ڤایرۆسی کۆرۆنا شێوەی ڕەمەزانی گۆڕی، بەڵام هەرگیز باوەڕبوونمان بە خودا ناگۆڕێت

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لە وتارێکدا بۆ ماڵپەڕی (NBC NEWS)ی نیوزی ئەمریکی پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 و هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزانی خستە بەرباس.

دەقی وتارەکە:

زۆربەی پەرستشە باوەکانی ڕەمەزان بەردەوامە، سەرەڕای چەند گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی، بۆ زیاتر ڕێزگرتن لە یاسا گەردوونییەکانی خودا.

مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ئەمساڵ جیاواز دەبێت. لە سەرانسەری دونیا مزگەوتەکان داخراون، لە حاڵەتی ئاساییدا مزگەوتەکان جمەیان دەهات لە پەرستشکاران و نوێژخوێن تەنانەت سەر شەقامەکانیشیان دەگرتەوە. خانەوادە فراوانەکان لێکدادەبڕێن، پێشتر پێکەوە بۆ خوانی بەربانگ کۆدەبوونەوە و لەماڵەوە پێكەوە نانیان دەخوارد. بازاڕ، قاوەخانە و شەقامەکان چۆڵ و بێدەنگن، لە حاڵەتی ئاساییدا هەتا کاتی شەو لە جووڵەدا دەبوون.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێوارەی پێنجشەممە هەرچۆنێک بێت رەمەزان دەستیپێکرد، هەروەها لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هەینی خێزانەکان وەک سەدەکانی رابردوو بۆ پارشێوکردن لەخەو هەستان.

هەرچەند جیهان لەگەڵ COVID-19 لە ململانێدایە، بەڵام پەرستشە ئاساییەکانی ڕەمەزان بەردەوام دەبێت. لەماوەی ئەم مانگەدا، زۆرینەی ١.٨ ملیار مسوڵمانی جیهان لەنێوان خورهەڵاتن بۆ خۆرئاوابوون بەڕۆژوو دەبن، قورئان دەخوێننەوە، تەفەکوور و نوێژ و نزا دەکەن بۆ ئەوەی زیاتر لە خودا نزیک ببنەوە و سوپاسی نیعەمەتەکانی بکەن. بەڵام ئەمساڵ، لیستی ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژووگرتن بەخشراون وەک منداڵ، گەشتیار، ئافرەتی دوگیان و نەخۆشی ئاسایی، ئەو کەسانەش دەگرێتەوەو کە هەست بە نیشانەکانی COVID-19 دەکەن.

هەروەها ئەمساڵ لە نوێژەکانماندا نزا بۆ کارمەندانی تەندروستی و فریاکەوتن و هەموو ئەو کەسانەی تر دەکەین کە لە ڕیزی جەنگی پاراستنی کۆمەڵگەدان. بەلای خوداوە پاراستنی گیان و سود گەیاندن بە مرۆڤایەتی لە بەرزترین و پیرۆزترین کارەکانە. قورئان پاراستنی گیانێک بە پاراستنی هەموو مرۆڤایەتی دەچوێنێت، پێغەمبەر موحەمەدیش (د.خ) دەڵێت: باشترینی مرۆڤەکان ئەوانەن کە سود بە مرۆڤەکانی دی دەگەینن.

پابەندبوونمان بە یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە پێویستییان پێیە ئەم ساڵ مانای تری بۆ زیاد دەبێت، چونکە دراوسێ و کۆمەڵگاکانمان بە گشتی ڕووبەڕووی قەیرانی نەخۆشی، بێزاری، و کێشەی ئابووری و تەنهایی و خۆ کەرەنتینەکردن بوونەتەوە.

هەرچەندە، ڕەنگە قورسترین پابەندی بۆ زۆرێک دەستبەرداربوونبێت لە کۆبوونەوە پلان بۆ دانراوەکانی ئەم ماوەیە، وەک پابەندبوون یاسا و ڕێنماییەکانی بەرپرسان. بەڵام پابەندوون بەو ڕێنماییانەوە ئەرکی هاوڵاتیبوونمانە و ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە بۆ ڕێزگرتن لە یاساکانی خودا لە گەردووندا. بۆ نمونە: پێغەمبەر موحەمەد (د.خ) —کە باوەڕ و متمانەی بە خودا لە باسکردن نایەت — فەرمان بە کەرەنتینەکردنی شارێک دەکات کە نەخۆشی گوازراوەی تێدا بڵاوببێتەوە.

هەرکام لە ئێمە پێویستە ئەو کات و بۆشاییە زیادەیەی بەهۆی ڕێنماییەکانی ئەم پەتایەوە دەستمان کەوتووە، بۆ زیاتر بتەوکردنی پەیوەندیمان بە خوداوە بەکاربهێنین، هەروەها بۆ زیاتر کردنی پەیوەندیمان بە خێزانەکانمان و بەهاکانمان بەکاری بهێنین. ئەم ماوەیە دوورکەوتنەوەیەکی ناچارییە لە جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەمان و هەلێکە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە خودا و قووڵبونەوە لە ئیمان و زیادکردنی زانست و پیادەکردنی ئەو زانستە. هیوادارم مامۆستایانی ئاینی کۆمەڵگاکان لەو هەلانە ئاگادار بکەنەوە.

ئەم ماوەیە، وامان لێدەکات زیاتر پشت بە ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیا ببەستین. گەنجەکانمان زۆر بە باشی لەم بوارەدا لە پێش دایک و باوکیانەوەن. بەدرێژایی مێژوو پەیامبەران و ئەوانەی کە خۆیان بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا تەرخانکردووە، هەمیشە ئامرازە سەردەمییەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیان بەکارهێناوە. ئێمەش پێویستە ئەم ماوەیە بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ کۆمەڵگاکانمان ڕێگەی نوێ بەکاربهێنین و وابکەین کە گەنجەکانیش بتوانن بەزمانی خۆیان و بەو تەکنەلۆجیایەی کە خۆیان تێیدا سەرمەشقن، دەستیان بە بابەتە ئاینی و رۆحییەکان بگات.

رەنگە ناڕەحەتییەکانی ڕوبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە و گۆڕانکارییەکانی کە لە ژیانماندا دروست بووە، وا لە هەندێکمان بکات کە لۆمەی خەڵک بکەین و رەخنە بگرین. ئێمە لە رەمەزانداین، دەێت خۆمان بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانە تەرخان بکەین کە پێویستییانە، نەک بەدوای یەکێکدا بگەڕێین بۆ ئەوەی لۆمەی بکەین. تەنانەت لەگەڵ ئەو کەس و کۆمەڵە و نەتەوانەی کە ناکۆکی پێشینەمان هەیە، هەر یەک لە ئێمە پێویستە ئەو بیرۆکە نامرۆڤانەیە ڕەتبکەینەوە کە دەڵێت هەموو کەس شایەنی بەڵایە.

لە جیهانی ئەمڕۆی عەولەمەدا، هیچ کەس لە قەیرانە گەورەکان بەدوور نییە، چ قەیرانی ژینگە یان تەندروستی یان ئابووری بێت. ئێستا کاتی هاوبەشی پێکردنی زانیارییە بۆ هەماهەنگی لە دۆزینەوەی چارەسەر. کاتی ئەوەیە وەک نەتەوە و وڵات و کۆمەڵگە و ئەندام لە سیستەمی ژینگەیی جیهانی، کە بزانین پێویستمان بە یەکدی هەیە. کاتی ئەوەیە هەست بکەین هەموومان ئەندامی خانەوادەی مرۆڤایەتیین و هەموومان هەلی ئەوەمان هەیە کە توانای راستەقینەی مرۆڤایەتی پیشان بدەین.

کە دەچینە ئەم مانگەوە، زۆر گرنگە کە بە هیواوە بۆ ئایندە بڕوانین نەک بە بێهیوایی کە مرۆڤ و بەرەوپێشچوون دەخنکێنێت. مرۆڤایەتی لە ڕابردووشدا بەسەر چەندین ئاڵانگاری لەوجۆرەدا سەرکەوتووە و ئەمجارەش ڕێگای سەرکەوتن دەدۆزینەوە. ئەگەر سەرنج بخەینە سەر ئەو هەلانەی کە ئەم پەتایە دروستیکردوون، دەتوانین پارێزگاری لە ورە بەرزیمان بکەین و خێراتر بگەینە ئەو سەری تونێلەکە.

دەبێت ئەمساڵ تێڕوانینمان لەسەر ڕەمەزان جیاوازبێت. بەڵام لەزۆر ڕووی ترەوە هەر وەک ساڵانی ترە: بە درێژایی ئەم مانگە بەڕۆژوو دەبین، نوێژ دەکەین، قورئان دەخوێنینەوە و بیردەکەینەوە و دەبەخشین. داواکارم خودا سەرکەوتوومان بکات لەوەی بەتەواوی سوود لە مانگی پڕخێری رەمەزان ببینین.

https://www.nbcnews.com/think/opinion/coronavirus-changed-how-ramadan-looks-it-will-not-change-our-ncna1191261

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *