە هاوسۆزانی ئێوە ئیستا لە زیندانەکانی تورکیادا دەژین. باسی ئەوەتان کرد کە ئێوە ناتوانن پەیوەندیان پێوە بکەن. ڕۆژنامەکان داخراوە، لە وڵاتانی وەک سۆماڵ و ئەفغانستان و پاکستان خوێندنگەکانتان داخران. هەموو ئەمانە وا لە من دەکات لە ئێوە بپرسم ئایا کۆتای بزاڤەکەی ئێوە هاتوە؟.گولەن: نەخێر پێم وانیە، لە هەندێک شوێن خوێندنگەکانمان داخراوە و لە دەستی ئەو کەسانەیان دەرهێنا کە لە تورکیاوە هاتبوون دایان بە کەسانێکی ناوخۆی ئەو وڵاتە.لە زۆربەی شوێنەکان لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی هەر بەو شێوەیە کراوە و خوێندنگەکان دراوە بە کەسانی لۆکاڵ. لەوە دەچێت حکومەتی تورکیا لە یەک دوو شوێن کاریگەری هەبوو بێت، بەڵام ئەم خوێندنگانە لە ١٧٠ وڵات خەریکی خزمەتی خۆیانن، خوێندنگەکانی بروکسل و ئەمەریکا و ئەوروپاش بەردەوامن لە کارەکانیان، من پێم وانیە کەوا بە هەڵکردنی گەردەلولێک ئەم خوێندنگایانە دابخرێن، من پێم وایە ئەم خوێندنگانە کە بنەما و بەهای سەرەکیان خۆشەویستیە هەر لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، پێم وایە کاتی سیاسەتمەداران بەرتەسک و سنوردارە، لە ڕێگەی دیموکراسیەوە دەڕۆن، بەڵام ئەم بزاڤە کە بناغەی خۆشەویستیە هەر بەردەوام دەبێت..کرۆسەر: سوپاس بۆ جەنابتان بەڕێز گولەن.لیلا: سوپاس بۆ ئێوەش کە لەگەڵمان بوون لە ڕێپۆرتاژێکی تایبەتی فرانس 24.

Posted by ‎Fethullah Gulen پەیجی فەرمی فەتحوڵڵا گولەن‎ on Thursday, July 20, 2017

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *