پەیامی مامۆستا فەتحوڵا گولەن سەبارەت بە هێرشەکەی ڤییەنا

مامۆستا فەتحوڵا گولەن پەیامێکی سەبارەت بەو هێرشە تیرۆریستییە بڵاوکردەوە کە لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا کرایە سەر پەرستگایەکی جووەکان.

مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “هێشتا ئەو برینانە ساڕێژ نەبوون کە بە هۆی هێرشە ناکامەکانی فەڕەنساوە درووست ببوو، جارێکی تر دڕندەیی تیرۆر لە شاری ڤییەنا ڕووی خۆی دەرخست و بەو هۆیەوە ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان و تەواوی خەڵکی نەمسا دەکەم و داوای شیفا لە خودا دەکەم بۆ بریندارەکان. مرۆڤ خاوەنی هەر بیروباوەڕێک بێت بوونەوەرێکی ڕێزلێگیراوە، ژیانی مرۆڤ پیرۆزە. لە قورئانی پیرۆزدا بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە کوشتنی تەنها یەک مرۆڤ تاوانێکی هێندەی کوشتنی هەموو مرۆڤایەتی گەورەیە. هێرشبەری و توندوتیژی ڕێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) نییە و لەگەڵ ڕێگەی ئیسلام یەک ناگرێتەوە! موسوڵمانێک کە مەبەستی ڕەزامەندی خودا بێت ناکرێت ببێت بە تیرۆریست، ئەو تیرۆریستەش کە سەرەڕای هەموو فەرمایشتەکانی خودای گەورە و پێغەمبەرەکەی (صلی الله علیه و سلم) بە ناوی “جیهاد” ەوە ڕەوایەتی بە تاوان دەدات ناکرێت موسوڵمان بێت! چەندە زۆر پێویستمان بە موسوڵمانێک هەیە کە مەبەستی ڕەزامەندی خودا بێت و دڵی پڕ بێت لە سۆز و بەزەیی و مهیرەبانی، وە نوێنەرایەتی ئەو ئایینی ئیسلامە بکات کە پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) تێیدا دەژیا. بە هۆی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەوە کە وەک قوڕێک فڕێدەدرێنە سەر نەخشی درەوشاوەی ئایینی ئیسلام، بە توندی ئیدانەی هەموو هێرشێکی تیرۆریستی دەکەم. خودای گەورە ڕووداوێکی ئازاربەخشی دیکەی لەو شێوەیەمان پیشان نەدات، ئەو ئاستەنگانە لەناوبەرێک کە هاتوونەتە سەر ڕێگای بنیادنانی ئاشتی لە جیهاندا کە ئەوەش ئامانجی هاوبەشی هەموو ئایینەکانە.”

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *